28 December 2010

به‌حیزبی كردنی وشه‌



ئه‌گه‌رچاوێكی خێرا به‌ مێژووی یه‌كێتی‌و پارتی بگێڕین,ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ‌ له‌گه‌ڵا سه‌رهه‌ڵدانی ململانێی هه‌ردوو حیزب (پارتی‌و یه‌كێتی), جگه‌ له‌سڕینه‌وه‌و دژایه‌تی یه‌كدی به‌هه‌موو شێوه‌كانیه‌وه‌ ,هه‌وڵی دوو له‌ت كردنی میلله‌ت‌و مۆنۆپۆل كردنی سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیان‌و چینه‌ جۆراو جۆره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیان داوه‌و ئه‌وه‌نده‌ی پێیان كرابێ‌ به‌رگێكی حیزبیانه‌یان به‌ باڵای ئه‌و كایه‌و چین‌و توێژه‌ جۆراو جۆرانه‌دا كردووه‌,بۆنمونه‌ بۆ مامۆستاو مه‌لاكان‌و گه‌نجان‌و رۆشنبیران‌و هتد...


یه‌كێتی‌و سه‌ندیكاو ڕێخراو‌و ده‌زگای هاوشێوه‌یان بۆ دامه‌زراندووه‌,ئه‌گه‌ر ئه‌م یه‌كێتی زانایانی هه‌بێ‌ ئه‌وا ئه‌وی دیش هه‌یه‌تی, له‌كاتێكدا مه‌لای ئاینی هه‌ڵگری په‌یامی ئاینی ئیسلامن, ئه‌گه‌ر ئه‌م رێخراوێكی گه‌نجانه‌ی هه‌بێ‌ ئه‌وی تریش ده‌بێ‌ هه‌یبێ‌ له‌كاتێكدا هه‌ردووكیان هه‌ڵگری بانگه‌شه‌ی خزمه‌تكردنی گه‌نجن, ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ شتێكی ئاسایی بێت كه‌ هه‌ردوو حیزب‌و حیزبه‌كانی تریش رێخراوگه‌لی له‌و چه‌شنه‌یان هه‌بێ‌, به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌سنووری ئاسایی چۆته‌ ده‌ره‌وه‌, به‌حیزبی كردنی ناوی به‌شێكی زۆری كاراكته‌ری ئه‌و رێخراوانه‌یه‌و مۆنۆپۆل كردنی ناوه‌كانه‌ له‌سه‌ر حبزبه‌كه‌یان, بۆنمونه‌ پارتی هه‌ردوو ناوی قوتابیان‌و ئافره‌تانی كردۆته‌ موڵكی خۆیی‌و  یه‌كێتیش له‌به‌رامبه‌ردا خویندكاران‌و ژنانی كردوته‌ مولكی خۆی, به‌جۆرێك ئه‌م ناوانه‌ ئه‌وه‌نده‌ چه‌سپاوه‌ له‌سه‌ر ئه‌م دوو حیزبه‌, كه‌ ئه‌ندامانیان جگه‌ له‌ وشه‌ی حیزبه‌كه‌ی خۆی هیچ وشه‌یه‌كی تر بۆئه‌و تویژانه‌ به‌كار ناهێنێ‌, پارتیه‌ك ناڵێ‌ خوێنكار یه‌كێتیه‌ك ناڵێ‌ ئافره‌تان, نه‌گبه‌تی ئه‌م مۆنۆپۆله‌ش  له‌وه‌دایه‌ جگه‌ له‌خۆیان خه‌ڵكانی بێلایه‌نیان پێوه‌ گیرۆده‌ كردووه‌, به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر كه‌سێك ته‌واو بێلایه‌ن بێت‌و هیچ په‌یوه‌ندی به‌و دوو حیزبه‌وه‌ نه‌بێ‌, بڵێ‌ قوتابی بێ‌ سێ‌‌ودوو په‌نجه‌ی پارتایه‌تی بۆ دریژ ئه‌كه‌ن ,یائه‌گه‌ر بڵێ خوێندكار به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌ڵێن یه‌كێتی یه‌, یاخود كه‌باس له‌ ئافره‌تان‌و ژنان ئه‌كرێت به‌هه‌مان شێوه‌, ڕه‌نگه‌ به‌ته‌نیا پارتی‌و یه‌كێتی له‌و كێشه‌یه‌ به‌رپرسیار نه‌بن,لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كانیش هه‌مان كاریان دووباره‌ كردۆته‌وه‌, ئه‌وانیش به‌ ئافره‌تان‌و ژنان ئێژن خوشكان‌و  هه‌وڵا ده‌ده‌ن ئه‌و ناوه‌ بكه‌نه‌ موڵكی خۆیان‌و خۆیان له‌ لایه‌نه‌كانی ترو دواجار كۆمه‌ڵگه‌ جیا بكه‌نه‌وه‌, له‌ڕاستیا ئه‌م هه‌لسوكه‌وته‌ نا به‌رپرسیارانه‌ی ئه‌م حیزبانه‌ هه‌رناوێكی لێ‌ بنێین, جگه‌له‌ خۆ جیا كردنه‌وه‌یان له‌كۆمه‌ڵگه‌ هیچی ترنیه‌, جگه‌ له‌خۆده‌رخستنیان‌و خۆبه‌زل زانینیان‌و ڕه‌فز كردنی به‌رامبه‌ر چی ترنیه‌, زۆر جار ڕوویداوه‌ به‌هۆی به‌كارهێنانی ئه‌و ناوانه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانی سه‌ربه‌خۆ‌و ناحیزبیه‌وه‌ كه‌ به‌دڵی لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار نه‌بووه‌,تووشی كێشه‌و سه‌ر ئێشه‌ بووه‌و پێم وابێ‌ پێویست به‌ به‌ڵگه‌ هێنانه‌وه‌ش ناكات. 
بێگومان له‌ده‌رئه‌نجامی ئه‌م كاره‌ نابه‌جێیانه‌دا زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌كی هاووڵاتیانی ئاسایین, كه‌نازانن شایه‌تومان به‌كامیان بێنن‌و وشه‌كانیان به‌كار بێنن, یاخود وایان له‌هاوڵاتیان كردووه‌ به‌ناچاری ئه‌وانه‌ی له‌سلێمانی ئه‌ژین وشه‌كانی یه‌كێتی به‌كاربێنن‌و ئه‌وانه‌شی له‌هه‌ولێر ئه‌ژین وشه‌كانی پارتی به‌كاربێنن, له‌ كاتێكدا هه‌ردووكیان وشه‌ی كوردین‌و هاو واتان‌و هه‌ركامیان به‌كاربێنی هه‌ر ڕاسته‌, به‌ڵام له‌سایه‌ی ئه‌م دیموكراسیه‌ فول عه‌یاره‌ ئه‌بێ‌ یه‌كیان هه‌ڵبژێری‌و ئۆتوماتیكی ئه‌بیته‌ لایه‌نگری ئه‌و لایه‌نه‌ی وشه‌كه‌یت به‌كار هێناوه‌, ئه‌م دوو حیزبه‌ جگه‌ له‌هاوڵاتیان حكومه‌تیشیان گیرۆده‌ كردووه‌, به‌رپرسانی حكومه‌تیش هه‌نووكه‌ كه‌ لێدوانێك ده‌ده‌ن به‌ته‌نیا ناڵێن خوێندكاران, به‌ڵكو ئه‌ڵێن قوتابی‌و خوێندكاران, وه‌ك ئه‌وه‌ی دوو توێژی له‌یه‌ك جیاواز بن, تائیستا گوێم لێنه‌بووه‌ وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ته‌نیا یه‌ك ناویان به‌كاربێنێ‌, هه‌میشه‌ ئێژێ‌ قوتابیان‌و خوێندكاران, من له‌به‌رێزی ده‌پرسم ئه‌و دوو ناوه‌ جیاوازیان چیه‌ ؟ ئایا قوتابیان‌و خوێندكاران دوو توێژی جیان كه‌ پێویست بكات هه‌موو جار ناوی هه‌ردووكیان بێنی؟. له‌كۆتایدا ڕووی پرسیارم ده‌كه‌مه‌ رێخراوه‌كانی خوێندكاران‌و قوتابیان‌و ده‌پرسم, ئێوه‌ كه‌تائێستا له‌سه‌ر ناو حه‌ساسیه‌تتان له‌گه‌ڵا یه‌ك هه‌بێ‌ چۆن ئه‌توانن خزمه‌تی ئه‌و توێژه‌بكه‌ن؟, یاخود له‌ڕێخراوه‌كانی خوشكان‌و ژنان‌و ئافره‌تان ده‌پرسم كه‌ ئێوه‌ تائێستا له‌سه‌ر ناوه‌كانتان ڕێكنه‌كه‌وتوون ئیدی باسكردن له‌مافه‌كانتان شتێكی بێ‌ مانا نیه‌؟.
تێبینی : ئه‌م وتاره‌ له‌ 2008 نوسراوه‌و له‌ ڕۆژنامه‌ی ستانده‌ر و چه‌ند ماڵپه‌ڕێک بڵاوکراوه‌ته‌وه‌

0 سەرنج:

Post a Comment