Showing posts with label وتار. Show all posts
Showing posts with label وتار. Show all posts

19 April 2020

لە نێوان خیانەت و خایندا، ئێمە دژی کامیانین؟


هەڤاڵ نەژاد
زۆرینەی ئەوانەی ئەمڕۆژانە دژی خیانەت قسەیان کرد بە بیانووی ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و زین یان زینوێی وەرتێ، لە ڕاستیدا دژی نەیارەکەی خۆیان قسەیان کرد و ئەویان پێ شکاندەوە، نەک ئەوەی دژی خیانەت بن وەک کردار. بۆ بابای پارتی، بەس بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ، یەکێتی خیانەت دەکا، بەلایەوە ئاسایییە و پێشی خۆشە یەکێتی بەڕەسمی سلێمانی بخاتەسەر ئێران و بەس قسەکەی ئەو بەڕاست بگەڕێت، نەک هاونیشتمانییەکی ڕۆژهەڵات ڕادەست بکاتەوە. بۆ یەکێتییەکیش بە هەمان شێوە، خواخوایەتی سوپای تورکیا ئاڵای کوردستان لە پەرلەمان بێنێتە خوار و ئاڵای تورکیا هەڵبکات لە جێی، تا بیسەلمێنێ پارتی هاوکاری تورکیایە و پێی فرۆشتووە، چ بگا بە زینی وەرتێ.

نەگبەتین شەڕی ناوخۆشمان لە هی وڵاتان نەچوو!


هەڤاڵ نەژاد
شەڕی ناوخۆی باشووری کوردستان زۆر خراپ بوو، لەو خراپتر ئەوەبوو کە لایەکیان (جا هەرکامێکیان بێ) بەتەواوی سەرنەکەوت و لاکەی تری نەسڕییەوە.
زۆر نەتەوە بە قۆناغی شەڕی ناوخۆ تێپەڕیون و لایەک سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و کۆتایی بە هێزی لایەکەی تر هێناوە و بەتەنها بۆتە فەرمانڕەوای تەواوی وڵات و نەخشەی سیاسەتی وڵاتی داڕشتووە، بۆ نمونە ئەمریکا و فینلاند کە دوو وڵاتی پێشکەوتوو و خۆشگوزەرانن، ڕەنگە چەند وڵاتێکی تریش هەبن ئەگەر بەدوایا بڕۆین.

04 November 2017

موچە و ئازادی

هەڤاڵ نەژاد 

داواکردنی موچە لەلایەن کارمەندانەوە، مافێکی سروشتی خۆیانە، چالاکی مەدەنیش بۆ ئەوە کارێکی گونجاوە، ئەوەی خراپە سواربوونی شەپۆلی ئەو ناڕەزایەتییە مەدەنییە بوو لە لایەن حیزبەکان و خستنە ناوەوەی دروشمە سیاسییەکانی خۆیان بوو، بۆ نموونە " تۆ وازبێنە لە کورسی، دەرس دەڵێینەوە بە سکی برسی" ئەوەتا ئێستا بەفەرمی ئەو لە کورسی نەما، بەڵام موچەش باش نەبوو! ئێستا خۆپیشاندان دەکەن، ئەوەیان بە چاودا دەدەنەوە.

22 October 2017

ئەوەی لە خورماتو ڕوودەدات جینۆساید و تاوانی جەنگە؟!

هەڤاڵ نەژاد* 


تاوانی جینۆساید، شتێکی نوێ نییە بۆ ئێمە، ئەزموونێکی درێژ و پڕ قوربانیمان هەیە لەگەڵ ئەو تاوانە. بە درێژایی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە دژمان ئەنجام دراوە. ئێستاش ئەوەی لە ناوچەداگیرکراوەکاندا و بەتایبەت لە خورماتو دژی خەڵکی مەدەنی کورد ئەنجام دەدرێت، لە دوای تەسلیم کردنی بە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە لایەن بەشێکی یەکێتی نیشتمانییەوە لە ١٦/١٠/٢٠١٧، دەکرێ وەک جینۆساید سەیری بکەین و کاری بۆ بکەین لە داهاتوودا بە جینۆساید و تاوانی جەنگ بناسرێت.

