29 December 2010

داود باغستانی‌: په‌یوه‌ندی‌ كورد كاتی‌ شۆرشی‌ ئه‌یلول له‌ گه‌ڵ ئیسرائیل لاواز بوو، چونكه‌ ڕاسته‌وخۆ نه‌بوو



په‌یوه‌ندی کوردو ئیسرائیل چ له‌رابردوو چ له‌ئێستا به‌شێوه‌یه‌کی نهێنی و ناروون بووه‌، ئه‌وه‌ی ئاشکرا کراوه‌ له‌و په‌یوه‌نیانه‌ له‌یاداشتی سیاسیه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ بووه‌ یاخود له‌ڕێگه‌ی که‌سانی ئیسرائیلیه‌وه‌ بووه‌ که‌ئه‌و ده‌م به‌رپرسی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ بوون که‌له‌نێوان کورد و ئیسرائیل دا هه‌بووه‌، له‌م دیداره‌ی ستانده‌ر له‌گه‌ڵ داود باغستانی هه‌وڵمان داوه‌ به‌شێوه‌یه‌کی گشتی باس له‌په‌یوه‌ندی کوردو ئیسرائیل بکه‌ین له‌کاتی ئێستادا، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و له‌وه‌ڵامه‌کانیدا جارێ زووه‌و یان ماویه‌تی به‌کار ده‌هێنا به‌ڵام چه‌ند نهێنیه‌ک بۆستانده‌ر باس ده‌کات
دیداری‌ : هه‌ڤاڵ نه‌ژاد 

ستانده‌ر: سه‌ردانه‌كی مالكی بۆ ئێران چۆن ده‌بینن، ئایا ئه‌و سه‌ردانانه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ كێشه‌ی په‌كه‌كه‌؟ 
داود باغستانی: به‌ رای من مالیكی كارێكی زۆر خراپی كرد، سیاسه‌تی ئێستای مالیكی لاوازكردنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستانه‌، له‌ لایه‌كی تر هه‌وڵدانه‌كانی مالێكی بۆ هێنانی توركیایه‌ بۆ ناو كێشه‌ی سیاسی عێراق و هاندانی توركیا له‌ دژی كورد هه‌موو سیاسه‌تی ئێستای مالكیه‌ كه‌ ده‌یهه‌وی ته‌داخوول بكات، ئه‌و سیاسه‌ته‌ی مالكی دژی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كورده‌، مالیكی له‌ كارتی ئێران و توركیا و سووریه‌ ئیستفاده‌ ده‌كات بۆ گوشار خستنه‌ سه‌ر كورد و له‌ هه‌ولێ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم دایه‌، بۆیه‌ كاتی هاتوه‌ كه‌ كورد سنوورێك بۆ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئێستای مالیكی دابنی، چۆن ته‌واویی هه‌وله‌كاتی مالیكی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كێشه‌ بۆ كورد دروستبكات له‌ گه‌ڵ دراوسیه‌كانی به‌ تایبه‌ت توركیا و ئێران كه‌ به‌رده‌وام سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان تۆپباران ده‌كه‌ن، ئه‌و سه‌ردانه‌شی له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئێران ماوه‌یه‌كی زۆره‌ به‌ به‌رده‌وامی تۆپبارانی ناوچه‌ سنووریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ مالیكی زیاتر له‌ هه‌ولێ دروستكردنی شه‌ردایه‌ له‌ ناوبه‌ر كورده‌كان به‌ تایبه‌ت په‌كه‌كه‌ و هه‌رێمی كوردستان. بۆیه‌ سه‌ركردایه‌تی كورد پێویسته‌ سنووریێك بۆ مالكی دابنێت، چونكه‌ عێراقی جاران نه‌ماوه‌ كه‌ تاكه‌ شه‌خسێك حووكم بكات، عێراق ئێستا له‌ به‌رده‌م چاره‌نووسێكی هاوبه‌ش دایه‌، یان پێكه‌وه‌ به‌ره‌یوه‌ی ببه‌ن یانیش جیاده‌بنه‌وه‌، بۆ كورد له‌و قۆناغه‌دا پێوه‌یسته‌ چاوێك له‌ سیاسه‌تی خۆی له‌ هاوپه‌یمانییه‌تی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تره‌ نێو پێكهاته‌ی عێراقدا بخشێنیته‌وه‌. ئه‌و په‌یامه‌ش گه‌ره‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بگه‌یه‌نیته‌ مالیكی. چونکه‌ بێ كورد كه‌س ناتوانی سیاسه‌تی عێراق له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌رێوه‌ببات

