ئەگەر پێناسەیەكی سادەی ئینتیما بۆ نیشتمان بكەین، دەتوانین بڵێین لە پاك راگرتنی شەقام و شارەوە دەست پێدەكات تاخۆبەخت كردن لەپێناوی دا. بەشیوەیەكی تر ئینتیما هەست بە بەرپرسیاری و خاوەندارێتی كردنی سەرجەم رووداو پێشهات و گۆرانكارییەكانی وڵات و بەشداریكردنی تاكە لە خۆشی و ناخۆشییەكاندا.
ئایا ئەوەی پێی دەڵێن ئینتیما لە نێو گەنجانی كوردا بوونی هەیە؟ ئەگەر هەیە بۆ نیشانەكانی نابینرێن؟ بۆ شەقامەكان دوای چەند خولەكێك لە خاوێن كردنەوەیان وەك پێشتر پیس دەبنەوە؟ بۆ لە رووداو پێشهات و مەترسییەكان خۆپیشاندانی مەزن نابینرێن؟ ئەگەر نییە هۆكار چییە؟ كێ لێی بەرپرسە؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری تر وامان لێدەكات خویندنەوەیەك بكەین بۆ ئەو چەمكەی پێی دەڵێن ئینتیما. ئەوەی مەبەستی سەرەكی منە لە چوارچێوەی ئەم نوسینەدا تیشكی بخەمە سەر و لێی بدوێم، ئینتیمایە لای گەنجی كورد بە تایبەت لە باشووری كوردستان، چونكە ئاسانترە لە وەی باس لە ئینتیما لە هەر چوارپارچەی كوردستان بكەین و پێم وایە ئەو باسە چەندان لێكۆڵینەوەی زانستی وردی دەوێت و هەرپارچەیەكیش بەپێی تایبەتمەندی خۆی و قەبارەی ئەو زوڵمەی دەرهەقی ئەنجام دراوە لێكۆلینەوەی تایبەتی دەوێ، هەڵبژاردنی باشووری كوردستان لەم نوسینەدا بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە خۆم لێرە دەژیم و دەتوانم بابەتیانەتر لە بارەیەوە بدوێم.
بێگومان پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە بدەینەوە، پێویستە ئەوە بیر خۆمان بێنینەوە كە رژیمی گۆربەگۆری بەعس بە درێژایی تەمەنی حوكمی خۆی لە كوردستان، ئەوەی پێی كرابێ بۆ نەهێشتنی ئینتیما لای تاكی كورد و شكاندنی ئەو رۆحە نیشتمانییە درێغی نەكردووە. هەر بۆیە ئەگەر لەو دەمەدا ئینتیما كەم بوبێ یاخود ئەگەر نەشبوبێ دەرئەنجامی ئەو هەموو تاوان و پلانە دارێژراوانەبووە كە ئەو دەمە دژی ئەم نەتەوەیە جێ بەجێ كراوە، بەڵام خۆ ئەگەر لەم سەردەمەدا و لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئینتیما كەم بێ یان هەرنەبێ، ئەوە كارەساتێكە و پێویستە هەروا سادە لێی نەروانین و خوێندنەوەی وردی بۆ بكەین و لایەنی بەرپرسیار لەو بابەتە بدەینە بەر رەخنە و هەوڵ بدەین لە ئایندەدا بەرەو باشتری ببەین.
بەبروای من، ئەگەر باس لە ئینتیمای گەنج بكەین لەمرۆدا دەگەینە ئەوباوەڕەی كە نەك هەر كەمە بەڵكو زۆرجار گومانی ئەوە دەكەین كە هەرنییە، خۆ ئەگەر هەشبێ ئەوا هێندە ناتەواو و نا تەندروستە كە دەكەوێتە خانەی نەبوونەوە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەجۆرێك ئینتیمای حیزبی تاكی كورد بكەین، كە وەك ئامرازێك وایە بەدەست حیزبەكانەوە و، هەركاتێك بیانەوێ لەرێگەی وتارێکی حەماسی سیاسییهک یان باسكردنی رابردوو لە (t.v)یەكانیانەوە خەڵك دەوروژێنن و، بەهەزاران دەرژیننە سەر شەقامەكان لە پێناو شتێكدا كەخۆیان پێیان باشەو بەرژەوەندیان تێیدا هەیە، كە من ئەوە نەك هەر بە ئینتیمای دانانێم بەڵكو هەست دەكەم زەرەرێكی زۆری لە ئینتیمای تاكی كورد داوە و كەشێكی وای خوڵقاندووە كە ئێستا بۆ هەر مەسەلەیەكی چارەنووسساز تاكی كورد چاوەرێی گەرم كردن دەكات لە رێگەی وتاری حیزبەكانەوە ئینجا دێنە سەر شەقام و خۆپیشاندان دەكەن.
