دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦-١٢-٢٠١٠ بۆ رۆژی دووەم کۆبوونەوەیەکی نارەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بریاری لەسێدارەدانی لاوانی رۆژهەڵات سازکرا.
کۆبوونەوەکە کاتژمێر ٢:٣٠ خولەک لەبەردەم پارکی شانەدەر لە شاری هەولێر بەرێوەچوو، سەرەتا لەلایەن هەڤاڵ نەژاد، وتاری ئامادەکارانی کۆبوونەوەکە خوێنرایەوە. تێیدا وێڕای ڕیسواکردنی بڕیاری لە سێدارەدانی لاوانی کورد، ئاماژەی بە راگرتنی بڕیاری لەسێدارەدانی حەبیبوڵای لەتیفی کرد، کە بڕیاربوو ئەمڕۆ لەشاری سنە لەسێدارەبدرێت. ئەمەش لەئەنجامی فشارێکی نەتەوەییانەی کوردانەوە لەسەرانسەری جیهان کە نزیک بەدوو رۆژە چالاکی بۆ ئەو پرسە بەردەوامە.
هەروەها ئاماژە بەوەکرا ئەم بریاڕەی کۆماری ئیسلامی ئێران، تەنها راگرتنە بۆ کاتێکی دیکە و پێویستە لەسەر هەمووان کاربکەین بۆ ئەوەی بریاری لە سێدارەدانی حەبیب و سەرجەم گیراوانی سیاسی کورد، کە بەسێدارە حوکم دراون هەڵبوەشێتەوە.
هەروەها داواکرا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆیان بۆ ئەو کارە بەکاربێنن و هەوڵ بدەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی سەرجەم گیراوانی سیاسی پارچەکانی دیکەی کوردستان و رۆژهەڵات بەتایبەت.
لەو چالاکییەدا وتاری حیزبی شیوعی کوردستان، پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان، رێکخراوی خەباتی کوردستان، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد لە ئەوروپا، فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان/ کۆمیسیۆنی رۆژهەڵات، خوێندرایەوە.
لە کۆتاییشدا لە لایەن عەلی مەحمود دوا وتەی ئامادەکارانی چالاکییەکەی پێشکەش کراو جارێکی دیکە داوای ئەوە لەهەموو لایەک کرا پێکەوە کاربکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی لاوانی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان.
شیاوی گوتنە دوێنێش بەهەمان شێوە کۆبوونەوەی نارەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بڕیاری لەسێدارەدانی لاوانی رۆژهەڵات بەرێوەچوو،کە لەلایەن ناوەندی ئایندە بۆ پرسەکانی گەنج و رێکخراوی کوردۆساید و کۆمەڵەی لاوانی و ئەی رەقیب، ئامادەکرابوو.
0 سەرنج:
Post a Comment