30 December 2010

هەولێر.. خۆپیشاندەران سەركۆنەی بڕیارەكەی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان كرد

وارڤین-هەولێر: ئەمڕۆ لەشاری هەولێر خۆپیشاندەران دەنگییان خستە پاڵ داواكەی خوێندكارێكی رۆژهەڵاتی كوردستان كە زمانی كوردی لەشوێنە گشتییەكانی ئێراندا بخوێندرێت.
ئەمڕۆ لەشاری هەولێر لەخۆپیشاندانێكدا كۆمەڵێك رۆشنبیرو مامۆستای زانكۆو رۆشنبیرانی شاری هەولێر و خەڵكی پارچەكانیتری كوردستان، دژی بڕیارەكەی كۆماری ئیسلامی ئێران لەبارەی لەسێدارەدانی خوێندكارێكی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان وەستانەوەو ئەو بڕیارەیان سەركۆنەكرد.
خۆپیشاندەران دەنگیان خستەپاڵ داواكەی حەبیبوڵڵا تا زمانی كوردی لە شوێنەگشتییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێراندا بخوێندرێت. ئەو خۆپیشاندانە بڕیاربوو لەنێو پاركی شانەدەرەی هەولێر بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە بەرپرسانی ئەو پاركە رێگەیان نەدا خۆپیشاندانەكە لەبەردەم ئەو پاركە بەگردبوونەوەیەك دەستی پێكرد.
هەڵسووڕاوی گردبوونەوەكە، هەڤاڵ نەژاد تایبەت بەوارڤینی راگەیاند:" ئەو خۆپیشاندانە بۆ سەركۆنەی حوكمی لەسێدارەدانی قوتابی و چالاكی رۆژهەڵات كوردستان ، (حەبیبوڵڵا لەتیفی)، ئەنجامدرا.  هەڤاڵ نیگەرانی دەڕبڕی بەوەی بەرپرسانی ئەو پاركە رێگەیان نەدا لەنێو پاركی شانەدەر ئەو چالاكییە بكەن، گوتی:" ئەمڕۆ لێرە سەركۆنەی حكومەتی ئێران دەكەین، لەكاتێكدا رێگری لەكۆبوونەوەیەكی مەدەنی دەگیرێت، ئەمە پێچەوانەی یاسایی خۆپیشاندانە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژووی لەسەركردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا ژمارەیەكی كەم لەخەڵكی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەكەیان كردووە، ئەوەش وادەكات گوشارەكان لاوازبن. قوتابی و چالاکوان حەبیبوڵڵا جگە لەئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر داوای خوێندنی كوردی و زمانی كوردی لەشوێنە گشتیەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كردووەو بەوهۆیەوە دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتە بریاری داوە بەیانی لەسێدارە بدرێت.

0 سەرنج:

Post a Comment