كاتێك ژمارەیەكی زۆر گەنج بە بردنەوەی تیمی فوتبۆڵی عیراق، لە جامی وڵاتانی ئاسیا دەكەونە سەرشەقام و دەست دەكەن بە ئاهەنگ گێران و بەرزكردنەوەی ئاڵای زۆرداری بەعس و بە چەند دەقیقەیەك هەزاران شەهید و ئەنفال و هەڵهبجە لە بیردەكەن. بە تایبەت گەنجانی هەڵهبجەی شەهیدی دەستی عێراق و ئاڵاکەی، كە چەند ساتێك دوای یارییەكە كردیانە ئاهەنگ و چەندان ئاڵای عیراقی بەعسییان شەكاندەوە، سەلماندی كە ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی لای گەنجی كورد هێندە نا تەندروست و نا تەواوە كە دەتوانین بڵێین هەر بوونی نیئە، چونكە هەر ئەو گەنجانە بوون لە ڕاپرسیدا 98%یان داوای سەربەخۆیی كوردستانیان دەكرد، بەڵام بەچەند ساتیك هەموویان سەربەخۆییان لە بیركرد و كەوتنە ئاهەنگ گێران بۆ عێراقی عەرەبی.
بەراستی ئەو رووداوە هەروا سادە لای من گوزەری نەكرد، پێموایە ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە و جۆرێكە لە نەخۆشی و نا تەندروستی ئینتیما و پێویستی بە لێكۆلینەوەی وردی پسپۆرانە هەیە بۆ هۆشیاركردنەوە، ئەگەرنا چۆن گەلێك بەچەند دەقیقەیەك ستەمی زیاتر لە هەشتا ساڵیان لە بیر دەچێ و دەكەونە سەما بۆ سەركەوتنی جەلاددەكەیان. ئەگەر واز لەوەش بهێنین و باسی رووداوێكی هەنوكەیی و گرنگتر بكەین ئەویش ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا و تۆپبارانەكانی سوپای ئیرانە، لە دەڤەرە سنوریەكانی كوردستان كە زەرەریكی زۆری ماددی و مەعنەوی بەدانیشتوانی دەڤەرەكە گەیاندووە و، هەرەشەیەكی راستەوخۆ و بەردەوامە بۆ سەر باشووری كورستان، كەچی تا ئێستا هیچ دەنگیكی نارەزایی وا بەرزنەبۆتەوە كە شایەنی باسكردن بێت و، هیچ خۆپیشاندانیكی مەزنی وا نەكراوە كە پێویست بوو بكرایە و میدیاكانی جیهان بەلای خۆیدا رابكێشێت و كێشەكە گەورەبكرێت بۆ ئاستێكی نێودەوڵەتی. لە راستیدا دوای ئەم رووداوانە یەقینتر دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە ئینتیما لای كورد بەگشتی و گەنج بەتایبەتی، نەك كەمە بەڵكو لە ژێر سفردایە و وجودی نییە.
بێگومان هۆكارەكەشی ناكەوێتە ئەستۆی گەنج بەتەنها، بەقەدەر ئەوەی دەكەوێتە ئەستۆی ئەو دەسەڵاتەی لە ماوەی حەڤدە ساڵی كاركردنیدا نەیتوانیوە بەشیكی كەمیش ماف و داواكاریەكانی گەنجان دابین بكات و، نەیتوانیوە بە رادەیەكی كەمیش بێت هۆشیاری نەتەوەیی لە ناو هزری تاكی كورد بەگشتی و گەنج بەتایبەتی بچەسپێنێ. بۆیە بەبروای من ئەگەر لەمەو دوا پلانێك نەبێ بۆ هۆشیار كردنەوەی گەنجان لە رووی ئینتیمای نەتەوەییەوە ئەوا لە داهاتوودا سەربەخۆیی كوردستان كەس باسی ناكاو لەخەیاڵی شاعیرانیش دەچێتە دەرەوە.!
تێبینی لەژمارە (29) 19\5\2008 رۆژنامەی ستاندەر بلاوكراوەتەوە
0 سەرنج:
Post a Comment