29 December 2010

ده‌وڵه‌تی کوردی‌ هه‌ر داده‌مه‌زرێ


وه‌ڵامێکی کورت بۆ ئه‌و وه‌زیره‌ی ده‌وڵه‌تی کوردی پێ مه‌حاڵه
هەڤاڵ نەژاد
هه‌میشه‌ که‌گوێم له‌لێدوان یا گوتارێکی مام جه‌لال ده‌بێت له‌باره‌ی پرسی کورده‌وه‌ به‌گشتی و دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی کوردی به‌تایبه‌تی، دوعا ئه‌که‌م بۆجارێکیش بێت قسه‌یه‌کی وانه‌کات دڵی 40 ملیۆن کورد بێشێنێت، به‌ڵام هه‌میشه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی خواستی من بووه‌و هه‌میشه‌ قسه‌یه‌کی کردووه‌ که‌دڵی هه‌موو کوردانی سه‌ربه‌خۆخوای بریندار کردووه‌، جارێک ده‌ڵێ ده‌وڵه‌تی کوردی خه‌ونه‌و جارێک ده‌ڵێ خه‌ونی شاعیرانه‌، له‌هه‌مووشی بریندارکه‌رتر ئه‌ڵێ ده‌وڵه‌تی کوردی خه‌یاڵه‌و مرۆڤی ئاقڵ بیری لێناکاته‌وه‌، واته‌ ئه‌وه‌ی بیر له‌ده‌وڵه‌تی کوردی بکاته‌وه‌ بێ ئه‌قڵه‌و گه‌وجه‌!! ئه‌رێ به‌ڕاست نزیکه‌ی چل ملیۆن مرۆڤ گه‌وجن؟؟

خۆئه‌گه‌ر که‌سانێک هه‌بێ بڵێن ئه‌مه‌ سیاسه‌ته‌ تاڵه‌بانی ئه‌یکات ،جێی خۆیه‌تی وه‌ڵامی ئه‌و پرسه‌مان بداته‌وه‌، ئاخۆ هیچ پێویستیه‌ک هه‌یه‌ به‌بۆنه‌و بێ بۆنه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ دووپات ئه‌کاته‌وه‌؟ چ ده‌بێ سه‌رباری ئه‌و چه‌ندان بریندار کردنه‌ی هه‌ستی میلله‌تی کورد جارێکیش باسی ئه‌و مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌ بکات؟  تائێساش دروشمی حیزبه‌که‌ی مافی چاره‌ی خۆنوسینه‌، کفر ئه‌بێ ئه‌گه‌ر جارێ هه‌ر بۆ ڕازیکردنی دڵی میلله‌ت ئه‌و مافه‌ باس کا؟ یان ئه‌م مافی چاره‌ی خۆنوسینه‌ هه‌ربۆئه‌وه‌بوو کوڕه‌ هه‌ژاری پێ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنێ و به‌کوشتی بدات؟
تاڵه‌بانی به‌م گوتانه‌ی هه‌ردڵی میلله‌تی بریندار نه‌کردووه‌، به‌ڵکو ڕێگه‌شی بۆکۆمه‌ڵێ به‌رپرس و وه‌زیر خۆشکردووه‌ بۆکردنی ئه‌و قسه‌ بریندارکه‌رانه‌، کورد گوته‌نی "گه‌وره‌ ئاو ئه‌ڕژێ و بچوک پێی لێ ئه‌نێ".
له‌تازه‌ترین بریندار کردن و سوکاته‌تی کردنیش به‌کورد ئه‌م جاره‌ وه‌زیرێک ئه‌و قسه‌یه‌ی تاڵه‌بانی دووپات ئه‌کاته‌وه‌ ، به‌پێی هه‌واڵێک که‌ ئه‌سوات ئه‌لعێراق بڵاوی کردۆته‌وه‌ موحه‌مه‌د ئیحسانی وه‌زیری کاروباری ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌ڕۆژنامه‌نوسانی گوتووه‌"دروست بوونی ده‌وڵه‌تی کوردی مه‌حاڵه‌".
ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا به‌حساب به‌ڕێزی نوێنه‌ری کورده‌ بۆ جێبه‌جێ کردنی ماده‌ی ده‌ستووری سه‌دو چل، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌کانی چرتر بکاته‌وه‌ بۆ جێبه‌جێ کردنی ئه‌و ماده‌یه‌، دێت له‌به‌ر ڕازیکردنی ئاخوندێکی  فه‌رمانبه‌ری ئێران له‌که‌ربه‌لا، دڵی چل ملیۆن مرۆڤی کورد بریندار ئه‌کات و بێ هیچ سڵکردنه‌وه‌یه‌ک ئه‌ڵێ ده‌وڵه‌تی کوردی مه‌حاڵه‌.
من له‌جه‌نابی ئه‌پرسم به‌نوێنه‌رایه‌تی کێ ئه‌م فه‌رمایشتانه‌ ئه‌فه‌رمووی؟ وادیاره‌ ئه‌وه‌ت له‌بیر چۆته‌وه‌ به‌ده‌نگی ئه‌و خه‌ڵکه‌ هه‌ڵبژێردراوی که‌ئاوا به‌بێباکی دڵیان بریندار ده‌که‌ی؟
خۆئه‌گه‌ر ئه‌و مافه‌ به‌خۆت بده‌ی که‌نوێنه‌ری میلله‌تی، ئه‌بێ باش بزانی ئه‌وانه‌ی تۆ و حیزبه‌که‌تیان هه‌ڵبژاردووه‌ هه‌ر ئه‌وانه‌ بوون له‌ڕاپرسی سه‌رتاسه‌ری 98% سه‌دا نه‌وه‌دو هه‌شت، داوای سه‌ربه‌خۆییان ئه‌کردو له‌به‌ر" جارێ زروف له‌بار نیه"‌ی سه‌رکردایه‌تی بێخه‌می کورد بێده‌نگن.

