28 December 2010

دوژمنی دوژمنه‌که‌م دۆستم نیه‌!!

وه‌ڵامێک بۆ چه‌واشه‌کاریه‌کانی جه‌لال نه‌قشبه‌ندی
ئه‌و ناونیشانه‌ی سه‌ره‌و‌ه‌م له‌ ناوی وتاری( دوژمنی دوژمنه‌که‌م دۆستمه‌ ؟؟) ی مامۆستا جه‌مال نه‌به‌ز وه‌رگرتوه‌، که‌ دوو ساڵ پێش ئێستا له‌ رۆژنامه‌ی میدیا بڵاوی کرده‌وه‌، تێیدا زۆر به‌روونی و به‌شێوه‌یه‌کی زۆر ئاسان ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ که‌مه‌رج نیه‌ هه‌میشه‌ دوژمنی دوژمنه‌که‌م دۆستم بێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی دوژمنی دوژمنه‌که‌م له‌به‌ر خاتری من دژایه‌تی دۆژمنه‌که‌م ناکا، به‌ڵکو له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆی دژایه‌تی دوژمنه‌که‌م ده‌کات.
که‌واته‌ زۆر به‌ئاسانی ئه‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که‌مه‌رج نیه‌ موجاهیدن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوژمنی ئێرانه‌، ئیدی دۆستی ئێمه‌یه‌و هاوپه‌یمانمانه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی کاک جه‌لال به‌ ناراسته‌و خۆیی پێمان ده‌ڵێ و، له‌هه‌مان کاتیشدا پاکانه‌ بۆ تاوانه‌کانی ئه‌و رێخراوه‌ کورد کوژه‌ ده‌کات و به‌ڵگه‌ی زۆر لاوازو شه‌رمنانه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ بۆی. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ سه‌رنج بده‌یه‌ ئه‌و نوسینه‌ی کاک جه‌لال زۆر به‌سانایی ئه‌وه‌ت بۆ ده‌رده‌که‌وێ که‌به‌ڕێزیان جگه‌ له‌وه‌ی ‌‌لایه‌نداری موجاهدین ده‌که‌ن، ئه‌وه‌شت بۆ ده‌رده‌که‌وێ ئه‌م نوسینه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی پاکانه‌یه‌ بۆ موجاهدین له‌و تاوانه‌ مه‌زنه‌ی ده‌رحه‌ق به‌کورد له‌ به‌هاری 1991کردی، ئه‌وه‌نده‌ ده‌رخستنی کاره‌ خراپه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران نیه‌، له‌سه‌ره‌تادا به‌رێزی ده‌ڵێ ئه‌وروپا ناوی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی،‌ که‌مه‌به‌ستی موجاهدینه‌ له‌لیستی تیرۆر ده‌رهێناوه‌و وانیشانمان ده‌دات که‌موجاهدین له‌ ئه‌وروپا باوه‌ر پێکراوه‌، من له‌کاک جه‌لال ده‌پرسم ئایا هه‌رگروپێکی سیاسی ئه‌وروپا له‌ لیستی تیرۆر داینا ئیدی تیرۆرسته‌؟ یان ئه‌گه‌ر له‌و لیسته‌ ده‌ری هێنا ئیدی ئه‌وه‌ تیرۆرست نیه‌؟ ‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی موجاهدین له‌لیستی تیرۆری ئه‌وروپا ده‌رهاتوه‌ ئیدی تیرۆرست نیه‌؟؟
