29 December 2010

هه‌ڵبژاردن ده‌روازه‌یه‌ک بۆ نوێ بوونه‌وه‌


 هەڤاڵ نەژاد
بێگومان پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن جۆره‌ها پێناسه‌و گوزارشتی بۆ کراوه‌ ، ڕه‌نگه‌ هه‌ر بیرمه‌ند یا ده‌زگایه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی پێناسه‌یه‌کی تایبه‌تیان هه‌بێ بۆی ، به‌ڵام دواجار هه‌موویان له‌و خاڵه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ یه‌ک که جه‌وهه‌ری‌ هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌ویش دیاری کردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌و ‌ مانای نوێ بوونه‌وه‌و گۆڕانکاری و ده‌ستاو ده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌یه‌نێت به ‌شیوه‌یه‌کی ئاشتیانه ‌وه‌ دوور له‌ هه‌ر جۆره‌ توندوو تیژیه‌ک‌.
به‌ڵام ئایا ئه‌مه‌ له‌ هه‌موو وڵاتان په‌یڕه‌و ده‌کرێ ؟ بێگومان پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر کۆمه‌ڵگایه‌که‌وه‌ بۆ یه‌کێکی تر جیاوازه‌ ، له‌ هه‌ندێ وڵات ده‌نگدان شیوه‌یه‌کی ئیجباری یه‌ و پێشوه‌خت ده‌زانرێ کێ براوه‌یه‌و ته‌نێ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌یه‌ نه‌ک هه‌ڵبژاردن ،له‌ هه‌ندێک وڵاتیش ئازادانه‌یه‌ و ده‌نگده‌ر وه‌ک که‌رنه‌ڤاڵێک له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌ڕوانێت و ده‌سه‌ڵات به‌شیوه‌یه‌کی ئاسایی ده‌ستاو ده‌ست ده‌کات.
له‌ ڕاستیدا هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان له‌ هه‌ر جێ یه‌ک وه‌ک ئه‌رک و ماف لێی ده‌ڕوانرێت و زیاتریش وه‌ک ماف ، که‌ به‌پێی یاسا هه‌ر که‌سێک هه‌ژده‌ ساڵ ته‌واو بکات و ( ناقص الاهلیة ) نه‌بێت  یان به‌هۆیه‌کی یاسایی ئه‌و مافه‌ی لێ نه‌سه‌نرابێته‌وه‌ مافی خۆیه‌تی ده‌نگ بدات و به‌شداری هه‌ڵبژاردن بکات .
وه‌ک بریار وایه‌و چاوه‌ڕوان ده‌کرێ له‌ 25ی ته‌موزی ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی پارله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ، له ‌باشووری کوردستان ئه‌نجام بدرێت ، وه‌ک ئه‌وه‌ی کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن ڕایگه‌یاندووه‌ زیاد 20 لیستی جیاواز بۆ پارله‌مانی کوردستان و پێنج که‌سیش خۆیان بۆ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم کاندید کردووه‌.
له‌ لای من وه‌ک تاکێکی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ هێنده‌ گرنگ نیه‌ کام لیست یان کام کاندیدی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ده‌یباته‌وه‌ ، به‌ قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی لام گرنگه‌ چۆن و به‌ چ شێوازێک ده‌یباته‌وه‌، ڕه‌نگبێ خۆم لیستێکی دیاری کراو و که‌سایه‌تیه‌کی دیاریکراوم هه‌بێ که‌ ده‌نگی خۆمی بده‌مێ بۆ پارله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت که‌ من کار بکه‌م بۆ سه‌رخستنی ئه‌و به‌هه‌ر رێگایه‌ک بێت نه‌خوازا ڕێگای ناشه‌رعی و ته‌زویر و ساخته‌کاری له‌ هه‌ڵبژاردن.