ستانده‌ر: پلانێكی سێ قۆلی له‌ ئارادایه‌ بۆ چه‌ك دانانی په‌كه‌كه‌، ئایا ئیسرائیل هیچ رۆلێكی هه‌یه‌ له‌و پلانه‌دا؟ 
داود باغستانی: نه‌خێر، سه‌ره‌تا ده‌بێ ئێمه‌ بزانین په‌كه‌كه‌ چییه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ ساله‌كانی شه‌ستدا چه‌كیان له‌ دژی سیسته‌می به‌عس هه‌ڵگرت و ده‌ستێان به‌ شه‌ر كرد له‌ هیچی خۆرایی نه‌بوو، چه‌كیان بۆ وه‌دستهێنانی مافه‌كانی كورد هه‌ڵگرتبووه‌، په‌كه‌كه‌ش كه‌ ئێستا له‌ سه‌ر ئه‌و شاخانه‌ ده‌ژێن و چه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌، بۆ ئازادی و مافی گه‌ڵی كورد له‌ باكووری كوردستان، بۆیه‌ په‌كه‌كه‌ هیچ كات چه‌ك دانانێت هه‌تا كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر نه‌بێت، ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ش چه‌ك دابنێت ئه‌وه‌ خه‌ڵك چه‌ك دانانینن. ئه‌گه‌ر كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكرێت ئه‌وه‌ په‌كه‌كه‌ش ئه‌و كات چه‌ك داده‌نێت و له‌و شاخانه‌ دێته‌ خوارێ
ستانده‌ر: باشه‌ ئه‌گه‌ر ئیسرائیل هیچ رۆلێكی نییه‌ له‌و پلاندا، بۆ به‌ فرۆكه‌كانی ئیسرائیل تۆپبارانی قه‌ندیل ده‌كرێت؟ 
داود باغستانی: به‌ فرۆكه‌ی ئیسرائیلی بۆردومانی قه‌ندیل ناكرێت، ئه‌وه‌ شتێكی ناراسته‌، نابێ پروپاگه‌نده‌ی وا بكه‌ین، ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌ هێزكردنی دوژمنان، با دوژمنی گه‌وره‌تر بۆ خۆمان دروست نه‌كه‌ین، ئیسرائیل دووژمنی كورد نییه‌ با ئێمه‌ ئه‌وانیش به‌ زۆر نه‌كه‌ینه‌ دووژمنی خۆمان، ئه‌و پروپاگه‌نده‌یه‌ به‌ گشتی كاردانه‌وه‌ی باشی نابێ بۆ كورد، من به‌و شێوه‌یه‌ بێر ده‌كه‌مه‌وه‌
ستانده‌ر: به‌ڵام په‌كه‌كه‌ زۆر باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئێسرائیل له‌ پشت ئه‌و ئۆپه‌راسێونانه‌یه‌ كه‌ توركیا ده‌یكاته‌ سه‌ر بنكه‌كانی پارتی كریكاران له‌ قه‌ندیل؟ 
داود باغستانی: ئه‌و لێدوانانه‌ی په‌كه‌كه‌ زیاتر په‌یوه‌ندی به‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ رای گشتی عه‌ره‌بی و ئێران به‌ تایبه‌تی، ئه‌وه‌ وه‌ك په‌یامێكه‌ بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ كه‌ ئێستا ئه‌وان زۆر له‌ دژی ئیسرائیلن، ئیسرائیل هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ئێمه‌ش، ئه‌وه‌ هه‌ندێك په‌یامی سیاسین بۆ قۆناغی كاتی نه‌ك درپژخایه‌ن، ئه‌مریكا و ئیسرائیل ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ی ته‌سفیه‌كردنی په‌كه‌كه‌یان هه‌با ئه‌وه‌ شه‌ش ساڵ به‌ر له‌ ئێستا ئه‌و كاره‌یان ده‌كرد، هه‌روه‌ك چۆن له‌ كاتی هێرشی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر عێراق چۆن بنكه‌و باره‌گاكانی ئه‌نسارو حیزبه‌ ئیسلامیه‌كانی تری دایه‌ به‌ مووشه‌ك و هه‌موویان له‌سه‌ر سنووره‌كان پاكسازی كرد، تا ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ من ئاگادرام هیچ به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌مریكا و ئیسرائیل بۆ هێرش كردنه‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌ له‌ گۆری نییه‌، به‌ڵام بۆ راگرتنی بالانسه‌كه‌ هه‌ندێك لایه‌ن لێدوانی له‌و شێوه‌یه‌ ده‌ده‌ن