 ئیدی کاک جه‌لال ناپرسێ وناڵێ بۆ پێنج ساڵ له‌لیستی تیرۆر دابوه‌!!، خۆی له‌و ڕاستیه‌‌ ده‌دزێته‌وه‌ که‌ئێستا ئه‌وروپا   به‌رژوه‌ندی له‌ده‌رهێنانی ناوی موجاهدینه‌ له‌و لیسته‌، بۆیه‌ ده‌ری هێنا ئه‌گینا مه‌سه‌له‌ تیرۆرست نه‌بوونی موجاهدین نیه‌، خۆ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌قسه‌ی کاک جه‌لال بکه‌ین و هه‌رچی ئه‌وروپا له‌لیستی تیرۆر ده‌ری هێنا بڵێین تیرۆست نیه‌و، هه‌رچیش له‌ لیستی تیرۆر دابوو بڵێین تیرۆرسته‌ ئه‌وا ده‌بێ بڵێین(پ ک ک) تیرۆرسته‌‌ چونکه‌ له‌لیستی تیرۆری ئه‌مریکاو ئه‌وروپایه‌!!!!!!! ‌کاک جه‌لال ئاماژه‌ به‌راپۆرتێکی ڕۆژنامه‌ی رووداو ده‌دات که‌له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ی موجاهدین ده‌رحه‌ق هاوڵاتیانی کورد کردی وده‌ڵێ ئه‌م کاره‌تان له‌به‌رژه‌وه‌ندی  کێ یه‌؟دیاره‌ ئه‌وه‌ ئه‌رکی من نیه‌ وه‌ڵامی بده‌مه‌وه‌،به‌لام دواتر ده‌پرسێ ئایا نابێ ئه‌م راستییه‌ بخه‌ینه‌ به‌ر چاو که‌ بۆ داکۆکیکردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی کورد له‌ هه‌موو بواره‌کانی فیکری و کرداری و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵ ده‌بێ له‌ هه‌موو کاتێکدا دۆست و نادۆست ون نه‌که‌ین و سنووری ئه‌م دووانه‌ خه‌وشدار نه‌که‌ین؟ من ده‌ڵیم راست ده‌که‌ی کاک جه‌لال ده‌بێ ئێمه‌ دۆست ودوژمنی خۆمان بناسین و پێشتر نه‌مان ناسیبوو!! ئه‌و راپۆرته‌ی رووداو پێی نیشان داین که‌ موجاهدین چه‌ند دۆستمانن!!! کاک جه‌لال تۆ ده‌ڵێی ئه‌و قسانه‌ی (خورشید)ی قوربانی ئه‌و تاوانه‌، له‌به‌رژه‌وه‌ندی کورد نیه‌و،ئه‌وه‌ی وتویه‌‌تی له‌خه‌ون وفیلمی سینه‌مایی ده‌چێ و راست نیه‌ به‌رامبه‌ر هێزێکی خاوه‌ن 44ساڵ خه‌بات و 120هه‌زار شه‌هید. کاک جه‌لال به‌ویژدانت سوێندت ئه‌ده‌م ئه‌و قسانه‌ کامیان درۆن؟؟ بۆ یه‌ک به‌ڵگه‌ ناهێنیه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی که‌بیسه‌لمێنی‌ ئه‌و کابرایه‌ درۆ ده‌کا؟
 ه‌به‌ر ئه‌وه‌ی موجاهدین 44ساڵه‌ خه‌بات ده‌کا ئیدی هێزێکی پیرۆزه‌و کاری وا دڕندانه‌ی لێ ناوه‌شێته‌وه‌،که‌وابێ که‌س نابێ ره‌خنه‌ له‌ هه‌ردوو پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و ئێران بگری و بڵێ ئه‌وکاره‌تان خراپه‌،چونکه‌ نزیکه‌ی 63 ساڵه‌ خه‌بات ده‌که‌ن!!!کاک جه‌لال دڵێ ئه‌م نوسینه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئیرانه که‌30 ساڵه‌ ده‌ستی به‌خوێنی کورد سور‌ه‌و ئێستاش به‌رده‌وامه‌و،ئه‌م نوسینانه‌ خه‌ڵک به‌لاڕێ ده‌با. واته‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێران دوژمنی کورده‌، ئیدی نابێ باسی تاوانی موجاهدینی دوژمنی ئێران بکه‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌قازانجی ئێرانه، من به‌کاک جه‌لال ده‌ڵێم راسته‌ ئێران دوژمنی خوێن ڕێژی گه‌لی کورده‌،به‌لام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ له‌حه‌ق ومافی خۆمان خۆشبین له‌موجاهدینی