29 December 2010

عارف باوەجانی:هیچ کوردێک حه‌ز ناکات به‌ که‌ڵاشینکۆف سیاسه‌ت بکات،بەڵام ڕێگەش بەکورد نادرێت به‌ئازادی سیاسه‌ت بکات



عارف باوەجانی: جیاوازی ئیمه‌ له‌ گه‌ڵ زۆربه‌ی پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ وه‌ک پارتێکی نۆیخوازو سه‌ربه‌خۆخواز که‌ خه‌بات وستراتیژیمان تایبه‌ت کردوه‌ به‌ بلاوکردنه‌وه‌ی بیرۆکه‌ی سه‌ربه‌خۆیی خوازی


سکرتێری پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان، عارف باوه‌جانی له‌م دیداره‌دا تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر هۆکاری دروستبوونی پارته‌که‌یان، هاوکات وه‌ڵامی کۆمه‌ڵێ پرسی تایبه‌ت به‌پارته‌که‌یان و ڕۆژهه‌ڵاتێ کوردستان و شێوازه‌کانی خه‌باتی ئه‌و پارچه‌یه‌ ده‌داته‌وه‌.

دیداری: هه‌ڤاڵ نه‌ژاد

هه‌ڤاڵ- ئێوه‌ ساڵانێک له‌ناو حیزبی دیموکرات بوون بۆچی پارتی سه‌ربه‌ستیتان دروست کرد؟.
عارف باوه‌جانی :به‌ڵێ ڕاسته‌ من له‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵیمه‌وه‌ پێوه‌ندیم به‌ حیزبی دیمۆکراته‌وه‌ هه‌بووه‌ تا زستانی 2005، له‌و کاته‌وه‌ش به‌ شێوه‌یکی یاسایی و له‌ نووسراوه‌یه‌کدا ماڵ ئاواییم وه‌ک ئه‌ندام له‌و حیزبه‌دا کردوه‌، ئیستاش شانازی ده‌که‌م به‌و چه‌ند ساڵه‌ی له‌و حیزبه‌دا ئه‌ندام بووم، له‌وانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر حدکا نه‌بایه‌ منیش بیری کوردایه‌تیم به‌و شێوه‌ گه‌شه‌ی نه‌کردایه که‌ ئیستا هه‌مه‌‌
له‌ وڵامی پرسیاره‌که‌تان که‌ بۆپارتی سه‌ربه‌ستیمان دروستکرد، هۆکاری سه‌ره‌کی نه‌بوونی پارتێکی چالاک له‌ بواری بلاوکردنه‌وه‌ی بیرۆکه‌ی سه‌ربه‌خۆیی خوازی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا بوو، هۆکاری دیکه‌ش گۆڕانکارییه‌کانی ناوچه‌که‌ وڕوخانی ڕیژیمه‌کانی ئه‌فغانستان وئێراق بوو، به‌بۆچوونی ئێمه‌ بوونی پارتێکی نۆیخواز وهه‌لگری بیری سه‌ربه‌خۆیی بۆ ئه‌گه‌ری هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک له‌ ناوچه‌که‌دا‌ پێویست بوو، بۆ ئه‌وه‌ی دیسان گه‌له‌که‌مان نه‌که‌ینه‌وه‌ به‌ ئێرانی، واته‌ ئه‌م جاره‌یان بۆخۆمان واژۆی ئێرانی بوونی خۆمان نه‌که‌ین، با هه‌ر بڵێین داگیرکه‌ر خاک ونیشتمانه‌که‌یان داگیرکردوین.
