29 December 2010

فیمینیستی کوردی چیڕه‌ی درێژ و هه‌ڵوێستی کورت



ڕه‌نگه‌ پێویست نه‌کا به‌دوای مێژووی دروست بوونی وشه‌ی زاراوه‌ی فیمینیست بگه‌ڕێین و به‌شێکی زۆری ئه‌م وتاره‌ی پێ داگیر بکه‌ین، لێ هێنده‌ پێویسته‌ بۆبه‌رچاو ڕوونی ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی تا ئێستا پێ ئاشنا نین، بێژین فیمینیست زاراوه‌یه‌که‌ مه‌به‌ست لێی داواکۆکیکردنی مافه‌کانی ڕه‌گه‌زی مێینه‌یه‌و به‌وکه‌سانه‌ی به‌ بانگه‌شه‌ی یه‌کسانی ژن و پیاو خه‌ریکن ده‌ڵێن فیمینیست.
 وه‌ک چۆن ئێمه‌ له‌هه‌ر چه‌مک و فه‌لسه‌فه‌و ئایدیایه‌کدا ته‌نها ناو وه‌رئه‌گرین نه‌ک نێوه‌ڕۆک ، به‌هه‌مان شێوه‌ش فیمینستی کوردی و هه‌ڵگرانی ئه‌و ئایدیایه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ناویان وه‌رگرتووه‌ نه‌ک نێوه‌ڕۆک، ئه‌وانیش وه‌ک کۆی کایه‌کانی ژیانی کورد چۆن به‌ناته‌ندروستی له‌دایک بوون و ئێستاش هه‌روا درێژه‌ی پێده‌ده‌ن، ئاواش فیمینیستی کوردی به‌ناته‌ندروستی له‌دایک بووه‌و تائێستاش هه‌ر به‌ناته‌ندروستی ده‌ژی.
 ڕه‌نگه‌ هه‌موو فیمینیستانی دونیا هێنده‌ی فیمینیستی کورد قسه‌یان نه‌کردبێ له‌باره‌ی مافه‌کانی ژنه‌وه‌، به‌دڵنیایشه‌وه‌ فیمینیستی کوردی یه‌ک له‌سه‌دی ئه‌و فیمینیستانه‌ی نمونه‌یان پێ ده‌هێننه‌وه‌و کردویانه‌ته‌ بنێشته‌ خۆشه‌ی سه‌رزاریان و ده‌یانه‌وێ  مۆدیلی ئه‌وان کۆپی که‌ن بۆکوردستان، کاریان نه‌کردووه‌ له‌پێناو مافه‌کانی مێینه‌ی کورد. ئه‌وه‌نده‌ی فیمینیستی کورد قسه‌یان کردووه‌و بانگه‌شه‌ی  ‌داکۆکی مافه‌کانیان کردووه‌ ، ده‌ له‌سه‌دی ئه‌وه‌ کاریان نه‌کردووه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی بانگه‌شه‌ی بۆده‌که‌ن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ له‌سه‌دی بانگه‌شه‌و وتارو سیمینارو کۆڕه‌کانیان کاری جدی یان بکردایه‌ ئێستا ڕه‌وشی مێینه‌ی کورد جۆرێکی تر ده‌بوو و به‌دڵنیاییه‌وه‌ جێ په‌نجه‌یان ده‌بینرا.ئه‌وه‌نده‌ی کوردیش ڕێخراوگه‌لی ئافره‌تان و خوشکان و ژنان و ...هتد ,یان دروست کردووه‌ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌وه‌نده‌ی دروست نه‌کردووه‌، ئاخر له‌م مه‌مله‌که‌ته‌ی ئێمه‌دا حیزب هه‌یه‌ به‌هه‌مووی سه‌ت که‌س نابێ، به‌ڵام ڕێخراوێکی پاشکۆیان بۆ ئافره‌تان و ژنان کردۆته‌وه‌و به‌نیازن یه‌کسانی ژن و پیاو چێ بکه‌ن!!، هه‌روه‌ک دیاریشه‌ سه‌رجه‌م ڕێخراوه‌کانی مافی مێینه‌ی کورد به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان پاشکۆی حیزبه‌کانن و ئه‌و په‌یڕه‌و پرۆژگرامه‌ی پیاوه‌کانی حیزب بۆی دیاری ئه‌که‌ن ، ده‌بێته‌ به‌رنامه‌ی کارو گوفتار و ناتوانن به‌ زه‌ڕه‌ لێی لابده‌ن.
