29 December 2010

لە ناو پەرلەمانی کوردستان تیرۆریان کردین


وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی و رەوشتی بەرامبەر خوێنی سەردەشتی هاوکارمان، رۆژنامەنووسانی هەولێر بریارماندا دژی شەهیدکردنی سەردەشت عوسمان، خۆپیشاندانێک بۆ بەردەم پەرلەمانی کوردستان ساز بکەین و، داوای ئاشکراکردنی بکەرانی ئەو تیرۆرە بکەین. رۆژی دووشەممەمان هەڵبژارد لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆ تاوەکو خۆپیشاندانەکە فراوانتر بێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەمی کۆلیژی ئەدەبیاتی زانکۆی (سەڵاحەیدن)مان وەک خاڵی دەستپێک دیاری کرد.


بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و نیگەرانییە لە رۆژنامونووسان، لە کاتی دیاریکراوی خۆپیشاندان ئەو رۆژنامەنووسانەی لەوێ ئامادەبوون لە پەنجەکانی دەست تێپەری نەدەکرد، ئەمەش هەرچۆنێک لێی بڕوانین جگە لە کەمتەرخەمی رۆژنامەنووسان هیچی دیکە نیە، ئاخر ماڵتا هەولێر هیچی نەبێت پتر لە هەزار بەناو رۆژنامەنووسی هەس.
ئەو چەند رۆژنامەوانەی لەوێ ئامادەبووین، لەگەڵ ئاپۆرای خوێندکارانی خۆپیشاندەر رۆشتین بەرەو پەرلەمانی کوردستان. رۆشتن چ رۆشتنێک وەک ئەوەی ئێمە تاوانباربین تەماشایان ئەکردین، لە چەند شوێنێک لەلایەن چاودێرانی قوتابیانەوە قسەی سوک و ناخۆشیان بە رۆژنامەوانان گوت، بەخۆمیان گوت رۆژنامەنووسمان ناوێ با بڕۆن، تاوانەکەشمان ئەوەبوو ئەم خۆپیشاندانە یەکێتی قوتابیان مۆڵەتی بۆ وەرگرتبوو نەک ئێمە. پێیان دەگوتین نان و پیازی پێوەمەخۆن دەتانتوانی رۆژێکی دیکە خۆپیشاندان بکەن، ئەم قسانەش هێندەی لە قسەگەلێگی رێکخراو و پێشکات ئامادەکراو دەچوو، قسەی هاکەزایی و لە خۆڕا نەبوو.
سەیرە لە کن ئەو بەرێزانە تاوانی شەهید کردنی سەردەشت جگە لەوەی قوتابی بووە هیچی دی نەبووە، بێئاگا یا خۆ بێئاگاکردن کە ئەمەیان زیاتر رێی تێئەچێ، لەوەی سەردەشت بەر لەوەی قوتابی بێت مرۆڤە و تاوانەکە پێش هەموو شتێک تاوانی کوشتنی مرۆڤێکە، دواتر و ئەوەی کەمێک سەرنجی ئەم تاوانە بدات دەزانی لەسەر ئەوە شەهیدکراوە کە رۆژنامەنووسە، نەک لەبەر ئەوەی قوتابیە، ئەمەش لەکن من جگە لە لا‌ڕێ بردنی ئەو تاوانە و بەحیزبی کردنی هیچی دیکە نەبوو.
کاتێکیش گەیشتینە بەردەم پەرلەمان ئیدی قسەگەلی پێشکات ئامادەکراو زیاتر لای ئێمەی رۆژانامەوان چەسپین، نوێنەری قوتابیان لەبەردەم چەندین پەرلەمانتار نەیاندەهێشت نوێنەری رۆژنامەنووسان بەیاننامەی ئێمە بخوێنێتەوە و چەندین قسەی ناشرین و سوکایەتییان بە رۆژنامەوانان کرد و تەنانەت هەڕەشەیان لێدەکردین کە نابێ مزایەدە بەو باسەوە بکەین و قبوڵی ناکەن، ئەمە رێک ئەو پەندە کوردیەی لەسەر دەچەسپێ ( تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت).
کار تەنێ بەوەندە سوکایەتی و بێ ڕێزییە و نەوەستا، لە هۆڵی پێشوازی پەرلەمان بێ رێزی و سوکایەتی گەیشتە لوتکە، ماڵتا لەناو ماڵی خۆمان کە بەخوێنی ئێمەی هاوڵاتیان دروست بووە، تیرۆریان کردین!
تیرۆر خۆ هەر یەک جۆر و شێوە نییە، چەندانی هەس، لە ناو هۆڵی پەرلەمان جنێوی زۆر سوک و ناشرین بە خۆی و خانەوانەدەی هاوکارێکمان گوترا لەلایەن بەرپرسێکی ئاسایشپارێزی پەرلەمان، کوردیش ئەڵێ قسەی سوک لە فیشەک ئازاری زیاترە و جێگەی فیشەک سارێژ ئەبێت بەڵام جێگەی قسە سارێژ نابێت، ئیدی ئەمە تیرۆرێکی واتایی (مەعنەوی) ئێمەی رۆژنامەنووس بوو لە ناو گەورەترین دەزگای کوردی لەم وڵاتە، کە دەزگای هەموو تاکێکمانە، لەجیاتی رێزگرتن لێمان بە جنێو و قسەی ناشرین تیرۆریان کردین و دەیانویست دەرمان بکەن.
مرۆ دەبێ سەر راست بێت، هەڵویستی ‌پر بەرپرسیاری عەدنان عوسمان ی پەرلەمانتار دژی سوکایەتی پێکردنی رۆژنامەوانان مایەی خۆشحاڵی و پێزانینی مەبوو، تەنانەت لە سەر ئەوە سوکایەتیشیان بەویش کرد و پێیان گوت: ئێمە نەک ئەوان دەتوانین پەرلەمانتاریش بکەینە دەرەوە و دواتر ژمارەیەک پەرلەمانتار لە سەر ئەو رەفتارە هەڵوێستیان وەرگرت.
بەهەر حاڵ ئێمە داخبارین بەوەی سەرەرای تیرۆری جەستەیی هاوکارێکمان، تیرۆری واتایی (مەعنەوی) ئێمە لەناو پیرۆزترین دەزگای وڵاتمان ئه‌نجام بدرێ، به‌ جوێندان و سوکایەتی پێکردنمان، ئێمه‌ کاتێک له‌ناو ئه‌و ده‌زگایه‌ تیرۆربکرێین،  ئیدی کێ ده‌توانێ پێمان بێژێ ئێمە دڵنیا بین لە هەر بستێکی ئەم وڵاتە خوێنمان نەرێژرێ.

0 سەرنج:

Post a Comment