07 October 2017

دوو سەرنج سەبارەت بە دوو کێشەی دەستووریی نیوان هەولێر و بەغدا


هەڤاڵ نەژاد

یەک/ دەروازە سنوورییەکان 

فشاری بەغدا بۆ ورگرتنەوەی فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان لە کوردستان، شتێکی تازە نەبوو و هۆکارەکەشی ڕیفراندۆم نەبوو، وەک ئێستا وا دەبینرێ کە ئەوە هۆکار بێت. لە ڕابردوودا چەندین جار بەرپرسانی بەغدا ئاماژەیان بە وەرگرتنەوەی دەروازە سنوورییەکان کردووە و گوتویانە کە ئەو داهاتەی لەو سنوورانە هەیە، ناگەڕێنەوە نێو بودجەی عێراق. واتە ئەگەر ڕیفراندۆمیش نەکرایە، بەغدا هەرکاتێک بەهێز ببوایەتەوە ئەو کارەی دەکرد، چونکە ئەوان بە مافی خۆیانی دەزانن بەگوێرەی دەستوور!

17 September 2017

بۆچی بە بەڵێ دەنگ دەدەم؟!

هەڤاڵ نەژاد 

وەک سروشتی هەمیشەیی خەڵکی کورد بۆ دابەشبوون و پەرتەوازەیی و چەند بەرەیی لەسەر هەر پرسێک، پرۆسەی ڕیفراندۆمی "سەربەخۆیی کوردستان"یش بە هەمانشێوە دابەشبوون و بەرەی بەڵێ و نەخێری لێ دروست بووە. ئەوەی جێی داخە وەک زۆربەی جار، لە بری وتوێژ و ڕاگۆڕینەوە، دەکەوینە تانەو تەشەر و یەکتر شکاندن.

09 September 2015

خانمی دادپەروەریی و بارودۆخەکەی لە وڵاتانی جیهاندا

پارێزەر/ هەڤاڵ نەژاد 
خانمی دادپەروەری کێیە؟
خانمی دادپەروەری (Lady Justice)، ئەو پەیکەرەیە کە خانمێک چاوی بەستراوەوە و دەستێکی شمشێرە وەک نیشانەی دەسەڵات و هێز و دەستێکی دیکەشی تەرازوویەکە، وەک نیشانەی هەڵسەنگاندنی هەردوولایەنی دادبینی و قورسایی حەق کە بەلای کامیاندا زۆرتر دەکەوێت. ئەو پەیکەرە لە زۆربەی دەزگا دادوەرییەکانی وڵاتاندا بوونی هەیە و وەک ئاکار و سیمبولی دادپەروەریی لێی دەڕوانرێت.

13 July 2015

مەلاش هەڵە دەکات!

هەڤاڵ نەژاد 
ئەم پەندە کوردییە، ئەگەر لە مانا سادە زمانەوانییەکەیدا ئەوە بێ کە هەموو کەس شیاوە بۆ ئەوەی هەڵە بکات، لە مانا قوڵەکەیدا ئەوەیە کە ئەوەی مەلا دەیڵێ و دەیکا، ڕاستە، بەڵام جاروبار یا بە دەگمەن هەڵە دەکات. زۆربەی جاریش لە لایەن خەڵکەوە بۆ ئەو مەبەستە بەکاردێ، کەسێک قسە دەکات و هەڵەیەکی لێ دەگرن، دەڵێ؛ مەلاش هەڵە دەکات، واتە قسەکانی من ڕاستە و ئەمەیانم لێ تێکچوو هەڵەم تێدا کرد.

09 July 2015

لە بارەی کۆچەوە

هەڤاڵ نەژاد 

ئەم ڕۆژانە، کۆچ بۆ ئەوروپا، بۆتە ڕۆژەڤی هەرە گرنگی کوڕانی وڵات و لە نێویاندا ناوی قاچاخچییەکان و هەواڵپرسینیان لە ناو و هەواڵپرسی ئازیزان و دۆستانیان، زۆرتر لەسەر زارانە.
بەر لە هەر شتێک، کۆچکردن مافێکی ڕەوای هەر کەسێکە، مرۆڤ ئازادە لەوەی شوێنی ژیانی هەڵبژێرێ یا شوێن خەونەکانی خۆی بکەوێ و لە هەر کوێ پێی وابێ بەدیدێن، لەوێ بگیرسێتەوە. بۆیە بەلای منەوە، ئەوانەی کۆچ دەکەن نە شایەنی دەستخۆشی و هاندانن، نە شایەنی ئەوەشن قسەی نەشیاوی وەک نا نیشتیمانی و هەڵاتوویان پێ بگوترێ.