ستانده‌ر: له‌و ماوه‌یه‌دا راپۆرتێك بلاوبۆته‌وه‌ كه‌ ئیسرائیل مانگانه‌ هاوكاری ماڵی پژاك ده‌كات، كه‌ وه‌ك باڵێكی په‌كه‌كه‌ ناسراوه‌، ئه‌وه‌ تا چه‌ند راسته‌؟ 
داود باغستانی: من باس له‌ راستی و نه‌راستی ئه‌و هه‌واڵه‌ ناكه‌م، چۆن ئێستا كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ راستبی به‌و مانایه‌ دێ كه‌ ئیسرائیل دژایه‌تی په‌كه‌كه‌ی نه‌كردوه‌، چونکه‌ پژاكیش پارچه‌یه‌كه‌ له‌ په‌كه‌كه‌
ستانده‌ر: له‌و قۆناغه‌دا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی فه‌رمی هه‌یه‌ له‌ نێوان كوردو ئیسرائیل؟ 
داود باغستانی: ئێستا كاتی نه‌هاتوه‌، كه‌ باس له‌و په‌یوه‌ندییه‌ بێته‌ كردن
ستانده‌ر: كاتی نه‌هاتووه‌ كه‌ ئاشكرا بكرێت؟ 
داود باغستانی: كاتی ئاشكرا كردنی نه‌هاتووه‌، ناتوانیین ئێستا باسیشی بكه‌ین
ستانده‌ر: که‌واته‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ هه‌یه‌؟ 
داود باغستانی: نازانم 
ستانده‌ر: ئێوه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا ده‌لێن من یه‌كێكم له‌ مه‌رجه‌عه‌كانی مۆساد له‌ كوردستان؟ 
داود باغستانی: ئه‌وه‌ زیاتر وه‌ك دژكرده‌وه‌یه‌ك بوو له‌ هه‌مبه‌ر هه‌ندێك لایه‌نی ناسێۆنالێستی عه‌ره‌بی كه‌ رۆژانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر تووند هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كورده‌كان، ده‌نا من مه‌رجه‌عی مۆساد نیمه‌، به‌ڵام ئینكاری ئه‌وه‌ش ناكه‌م كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بۆ كورد زۆر گرنگه‌. هه‌روه‌ك چۆن بۆ ئیسرائیلیش په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كورد گرنگه‌. ئه‌گه‌ر كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست خاوه‌ن هێز بن ئه‌وه‌ وه‌ك گه‌رانتی یه‌كه‌ بۆ پالپشتی ئیسرائیل و پرۆژه‌ ئاشتی و دیمۆكراسی له‌ ناوچه‌كه‌دا، ته‌نیا رێگاش بۆ كورد گه‌یشتن به‌ ده‌وڵه‌ته‌
ستانده‌ر: وه‌ك كه‌سایه‌تێكی سیاسی كه‌ په‌یوه‌ندێت هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئێسرائیل ئایا تا ئێستا هیچ داویان له‌ تۆ كردوه‌ كه‌ په‌پوه‌ندییان بۆ دروست بكه‌ی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ؟ 
داود باغستانی: ئه‌وه‌ش جاره‌ كاتی نییه‌، له‌ كاتی خۆیدا ده‌توانین زۆر به‌ وردی قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین
ستانده‌ر: به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاو له‌ مێژوو بكه‌ین به‌ تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می شۆرشی ئه‌یلوولدا په‌یوه‌ندی كورد و ئیسرائیل به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا هه‌بووه‌؟ 
