هەڤاڵ نەژاد
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٢٥-١٢-٢٠١٠ بۆ نارەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بڕیاری لەسێدارەدانی گەنجی چالاکی رۆژهەڵاتی کوردستان ( حەبیبوڵای لەتیفی) کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دەربڕین رێکخراو داواکرا فشار دروست بکرێت لەسەر ئێران ئەو حوکمە هەڵوەشێنێتەوە.
کۆبوونەوە نارەزایەتی دەربڕینەکە لەلایەن رێکخراوی کوردۆساید و ناوەندی و ئایندەو رێکخراوی لاوانی ئەی رەقیب، بەرێوەچوو. تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو نووسەران و رۆژنامەوانان و مامۆستایانی زانکۆ و رێکخراو و پارتی سیاسی بەشداربوون و بەردەم دەرگای پارکی شانەدەری هەولێر کۆبوونەوە، دوای ئەوەی ڕێگە نەدرا لەناو پارکەکە چالاکییەکە ئەنجام بدرێت.
لەو گردبوونەوە نارەزایەتی ئامێزەدا وتاری رێکخەرانی کۆبوونەوەکە و چەندین لایەن و پارتی سیاسی و رۆشنبیری ناسراو د. فەرهاد پیرباڵ، خوێنرایەوە. بەشێوەیەکی گشتی هەموو وتارەکان ئاماژەیان بە زنجیرە لەسێدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، کرد بەرامبەر لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەموویان داوایان کرد حوکمی حەبیبوڵا لەتیفی هەڵبوەشێتەوە کە بڕیاڕە بەیانی یەکشەممە لەسێدارە بدرێت.
شیاوی گوتنە حەبیبوڵا لەتیفی چالاکی گەنجی رۆژهەڵاتی کوردستان، ماوەی ٣ ساڵە دەستگیراکراوەو لە دادگایی کردنێکی چەند خولەکیدا حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێنراوەو بڕیارە بەیانی یەکشەممە لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەسێدارەبدرێت.
وابریاریشە بەیانی یەکشەممە بەهەمان شێوە کۆبوونەوەیەکی نارەزایەتی دەربڕین لە هەمان شوێن ( پارکی شانەدەر) لە هەولێر بەرێوەبچێت و رێکخەرانی کۆبوونەوەکە خوازیارن هەمووان بەشداری بکەن وەک ئەرکێکی نەتەوەیی.
0 سەرنج:
Post a Comment