من ده‌خوازم له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ی پارله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان زۆر ترین ڕێژه‌ی ده‌نگده‌ر به‌شداری هه‌ڵبژاردن بکه‌ن و خۆیان به‌شدار بن له‌ دیاری کردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و سه‌رۆکی هه‌رێمی خۆیان ، چونکه‌ له‌و ڕۆژه‌دا ده‌نگی سه‌رۆک و کرێکارێک یه‌کسانده‌بێت و جیاوازی پرۆفیسۆرێک و نه‌خوینده‌وارێک نامێنێ و ده‌نگی هه‌ردووکیان یه‌ک قورساییان هه‌یه‌ و به‌قه‌ده‌ر یه‌کیش گرنگه‌ بۆ ڕکابه‌ره‌کانی هه‌ڵبژاردن
له‌ ڕاستیا هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌و گرنگیه‌که‌ی له‌ چاو هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشوو ئه‌وه‌یه‌ ، ژماره‌یه‌کی زۆر لیستی جیاواز له‌ ئایدیای جیاواز به‌شدارن و کانیدیدی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمیش نزیکی پێنج که‌سه‌، هه‌رجه‌نده‌ کانیدیداکانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم هیچیان توانای ڕکابه‌رایه‌تی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی ئیستای هه‌رێم یان نیه‌ چ له‌رووی توانای بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و چ له‌ ڕووی بوونی جه‌ماوه‌رێکی به‌رفراوان ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ کولتوری خۆ کانید کردن و ڕکابه‌ری له‌ کۆمه‌ڵگادا بڵاو ده‌بێته‌وه و ده‌بیته‌ کارێکی ئاسایی و شیوازێکی دیموکراتیک‌.
هه‌رچی‌ هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستانیشه‌، ژماره‌یه‌کی زۆر لیستی ڕکابه‌ری تێدایه‌وه‌ هیچ دوور نیه‌ ئه‌نجامی چاوه‌روانکراویشی تێدا روو بدات ، بۆیه‌ ناتوانین شیکردنه‌وه‌و پیشبینی دروستی بۆ بکه‌ین و راسته‌و خۆ بڵێین ئه‌و لیسته‌ ئه‌وه‌نده‌ کورسی به‌ده‌ست ده‌هێنێ و ده‌یباته‌وه‌ ، به‌ڵآم لیستی هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتداری ئێستای کوردستان، پارتی و یه‌کێتی به‌هۆی بوونی توانایه‌کی باش له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و بوونی جه‌ماوه‌ر به‌ڕای زۆربه‌ی چاودێران ئه‌م جاره‌ش هه‌ڵبژاردن ده‌به‌نه‌وه‌و ده‌توانن حکومه‌ت پێکبهێنن، به‌ که‌متر له‌ ڕێژه‌ی جاری پێشوو ، به‌ڵام وه‌ک گوتمان ناتوانین بڵێین سه‌دا سه‌د چونکه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن زۆر جار ئه‌نجامی چاوه‌ڕان نه‌کراو به‌دی دێت.
ئه‌وه‌شی جێگای خۆشحاڵیه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ ، بوونی هه‌زاران چاودێری ناوخۆیی و بیانیه‌ ، که‌ راسته‌وخۆ چاودێری هه‌ڵبژاردن ده‌که‌ن و راپۆرتی تایبه‌تی ره‌وانه‌ی حکومه‌ت و ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تیه‌کان ده‌که‌ن، له‌باره‌ی بوونی هه‌ر توندوتیژیه‌کی هه‌ڵبژاردن و  ساخته‌کاری یه‌که‌وه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ که‌مترین ساخته‌ کاری ئه‌نجام بدرێت و سێ پارێزگاکه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌ربێت له‌ لیستی ڕه‌شی هه‌ڵبژاردن.
تێبینی : ئه‌م وتاره‌ له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنی (25-7-20099 ئه‌مجاره‌ی باشووری کوردستان نووسراوه

0 سەرنج:

Post a Comment