هه‌ڤاڵ- کارو چالاکیه‌کانی پارتی سه‌ربه‌ستی چۆنه‌؟ ته‌نیا له‌ئه‌وروپایه‌ یان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش چالاکیتان هه‌یه‌؟
عارف باوه‌جانی: ئێمه‌ له‌ ناوخۆی وڵات له‌م سه‌رده‌مه‌دا خه‌ریکی ڕێکخستن وکۆکردنه‌وه‌ی هاوبیرانمانین، به‌ خۆشییه‌وه‌ هاوبیری زۆرمان له‌ ڕۆژهه‌لاتی کوردستان کۆکردوه‌ته‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌کانی وه‌ک کرماشان وئیلام که‌ پێشتر کاری که‌م تێداکرابوو. وه‌ک سه‌رکردایه‌تی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان هه‌ر کاتێک که‌ ئیمه‌ بڕیاری ده‌ست به‌ کاربوونی هیندێک شیوه‌ چالاکی له‌ ناوخۆی وڵات ده‌ربکه‌ین له‌ زۆربه‌ی شاره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان چالاکیه‌کانمان ده‌نگ ده‌داته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیمان له‌م کاتانه‌دا ته‌نیا بڵاوکردنه‌وه‌ی هزره‌که‌یه‌، واته‌ دروست کردنی باوه‌ڕ به‌ خۆبوونی تاکی کورد له‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ ئاست خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆیی،و دورخستنه‌وه‌ی ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی که‌ له‌سه‌ر خه‌بات له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆیی هه‌یه‌، له‌ ئاستی ده‌ره‌وه‌ش پێوه‌ندی باشی دیپلوماتیمان دروست کردوه‌، ئه‌مه‌ش زۆر پێویسته‌ بۆ جوڵانه‌وه‌ی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که‌ پشتیوانی نێۆ ده‌وڵه‌تی هه‌بێت، هه‌روه‌ک زۆربه‌تان له‌ ڕێگه‌ی ڕۆژنامه‌و ماڵپه‌ڕه‌کانی ئێمه‌وه‌ هه‌واڵه‌کانتان بینییوه‌، که‌ چالاکییه‌ دیپلوماتییه‌کانمان له‌ ئاستێکی باشدایه‌، ئێمه‌ تا ئیستا 3 جار به‌ فه‌رمی سه‌ردانی ئه‌مریکامان کردوه‌، زۆرکه‌سایه‌تی باڵاده‌ستی ئه‌مریکیمان بینییوه‌، وه‌ک کۆنگریس مان و سه‌ناتۆر و جه‌نه‌راڵ و ڕاوێژکارانی کۆشکی سپی، نموونه‌ش جه‌نه‌ڕال جای گارنر، ڕاوێژکاری پێوه‌ندییه‌ نێۆنه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئه‌مریکا به‌ڕێز ژۆی ڕایدێر و زۆری دیکه‌، هه‌روه‌ها سه‌ردانی په‌رله‌مانی‌ که‌نه‌دامان کردوه‌، هاوکات پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ لایه‌ن و ڕیکخراوه‌کانی ده‌یان وڵاتی دیکه‌ی ئوروپایی و ئاسیایی دروست کردوه‌، ئاکامی ئه‌مانه‌ش له‌ دواڕۆژدا ڕوون ده‌بێته‌وه‌ که‌ باشییه‌که‌ی له‌ کۆێدایه‌.
