28 December 2010

رۆژهه‌ڵات به‌م چه‌شنه‌ ڕزگار ناکرێ

خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ پارچه‌ بوونی پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان

*سه‌ره‌تا
سه‌ده‌ی رابردوو رژێمه‌ زل هێزه‌کانی دونیا سیاسه‌تی(په‌رتکه‌و زاڵبه)‌یان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست پیاده‌ ده‌کردو سه‌رکه‌وتنی باشیان به‌ده‌ست هێنا، ئه‌و سیاسه‌ته‌ عه‌ره‌بی کرده‌ 22 ده‌وڵه‌ت وکوردیشی دابه‌شکرده‌ سه‌ر چوار ده‌وڵه‌تی داگیرکاری ئه‌مرۆی کوردستان، ئه‌مرۆش له‌سه‌ده‌ی 21و له‌سه‌رده‌می جیهان گیری وپێشکه‌وتنی عه‌قڵی مرۆڤ،کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌مان سیاسه‌ت به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت ونهێنی و پلان بۆ داڕێژراو له‌سه‌ر پارته‌ سیاسیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان جێبه‌جێ ده‌کات وپارچه‌ پارچه‌یان ده‌کات وله‌م کاره‌شی دا سه‌رکه‌وتنی باشی به‌ده‌ست هێناوه.
دیموکرات بۆته‌ دوو پارچه‌و،کۆمه‌ڵه بۆته‌ سێ پارچه‌و، یه‌کێتی شۆرشگێران (پارتی ئازادی)یش بۆته‌ دووپارچه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ دروست بونی چه‌ند ورده‌ پارتێکی بێ کاریگه‌ری که‌ له‌ڕاستیا جگه‌ له‌ناو هیچی دیکه‌ نین. بێگومان  پارچه ‌پارچه‌بونی ئه‌م پارتانه‌ کارێکی هه‌روا له‌خۆڕا نیه‌و‌‌‌ وه‌ک هه‌رکارێکی تر هۆکارو ده‌رئه‌نجام و چاره‌سه‌ری هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ منیش ده‌مه‌وێ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م نوسینه‌دا خوێندنه‌وه‌یه‌ک بکه‌م بۆ هۆکارو ده‌رئه‌نجامه‌کانی پارچه‌ پارچه‌ بوونی ئه‌م پارتانه‌ به‌شێوه‌یه‌کی بابه‌تیانه‌و بێ لایه‌نانه‌و دواتریش خستنه‌ڕووی چاره‌سه‌ر به‌پێی توانای خۆم بۆ ئه‌م ئاریشه‌یه‌ که‌ڕووی له‌ پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ودواجار کۆی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵات کردووه‌و ته‌نانه‌ت تاڕاده‌یه‌ک جۆرێک له‌مۆدێلی وه‌رگرتووه‌.
*هۆکاره‌کانی پارچه‌بوون و ده‌رئه‌نجام
به‌پێی ئه‌و به‌دواداچو‌نه‌ی من بۆ پارچه‌ پارچه‌بوونی ئه‌و پارتانه‌م کردووه‌، له‌هه‌موو دیداره‌ رۆژنامه‌وانیه‌کان و ڕاگه‌یاندراوه‌کانی ئه‌و پارتانه‌ جگه‌ له‌ باسی باڵی که‌مینه‌و زۆرینه‌ هیچی ترم ده‌ست نه‌که‌وتوه‌، جگه‌له‌ له‌ جیابوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی شۆرش گێڕان و زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان له‌ کۆمه‌ڵه‌ی کۆمۆنیستی ئێران، که‌باس له‌ کوردستانی بوون و ئێرانی بوونی کۆمه‌ڵه‌ ده‌کات، جیابوونه‌وه‌کانی تر هه‌مووی بریتیه‌ له‌ باڵی که‌مینه‌و