ئەگەر کەمێک لە بارودۆخی نێوخۆی ئەم یەک دوو ساڵەی پارتی و یەکێتی رابمێنین ، دەبینین گرنگترین باسێک کە سەرکردایەتی ئەو دووپارتە لە راگەیاندن وروژاندبێتیان ئەوەبووە کە جگە لەبارزانی و تاڵەبانی کەسی دیکە ئاگاداری ئەم رێککەوتنامەیە نەبووە ، بەتایبەت سەرکردایەتی یەكێتی بەهۆی بارودۆخی نالەباری پارتەکەیان زێدەتر ئاماژەیان بەم پرسە کردووە و رەخنەیان لەم رێککەوتنامە شاراوەیە گرتووە .
ئەمەی بڵاوکراوەتەوە خاڵی هێندە گرنگ و تایبەتی تێدانیە ئەوەندە ساڵە شاراوەبێت لە خەڵک و تەنانەت سەرکردایەتی خۆشیان ، بۆیه ئەو پرسە بە مێشکی مرۆڤدا دێت ، ئایا چ خاڵێکە هیندە گرنگە لەو رێککەوتنامەیەدا دەبووایە ئەو سێ ساڵە سەرکردایەتی ئەو دووپارتە نەیزانن ؟؟ ، ئەمەش گومانی ئەوە دەروست دەکات کە داخۆ دەبێت ئەم رێکەوتنامەیەی بڵاوکراوەتەوە هەمان رێکەوتننامەبێت کە جگە لە بارزانی و تاڵەبانی کەسی دیکە نەیدەزانی؟ ئایا ئەمەی بڵاوکراوەتەوە شتێکی جیاواز لە رێککەوتنامە سەرەکیەکە نیە کە هەردوو سەرۆک پارت واژوویان کردووە؟.
لەسەرەتادا روونکردنەوەیەکدا دەڵێت ( بڵاوکردنەوەی دەقی ئەو رێککەوتنامەیە بۆ ئەوەیە هەموو خەڵکی کوردستان ئاگاداری راستگۆیی ئەو دوو حیزبە سیاسیەی کوردستان و عێراق بێت بەرامبەر بە میللەتەکەیان کە رێککەوتنی نێوانیان تەنیا رێککەوتنی دوو حیزب نیە، ...هتد) ، دەبێت بێژین ئەم قسەیە بنەمای راستی تێدانیە ، ئەم روونکردنەوەیە کاتێک راستگۆیی پارتی و یەکێتی نیشان دەدا کە لەسەرەتای رێککەوتنامەکە بڵاوکرابوایەتەوە ، نەک دوای سێ ساڵ و دوای ئەوەی تەنانەت سەرکردایەتی خۆشیان ئاگاداری نەبوون ، ئێستا چەند خاڵێک بڵاوبکەنەوەو بە راستگۆیی پێمان بفرۆشن.!
هەر لەو روونکردنەوەیەدا پتر لە جارێک باسی نەتەوایەتی و گەشەپێدانی بیری نەتەوەیی دەکەن ، کەسێک نا شارەزابیت دەڵیت ئەمانە سوێندیان خواردووە تاسەربەخۆیی هەرچوارپارچە بۆ ساتێکیش وچان نەدەن ، ئاخر خۆ تاڵەبانی لە مێژە گوتوویە نەسرەوتن تاسارەکەوتن ، هەربەراست ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە ئەو قسەیەی تاڵەبانی مەبەست لێی سەربەخۆیی هەرچوارپارچەیە !! ئەو قسانەشی لەم ساڵانەدا دژی سەربەخۆیی کوردستان و سەرەبەخۆخوازان کردوونی سیاسەت بووە !! ، هەر بە سیاسەتیش بە تورکانی گوتووە خەمی سەربەخۆییتان نەبێت و مەترسن ، ئەگەرنا تاڵەبانی مامە خەمەی دەوڵەتی کوردیە و تا سەربەخۆیی کوردستان دانانیشێ بۆ نوسینەوەی یاداشتەکانی لە ئەستەمبۆڵ!!
من بە پارتی یەکێتی دەڵێم ئێوە واز لە خەڵک هەڵخەڵەتاندن و بەدرۆ گەشەپێدانی بیری نەتەوەیی بێنن ، ئەگەر راست دەکەن تەنها دژی مەوەستنەوە ئیدی گەشەپێدانەکە خاتری وە بێت ، ئاخر مێژووی وە تەژیە لە دژایەتی ئەو بیرە نەک گەشەپێدان، لەم چەند ساڵە ئەوەندەی هەوڵی بەعێراقیکردنەوەی کوردتان داوە نیو هێندە هەوڵتان نەداوە هزر و هەستی کوردستانێتی لەناو هاوڵاتیان بڵاوبکەنەوە، جگە لەوەیلە رێککەوتنامەکەش دووپاتانکردۆتەوە پۆستی بەغداد وەک برا بەش بکەن و سڵ لە عێراقچێتی نەکەنەوە، بۆیە بانگەشەی لەو چەشنە جگە لە ناوەڕۆکی بێ بنەما شتێکی دیکە نیە.