هه‌ڤاڵ- جیاوازی پارتی سه‌ربه‌ستی و پارته‌کانی تری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان چیه‌؟
عارف باوه‌جانی: ئێمه‌ رێز و پێزانین له‌ تێکۆشان و ماندووبوونی ئه‌و هه‌موو پارت ولایه‌نانه‌ ده‌زانین که‌ ساڵانێکی زۆره‌ به‌ قۆناخی جۆراوجۆره‌وه‌ خه‌باتیان کردوه‌ وئیستاش به‌رده‌وامن، نابێت هه‌رگیز له‌ ئه‌رزشی خه‌بات وماندووبوونی ئه‌وان له‌ سه‌رده‌مه‌ جۆراوجۆره‌کاندا که‌م کرێته‌وه‌، به‌ڵام ده‌کرێت له‌سه‌ر جیاوازی بیرکردنه‌وه‌ دیالۆگ و ڕه‌خنه‌ی دڵسۆزانه‌ له‌ نێوان پارت و لایه‌نه‌کاندا هه‌بێت، که‌وابێت ده‌بێ بڵێم جیاوازی ئیمه‌ له‌ گه‌ڵ زۆربه‌ی پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ وه‌ک پارتێکی نۆیخوازو سه‌ربه‌خۆخواز که‌ خه‌بات وستراتیژیمان تایبه‌ت کردوه‌ به‌ بلاوکردنه‌وه‌ی بیرۆکه‌ی سه‌ربه‌خۆیی خوازی، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ ئه‌و هزره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ له‌ نێۆ کۆمه‌ڵگاکه‌ماندا به‌ هیزبکه‌ین وبیکه‌یه‌ن به‌ خاڵێکی کرده‌وه‌یی نه‌ک ته‌نیا بڵێێن خۆزگه‌ سه‌ربه‌خۆ بایه‌ین، واته‌ بۆ ئه‌و خۆزگه‌یه‌ ده‌بێت قؤڵی کارکردنی بۆ هه‌ڵماڵین، با ئه‌و هه‌موو هێز وئینیرژیه‌ بۆ ئازادکردن وئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی کرماشان به‌ کار بێنین نه‌ک بۆ ئاوه‌دانی تارانێک که‌له‌ درێژایی مێژوودا ناوه‌ندی بڕێاری سه‌رکوتی گه‌له‌که‌مان بووه‌،هه‌روه‌ها بۆ پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی خورافاتی ئه‌وه‌ی که‌ گوایا ئه‌گه‌ر کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان باس له‌ سه‌ربه‌خۆیی بکات، ئه‌وه‌ نازانم شاربه‌ده‌ر ده‌کریت،جیهان لێمان قبووڵ ناکات،له‌برسا ده‌مرین و زۆر پروپاگه‌نده‌ی دیکه‌ی دوورله‌ راستی
خالێکی دیکه‌ش پێویسته‌ ئاماژه‌ی پێبکه‌ین ئه‌وه‌یه‌ که‌ زۆربه‌ی پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ره‌و لای خه‌تی سوسیالدیمۆکراته‌وه‌ن، ئێمه‌ش به‌ره‌و خه‌تی لیبراڵیزم ده‌ڕۆین، که‌ ئه‌مه‌ش به‌ خالێکی جیاوازی دیکه‌ له‌ نێوانماندا ده‌بینرێت.
هه‌ڤاڵ- په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ پارته‌کانی تری کوردستان به‌گشتی چۆنه‌؟