06 July 2015

ئێوە کەی ماندوو دەبن؟

هەڤاڵ نەژاد
ئەندامانی پارتەکان بەشێوەیەک پەروەردە کراون، هەمیشە چاویان لەسەر نەیارەکانی حیزب بێ و لەمەڵاسدا بن بۆ گرتنی هەر هەڵە و کەموکوڕییەک، بەڵام بۆ هەڵەکانی حزبی خۆیان وا نین، چاویان داخراوە، تەنانەت ئەگەر بشی بینن، باسی ناکەن.
ئەو نەخۆشییە، لە نێو ڕۆژنامەوان، نووسەر، میدکاری حیزبەکاندا  پتر بڵاوە و ڕوونتر خۆی دەنوێنێ. بۆ عەیبەی خۆیان چاویان کوێر کردووە، بەڵام هەموو لە مەڵاسدان بچووکترین هەڵە و کەموکوڕی نەیارەکانی حیزب ببینن و بیکەنە هەڵڵا و بە ناوی ڕەخنەوە ژەهر ببارێنن، هەفتەیەک و دووانیش و زیاتریش پێخۆریی پێ دەکەن.

10 June 2015

ئایا بارودۆخەکە ڕەخنە و ململانێ هەڵدەگرێ؟!

هەڤاڵ نەژاد 
هەر کاتێک دەنگی چەکەکان بەرزبێ، بە ئاسایی دەنگەکانی دی نزمتر و لاوازتر بەرگوێ دەکەون و دەبیسترێن. یان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هەموو دەنگەکان پێکەوە لە پێناو بەرزکردنەوەی دەنگی چەکەکان کار دەکەن و خزمەتی ئەو دەنگە دەکەن. بە تایبەت ئەگەر دەنگی چەکەکان لە پێناو ئامانجێکی پیرۆزی وەک بەرگری لە نیشتمان، بەرز بن.

28 April 2015

دەستخۆش ئەنجومەنی دادوەری!

پارێزەر/ هەڤاڵ نەژاد
ئەمڕۆ ئەنجومەنی دادوەری و، یەکێتی دادوەرانی کوردستان، مانگرتنیان ڕاگەیاند هەتا کاتێکی نادیار، بە پاساوی ئەوەی هێرش کراوەتە سەر کۆشکی دادگەری شاری کفری. بەر لە هەموو شت، وەک پارێزەرێک دژی هەرجۆرە هێرشێکی فیزیکیم بۆ سەر دادوەران، پارێزەران و، هەموو پێکهاتەکانی دیکەی نێو دەسەڵاتی دادوەری، تەنانەت تەلار و کەلوپەلەکانیشی و هەر شتێک کە شکۆی ئەو دەسەڵاتەی پێوەبێ.

09 April 2015

سیستەمی پەرلەمانی بۆ وڵاتێک باشە کە پەرلەمانی هەبێت

هەڤاڵ نەژاد 

- بەڵێ،
سیستەمی پەرلەمانی، بۆ وڵاتێک زۆر باش و گونجاوە، کە بەڕاستی پەرلەمانی هەبێت و پەرلەمانەکەی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، نەک پەرلەمانێک کە هەموو یاسا و بابەتەکانی لە دەرەوەی پەرلەمان و بە (تەوافق) کە سووکایەتییە بە دیموکراتی، یەکلابکرێتەوە!
- بەڵێ،
سیستەمی پەرلەمانی، بۆ وڵاتێک باشە کە پەرلەمانەکەی لە ستۆدیۆی مێدیاکان نەچێ زۆرینەی ئەندامەکانی بێژەر و ڕاگەیاندنکار و بانگخواز بن. لە مینبەری مزگەوت، لە دیوەخان نەچێ، کە پڕ بێ لە شێخ و ئاغا و مەلا.

28 March 2015

کورد و شەڕی شیعە و سوننە


هەڤاڵ نەژاد 
شەڕی هاوسەنگیی نێوان شیعە و سوننە، بۆ هێزێکی وەک ئەمریکا بەشێوەیەکە، لە هەردوولا دەدا و هاوکاری هەردوو لاش دەکا! لە یەمەن لە شیعە دەدا و لە عێراق لە سوننە دەدات، هاوکارییەکەش بە هەمانشێوە!
بەڵام سەبارەت بە کورد، لە هەردوولاوە لێی دەدرێ، داعش بە نوێنەری سوننە و  ئێرانیش وەک ڕێبەریی شیعە چ لە رۆژهەڵات وەک داگیرکار، چ لە باشووریش وەک فشارهێنەر و داگیرکەرێکی بە کاوەخۆ، ڕۆڵ دەگێڕن. 

21 February 2015

ژیان بە کوردیی خۆشە!

بە بۆنەی ٢١-٢ رۆژی جیهانیی زمانیی دایکەوە. 