زۆرینه‌، دیموکرات کاتێ بوونه‌ دووپارچه‌ باڵی عه‌بدوڵای حه‌سه‌ن زاده‌( که‌مینه‌) خۆیان به‌به‌ش خوراو ده‌زانی به‌رامبه‌ر باڵی مسته‌فای هیجری(زۆرینه‌)و پاساوی جیابونه‌وه‌یان ته‌نها پشگوێ خستن و ئیمتیاز پێنه‌دانیان بوو له‌لایه‌ن باڵی زۆرینه‌وه‌و قۆرخ کردنی سه‌رجه‌م پۆسته‌ باڵاکانی حیزب بووه‌ له‌لایه‌ن زۆرینه‌وه‌، واته‌ هیچ کێشه‌یه‌کی ئایدۆلۆژی وباسی شیوازی خه‌بات نه‌بوه‌ جگه‌ له‌ ده‌سه‌لات، کۆمه‌ڵه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ باڵی عومه‌ر ئیلخانی زاده‌(که‌مینه‌)ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ له‌باڵی عه‌بدوڵای موهته‌دی(زۆرینه‌) ده‌گرن که‌ئه‌وانیش ده‌سه‌ڵاتی حیزبیان قۆرخ کردووه‌و ئه‌وانیان پشتگوێ خستوه‌، بێ ئه‌وه‌ی هیچ کێشه‌‌یه‌کی ئایدۆلۆژی هه‌بێ له‌کاتێکدا کۆمه‌ڵه‌ پارتێکی مارکسی یه‌، یاخوود کێشه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی شیوازی خه‌بات هه‌بێ، پارتی ئازادیش( یه‌کیه‌تی شۆرشگێران) بێ هیچ کێشه‌یه‌کی ئایدۆلۆژی یان  شێوازی خه‌بات، ئه‌وانیش بونه‌ دوو پارچه‌ که‌ پارچه‌ بوونی ئه‌مان زیاتر بنه‌ماڵه‌ییه‌ هه‌روه‌ک عه‌لی قازی سه‌رۆکی پارتی ئازادی ده‌ڵێ.
 بێگومان دوای ئه‌م ڕاستیانه‌‌ ئه‌گه‌ینه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌جگه‌ له‌بوونی ده‌ستی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌و جیابوونه‌وه‌یه‌دا، پاساوی هه‌موو پارته‌کان به‌باڵی زۆرینه‌و که‌مینه‌وه، ته‌نها پاره‌یه‌که‌ ده‌ور ده‌بینێ و شه‌ری ئه‌و باڵانه‌و دواتر جیابوونه‌وه‌یان و دروست کردنی پارتی تر جگه‌ له‌پاره‌ هیچی تر نیه، ئه‌وه‌ی تێیدا باس نه‌بێ ئایدۆلۆژیا و خه‌بات و نه‌ته‌وایه‌تی یه‌ ‌، ڕه‌نگه‌ خۆیان بڵێن کێشه‌ چۆنیتی به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاته به‌ڵام من ده‌پرسم ‌ له‌کاتێکدا ئێوه‌ ئۆردوگا نشینن و له‌حاڵه‌تی خه‌باتی چه‌کداری نین ئیدی چ ده‌سه‌ڵاتێکتان هه‌یه‌ تا شه‌ڕی له‌سه‌ر بکه‌ن؟؟بێگومان له‌م جیابوونه‌وانه‌دا جگه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی چه‌ند که‌سێک، سودمه‌ندی سه‌ره‌کی ئێرانه‌، هه‌روه‌ک له‌پێشدا ئاماژه‌م پێکرد ئێران سیاسه‌تی په‌رتکه‌و زاڵبه‌ په‌یره‌و ده‌کات و به‌جێبه‌جێ بوونی ئه‌م سیاسه‌ته‌ش به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت گه‌وره‌ترین سود هه‌ر به‌رئه‌و ده‌که‌وێ، چونکه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و له‌ بوونی دوو دیموکرات وچه‌ند کۆمه‌ڵه‌ی لاواز دایه‌ نه‌ک دیموکراتێک و کۆمه‌ڵه‌یه‌کی به‌هێز، به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و له‌وه‌ دایه‌ ئه‌و پارچه‌ حیزبانه‌ له‌ناو ئۆردووگاکاندا