عارف باوه‌جانی: له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی لایه‌نه‌کانی کوردستانی پێوه‌ندیمان هه‌یه‌، هیندێک له‌و لایه‌نانه‌ به‌ گه‌رمییه‌وه‌ به‌ ده‌م پێوه‌ندییه‌کانی ئێمه‌وه‌ هاتوون، هیندێکیش ساردوسڕن، به‌خۆشییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێکی کوردستانی که‌ خه‌بات بۆ مافه‌ ڕه‌واکانی گه‌لی کورد ده‌کات کێشه‌مان نییه‌، واته‌ ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ سه‌ر هه‌ر بیر و ئایدولۆژیاێکیشن‌، هه‌رگیزیش جیاوازی بیروڕا ناکه‌ین به‌ بناغه‌ی ناکۆکی نێوانمان له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێک، وه‌ک پرینسیپی به‌رنامه‌ی کاری پارتیمان له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌داین که‌ نزیکایه‌تی وپێوه‌ندی دۆستانه‌مان له‌گه‌ڵ گشت لایه‌نه‌کانی کوردستان به‌ هێزتر بکه‌ین، هه‌روه‌ها وه‌ک ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی که‌ له‌سه‌ر شانی خۆمانی ده‌زانین، ئاماده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر لایه‌ن و ڕێکخراوێکی کوردی ئه‌گه‌ر کێشه‌و ناکۆکی نێۆخۆیان هه‌بێت، وله‌ ڕێگه‌ی خۆیانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر نه‌کرێت وئێمه‌یان پێقبوڵ بێت وه‌ک هاوڵاتیه‌ک له‌ نێوانیاندا ئاماده‌ین له‌ پێناو پاراستنی هاوکاری و نه‌هێشتنی ناکۆکی نێوانیان به‌شداری دڵسۆزانه‌مان هه‌بێت،
هه‌ڤاڵ- چۆن ده‌ڕواننه‌ په‌ژاک که‌ئێستا ته‌نیا پارته‌ چالاکی سه‌ربازی له‌ڕۆژهه‌ڵات هه‌یه‌؟
عارف باوه‌جانی: له‌ ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه‌ په‌ژاکیش وه‌ک پارته‌کانی دیکه‌ی کوردستان ئه‌ویش پارتێکی سیاسیه‌، جا هه‌ر پارته‌و بۆ خۆی بڕیار ده‌دات چ شێوه‌ خه‌باتکردنێک هه‌ڵبژێرێت، ئه‌وان بۆ خۆیان خه‌باتی سه‌ربازیان هه‌ڵبژاردوه‌ ئێمه‌ ڕێزیان لێده‌گرین، نابێت پێمان ناخۆش بێت که‌ ئه‌وان به‌و شێوه‌ خه‌بات ده‌که‌ن، من پێم وایه‌ هیچ کوردێک حه‌ز ناکات له‌م کاته‌دا به‌ که‌ڵاشینکۆف سیاسه‌ت بکات، به‌ڵام ڕێگاش به‌ کورد نادرێت به‌ ئازادی سیاسه‌ت بکات و بیروڕای خۆی ده‌ربڕێت، ئه‌وه‌ نییه‌ ڕۆژانه‌ به‌ ده‌یان که‌سانی چالاکی بواری مافی مرۆڤ له‌ ناوخۆی وڵات له‌ باتی چه‌ک قه‌ڵه‌م به‌ کار دێنن و که‌ چی به‌ حوکمی له‌ سێداره‌دان و به‌ندی دریژ خایه‌ن سزا ده‌درێن، که‌وابوو که‌ڵه‌شینکۆفه‌کان ته‌نیا بۆ پاراستنی گیانی خۆیانه‌. له‌وه‌ش که‌ باس ده‌کرێت پژاک شاخه‌یه‌که‌ له‌ پێکاکا منیش ده‌ڵێم پژاک زۆر له‌ پێکاکاوه‌ نزیکه‌، من پێم وایه‌ تا لایه‌نه‌کان دۆست و نزیکی یه‌کتر بین له‌ ئه‌رکه‌کانمان زیاتر سه‌رکه‌وتوو ده‌بین، نمونه‌ش پژاک به‌ هۆی نزیکایه‌تی له‌گه‌ڵ پێکاکا توانیوێتی له‌ به‌رێوه‌ بردنی ئه‌رکی سه‌ربازی سه‌رکه‌وتوو بێت، به‌ڵام ئایا ئه‌و شێوه‌ نزیکایه‌تیه‌ ده‌بێته‌ ‌تاوان، بڕیا هه‌موو هێزه‌ کوردییه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کدا نزیک بایه‌ن و هاوبیر بایه‌ن به‌و شێوه‌ هاوکاری یه‌کتریان بکردایه‌.