یه‌کێتی نیشتمانی به‌قسه‌ی خۆیان هه‌ڵگری بیری سۆسیال دیموکراتن، یه‌کێتی ژنانی دروست کردووه‌و، به‌ڵام ئه‌وه‌ی کاری بۆنه‌کرابێت و بۆی نه‌که‌ن له‌و ڕێخراوه‌ مافی ژنه‌، تائێستا نه‌مان بینی خۆپیشاندانێک بکه‌ن ،مانگرتنێک بکه‌ن ، نه‌یانتوانیوه‌ بڕگه‌ یاسایه‌ک بگۆڕن ، کارێک بکه‌ن دیار و به‌رچاو بێت، له‌کاتێکدا ڕۆژانه‌ ده‌یان ئافره‌ت له‌م وڵاته‌ ئه‌تک ده‌کرێ ده‌سوتێ ده‌کوژرێ، لێ تا نوکه‌ هیچمان نه‌بینی، داخۆ ده‌بێ کاریان چ بێ جگه‌ له‌موچه‌خواردن وخۆده‌وڵه‌مه‌ندکردنی خۆیان؟؟؟ ئه‌رێ به‌ڕاست ئه‌م حیزبه‌ سۆسیال دیموکراته‌ له‌مێژووی خۆیدا چه‌ند ژنی کردۆته‌ سه‌رکردایه‌تی پارته‌که‌ی ؟؟!!ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی هه‌موو به‌رپرسه‌کانیان ژنی به‌رپرسه‌باڵاکانی حیزبن و ئه‌وانیش چه‌شنی پیاوه‌کانیان به‌ته‌مانین تاماون ئه‌و کورسیه‌ چه‌وره‌یان به‌ربده‌ن.
پارتی دیموکراتی کوردستان، یه‌کێتی ئافره‌تانی دروست کردووه‌و به‌قسه‌ی خۆیان ده‌یان هه‌زار  ئه‌ندامی ئافره‌تیان هه‌یه‌و گه‌وره‌ترین ڕێخراوی ژنانه‌ن له‌کوردستان ، به‌ڵام تائێستا گه‌وره‌یی ئه‌و ڕێخراوه‌مان نه‌بینیوه‌ ، نه‌مان بینی خۆپیشاندانێک بکه‌ن، مان بگرن، یاسایه‌ک بگۆرن، له‌کاتێکدا  ڕۆژانه‌ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ ده‌رحه‌ق به‌ئافره‌تان ده‌کرێ، ئه‌رێ به‌ڕاست ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌یان هه‌زار ئافره‌ته‌ بێنه‌ سه‌ر شه‌قام خۆپیشاندان بکه‌ن ناتوانن یاساکانی حکومه‌ت له‌بنه‌وه‌ هه‌ڵته‌کێنن ؟؟؟ ناتوانن ئه‌وه‌ی ده‌یخوازن و بانگه‌شه‌ی بۆده‌که‌ن بیکه‌نه‌ پراکتیک ؟؟ گومانم هه‌یه‌ بتوانن سه‌ت ئافره‌ت بێننه‌ سه‌ر شه‌قام بێ ئه‌وه‌ی پیاوه‌کانیان مۆڵه‌تیان بده‌نی، ئاخر هێنده‌ به‌سه‌ بۆ هیچی ئه‌و ڕێخراوه‌ که‌سکرتێری پێشویان ، شیرین ئامێدی خۆی گوتی کاتێ بوومه‌ سکرتێری یه‌کیتی ئافره‌تان ، نه‌م زانی ڕێخراوێک به‌و ناوه‌وه‌ هه‌یه‌و هیچم له‌په‌یره‌و و پڕۆگرامه‌کانی نه‌ده‌زانی !!! له‌هه‌مووشی سه‌یر ترهه‌ردوو ڕێخراوی ئافره‌تان و ژنانی پارتی و یه‌کێتی ، له‌ڕێخراوه‌ پیشه‌یی و جه‌ماوه‌ریه‌کانی ئه‌و دوو حیزبه‌ن ، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئافره‌ت بوون و ژن بوون پیشه‌بن وه‌ک ته‌نه‌که‌چی و ئاسنگه‌رو دارتاش !! سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش تائێستا ڕێنه‌که‌وتوون له‌سه‌ر ناوه‌کانیان که‌ ژن بن یا ئافره‌ت، ئه‌گه‌ر مێینه‌یه‌ک بڵێ ژن ئه‌وا ئۆتۆماتیکی پێی یێژن یه‌کێتی یه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر بڵێ ئافره‌ت ئه‌وا پارتیه‌!