30 December 2010

هه‌ڤال نه‌ژاد: " هەرچوارپارچەی نیشتیمان ئه‌ی ره‌قیب بە سرودی خۆیانی دەزانن


ساقی بارزانی: سرودی ئه‌ی ڕه‌قیب، به بێ هیچ ده‌مارگیرییه‌كی ئایینی یان نه‌ته‌وه‌یی، سرودێكی نیشتمانییه.
به‌دره‌دین ساڵح: عه‌لی باپیریش ده‌بێ به‌ بۆچوونی خۆیدا بچێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر خۆی به‌ ئیماندار ده‌زانێ"

جەمال نەجاڕی
ماویه‌ک به‌ر له‌ئێستا له‌ دیمانه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ سایتی حزبه‌که‌ی "کۆمه‌ڵنیوز" دا مامۆستا عه‌لی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی سوكایەتی بە سروودی نەتەوەیی كورد "ئه‌ی ره‌قیب" کرد و بە موڵكی پارتی و یەكێتی له‌قه‌ڵه‌مدا، وه‌ک دژکرده‌وه‌یه‌ک له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و قسانه‌ی ئه‌میری کۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌شێک له‌ رۆشنبیران و رۆژنامەنووسانی کوردستان ئەو لێدوانەی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیان ئیدانە کرد و رایانگه‌یاند: عه‌لی باپیر دەبێت داوای لێبووردن لە میللەتی كورد بكات.
 
بۆچی کۆمه‌ڵی ئیسلامی بێرێزی به‌ سروودی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ی ره‌قیب ده‌کات؟ بۆچی له‌ روانگه‌ی شه‌رعییه‌وه‌ ئاوڕ له‌ سروودی ئه‌ی ره‌قیب ده‌درێته‌وه‌؟ ئایین و نه‌ته‌وه‌ تا چه‌ند دژی یه‌کترین؟

راڤه‌ به‌ باشی زانی ئه‌م بابه‌تانه‌ بکاته‌ ته‌وه‌ر و له‌ هه‌ر ژماره‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ چه‌ند نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسێک ئه‌م پرسانه‌ بخا‌ته‌ به‌ر باس و راڤه‌یه‌ک بۆ لێدوانه‌کانی عه‌لی باپیر ئه‌میری کۆمه‌ڵی ئیسلامی کوردستان بکات.
له‌م ژماره‌یه‌دا هه‌ر یه‌ک له‌ ساقی بارزانی سه‌رنووسه‌ری ماڵپه‌ڕی کڵاورۆژنه‌ و به‌دره‌دین ساڵح، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و هه‌ڤاڵ نه‌ژاد رۆژنامه‌نووس و چالاکی مه‌ده‌نی بیر و ڕای خۆیان ده‌خه‌نه‌ روو.

ساقی بارزانی رۆژنامه‌نووس و سه‌رنووسه‌ری ماڵپه‌ڕی "کڵاورۆژنه"‌ له‌سه‌ره‌تا باسی سروودی ئه‌ی ره‌قیبی بۆ راڤه‌ کرد که‌ چۆن بۆته‌ سروودی نه‌ته‌وه‌یی کوردان و گوتی: " سرودی ئه‌ی ڕه‌قیب سرودێكی پیرۆزی نیشتیمانییه‌ كه به هه‌زاران كورد له پێناویدا شه‌هید بوونه و سروودێكی نیشتیمانیه‌ که‌ وه‌ک سه‌رجه‌م سرووده‌كانی ووڵاتانی‌تر جێی ڕێز و بایه‌خه و به‌شێكه له پیرۆزێتی نه‌ته‌وه‌یی كه ته‌نانه‌ت له ئایینیش ڕێز بۆ خاك و نه‌ته‌وه‌ دانراوه.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که‌ بۆچی سروودی نیشتیمانی ئه‌ی ره‌قیب له‌ لایه‌ن ئه‌میری کۆمه‌ڵی ئیسلامی بێرێزی پێده‌کرێ ساقی بارزانی پێی وایه‌" ئه‌م کاره‌ پیشێلکردنی مافی کۆمه‌ڵگه‌یه و ده‌بێ هه‌موو لایه‌نێک به‌ هه‌ر بیروباوه‌رێک رێز له‌ سروودی ئه‌ی ره‌قیب بگرێ و له‌مباره‌وه‌‌ گوتی: "ناكرێ مه‌ودای ئازادیی بیركردنه‌وه به‌رته‌سك بكه‌ین، وه‌لێ پێویسته له هه‌ندێ بابه‌ت كه هه‌ستی خه‌ڵكی ده‌وروژێنن، دووره‌په‌رێز بین. هه‌روه‌سا له كاتی مامه‌له‌ كردنیش له‌م جۆره بابه‌ته‌ هه‌ستیارانه به گیانی نیفاقییه‌ت و دووڕوویی ڕه‌فتار نه‌كه‌ین ... كاتێك كه بێڕێزیی به‌رامبه‌ر به ئایین ده‌كرێ، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك سكاڵا دژ به كه‌سه‌كه تۆمار ده‌كه‌ن و خوازیاری دادگاییی ده‌بن و ڕه‌نگه‌ش خوازیار بن حكومه‌ت هه‌ڵوێست وه‌رگرێ، چونكه به قسه‌ی خۆیان بێڕێزیی به‌رامبه‌ر به بیروباوه‌ڕی خه‌ڵك كراوه، ئه‌ی بۆ بێڕێزی به‌رامبه‌ر به سروودێكی نیشتمانی كه مه‌شخه‌ڵی شۆڕشی كوردایه‌تی بووه و زۆربه‌ی كوردستانیان باوه‌ڕیان پێیه، پپێشێل كردنی مافی كۆمه‌ڵگه‌ نییه؟ سرودی ئه‌ی ڕه‌قیب، به بێ هیچ ده‌مارگیرییه‌كی ئایینی یان نه‌ته‌وه‌یی، سرودێكی نیشتمانییه و پێدڤییه هه‌موو كوردێك به هه‌موو بیروباو‌ه‌ڕێكه‌وه ڕێزی لێ بگرێ".

نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس به‌دره‌دین ساڵح پێی وایه‌ سروودی ئه‌ی ره‌قیب و ره‌مزه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیتر بۆ مر‌ۆڤی کورد گرنگ و پیرۆزن و ئاشکرای کرد ئه‌م لێدوانانه‌ی عه‌لی باپیر خزمه‌ت به‌ ئایینی ئیسلام ناکات و به‌مشێوه‌یه‌ بۆچوونی خۆی بۆ راڤه‌ خسته‌ روو: "مامۆستا کاک عه‌لی باپیر یان هه‌ر به‌رێزێکی دیکه‌ حه‌قی خۆیانه‌ له‌ روانگه‌ی ئیسلامی سیاسییه‌وه‌ دژی سروودی نیشتیمانی کورد هه‌ڵویست وه‌ربگرن بۆ مامۆستا عه‌لی باپیر ئایه‌ت و حه‌دیس و قورئانی پیرۆز چه‌ند گرنگن، بۆ مرۆڤی کوردی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانپه‌روه‌ریش ئه‌ی ره‌قیب و ره‌مزه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ئه‌وه‌نده‌ گرنگ و پیرۆزن، به‌ بڕوای من مامۆستا عه‌لی باپیر خۆی ماندوو بکات ئه‌و کۆلکه‌ مه‌لا و موسوڵمانه‌ نه‌خوێنده‌وارانه‌ که‌ به‌ درێژی هه‌موو ته‌مه‌نیان خه‌ریکی خواپه‌ره‌ستی و به‌جێهێنانی ئه‌رکه‌ ئایینیه‌کانن و ناشزانن مانای ئایه‌ت و حه‌دیس چییه‌ یان ئایه‌ت و حه‌دیسیان بۆ بکات به‌ کوردی یان بۆیان شی بکاته‌وه‌ و له‌ ئایینی ئیسلام بگه‌ن باشتره‌ له‌وه‌ی په‌لاماری سروود و مۆرکه‌ نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کورد بدات. چونکه‌ نه‌ک به‌م کاره‌ خزمه‌ت به‌ ئاییی پیرۆزی ئیسلام ناکات به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ کرده‌وه‌ی ده‌بێت.

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی که‌ تا چه‌ند سروودی نیشتیمانی ئه‌ی ره‌قیب بێرێزی به‌ ئایینی ئیسلام تێدایه‌ و به‌ گوته‌ی عه‌لی باپیر کوفری تێدایه‌، به‌دره‌دین ساڵح گوتی:" من پێم وانییه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی مامۆستا عه‌لی باپیر هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌ ئایینی پیرۆزی ئیسلامه‌وه‌ هه‌بێت! چونکه‌ من له‌ حه‌دیسێکدا خوێندوومه‌ته‌وه‌ که‌ پێغه‌مبه‌ر ئیسلام دروودی خوای لێ بێت فه‌رموویه‌تی: ئه‌وه‌ی وڵاتی خۆی و خه‌ڵکی خۆی خۆش نه‌وێت ئیماندار نییه‌، بۆیه‌ سروودی نیشتیمانی بووه‌ به‌ به‌شێک له‌ سه‌روه‌رییه‌کانی وڵات و گه‌له‌که‌مان، من پێم وایه‌ ئه‌وه‌ی دژی ئه‌وانه‌ بوه‌ستێت په‌یروه‌ی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ناکات و مامۆستا عه‌لی باپیریش ده‌بێ به‌ بۆچوونی خۆیدا بچێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر خۆی به‌ ئیماندار ده‌زانێ".