تیرۆرست ده‌رحه‌ق به‌کورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوژمنی ئێرانی دوژمنمانه‌، ‌له‌کۆتایشدا ئه‌وه‌ به‌درۆ ده‌خه‌یته‌وه‌ که‌ئه‌و تاوانه‌ رووی دابێ، وه‌ک خۆت باسی ده‌که‌یت به‌به‌ڵگه‌وه‌و مشتێک له‌خه‌روارێک نیشان ده‌ده‌ی ونامه‌که‌ی هۆشیار زێباری ده‌هێنیه‌وه‌ که‌موجاهدین ده‌ستیان نه‌بوه‌ له‌و تاوانه‌، من ته‌نها ئه‌وه‌ت پێ ده‌ڵێم ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌ی تۆ ئه‌وه‌نده‌ شه‌رمنانه‌یه‌ که‌مرۆڤ سه‌ری له‌چاو قایمی که‌سانی وه‌ک تۆو موجاهدین ده‌سوڕمێ، ئاخر ئێوه‌ باسی مشێک له‌خه‌روارێک ده‌که‌ن به‌ڵام ته‌نها ئه‌و نامه‌ شه‌رمنانه‌یه‌تان لایه‌و دایمه‌ له‌ناو چاوانتان داوه‌‌، ئه‌گه‌ر تۆش وموجاهدینیش راست ده‌که‌ن یه‌ک به‌ڵگه‌ی ترتان تائیستا ده‌هێنایه‌وه بێجگه‌ له‌وه‌، باشه‌ باهۆشیار زیباری ئه‌و نامه‌یه‌ی ناردبێ ، به‌ڵام لێێ نوسراوه‌ له‌جیاتی گه‌لێ کورد؟ئاخر ئه‌و ته‌نها ڕای خۆی ده‌ربڕیوه‌و شایه‌د هی حیزبه‌که‌شی، قه‌ت ئه‌و نامه‌یه‌ رای حکومه‌ت و گه‌لی کوردنیه‌و بۆخۆشت زۆر باش ده‌زانی که‌ئه‌و نامه‌یه‌ له‌دادگایه‌کی عێراقی ناخوا چ جای نێوده‌وڵه‌تی و هیچ ئه‌رزشێكی یاسایی نیه‌، جگه‌له‌وه‌ی له‌ڕاگه‌یاندن باسی بکه‌ن.‌
له‌کۆتایشدا ده‌ڵێی ئه‌و نوسه‌رانه‌ی پشتگیری له‌وه‌ ده‌که‌ن دوو به‌شن یان ئه‌وه‌تا  بێئاگاو نه‌زانن ، یائه‌وه‌تا داره‌ده‌ستی ئیتلاعات و ئێرانن، من به‌تۆو هاوشێوه‌کانت ده‌ڵێم  که‌ڕۆشنبیرانی کورد ئه‌وه‌نده‌ گێل نین که‌نه‌زانین که‌ کێ له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ تاوانباره‌و ئه‌وه‌نده‌ش خۆفرۆش نین ببینه‌ داره‌ده‌ستی ئه‌و رژێمه‌ بۆگه‌نه‌،به‌ڵام تۆ ئه‌وه‌ باش بزانه‌ هیچ جیاوازیت نیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و جاشانه‌ی خزمه‌تی رژێمی ئاخوند ده‌که‌ن، چونکه‌ تۆش خزمه‌تی درنده‌یه‌کی کۆپی ئاخونده‌کان ده‌که‌یت.که‌ده‌ستیان به‌خوێنی میلله‌تی کورد سوره‌، وه‌ته‌نها ئه‌وه‌شت لێ ده‌پرسم جیاوازی موجاهدین و رژێمی ئێران چیه‌ ؟؟موجاهدین چی کردوه‌ بۆ کورد وا خزمه‌تی ده‌که‌ی. له‌کۆتایشدا هه‌ر هێنده‌ ماوه‌ ئه‌و تیئۆره‌ی مامۆستا جه‌مال نه‌باز دووباره‌بکه‌مه‌وه‌(که‌دوژمنی دوژمنه‌که‌م دۆستم نیه)و ئه‌وه‌ش به‌کاک جه‌لال و هاوه‌ڵانی بڵیم که‌ چه‌واشه‌کاری سه‌رده‌می به‌سه‌ر چووه‌و ئه‌وه‌شتان له‌پێش چاو بێ، به‌ری خۆر به‌ بێژینگ ناگیرێ .
haval_zagros@yahoo.com 
تێبینی :ئه‌مه‌ وه‌ڵامی نوسێنێکی جه‌لال نه‌قشبه‌ندی یه‌ که‌له‌سایتی ڕێنیسانس بڵاو کراوه‌ته‌وه‌و تێیدا به‌رگری له‌موجاهدینی خه‌لقی تیرۆرست ده‌کا
ئه‌م وه‌ڵامه‌ ساڵی 2008 نووسراوه‌

0 سەرنج:

Post a Comment