لە بەشی یەکەمی رێککەوتنامەکە ( رووی سیاسی و تیۆری) ئاماژە بەوەکراوە کە ئەم رێککەوتنامەیە ئاستی هەموو ئۆرگانەکانیان دەگرێتەوە! هەربەراست ئەم خاڵە لای من کۆمێدیە ، رێکەوتنامەکە تەنها دوو کەس (بارزانی و تاڵەبانی) زانیویانە ، کەچی باس لەوە دەکات دەبێت شۆرببێتەوە بۆ ئۆرگانەکان و ناوەندەکانی خوارێ ، ئاخر کام رێککەوتنامەیە ئەو ناوەندانە بیزانن و پەیرەوی لە خاڵەکانی بکەن .
لە (لایەنی پەرلەمانی) ئاماژە بەوەکراوە بۆ پەرلەمان و هەموو کایەجۆراو جۆرەکانی ژیانی ئەم کۆمەڵگەیە بەیەک لیست و وەک خۆیان ئەڵێن (تەوافق و تەوازن) بەشداری دەکەن، لێرەوە مافی خۆمانە بپرسین ئێوە کە لە هەموو بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و وەرزشی و تەنانەت دینیش یەک هەڵوێست و یەک لیست بن ، ئیدی دوو پارت بوونی ئێوە چ مانایەکی هەیە ؟ ئەدی ئەگەر ئەوەندە کۆک و هاوبیرن بۆ نابنە یەک پارت ؟ فەلسەفەی دوو پارت بوونی ئێوە لە کوێدایە لە کاتێکدا بوونی فرە پارتی نیشانەی هەبوونی فرە بۆچوون و ئایدیایە ، کە ئێوە لەو بوارەوە وەک برا وان، دوو پارتیتان لەچی ؟ جگە لەوەی ئەوە دەسەلمێنێ ئێوە لەپێناو درێژەدان بە مانەوەتان ئامادەن بچنە ژیانی تاکە کەسی هاوڵاتیانیشەوە.
(لە رووی حکومەتەوە) ئاماژە بەوەکراوە ،دەبێت تاساڵی کۆتایی ساڵی 2007 هەموو وەزارەتەکانی حکومەت بەتەواوی یەکبگرنەوە !،ئاخر ئەمەش کۆمیدیایە ، ئەوەتا ساڵی 2010 بەرووکەش وەزارەتەکان یەکیان گرتۆتەوە ، ئەمەش بۆخۆی پێشێلکردنی رێکەوتنامەکەی خۆیانە !، جگەلەوە هەر بەقسەی بەرپرسە باڵاکانی خۆیان لەوانە نێچیرڤان بارزانی، تا ئیستاش حکومەت بەتەواوی یەکی نەگرتۆتەوە و دوو ئیدارەیی هێشتا ماوە ، تا ئیستاش ئاسایشی هەرێمی زەرد و سەوز و هەردوو دەزگای زانیاری و پاراستن ، یەکیان نەگرتۆتەوەو لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتدانین و پارتەکان خۆیان بەڕیوەیان دەبەن.
لە رێککەوتنامەکەدا جەخت کراوەتە سەر یەک هەڵوێستی گوتاریان لەبەرامبەر ناوخۆ و دەرەوەدا ، بەڵام ئەوەی لەکرداری ئەو دوو هێزە تێبینی کراوە پێچەوانەی ئەو بانگەشانەن ، لێدوانە دژیەکەکانی بارزانی و تاڵەبانی لەم ساڵانەدا بەڵگە و گەواهیدەری ئەو راستیەیە. ئەمە جگە لەوەی لە بەشەکانی دیکەیدا زۆربەیان هەمان قسەن کە رۆژانە دووبارەی دەکەنەوەو هێشتا کردارمان لێ نەدیتون.
لە کۆتایشدا نوسراوە (نابێ ئەم رێککەوتنە ببێتە ئەگەری بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆنی نەرێنی "سلبی" لە کوردستاندا... هتد) ، لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئەوە بێژین ، داخۆ ئۆپۆزسیۆنی نەرێنی چیە ؟ چ پێناسەیەک هەڵدەگرێ ؟ ئەی ئۆپۆزسیۆنی ئەرێنی چیە ؟ ئایا ئەوەی لەسەر ئاوازی ئێوە نەخوێنێ ئۆپۆزسیۆنی نەرێنی یە ؟ گومان لەوەدا نیە ئەوەی لەگەڵ ئێوە نەبێت و ئەشهدوتان بۆ نەکات دژ و نەرێنی یە ، ئاخر ئێوە هاوکێشەی ( یان لە گەڵمی یان لە دژمی) پەیرەو دەکەن.
لە کۆتاییدا ئەو گومانە دووپات دەکەمەوە کە ئەمەی لەم رێککەوتنامەیە خوێندومەتەوە ئەو رێککەوتنامە ستراتیژیە نیە کە بەرپرسەکانی خۆیان بە نهێنی و شاراوە باسیان دەکرد ، بەڵکو رێکەوتنامە ستراتیژیەکە هێشتا جگە لە هەردوو سەرۆکی پارت و بنەماڵەکانیان کەسی دیکە نایزانێ و ئەمەی بڵاوکراوەتەوە تەواوی خاڵەکانی نیە.
سهرنج : له ژماره 11 ی رۆژی دووشهممه 14-6-2010 رۆژنامهی چهتر بڵاوکراوهتهوه
0 سەرنج:
Post a Comment