هه‌ڤاڵ- ڕوانینتان بۆ له‌ت بوونه‌کانی دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌ چۆنه‌؟ په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ کام لایه‌ن باشتره‌؟
عارف باوه‌جانی: به‌داخه‌وه‌ین بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ی که‌ له‌ نێوان کۆمه‌ڵه‌و دیمۆکراتدا ڕویداوه‌، ئێمه‌ به‌و ڕووداوانه‌ زۆرمان پێناخۆش بوو، چون ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆکاری کزکردنی جوڵانه‌وه‌ی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، هه‌ل ومه‌رجی ئه‌مڕۆمان خوازیاری به‌هێزبوون ویه‌کگرتوویمانه‌ نه‌ک له‌تبوون، پاشان ئێمه‌ نه‌ خۆمان به‌ حکومه‌ت ده‌زانین ونه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتین تا هه‌ڵسه‌نگاندن له‌ نێوانیاندا بکه‌ین، ئێمه‌ حدکا وه‌ک خۆی ده‌ناسین، حدک وه‌ک حدک وکۆمه‌ڵه‌کان به‌و ناوانه‌ی که‌ خۆیان له‌ کۆنفرانس وکۆنگره‌یان بۆ خۆیان دیاری کردوه‌ ئێمه‌ش به‌و ناوه‌ ده‌یانناسین، ئه‌وه‌ش ڕێزلێنانێکه‌ له‌و کۆمه‌ڵه‌ کادرو پێشمه‌رگه‌ی له‌ ده‌وری خۆیان کۆده‌بنه‌وه‌ ناوێک بۆخۆیان هه‌ڵده‌بژێرن، بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی دیکه‌ش ده‌بێ لێی گه‌ڕێین له‌ دوا ڕۆژدا گه‌ل بڕیاری له‌ سه‌ر بدات، ئیستا کاتی ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ تاراوگه‌ خه‌ریکی شه‌ڕه‌ ناو و شتی لاوه‌کی بین.
هه‌ڤاڵ- خوێندنه‌وه‌تان بۆ ڕه‌وشی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان چۆنه‌؟ چ پرۆژه‌یه‌کتان هه‌یه‌ بۆی؟ 
عارف باوه‌جانی: ڕه‌وشی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ زۆر بواردا به‌ داخه‌وه‌ به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات، فشاره‌کانی ده‌زگای داپڵۆسێنه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ جاران زیاتر که‌وتووه‌ته‌ کۆنترؤل کردنی هه‌ڵس وکه‌وتی کوردستانیان، چ له‌ ناوخۆی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و چ له‌ زانکۆکان و شۆێنه‌ گشتییه‌کان، خاک و سه‌روه‌ت و سامانه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ ئاشکرا ده‌دزرێت وله‌ تاران و شاره‌کانی دیکه‌ی ئێران به‌ره‌و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ ڕه‌وانه‌ ده‌کرێت! وه‌ک پرۆژه‌ ئێمه‌ ماوه‌یه‌کی زۆره‌ سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ین به‌ هاوکاری چه‌ند لایه‌نێکی نه‌ته‌وه‌یی که‌ کۆنفرانسێک پێک بێنین، به‌ ناوی کۆنفرانسی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگا چاره‌یه‌ک بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، له‌ ئاکامی ئه‌و کۆنفرانسه‌دا دیار ده‌بێت که‌ چه‌ند پارت و لایه‌نی کوردستانی ده‌توانن پێکه‌وه‌ کاربکه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش سه‌ربگریت ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌توانن چه‌ند خاڵی هاوبه‌شیان هه‌بێت بۆ ڕه‌وشی ئیستای ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، هه‌روه‌ها بۆ گه‌له‌که‌شمان ڕوون ده‌بێته‌وه‌ که‌ کام لایه‌ن خوازیاری دۆزینه‌وه‌ی ڕێگا چاره‌ن.
