28 December 2010

كاتێ‌ تۆپباران ده‌بێته‌ شتێكی ساده‌


ئه‌مڕۆ بۆجاریكی تر تۆپخانه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئیران، تۆپبارانی ناوچه‌سنوریه‌كانی ده‌ڤه‌ری پشده‌ریان كرد.سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ هیچ زیانێكی گیانی به‌دواوه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام زیانیكی زۆری ماددی له‌ ره‌ز‌و په‌زی جوتیارانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ داوه‌.
ئه‌م چه‌ند دێره‌ی سه‌ره‌وه‌ سه‌ردێڕی هه‌واڵی به‌شێكی زۆری كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كانه‌ و رۆژانه‌ دووباره‌ ده‌كرینه‌وه‌.
ره‌نگه‌ ته‌نها گۆڕانكاریش ئه‌وه‌ بێت كه‌ هه‌ندێ‌ جار ناوی چه‌ند گوندێك دێنن یان ئه‌و دێرانه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌ به‌هدینی(كرمانجی سه‌روو) ده‌خویننه‌وه‌.به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی گوێمان له‌ لێدوانیكی ناڕه‌زایی ده‌سه‌ڵاتدارانی باشووری كوردستان بێت یاخود وێنه‌ی ناڕه‌زایی‌ و خۆپیشاندانێكی جه‌ماوه‌ری ببینین دژی ئه‌و له‌شكركیشی‌ و تۆپبارانانه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ سنووربه‌زاندن‌ وله‌شكركێشییه‌كانی توركیا. وای لێهاتوه‌ئه‌و هه‌واڵه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆته‌ شتێكی زۆر ساده‌ و ساكاری نێو هه‌واڵه‌كان‌ و، رۆژانه‌ به‌بێ‌ هیچ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێ ده‌كرین وه‌ك هه‌ر هه‌واڵێكی دیكه‌ی جیهانی. له‌ راستیدا هه‌واڵیكی له‌و جۆره‌ له‌هه‌ر وڵاتیكدا جگه‌ له‌وه‌ی ناڕه‌زایی زۆری ده‌سه‌ڵاتدارانی لێ ده‌كه‌ویته‌وه‌، ناڕه‌زایی‌ و خۆپیشاندانی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری دروست ده‌كات‌ و، هیچ دوور نیه‌ له‌ ئه‌نجامدا جه‌نگی نێوان دوو وڵاتی لێ بكه‌ویته‌وه‌ و رووداوی له‌و جۆره‌ش له‌ رابردوودا له‌به‌رچاو هه‌ن. لێره‌ دا پرسگه‌لێك  دێنه‌ پیشه‌وه‌، بۆ له‌ وڵاتی ئێمه‌ له‌و جوره‌ هه‌ڵوێستانه‌ نابینرێن؟ هۆكار چییه‌؟ ئه‌مانه‌ و چه‌ندین پرسیار‌ و گومانی تر وامان لێده‌كات به‌دوای وه‌ڵامه‌كانیان بگه‌رێین‌ و هۆكار‌ و ده‌رئه‌نجامه‌كانی بزانین‌و ئاشكرابیت لامان. هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م وتاره‌دا و به‌پێی ئاستی بیركردنه‌وه‌ و تێگه‌یشتنی خۆم تیشكێ بخه‌مه‌سه‌ر وه‌ڵامه‌كان‌و له‌باره‌یانه‌وه‌ بدوێم. له‌ وتاریكی ترم دا كه‌له‌ژماره‌ی پێشوی ستانده‌ردا بلاو كرایه‌وه‌، باسم له‌ ئینتیمای نیشتمانی تاكی كورد‌ و به‌تایبه‌تی گه‌نجی كورد كردبوو كه‌تا چ راده‌یه‌ك كه‌م‌و ناته‌ندروست‌و، ته‌نانه‌ت له‌خانه‌ی نه‌بوونیشدایه‌ له‌ئاست ئه‌م رووداوانه‌. بۆیه‌ لێره‌دا پێویست ناكات جارێكی تر هه‌مان بابه‌ت دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌ و ده‌ستبكه‌ینه‌وه‌ به‌شیكردنه‌وه‌ی. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ بڵێین كه‌ ئینتیمای نیشتمانی  كورد له‌ حاڵه‌تێكی زۆر ناته‌ندروستدایه‌ و له‌جێگه‌ی  نه‌بوونه‌. ئه‌مه‌ش دواجار كه‌وتۆته‌ نێو ده‌سه‌ڵاتی كوردی‌ و ئه‌وانیش هه‌مان حاله‌تی ناته‌ندروستیان توش بووه‌، كه‌ بۆچونیكی تریش هه‌یه‌ و پێمان ده‌ڵێ‌ ره‌نگه‌ بێ ده‌نگی ئه‌مان له‌ مه‌به‌ستێكی تایبه‌تییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێ‌ كه‌ دواتر باسی ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر وانییه‌ تا هه‌نووكه‌ بۆ هیچ لێدوانێكی توندی به‌رپرسانی حكومی باشووری كوردستانمان نه‌بینیوه‌؟ بۆ هیچ ناره‌زایه‌تیه‌ك‌ و خۆپیشاندانیكی گه‌وره‌مان نه‌بینیوه‌؟ ئه‌و حیزبانه‌ی خۆیان به‌خه‌باتگێڕو پارێزه‌ری ده‌ستكه‌وته‌كان ده‌زانن بۆ به‌ئه‌ندازه‌ی شه‌ڕی بودجه‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ و یه‌كێتی هه‌ڵوێستیان نه‌نواندووه‌ له‌ ئاست ئه‌و ده‌ست درێژییانه‌ی ده‌كرێنه‌ سه‌ر باشووری كوردستان. ئه‌و هه‌موو رێکخراو و سه‌نته‌رانه‌ی به‌ناوی نه‌ته‌وه‌یییه‌وه‌ به‌لێشاو پاره‌ وه‌رده‌گرن بۆ تائێستا نقه‌یان لێوه‌ نه‌هاتووه‌ و بێده‌نگ دانیشتوون؟ یاخود رۆژنامه‌كان بۆ ئه‌و بابه‌ته‌یان نه‌كردۆته‌ مانشێتی رۆژنامه‌كه‌یان‌ و خه‌ڵك ئاڕاسته‌ بكه‌ن بۆ ناره‌زایه‌تی‌و ده‌نگ هه‌لبرین؟ كه‌ ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ كاری رۆژنامه‌ له‌ هه‌موو جیهاندا‌ و نمونه‌ی زیندووش راگه‌یاندنی توركییه‌، كه‌ وه‌ك لقێكی سوپا وایه‌ و كاری ته‌نها بزواندنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی تورك‌و شه‌رعیه‌تدانه‌ به‌له‌شكركێشییه‌كان، که‌ ئه‌مه‌ تا راده‌یه‌ك له‌په‌یامی كاری رۆژنامه‌وانی ده‌رده‌چێ و ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ده‌سه‌ڵات. ئه‌م نمونه‌یه‌شم بۆ ئه‌وه‌ نه‌هێنایه‌وه‌ كه‌ ده‌بێ‌ رۆژنامه‌كانی ئێمه‌ش وه‌ك توركیا پاڵپشتی تیرۆری ده‌وڵه‌ت بكه‌ن‌ و هانی بده‌ن له‌شكركێشی بكات، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ هێناومه‌ته‌وه‌ تاوه‌ك ئه‌وان رۆژنامه‌كانمان خه‌ڵك ئاراسته‌بكه‌ن‌ و،  هۆشیاریان بكه‌ن له‌ ئاست ئه‌و له‌شكركێشییانه‌ و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییان به‌هێزبكه‌ن‌ و بیانرژێننه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان‌ و داوای وه‌ستاندن‌ و قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی زیان لێكه‌وتوان بكه‌ن. دوای ئه‌مانه‌ ده‌توانین دوو ده‌رئه‌نجام ده‌ست بخه‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ میلله‌تی كه‌م ئینتیماو ناهۆشیار ده‌سه‌ڵاتی ناهۆشیار به‌رهه‌م ده‌هینێ‌، یان ئه‌وه‌تا ده‌سه‌ڵاتیك به‌رهه‌م ده‌هینێ‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای رابردوویه‌كی حیزبی ته‌ماوی له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران، هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات‌ و، وه‌ك خاوه‌ن قه‌رزێك ده‌روانێته‌ ئه‌و دوو وڵاته‌ به‌سه‌ر حیزبه‌كانییانه‌وه‌ بۆیه‌ هیچ ده‌نگیكی ناره‌زایییان لێ به‌رزنابیته‌وه‌. دیاره‌ ئه‌مه‌ بۆ حیزبه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش هه‌ر ڕاسته‌و بگره‌ زیاتریشه‌ و ده‌توانین بڵیین به‌شێكیان دروستكراوی خۆیانن‌ و هیچ دووریش نییه‌ به‌ پلانی ئه‌وان كاربكه‌ن. بۆیه‌ نه‌ك هه‌ر ره‌خنه‌ ناگرن، به‌ڵكو ده‌ستیان گرتووه‌ به‌كلاوه‌كانیانه‌وه‌ تا بای ئه‌و وڵاتانه‌ نه‌یبا! بێگومان ئه‌م هه‌موو بێده‌نگییه‌ش كه‌شێكی وای خوڵقاندووه‌ كه‌نه‌ك هه‌رده‌نگی ناره‌زایی نابیسترێ‌ له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌، به‌ڵكو وای كردووه‌ تاكی ئه‌م وڵاته‌ وه‌ك شتێكی زۆر ساده‌ بروانێته‌ هه‌واڵی تۆپباران‌ و سنوربه‌زاندن‌ و، بێده‌نگ بێت له‌ ئاست ئه‌م هه‌موو سوكایه‌تییانه‌ كه‌ ده‌رحه‌ق به‌م وڵاته‌ ده‌كرێ‌‌ و ئه‌و هه‌واڵانه‌ش كه‌باسی تۆپباران‌ و سنووربه‌زاندن ده‌كات، وه‌ك هه‌ر هه‌واڵیكی ساده‌ی رۆژانه‌ سه‌یربكات‌ و ته‌نانه‌ت به‌قه‌ده‌ر هه‌واڵیكی وه‌رزشی به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بێ‌ كه‌له‌وانه‌یه‌ له‌شوێنی كار و بازار زۆرترین مشتومڕی له‌ باره‌یه‌وه‌ بكات. بۆیه‌ به‌لایه‌وه‌ گرنگ نییه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باسی خاكه‌كه‌یی ‌و هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ری بكات‌ و به‌كێشه‌ی خۆی نازانێ‌‌، پێی وایه‌ ئه‌وه‌ كاری حكومه‌ته‌ و ده‌بێ‌ ئه‌و چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ بكات. حكومه‌تیش ئه‌وه‌ هه‌ڵویسته‌كانییه‌تی كه‌ ده‌یبینین بۆخۆی بێده‌نگ دانیشتووه‌. به‌ بڕوای من ئه‌م بێده‌نگییه‌ هه‌ر ناوێكی لێ بنێین دواجار یه‌ك ده‌سته‌واژه‌مان ده‌داتێ‌ ئه‌ویش خیانه‌ت كردنه‌ له‌نیشتمان، كه‌ دواتر په‌شیمانی دادمان ناداو میژوو بۆ نه‌وه‌كانی داهاتووی ده‌گێریته‌وه‌. جا ئه‌گه‌ر له‌ نه‌زانین‌ و ناهۆشییاریه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێ‌ یاخود له‌و په‌یوه‌ندییه‌ كۆنه‌ی كه‌ حیزبه‌كان به‌و وڵاتانه‌وه‌ هه‌یانه‌ و به‌ ئاگادارییه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ده‌كه‌ن، كه‌هیوادارم له‌وه‌ی دووه‌میاندا به‌هه‌ڵه‌دا چووبم.
haval_zagros@yahoo.com

تێبینی: ئه‌م وتاره‌ ئۆگۆستی 2008 نوسراوه‌

0 سەرنج:

Post a Comment