یاخود ئه‌گه‌ر نوێنه‌ری پارته‌که‌تی و به‌نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و هه‌ستی 40 ملیۆن کورد ژێر پێ ئه‌نێی، پێویسته‌ ئه‌وه‌ت له‌بیر بێت سه‌رۆکه‌که‌ت له‌تارانی پایته‌ختی داگیرکاری ڕۆژهه‌ڵاتی نیشتمان، گوتی ده‌وڵه‌تی کوردی مه‌حاڵ نیه‌و ڕۆژێک هه‌ر داده‌مه‌زرێ؟ ئیدی جه‌نابت له‌و جێگه‌ گه‌رم ونه‌رمه‌ چ پێویست ده‌کات ئه‌و قسه‌یه‌ بکه‌ن و دڵی ئه‌و میلله‌ته‌ سه‌دان جار برینداره‌ بریندارتر بکه‌ی؟ خۆهیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کت له‌سه‌ر نه‌بووه‌؟ یان جه‌نابیشت وه‌ک سه‌رۆک کۆمار سیاسه‌ت ده‌که‌ی؟!
ئه‌گه‌ر جه‌نابت و سه‌رۆک کۆماره‌که‌ت ناتوانن خۆتان به‌کوردستانی بزانن و ده‌وڵه‌تی کوردیتان پێ مه‌حاڵه‌ ئه‌بێ ئه‌وه‌ بزانن چل ملیۆن مرۆڤ ئه‌وه‌ به‌مه‌حاڵ نازانن و هه‌رده‌م له‌بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌دان چۆن ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ دروست بکه‌ن و ڕۆژێکیش دێت ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ دروست بێت.  ئه‌گه‌ر جه‌نابت خۆت به‌عێراقی و کوردانی تر به‌تورکی ئێرانی وسوری بزانی، ئه‌بێ ئه‌وه‌ زۆر باش بزانی ملیۆنانی وه‌کو من تف له‌وشه‌ی عێراق وئێران وتورکیا و سوریا ده‌که‌ین و وه‌کو چوار وشه‌ی ناڕه‌سه‌ن و بێ نرخ لێیان ده‌روانین.
به‌ڕێزت ئازادی له‌وه‌ی چۆن بیرده‌که‌یه‌وه‌و ده‌ته‌وی چۆن بژی و له‌ژێر سیبه‌ری چ ده‌وڵه‌تێک بژی، به‌ڵام ئه‌بێ ئه‌وه‌ت له‌به‌رچاو بێ تۆ به‌ده‌نگی ئه‌و میلله‌ته‌ وه‌زیری و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئازاد نیت له‌وه‌ی به‌دژی بیرکردنه‌وه‌ی جوانی ئه‌و میلله‌ته‌ قسه‌ بکه‌ی، هه‌رگیز ڕێت پێ نادرێ هه‌ستی پیرۆزیان بخه‌یته‌ ژێر پێی ئه‌و ئاخوندانه‌ی به‌قه‌ده‌ر تاڵه‌موه‌کانی ڕیشیان تاوان و سوکایه‌تیان لێده‌بارێ له‌ئاست ئه‌و میلله‌ته‌ بێ که‌سه‌ی تۆیان له‌بێکه‌سی به‌که‌سی خۆیان هه‌ڵبژاردووه‌.