هەڤاڵ نەژاد

یەکێک لەو هۆکارانەی نەیهێشتووە کورد بە درێژایی مێژوویی هێرش و داگیرکاریی دوژمنەکانییەوە، بتوێتەوە، بەهێزی و سەرسەختی زمانەکەی بووە. وەک چەکێکی بەرگری هەمیشە هێشتوویەتییەوە. بەهۆی هێرش و داگیرکارییەوە دەستمان لە زۆر تایبەتمەندی و کولتووری کۆنمان هەڵگرتووە، بەشێوەیەک لە هەندێک بابەتدا، وەک نەتەوە هێرشکەر و داگیرکەرەکانمان لێ هاتووە، بەڵام سەرسەختی زمانەکەمان نەیهێشتووە بە تەواوی بتوێینەوە و هەمیشە خاڵێکی بەهێز بووە بۆ نیشاندانی جیاوازییەکی ئەوتۆ کە وەک دوو نەتەوەی جیاواز چاو لە ئێمە و داگیرکەرانمان بکرێ.

01 February 2015

بەرەی چەک و بەرەی قەڵەم لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش

هەڤاڵ نەژاد 
شەڕی داعش، چەندە شەڕێکی سەربازی و مەیدانییە، هێندەش شەڕێکی فیکری و دونیابینییە. داعشی شەڕکەر و چەکدار، هێز لە فیکر و دونیابینییە وەحشیگەرییەکەی وەردەگرێ، فیکرەکەیان پاڵیان پێوە دەنێ بۆ شەڕکردن و ورە دەبەخشێ بە جەنگاوەرەکانی، بۆیە زیاتر شەڕی فیکرە تا چەک.

31 October 2014

پۆستکۆبانێ

 پێشوازی هاونیشتمانیانی باکوور لە پێشمەرگەی باشوور. سەرچاوە؛ فەیسبووک
هەڤاڵ نەژاد 
دوو هەفتەیەک بەر لە ئێستا لە لاپەرەی فەیسبووکەکەم نووسیم؛ "کۆبانێ و پشتیوانییە فراوانەکانی کوردانی هەموو بەشەکان لێی، دەکرێ ببێتە قۆناغێکی گرنگ بۆ سەرهەڵدان و هاتنە مەیدانی هۆشیارییەکی نەتەوەیی باشتر لە چاو ڕابردوو، کە دەکرێ ببێتە هەوێنی دروستکردنی نەتەوە، نەتەوەیەک کە ناسیۆنالیزم و بیری نەتەوایەتی دروستی دەکات.

29 September 2014

شارە عەرەبییەکانی کوردستان

وێنەی چایخانەیەکەی شەقڵاوە
هەڤاڵ نەژاد
بەشێکی زۆری خانوو و شوقەی ئەو پرۆژانەی بەناوی وەبەرهێنان و کەمکردنەوەی کێشەی نیشتەجێبوونەوە، لەم ساڵانەدا دران بە وەبەرهێنەر و بازرگانەکان، عەرەب کڕیونی.
ئەو پرۆژانە نرخیان بەشێوەیەک بەرزبوو، کرێچیی و فەرمانبەر و خاوەن داهاتی کەم و مامناوەند پێیان نەدەکڕا، لەم حاڵەتەدا مشتەری هەرە باش عەرەبەکان بوون. ئیدی بە هەر شێوە و شێوازێک بووبێ ئەو پارەیان هەڵسووڕاندووە و کڕیویانن.

09 September 2014

لە سەربەخۆیییەوە بۆ سەرکزی

هەڤاڵ نەژاد 

تا دوێنێ بە کۆنفیدڕاڵیش ڕازی نەدەبووین و ڕیفراندۆمی سەربەخۆییمان بەڕێوەدەبرد، کەچی لە پڕ هەمووی گۆڕا و ئەمڕۆ بە سپاس و سەرکزییەوە بەشداری کابینەیەک دەکەین کە دەبێ بڵێین خۆزگەمان بە کابینەکانی پێشوو!

08 April 2014

نییەتی!

هەڤاڵ نەژاد 
ئەمڕۆ بۆ کارێک چووم بۆ فەرمانگەیەک، نووسراوێکم پێ بوو، لێیان وەرگرتم و گوتیان بڕۆ دوو سەعاتی تر وەرەوە و لە ژووری دەرچوو (سادیرە) وەری بگرەوە! کۆڵێ دڵم خۆش بوو، گوتم شتی چاکە ژووراو ژوورم پێ ناکەن، دیارە خۆیان هەموو کارەکانی دەکەن (سیستەمی یەک پەنجەرە). سەرتان نەئێشێنم لە خۆشیان سەعاتێکیش خاترم گرتن و، درەنگتر چوومەوە.