داود باغستانی: دروسته‌، به‌ڵام ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ هیچ كات راسته‌وخۆ له‌ رێگای كورده‌وه‌ نه‌بووه‌، بۆیه‌ هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی لاواز بووه‌، ئه‌و په‌ێوه‌ندییه‌ له‌ ڕێگای ساواك و ئیسرائیل دروست بووه‌، نه‌ك كورد بۆخۆی ده‌ستپێشخه‌ری كردبێت به‌ڵكوو به‌ زۆر به‌ سه‌ریدا سه‌پاوه‌، 
ستانده‌ر: به‌ڵام له‌ شۆرشی ئه‌یلوولدا ئیسرائیل توانی به‌ هاوكاری كورده‌كان فرۆكه‌یه‌كی رووسی بڕفێنن، ئایا ئه‌وه‌ نیشان له‌ بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز نیه‌؟ 
داود باغستانی: نا دووباره‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز نییه‌، كه‌ به‌وشێوه‌ی باسی ده‌كه‌ن
ستانده‌ر: باشه‌ كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتۆوه‌ كه‌ ئه‌و په‌ێوه‌ندییه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا باس بكرێت و بچێته‌ قۆناغێكی تازه‌وه‌؟ 
داود باغستانی: نه‌خێر، جاری كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌
ستانده‌ر: زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌سه‌ره‌وه‌ دژایه‌تی ئیسرائیل ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ ژێره‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باشیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل؟ 
داود باغستانی: كێشه‌ی كورد ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاتێك ئیسلامی قه‌بوول كرد له‌ هه‌موویان موسلمانتر بوو، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب هه‌بوو هه‌ندێك هه‌ولێاندا كه‌ له‌ عه‌ره‌به‌كان عه‌ره‌بتر بن، ئێمه‌ هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل نییه‌
ستانده‌ر: با بێنه‌ سه‌ر پرسیاریكی تر، هه‌روه‌ك ده‌زانن هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان له‌ توركیا له‌ رۆژه‌ڤدایه‌، ئێوه‌ داهاتووی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ چۆن ده‌بینن، ئایا ده‌ته‌په‌ ده‌توانێ له‌و هه‌لبژاردنه‌دا سه‌ربكه‌وێت؟ 
داود باغستانی: لێره‌دا پیویسته‌ ئاماژه‌ به‌ دوو خاڵ بكه‌م، یه‌كه‌م پلانی ئاكه‌په‌ كه‌ له‌ دژی كورد دێته‌ مه‌شاندن ئه‌وه‌یه‌ كورد له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا پاشه‌كشه‌ بكات، كه‌ ئه‌وه‌ش وه‌ک ریسكیك وایه‌ بۆ كورد ئه‌گه‌ر ئه‌و یارییه‌ بكات، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌ته‌په‌ به‌و چالاكییانه‌ی ئه‌مدواییه‌ توانیووێتی خۆی ئێسبات بكات، ئه‌وه‌ش شانسی سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌ته‌په‌ زیاتر كردوه‌
ستانده‌ر: باس له‌ دامه‌زراندی پارتی ئازادی جووله‌كه‌ ده‌كرێت له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئێوه‌ تاچه‌ند ئاگاداری ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ن؟ 