ئێمه‌ وه‌ک پارتی سه‌ربه‌ستی له‌ پرۆژه‌ی کاری داهاتووی خۆماندا زۆر خاڵی گرنگمان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌، بۆ ئه‌گه‌ری هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک له‌ ئێرانی ئیستادا، ئێمه‌ هه‌ر له‌ ئیستاوه‌ کار بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ین که‌ سه‌رنجی کۆمپانیا ئابوری و زانستییه‌کانی جیهان ڕابکێشین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیان ئاشنا بکه‌ین، به‌ مه‌به‌ستی ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ وبوژاندنه‌وه‌ی کوردستان له‌ گشت بوارێکدا، ئه‌ڵبه‌ت به‌ هاوکاری پارت و لایه‌نه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵک، زۆر پرۆژه‌ی گرنگی دیکه‌مان هه‌یه‌ که‌ له‌ به‌رنامه‌و پرۆگرامی پارتیمان هه‌یه‌، هه‌ر به‌ڕێزێک پێی خۆش بێت ده‌توانێ له‌ ڕێگه‌ی ماڵپه‌ڕه‌که‌مانه‌وه‌ بیخۆێنێته‌وه‌. www.psk2006.org
هه‌ڤاڵ- ئێستا جۆرێک له‌خه‌باتی مه‌ده‌نی له‌ڕۆژهه‌ڵات سه‌ری هه‌ڵداوه‌، وه‌ک مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری زیندانیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، چۆن لێی ده‌ڕوانن؟ پێتان وایه‌ ئه‌م جۆره‌ له‌خه‌بات جێی خه‌باتی چه‌کداری ده‌گرێته‌وه‌؟
عارف باوه‌جانی: به‌ڵێ به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ده‌بینین هه‌ستان و به‌رخۆدان وخۆڕاگری له‌نێۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ڕۆژانه‌ زیاتر په‌ره‌ ده‌ستێنێ، ناڕه‌زایه‌تیه‌‌کانی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بووه‌ته‌ نموونه‌و هانده‌ر بۆ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی بنده‌ستی ئێران، ئه‌و خه‌باته‌ی ئه‌وان ده‌کرێت به‌ قه‌ت خه‌باتی حیزبێکی سیاسی هه‌ڵسه‌نگێندرێت، چون ئه‌وان له‌ نێۆجه‌رگه‌ی خاک و خه‌ڵکدان، له‌ نێۆ گڕی ئاگری داگیرکه‌راندان، ئێمه‌ به‌و په‌ڕێ ڕێزه‌وه‌ خه‌باتی هاووڵاتیانی ناوخۆی وڵاتمان ده‌نرخێنێن، ته‌نیا داوایان لیده‌که‌ین که‌ خۆیان نه‌خه‌نه‌ به‌رده‌ستی چه‌قۆی بێبه‌زه‌ییانه‌ی داگیرکه‌ر، به‌ هۆشیارییه‌وه‌ کاره‌کانیان بکه‌ن.

هه‌ڤاڵ- په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌کێتی چۆنه‌؟ بۆتائێستا نه‌یان هێشتووه‌ به‌فه‌رمی نوسینگه‌ له‌باشور بکه‌نه‌وه‌؟
عارف باوه‌جانی: پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لایه‌ن زۆر باشه‌، من بۆخۆم ڕاسته‌و خۆ پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوو لایه‌ن هه‌یه‌، هاوبیرانیشمان له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان و باشوری کوردستان دیدارییان له‌گه‌ڵ لق و ڕێکخستنه‌کانی هه‌ردوو لایه‌ن هه‌یه‌، بۆ ڕێگامان ناده‌ن له‌ کوردستان نوسینگه‌مان هه‌بێت، ئه‌وه‌ وڵامه‌که‌ی لای خۆیانه‌،ئێمه‌ به‌ شێوه‌ی یاسایی داوای موڵه‌تمان کردوه‌و، کردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی ئێمه‌ش له‌ باشوری کوردستان هه‌رگیز بۆ ئه‌وه‌ی نییه‌ تۆسقالێک کۆسپ بۆ سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ ڕزگارکراوه‌ی کوردستان بێت، ئێمه‌بێجگه‌ له‌وه‌ی که‌ کوردین وکوردستانی بیرده‌که‌ینه‌وه‌. ئه‌منیه‌ت وئاسایشی خاکی باشوری کوردستانیشمان له‌ زۆر که‌س لاگرنگتره‌.