، ئاخر دوو ڕێخراو  له‌سه‌ر ناو ڕێک نه‌که‌ون باس کردنیان له‌مافه‌کانیان شتێکی بێ مانا نیه‌؟؟  حیزبی کۆمه‌ڵه‌ی ،رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش سه‌ری زمان و بنی زمانیان یه‌کسانی و به‌رابه‌ری ژن و پیاوه‌، به‌قسه‌ی وان ته‌نێ له‌کن ئه‌وان یه‌کسانی ڕاسته‌قینه‌ت ده‌ست ده‌که‌وێ، لێ ئه‌وه‌ی لێیان نه‌بینرێ یه‌کسانیه‌، ئه‌وه‌نده‌ی بانگه‌شه‌ ده‌که‌ن نیو هێنده‌ ڕه‌فتار ناکه‌ن ، به‌ڵگه‌شم قسه‌کانی سه‌بری به‌همه‌نی که‌له‌ سایتی بۆڕۆژهه‌ڵات کردونی و هێنده‌ به‌سه‌ که‌ده‌ڵی (له‌ "حیزبی کۆمه‌ڵه‌ی ئێران "دا به‌ گشتی بایه‌خی كه‌م به‌ ژنان ده‌درا و ژنان هه‌ر پاشكۆی پیاوان و ره‌گه‌زی پله‌ی دوو بوون، باس كردن له‌ مه‌سه‌له‌ی ژن ته‌نیا شتێكی رواڵه‌تی و بۆ دوا نه‌كه‌وتن له‌ كاروانی خه‌باتی ژنانی نێو كۆمه‌ڵگا بووه‌")پارته‌ یسلامیه‌کانیش به‌هه‌مان شێوه‌ ڕێخراوگه‌لی خوشکانی ئیسلامی و یه‌گرتووی خوشکان و هتد،، یان دامه‌زراندووه‌، به‌ڵام له‌هه‌مووی سه‌یر تر پیاوه‌کانیان ژنی دووهه‌میان به‌سه‌ر هێناون !!! دیاره‌ ئه‌و نمونانه‌ی سه‌روه‌ ته‌نێ نین ، به‌ڵکو سه‌رجه‌م پارته‌کانی هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان هه‌مان کاریان کردووه‌و رێخراوگه‌لی هاوچه‌شنیان دروست کردووه‌و ئه‌وانیش ته‌ژین له‌ بانگه‌شه‌ی بێ بنه‌ماو بێ نێوه‌ڕۆک. بێگومان له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانیشدا فیمینسته‌ سه‌ربه‌خۆو ئازاده‌کانیش به‌ده‌ر نین له‌بانگه‌شه‌ی بێ بنه‌ماو بێ کردار، ئه‌وه‌تا سه‌رنوسه‌ری ڕۆنامه‌یه‌کی فیمینستی سلێمانی سه‌ربه‌هه‌وێ شوی کرد!!، وه‌زیره‌که‌یان نه‌سرین به‌رواری به‌سه‌ر هه‌موو کوردا شوی به‌ "غازی یاوه‌ر"ی عه‌ره‌ب، سه‌رۆکی کاتی عێراق کرد له‌کاتێکدا دوژنی تری هه‌بوو !!، له‌تازه‌ترینیشیان دا شاعیرو ڕۆژنامه‌نوسی چالاکی بواری مافی ژن، که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د سه‌ربه‌هه‌وێ شوی کرد به‌پیاوێکی موحافیزکاری ئوردنی !! ، له‌گه‌ڵ ده‌یان نمونه‌ی تر ئه‌گه‌ر زۆر به‌دوایدا بڕۆین، ئه‌رێ پیاو به‌قه‌ده‌ر ئه‌م فیمینستانه‌ دوژمنی ئافره‌تن؟؟ ئایا ئه‌و فیمینستانه‌ به‌زۆر شویان به‌و پیاوه‌ ژن دارانه‌ کردووه‌؟؟ هه‌ر ئه‌وان نین مافی ئه‌و ژنه‌ پێشێل ئه‌که‌ن که‌شو ئه‌که‌ن به‌مێرده‌کانیان؟؟ لێره‌دا جێی خۆیه‌تی بپرسین ئه‌ونمونانه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌س نین بۆ ئه‌وه‌ی چی دی باوه‌ڕ به‌وانه‌ نه‌که‌ین که‌باس له‌مافه‌کانی ئافره‌ت و ژن ئه‌که‌ن؟ ئایا به‌س نیه‌ بۆئه‌وه‌ی که‌بگه‌ینه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی شتێ نیه‌ به‌ناوی فیمینیستی کوردی، جگه‌ له‌بانگه‌شه‌ی گه‌وره‌و درۆی شاخدار؟؟
له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو که‌مو کوڕی و گه‌نده‌ڵکاریانه‌ی ئه‌و به‌ناو ڕێخراوانه‌ی مافی ئافره‌تان و ژنان، ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رنجی من ڕائه‌کێشێ ئه‌و چیڕه‌ درێژی و له‌زمان نه‌که‌وتنه‌یانه‌ که‌ هه‌ر ده‌م ئه‌که‌نه‌وه‌ به‌سه‌عات قسه‌ت بۆئه‌که‌ن ، هه‌رکه‌ ده‌ستیان قه‌ڵه‌م ئه‌گرێ چه‌ندان لاپه‌ره‌ی سپی ڕه‌ش ئه‌که‌ن، به‌ڵام بچوکترین کرداریان لی نابینی ، بچوکترین هه‌ڵوێستیان لێ نابینی، قه‌ت شه‌رم نایانگرێ له‌ئاست ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ی ڕۆژانه‌ ده‌رحه‌ق به‌مافی ‌ژنان و ئافره‌تان ئه‌کرێ و بێده‌نگ دانیشتوون و چاوه‌رێی موچه‌ی سه‌ری مانگ ئه‌که‌ن. هه‌رگیز ئاماده‌ نه‌بوون و نین ڕۆژێ بێنه‌ سه‌رشه‌قام بۆ نه‌هێشتنی ژنکوژی، هه‌رگیز ئاماده‌ نین ئه‌وه‌ی به‌ده‌م ئه‌یڵێن ده‌ له‌سه‌دی بکه‌نه‌ کردارو پراکتیک، خۆئه‌گه‌ر بێت و ده‌ له‌سه‌دی قسه‌کانیان بکه‌نه‌ کردار بێگومان له‌ماوه‌یه‌کی که‌مدا گۆڕانکاری باش ڕوو ئه‌داو جێ ده‌ستیان دیار ئه‌بێ، ئه‌وده‌م مرۆڤی به‌ویژدان له‌ڕووی دێ بڵێ شتێک هه‌یه‌ به‌ناوی بزووتنه‌وه‌ی فیمینستی کوردی
له‌کۆتایی دا هێنده‌ ماوه‌ که‌بڵێم ، له‌کاتی ئێستادا شتێک نیه‌ به‌ڕاستی پێی بگوترێ فیمینیستی کوردی ، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ جگه‌ له‌خۆده‌وڵه‌مه‌ند کردن و خۆ بردنه‌ پێشه‌وه‌ هیچی تر نین، ئه‌وه‌شی بانگه‌شه‌ی بۆده‌کا جگه‌ له‌درۆی شاخدار هیچی تری له‌بارانیه‌ ، خۆئه‌گه‌ر ڕاستیش ناکه‌م با خانمێکی فیمینیست که‌ره‌مکا  وه‌ڵامی ئه‌و پرسانه‌ی سه‌ره‌وه‌م بداته‌وه‌و، به‌ڵگه‌یه‌کم بۆ بێنێته‌وه‌ له‌مان گرتن و خۆپیشاندان و گۆڕینی بڕگه‌یاسایه‌ک که‌تا ئێستا به‌هه‌موو ڕێخراوه‌کانیانه‌وه‌ کردویانه‌.
 haval_zagros@yahoo.com   
 تێبینی؛ ئه‌م وتاره‌ له‌ گۆڤاری (کۆوار) دا بڵاوکراوه‌ته‌وه

0 سەرنج:

Post a Comment