29 December 2010

با پێشمه‌رگه‌ چاو له‌سوپای تورک بکه‌ن !


کێشه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق له‌ناوچه‌کانی جه‌له‌ولاو سه‌عدیه‌و خانه‌قین و ناوچه‌کانی ده‌وروبه‌ری و کشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌وناوچانه‌ی  که‌به‌هه‌موو پێوه‌رێک کوردین ئه‌وه‌ی سه‌لماند که‌ ئێمه‌ نه‌ک هه‌ر له‌دانوسانی سیاسی شکست دێنێنین ، به‌ڵکو خه‌ریکه‌ له‌ڕووی سه‌ربازی و پێشمه‌رگایه‌تی یه‌وه‌ شکستی گه‌وره‌ ده‌هێنین.
پێشتر ئه‌وه‌ ده‌گ‌وترا که‌کورد له‌شه‌ری چه‌کداری هه‌میشه‌ براوه‌ن به‌ڵام له‌سه‌رمێزی دانوسان دۆڕاون، به‌ڵام کشانه‌وه‌ی ئه‌م دواییه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌کانی جه‌له‌ولاو سه‌عدیه‌و تاڕداه‌یه‌کیش له‌خانه‌قین، ئه‌وه‌ی سه‌لماند ئه‌م جاره‌ توشی شکستی سه‌ربازیش بوین و ‌خه‌ریکه‌ ئه‌و  شانازیه‌ی پێشتر به‌سه‌رکه‌وتنی سه‌ربازی پێشمه‌رگه‌ ده‌مانکرد بۆ نه‌مێنێ. له‌کاتێکدا کشانه‌وه‌ له‌وناوچانه‌ بوون که‌که‌سمان گومان له‌کورد بونیان ناکه‌ین. سوپای داگیرکه‌ری تورکی له‌وه‌ته‌ی دروست بووه‌، هه‌میشه‌ سیاسه‌تێکیان په‌یڕه‌و کردووه‌ ، ئه‌ویش سیاسه‌تی نه‌کشانه‌وه‌یانه‌ له‌و شوێنانه‌ی داگیری ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر فشاری گه‌وره‌ی سیاسی نێوده‌وڵه‌تیان له‌سه‌ر بێ، چه‌ند ده‌یه‌یه‌که‌  سوپای تورک به‌شێکی قوبرسی داگیر کردووه‌و تائێستاش نه‌کشاونه‌ته‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌هه‌موو فشاره‌ی که‌له‌سه‌ریان بووه‌، یاخود ئه‌و هیزه‌ چه‌ندسه‌د سه‌ربازیه‌ی که‌بۆ نێوبژیوانی شه‌ری ناوخۆی پارتی ویه‌کێتی هاتبوونه‌ کوردستان به‌ناوی هێزی(pmf) تاچوار پێنج ساڵ دوای شه‌ری ناوخۆ هێشتا نه‌کشابوونه‌وه‌و به‌زۆر ده‌رکران، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و پێنج سه‌ربازگه‌یه‌ی که‌ئێستا له‌ناو خاکی کوردستان هه‌یانه‌و زیاد له‌دوو هه‌زار ئه‌فسه‌رو سه‌ربازی تێدایه‌ به‌هه‌موو چه‌کێکی سوک وقورسه‌وه‌و بێ هیچ کارێکی فه‌رمی و بێ ئه‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم پێویستی پێیان بێت دایانکوتاوه‌و به‌ته‌مای ڕۆشتن نین،خۆ ئه‌گه‌ر بۆشیان بکرێ زۆر زیاتر له‌وه‌ داگیر ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر له‌م دوو نمونه‌ی سه‌ره‌وه‌ی پیشمه‌رگه‌و سوپای تورک ڕابمێنین ، که‌پیشمه‌رگه‌ له‌خاکی خۆی پاشه‌کشه‌ ده‌کات و تورکیش له‌ده‌ره‌وی خاکی خۆی به‌داگیرکاری خاکی وڵاتانی تر داگیر ده‌کات هێشتا ئاماده‌ نیه‌ چۆڵی بکات ، مرۆ چه‌ند پرسیار به‌مێشکی دا دێت، بۆده‌بێ ئێمه‌ له‌خاکی خۆمان پاشه‌کشه‌ بکه‌ین؟ ئایا پێشمه‌رگه‌ هه‌مان پێشمه‌رگه‌ی جاران نین؟ ئایا ئه‌مه‌ له‌لایه‌نی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ نامان خاته‌ ژێر ئه‌و پرسیاره‌ی که‌ئه‌و ناوچانه‌ خاکی خۆمان نیه‌ بۆیه‌ چۆڵیان ده‌که‌ین؟ بۆ ئێمه‌ چاو له سوپای ‌تورکی داگیرکه‌ر نه‌که‌ین و سیاسه‌تی پاشه‌کشه‌ نه‌کردنی سه‌ربازی په‌یڕه‌و ‌بکه‌ین ؟ له‌کاتێکدا ئه‌و له‌خاکی خۆی نیه‌و خاکی خه‌ڵکی تری داگیر کردووه‌و ئاماده‌ نیه‌ پاشه‌کشه‌ بکات، به‌ڵام ئێمه‌ له‌خاکی خۆمان پاشه‌کشه‌ ده‌که‌ین و پێشمان شه‌رم نیه‌!! ئێمه‌ ئه‌گه‌ر له‌ئێستاوه‌ پاشه‌کشه‌ی سه‌ربازی بکه‌ین بۆسوپای عێراق که‌له‌وپه‌ری خراپیدایه‌، ئه‌ی ئه‌گه‌ر سبه‌ی وه‌ک جاران به‌هێز ببنه‌وه‌ داخوا ده‌بێ تاهه‌ولێرو سلێمانی و کوێ وکوێ بۆیان چۆڵ نه‌که‌ین؟؟له‌ڕاستیا ئه‌م پاشه‌کشه‌یه‌ هه‌ر پاساوێکی بۆبێنینه‌وه‌و هه‌ر ناوێکی لێ بنێین، دواجار ئه‌وه‌مان پێ ده‌سه‌لمێنێ که‌ئه‌مه‌ شکستێکی گه‌وره‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردیه‌و له‌ڕێی ئه‌ویشه‌وه‌ شکستی هه‌موو کورده‌. بۆئه‌وه‌ی چی دی توشی شکستی له‌و جۆره‌ نه‌بین واچاکه‌ پێشمه‌رگه‌ چاو له‌سوپای تورک بکه‌ن و سیاسه‌تی نه‌کشانه‌وه‌ په‌یڕه‌و بکه‌ن، نه‌ک له‌خاکی خه‌ڵکی دی به‌ڵکو له‌خاکی خۆمان.!!  
                                                                                       haval_zagros@yahoo.com  
تێبینی ئه‌م وتاره‌ 2008 نووسراوه‌

0 سەرنج:

Post a Comment