بکه‌ونه‌ گیانی یه‌کتر، نه‌ک یه‌کبگرن بۆ گیانی ئه‌و، به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و له‌وه‌ دایه‌ چه‌ند که‌ناڵێکی ئاسمانی زۆر لاواز هه‌بێ نه‌ک دوو که‌ناڵی زۆر باش که‌ مه‌ترسی بۆ دروست بکه‌ن، دیاره‌ ده‌‌رئه‌نجامی ئه‌م پارچه‌بونانه‌ی ئه‌م پارتانه‌ جگه‌له‌وه‌ی سودێکی باشیان گه‌یاندووه به‌ڕژێمی ئێران، زه‌ره‌رێکی زۆر گه‌وره‌یان له‌خۆیان و دواجار له‌خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵات داوه‌، خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتیان توشی سه‌رلێشێواوی کردوه‌ که‌نازانن باوه‌ڕ به‌کامیان بێنن، دیموکرات هه‌ردوو لایان خۆیان به‌ دیموکراتی ڕه‌سه‌ن و درێژه‌پێده‌ری خه‌باتی پێشه‌واو قاسملو ده‌زانن، کۆمه‌ڵه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ردوو لایان خۆیان به‌کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌سه‌ن ده‌زانن، ده‌رئه‌نجامی ئه‌مه‌ش وایان له‌ خه‌ڵک کردووه‌ که‌باوه‌ڕیان به‌مان لاواز بێت و لێیان بته‌کنه‌وه‌، له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ له‌ده‌رئه‌نجامی ئه‌م پارچه‌ بوون و لاوازیه‌ ڕێگایان بۆ په‌ژاک خۆشکردوه‌ که‌ کار له‌لاوان و خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵات به‌گشتی بکات وبۆلای خۆن کێشیان بکات و تاڕاده‌یه‌کی زۆر نفوزی ئه‌و پارتانه‌ که‌م بکاته‌وه‌و باڵانسی خۆی له‌چاو ئه‌واندا به‌رز ڕابگرێ.
 *چاره‌سه‌ر
کورد ده‌ڵێ هێز له‌یه‌کگرتن دایه‌، به‌وپه‌ڕی قه‌ناعه‌ته‌وه‌و بێگومان ئه‌توانین بڵێین به‌هێز ترین چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و ئاریشه‌یه‌ یه‌کگرتنه‌وه‌و خه‌باتی هاوبه‌شی ئه‌و پارتانه‌یه‌و، وازهێنانیانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و به‌هێز کردنی دیموکراتی ناو پارته‌کانیانه‌، ئه‌گه‌رنا ئه‌بێ هه‌میشه‌ چاوه‌ڕێی خراپتر له‌حاڵی ئێستایان بن نه‌ک باشتر، نمونه‌ی به‌رچاویش پارته‌کانی باشووری کوردستانه‌ (یه‌کێتی وپارتی) هه‌تا شه‌ری ناوخۆیان ده‌کرد حاڵی خۆیان وکوردستان به‌ره‌و کاولی ده‌ڕۆیی، کاتێ پێکهاتنه‌وه‌ کوردستان ڕووه‌و ئاوه‌دانی ڕۆیی و ئێستاس به‌رهه‌مه‌که‌ی دیاره‌ سه‌ره‌ڕای که‌م وکوریه‌کانی که‌هه‌یه‌تی، که‌کۆتایشدا ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم که‌ خه‌بات کردن و ئازادی و ڕزگاری رۆژهه‌ڵات به‌م چه‌شنه‌ نابێت و ئه‌گه‌ر هه‌روا پارچه‌ پارچه‌ بن و یه‌ک نه‌گرن، سه‌د ساڵی تریش له‌ ئۆردووگاکانی باشووری کوردستان بن مه‌ترێکی ڕۆژهه‌ڵاتتان پێ ڕزگار ناکرێ.
تێبینی : ئه‌م وتاره‌ ساڵی 2008 له‌ ڕۆژنامه‌ی کوردستان راپۆرت و چه‌ند ماڵپه‌ڕیک بڵاو کراوه‌ته‌وه‌

0 سەرنج:

Post a Comment