هەڤاڵ نەژاد
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٣٠-١٢-٢٠١٠ ناوەندی ئایندە بۆ پرسەکانی گەنج، کۆبوونەوەیەکی دەربارەی رەوشی وەرزش و کێشەکانی بۆ ژمارەیەک لایەنی پەیوەندیداری وەرزشی سازکرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە هۆڵی چۆپی هوتێلی چوارچرا لەشاری هەولێر، بەرێوەچوو. تێیدا نوێنەرانی هەریەکە لە وەزارەتی رۆشنبیری ولاوان و راگرایەتی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی کۆیە و یانەی وەرزشی هەولێر و یانەی ئاسۆ و یانەی برایەتی و یانەی پێشکەوتن، لەگەڵ رۆژنامەوانانی وەرزشی و کەسایەتی وەرزشی، بەشداربوون.
لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی ئایندە، سیروان عەباس بەرپرسی ناوەندی ئایندە، دەربارەی کۆبوونەوەکە گوتی: ناوەندی ئایندە بۆ پرسەکانی گەنج، لە درێژەی چالاکییەکانیدا بۆ باشترکردنی رەوشی گەنجان لە کوردستان، بەباشی زانی کار لەسەر پرسی وەرزش بکات، کە بوارێکی فراوانە و زۆرترین گەنج تێیدا بەشدارن.
سیروان گوتیشی: رەوشی وەرزش لە کوردستان لە ئاستی پێویست نییە، هەر بۆیە دەمانەوێ کەموکوڕییەکانی بواری وەرزش دەستنیشان بکەین و هەوڵ بدەین چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی ئاستی وەرزشی لە کوردستان بەرەو پێشەوە ببەین و گەنجانی کوردستان بچنە ئاستە بەرزەکانی وەرزش و ئەنجامی باشی جیهانی بەدەست بێنن.
دەربارەی ئامانجی کۆبوونەوەکە هێمن فەرید، بەرپرسی پرۆگرام لە ناوەندی ئایندە بۆ پرسەکانی گەنج، گوتی: ئامانجمان لەو کۆبوونەوەیە، دەستنیشانکردنی کەم و کوڕیەکان و هۆکار و چارەسەرییەکانی رەوشی وەرزشە لە کوردستان. ئەو پێکهاتەی کە داوەت کراون ئەمڕۆ لە پسپۆڕییەتی جیاوازو و لایەنی جیاوازەوە بەشداربوون، بۆ مەبەستی ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەربارەی چارەسەری کێشەکانی بواری وەرزش لە کوردستان.
هێـمن گوتیشی چالاکییەکانی ناوەندی ئایندە بۆ پرسەکانی گەنج. لەم بوارە درێژەی دەبێت و بۆ ماوەی یەک ساڵ بەچالاکی جۆراو جۆر بەردەوام دەبێت. هەروەها دەمانەوێت کار لە سەر بەربەست و کەموکوڕییە یاساییەکانی بەردەم وەرزش لە کوردستان بکەین و چارەسەرییان بۆ بدۆزینەوە.
شیاوی گوتنە لە ئەنجامی کۆبوونەوەکە بریاریادرا لیژنەیەکی بەدواداچوون لە بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوەیە دروست بکرێت، و بەدواداچوون بۆ کێشەکانی وەرزش بکات و هەوڵی چارەسەریان بدات، جگە لەوەی یاداشتێک پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار دەکات.
فۆتۆ: هەڤاڵ نەژاد
0 سەرنج:
Post a Comment