له‌ لایه‌کیتر هەڤاڵ نەژاد، رۆژنامەوان و چالاکی مەدەنی که‌ ئه‌ویش وه‌ک زۆربه‌ی رۆژنامه‌وانان وه‌ک دژکرده‌وه‌یه‌ک له‌هه‌مبه‌ر لێدوانه‌کانی ئه‌میری کۆمه‌ڵی ئیسلامی داوای ئه‌وه‌ی کردبوو که‌ عه‌لی باپیر ده‌بێ داوای لێبوردن له‌ گه‌لی کوردستان بکات به‌مجۆره‌ بۆ راڤه‌ دوا: " من هەرگیز چاوەڕێی هەڵوێستی لەوە باشتر لە عەلی باپیر و هاوبیرەکانی ناکەم ! دیارە ئەمە کاری یەکەمجاری عەلی باپیر نییە ، پێشتریش لە کۆبوونەوەی سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمان لە کاتی گوتنی ئەو سرودە هەڵنەستا و بە ناشەرعی زانی ، بەڵام ئامادەبوو لەپەرلەمانی عێراق بۆ سرودی عەرەبی (مەوتەنی) هەڵسێتەوە که‌ سەدان هەزار کوردی موسوڵمانی لەژێر سایەیدا شەهید کراون و بە ناشەرعی نەزانی!
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی که‌ بۆچی کۆمه‌ڵی ئیسلامی سروودی ئه‌ی ره‌قیب به‌ شه‌رعی نازانێ ئه‌م رۆژنامه‌نووسه‌ گوتی: "دیارە ئەگەر قسە بێتە سەر شەرع ، پێویستە ئەوە بپرسین بۆ شەرعی دەزانن پەیوەندییان لەگەڵ ئێران هەبێت کە رۆژانە موسوڵمانانی کورد شەهید ئەکات؟، و شەرعیشە پەیوەندییان بە رژێمی بەعسی عێراقیەوە هەبووبێت و پارەی لێوەرگرن هەروەک چەند بەڵگەنامەیەک لە راگەیاندنەکان لەسەر ئەوە بڵاوکرایەوە ، به‌ڵام ناشه‌رعییه‌ رێز له‌ رای زۆرینه‌ی گه‌لی کورد بگرن کە ئەو سرودە لە دڵ و هەستیاندا رەگی داکوتاوە؟"

هه‌ڤاڵ نه‌ژاد له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا باسی خۆشه‌ویستی سروودی ئه‌ی ره‌قیبی کرد که‌ چۆن له‌ دڵ و ده‌روونی کوردان ریشه‌ی داکوتاوه‌ و گوتی: " پێشتریش قسەی لەم چەشنە و هەوڵی ئەوەدراوە ئەو سرودە لاببرێ و سرودێکی تازە دابنرێت ، بەڵام خۆشەویستی ئەی رەقیب لە دڵ و دەروونی کوردان وای کردووە کە ئەو هەوڵانە مایە پوچ ببن و پێشم وایە لە داهاتوشدا کارێکی زۆر ئەستەمە".

هه‌روه‌ها ئاشکرای کرد" ئەم سرودە تەنها لە باشوری کوردستان کاریگەری و بایەخی نیە ، بەڵکو ئەمە رەوایەتی (شەرعیەتی) لە کۆماری کوردستانەوە وەرگرتووەو هەرچوارپارچەی نیشتیمان سروودی ئه‌ی ره‌قیب بە سرودی خۆیان دەزانن ، لە روانگەی نەتەوایەتیشەوە کە کوردستان بەیەک نیشتمانی یەکگرتوو دادەنێت، بەهیچ شێوەیەک ئەم پارچەیە ناتوانێ ئەو سرودە بسرێتەوە کە زۆرینەی گەلی کورد بە سرود و مارشی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆیانی دەزانن".
له‌ ژوماره‌ی داهاتوودا ئه‌م پرسه‌ له‌گه‌ڵ جه‌ند که‌سایه‌تییه‌کی رۆشنبیری و ئایینی ده‌خه‌ینه‌ به‌ر باس و گفتگۆی له‌باره‌وه‌ ده‌که‌ین.

تێبینی:
ئه‌م راپۆرته‌ له‌ ژماره‌ 16ی گۆڤاری راڤه‌ له‌ هه‌ولێر بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.

0 سەرنج:

Post a Comment