دیاره‌ جه‌نابی وه‌زیر هه‌ربه‌وه‌وه‌ ناوه‌ستێ که‌ده‌وڵه‌تی کوردی پێ مه‌حاڵه‌ به‌ڵکو خه‌ریکی سیاسه‌تی برا دروست کردنه‌ بۆمان‌ و ئه‌ڵێ "هاوڵاتی‌ عیراقی له‌ كه‌ربه‌لا له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ له‌ كوردانی‌ توركیا نزیكترن" یانی بۆ ئێمه‌ی کوردانی باشووری نیشتمان که‌ربه‌لایی نزیکترن تا کوردانی باکور،که‌ئه‌و به‌تورکیا ناوی دێنێ، نازانم بۆئه‌وقسه‌یه‌ی چ به‌ڵگه‌یه‌کی هه‌یه‌؟ ئه‌بێ برایه‌تی من و شیعه‌یه‌کی عه‌ره‌بی که‌ربه‌لایی له‌کوێ بێت؟ له‌کاتێکدا ‌ئه‌گه‌ر بۆی بکرێ دووجار ده‌مکوژێ، جارێ له‌به‌رئه‌وه‌ی کوردم و جارێکیش له‌به‌رئه‌وه‌ی سوننیم، جه‌نابی وه‌زیر ئه‌بێ باش بزانێ که‌ئێمه‌ پێڵاوه‌ شڕه‌کانی گه‌ریلایه‌کی باکووری نیشتمان ناده‌ین به‌هه‌موو ئاخونده‌کانی نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لا، قه‌تره‌یه‌ک‌ خوێنی ئه‌و هاونیشتمانیه‌ ڕۆژئاواییانه‌ی له‌دیمه‌شق ده‌ستگیرکران، ناده‌ین به‌هه‌موو سه‌رۆک و شێخ ئه‌لعه‌شیره‌کانی عه‌ره‌ب. چ جای ئه‌وه‌ی له‌خوشک و برا باکوریه‌کانمان خۆشتر بوێن و بیانکه‌ینه‌ برا.
ئه‌گه‌ر حکومه‌تی هه‌رێم تۆزێک هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی تیامابێ ئه‌بێ ئه‌و وه‌زیره‌ ئیجبار به‌پۆزش هێنانه‌وه‌ بکات بۆهه‌ستی بریندارکراوی چل ملیۆن مرۆڤ، ئه‌گه‌ر میلله‌تیش تۆزێ هه‌ستی کوردایه‌تی و مه‌ردایه‌تی تیامابێ نابێ بهێڵن چی دی ئه‌و سوکایه‌تی و بریندارکردنانه‌ به‌ئاسانی به‌سه‌ریان دا تێبپه‌ڕێ و هه‌روا به‌بێده‌نگی به‌ڕێی بکه‌ن.
له‌کۆتایی دا هێنده‌م ماوه‌ ئه‌وه‌ به‌بیر جه‌نابی وه‌زیر بێنمه‌وه‌ که‌ قسه‌که‌ی به‌ڕێزیان پێچه‌وانه‌که‌ی ڕاسته‌، ئه‌گه‌ر یه‌ک کوردیش بمێنێ، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ کوردیه‌ هه‌ر دروست ده‌بێت، پێویسته‌ هه‌رچی زووتره‌ جه‌نابی وه‌زیر داوای لێبوردن له‌و چل ملیۆن کورده‌ بکات، ئه‌گه‌رنا دڵنیام پێچه‌وانه‌ی ئه‌و مه‌حاڵه‌ له‌نزیکترین ماوه‌دا به‌چاوی خۆی ده‌بینێ و ئه‌و ده‌م داوای به‌خشین له‌میلله‌ت سودێکی پێناگه‌یه‌نێ.


 

0 سەرنج:

Post a Comment