داود باغستانی: مه‌سه‌له‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی نییه‌ كه‌ باسی لێكراوه‌، كۆمه‌لێك له‌ كورده‌كانی دۆستی جوووله‌كه‌ له‌ هه‌ولی‌ دامه‌زراندنی كۆمه‌له‌یه‌كن نه‌ك پارتێكی سیاسی، به‌ڵام ئێستای كاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتوو كه‌ پارتێكی سیاسی دروست بكه‌ن، ئه‌وه‌ له‌ حالێكدا كه‌ دروستكردنی ئه‌و كۆمه‌له‌یه‌ش كێشه‌یه‌كی زۆری دروست كردوه‌ له‌ ناو خۆیدا، جا چ بگات به‌ دروستكردنی پارتێك، به‌ڵام ئه‌وه‌ مافی خۆیانه‌ كه‌ جوووله‌كه‌كانی ئێران و سووریه‌ و عێراق و كوردستان أێكخراوه‌یه‌ك دابمه‌زرێنن.ٍ 

ستانده‌ر: ئه‌و كۆمه‌له‌یه‌ تا ئێستا له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌ فه‌رمی ڕێگای پێدراوه‌؟
داود باغستانی: مه‌سه‌له‌كه‌ به‌و شێوه‌ی نییه‌ كه‌ حكوومه‌ت ده‌بێ رێگه‌یان پێبدا، كاتێك بابه‌ته‌كه‌ ده‌چێته‌ نێوو چوارچێوه‌ی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌وه‌ ئه‌وه‌ پێویست به‌ مۆڵه‌تی یاسایی ناكات، ئه‌گه‌ر دوكه‌س بریار بده‌ن پێكه‌وه‌ كارێك بكه‌ن ئه‌وه‌ كه‌س ناتۆانی بێ ته‌داخوولی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان من وتۆ بكات. دروستكردنی پارتی تایبه‌ت به‌ جوووله‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان زۆر كێشه‌یه‌ به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌ی أێكخراوه‌یه‌كی مه‌ده‌نییدا ئیمكانی هه‌یه‌
ستانده‌ر: ئایا ئیسرائیل پشتگێری له‌و كۆمه‌له‌یه‌ ده‌كات؟ 
داود باغستانی: به‌ بۆچوونی من له‌ ناوخۆی ئیسرائیلیش هه‌نه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ پشێگێری له‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌ لایه‌ن رێكخراوه‌كان و رۆشنبیرانی جوووله‌كه‌ قه‌بوول بكرێت، ده‌وڵه‌ت ناتوانی دژایه‌تی بكات. خۆ ناكرێ ئه‌و هه‌موو كوردی كه‌ له‌ ئۆرشه‌لێم ده‌ژین و په‌ێوه‌ندییان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كورده‌كانی له‌ پارچه‌كانی تر بخاته‌ نێو زیندانه‌وه‌. شتێكی وا ناكرێت ئه‌وانێش مافی خۆیانه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی دروست بكه‌ن. له‌ هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌ ناكرێت له‌مپه‌ر دروستبكات
ستانده‌ر: زۆر كه‌س ده‌لێن شه‌مدین ساكیك به‌ پلانی ئێوه‌ ته‌سلیمی توركیا كراوه‌ته‌وه‌، بۆچوونی ئێوه‌ چێیه‌ له‌و باره‌وه‌؟ 
داود باغستانی: نه‌خێر ئه‌وه‌ شتێكی راست نییه‌، پلانی ته‌سلیم بوونه‌وه‌ی شه‌مدین ساكیك هیچ په‌یوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ نییه‌، من به‌ سه‌راحه‌ت ده‌لێم كه‌ زۆر له‌ دژی ئه‌و كه‌سانه‌م كه‌ له‌ په‌كه‌كه‌ جیاده‌بنه‌وه‌، هه‌میشه‌ له‌ دژی ئه‌و كه‌سانه‌ بوومه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی خراپ باسی په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن 
تێبینی : ئه‌م دیداره‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2009 ئه‌نجامم داوه‌ له‌گه‌ڵ داود باغستانی بۆ رۆژنامه‌ی ستانده‌ر به‌ هاوکاری مه‌ولود ئافه‌ند

0 سەرنج:

Post a Comment