هه‌ڤاڵ- چۆن ده‌ڕواننه‌ ئێستای باشوری کوردستان ؟ به‌تایبه‌تی ڕه‌وشی که‌رکوک چۆن ده‌بینن؟
عارف باوه‌جانی: من هه‌میشه‌ باشوری کوردستانم به‌ حکومه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ به‌ڵام ڕانه‌گه‌یاندراوم ناوبردوه‌، به‌س مخابن وا ده‌بینم له‌م ئاخرانه‌دا کۆسپه‌کانی سه‌ر هه‌ریمی کوردستان زیاد بووه‌، هۆکاره‌که‌شی ئه‌وه‌یه‌ که‌ حکومه‌تی به‌غدا زیاتر پۆشته‌ بووه‌ته‌وه‌، هه‌میشه‌ش پیشه‌ی حکومه‌ته‌ تازه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌ ئه‌وه‌ بووه‌، که‌ پۆشته‌ بوونه‌وه‌ یه‌کسه‌ر به‌ر ده‌بنه‌ سه‌ر خاکی کوردستان، ئه‌گه‌ر له‌ ساڵی 2003 کوردی باشور سه‌ربه‌خۆیان ڕاگه‌یاندایه‌ به‌ڕاستی به‌ قه‌ت ئه‌مڕۆ تووشی کێشه‌ نه‌ده‌بوین، من ناڵێم سه‌ربه‌خۆیی به‌ ئاسانی ده‌بوو، ده‌زانم قوربانی زۆری له‌ شۆێنه‌وه‌ ده‌وێ به‌ڵام گه‌لی کورد له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو قوربانیدانه‌دا خۆڕاگر بووه‌، با بۆ ئه‌مه‌ش وابایه‌ین تا به‌ یه‌کجاری له‌ ژێر چنگی داگیرکه‌ر نه‌جاتمان ده‌بوو، ئه‌وه‌ی که‌ ئیستا مه‌ترسی زیاتری هه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ هیندێک پلان هه‌یه‌ که‌ به‌ شێوه‌ی یاسایی ده‌یانه‌وێ به‌ سه‌ر کوردستاندا پیاده‌ی بکه‌ن، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ئاست نێۆنه‌ته‌وه‌ییشدا ڕێگا له‌ کورد بگرن. به‌ بۆچوونی من پێویست ناکات کورد چی دیکه‌ بچێته‌ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی نێوان هه‌رێمی کوردستان وبه‌غدا، با مالکی وداروده‌سته‌که‌ی ناچار بکه‌ن بێته‌ هه‌وڵیری پایته‌خته‌وه‌، ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ شانازی له‌ لاپه‌ڕه‌ی زێڕینی مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان، ئێمه‌ با وانه‌یه‌ک له‌ جه‌نه‌ڕاڵی گه‌له‌که‌مان مه‌لا موسته‌فا بارزانی وه‌ربگرین که‌ حکومه‌تی به‌غدای چه‌ند جار ناچار کردبو‌ بێنه‌ کوردستانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی موزاکه‌ره‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌ن، ئه‌گه‌ر کورد بۆێن روون بووه‌ته‌وه‌ یا هه‌ست به‌وه‌ ده‌کات که‌ مالکی و پشتیوانه‌کانی مه‌به‌ستی خراپیان له‌ ژێره‌وه‌ هه‌یه‌، با سه‌ربه‌خۆیی کوردستان به‌ که‌رکوک و ناوچه‌داگیرکراوه‌کانیشه‌وه‌ ڕاگه‌یه‌نێت، دڵنیاشین له‌وه‌ی که‌ کورد ده‌توانێت به‌ دیپلوماتیه‌ته‌وه‌ ئه‌مریکاش ڕازی بکات، هه‌رگیزای هه‌رگیز ئه‌و ئێراقه‌ دیمۆکرات و فیدراڵه‌ به‌ چاوی خۆمان نابینین، چون فه‌رهه‌نگی خه‌ڵکی ئێراق و شیعه‌و سونی ئه‌وه‌ هه‌ڵناگرێت، که‌وابێت کات کوشتن له‌ به‌غدا له‌ پێناو چیدایه‌؟.
من ئه‌و هه‌ڵوێست گۆڕینانه‌ی مالکی له‌م ئاخرانه‌وه‌ به‌ بێمه‌رام وپشتیوانی چه‌ند ده‌وڵه‌تێکی نه‌یاری کوردی دوورنازانم، گۆمان له‌وه‌دا نییه‌ که‌ تورکیا و ئێران گه‌وره‌ترین پشتیوانی ژێراوژێری بن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ی کورد له‌ ده‌ستوری ئێراقدا هه‌یه‌، وه‌ک ده‌سکه‌وته‌کانی لۆزان له‌ به‌ینی بده‌ن. جا جارێکی ده‌یڵێمه‌ با کوردیش به‌ سه‌ربه‌خۆیی وڵامی ئه‌م جۆره‌ پلان و گه‌له‌کۆمه‌ی داگیرکه‌ران بده‌نه‌وه‌، سزاکه‌شی له‌وه‌ زیاتر نییه‌ که‌ ڕۆژانه‌ تووشی ده‌بین، با 2 مانگیش خواردنمان له‌ تورکیاو ئێرانه‌وه‌ پێنه‌گات، با گیاو نانه‌ڕه‌قه‌ بخۆین و به‌ڵام بۆ هه‌میشه‌ نه‌جاتمان بێت. دڵنیاشم له‌وه‌ی که‌ له‌ پاش ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و 2 ده‌وڵه‌ته‌ له‌ پێش چاوی جیهانه‌وه‌ ناتوانن ئه‌و نه‌ته‌وه‌ خۆڕاگره‌ی کورد له‌ به‌ین به‌رن، چۆن زۆر وڵاتی زلهێزیش هه‌یه‌ به‌رژه‌وه‌ندی له‌و ناوچانه‌ هه‌یه‌،

عارف باوه‌جانی 
له‌ ساڵی 1973 له‌ گوندی به‌رکوڕی ناوچه‌ی سه‌لاسی باوه‌جانی کرماشان له‌ دایک بووه‌،
له‌ ساڵی 1980 له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی به‌ هۆی شه‌ڕی نێوان ئێراق و ئێران،ئاواره‌ی باشوری کوردستان ده‌بن 
له‌ساڵی 1982له‌لایه‌ن حکومه‌تی ئێراقه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ ئۆردوگای ئه‌ڵتاش
تا ساڵی 1991 وه‌ک پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕیزه‌کانی حدکا ده‌بێت، له‌ ساڵی 1997 له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی وله‌ رێگه‌ی کۆمیساریایی به‌رزی په‌نابه‌ران ده‌گه‌نه‌ وڵاتی نۆرویژ
ده‌چێته‌ ڕیزی پارتی سوسیال چه‌پی نۆرویژ،هه‌ر له‌ لیستی ئه‌و پارته‌دا له‌ ساڵی 2003 تا 2007 وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی ئۆسڵۆی پایته‌ختی نۆرویژ هه‌ڵده‌بژێردرێت.
ساڵی 2006 پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان دروست کردوه‌
خاوه‌نی 3 په‌رتووکی چاپ نه‌کراوه‌

تێبینی: له‌ژماره‌ 57 ی ڕۆژنامه‌ی ستانده‌ر بڵاوکراوه‌ته‌وه‌

 

0 سەرنج:

Post a Comment