ئه‌میری قازی ساڵانێکی درێژ له‌ناوڕیزه‌کانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دابووه، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی وده‌فته‌ری سیاسی ئه‌و حیزبه بووه، وه‌ک خۆی ده‌ڵێ له‌به‌ر ئۆتۆنۆمی خوازی دیموکرات دوای کۆنگره‌ی شه‌شه‌می لێیان جیابۆته‌وه‌و پارتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی دامه‌زراندووه‌و ئێستاش سکرتێری ئه‌و پارته‌یه. بۆتیشیک خستنه‌سه‌ر پارتی سه‌ربه‌خۆیی و ڕه‌وشی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران و پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵات، له‌ڕێگه‌ی ئه‌نته‌رنێته‌وه وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی ستانده‌ری دایه‌وه.
گفتوگۆی: هه‌ڤاڵ نه‌ژاد
هه‌ڤاڵ: ئێوه ساڵانێکی درێژ له‌گه‌ڵ حیزبی دیموکرات بوون، دواتر پارتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانتان دامه‌زراند، هۆکاری جیابوونه‌وه‌تان چی بوو؟ ئایا حیزبی دیموکرات باوه‌ری به‌سه‌ربه‌خۆیی نه‌بوو؟
ئه‌میری قازی : من له هه‌موو ژیانی سیاسی خۆمدا، هه‌ر ده‌ورانی منداڵی و لاویه‌وه، هه‌ستم به ژێرده‌ستی و کۆیله‌تی خه‌ڵکی خۆم کردوه، ئاره‌زو و ئاواتم ئه‌وه بووه که وڵات و خه‌ڵکه‌که‌م رزگار و ئازاد بێ، نیر و چه‌له‌مه‌ی عه‌جه‌می - ئیران - له سه‌ر مل لاکه‌وێ. هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش که‌وتوومه خه‌باتی سیاسی و رزگاری خۆازی کورده‌وه. له‌و کات و زه‌ماندا که من ده‌ستم داوه‌ته تێکۆشان بۆ مه‌به‌سته‌که‌م، له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا هه‌ر حیزبی دێمۆکراتی کوردستان له گۆرێ‌دا بوو. حیزبی دێمۆکراتی کوردستانیش له‌و کات و زه‌ماندا و تا کۆنگره‌ی شه‌شه‌می خۆی - 1984 - حیزبێکی به‌ره‌یی بووه، واته بیر‌و باوه‌ری جیاواز له چوارچێوه‌ی ئه‌و حیزبه‌دا جێگای خه‌باتی هه‌بوه، منی سه‌ربه‌خۆخۆازیش لام وا بو و هه‌ر واش بوو که رێگای ده‌ربڕینی بیروباوه‌ری رزگاریخۆازی خۆم له وێدا هه‌بوه، بۆیه تا ئه‌و کاته که ئه‌و هه‌له هه‌بوه، هه‌ر له چوارچێوه‌ی رێکخراوی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دا تێکۆشاوم. له‌و کاتش را که تێگه‌یشتوم که رێگای خه‌بات بۆ ئامانجی سیاسی من، "سه‌ربه‌خۆیی کورد و کوردستان"، به‌رته‌سک و به‌رته‌سکتر بۆته‌وه، وێکرای کۆمه‌ڵه کادر و خه‌ڵکێکی دیکه، له حیزبی دێمۆکراتی کوردستان وه‌لا که‌وتووین، رێکخراوی خاوه‌ن ئامانج و خاوه‌ن بیرورای خۆمان که بریتیه له پارتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان دامه‌زراندوه. تێکۆشانی کوردایه‌تیمان به ئاشکراو راگه‌یه‌ندراو ده‌ست پێکردوه و له حیزبی دێمۆکراتی کوردستان که حیزبێکی ئۆتۆنۆمی خۆازه، هاتووینه‌ده‌ر.
هه‌ڤاڵ: پارتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ئامانجی سه‌ربه‌خۆیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه، یان کوردستانی گه‌وره؟
ئه‌میری قازی: پارتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، حیزبێکی سه‌ربه‌خۆخوازی نه‌ته‌وییه، له‌و باوه‌ره‌دا یه که کوردستان یه‌ک وڵاته و کوردیش یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه. ئێمه له‌سه‌ر ستراتژێکی کوردستانی و رزگاریخۆازی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵس و که‌وت ده‌که‌ین. لامان وایه باشترین شێوه‌ی به‌ره‌و ستراتژی نه‌ته‌وه‌یی بۆ ئێمه، هاوکاری وهاوپه‌یمانی و هاوخه‌باتی کوردایه‌تیه ده‌گه‌ڵ حیزب و رێکخراوه کوردستانیه‌کانی دیکه‌ی به‌شه‌کانی کوردستان_ باکوور، باشوور، رۆژهه‌ڵات ورۆژئاوا_ ، به‌و مانایه ئێمه رێکخراوێکی سه‌رتاسه‌رین به‌ڵام به‌مانای دیکه ئێمه رێکخراوێکین که مه‌یدانی تێکۆشانی ته‌شکیلاتی و ئورگانیزاسیۆنی خۆمان به رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌زانین، چونکه ئێمه شاره‌زایی و رابردووی خه‌باتمان له‌و به‌ش و له‌و هه‌رێمه‌ی کوردستان هه‌بووه و هه‌یه، به‌ڵام وا هه‌ڵکه‌وتووه که ئێمه له به‌شه‌کانی دیکه‌یی کوردستانیش وه‌ک ئه‌ندام ئه‌نداممان هه‌بووه و ئێستاش هه‌ر هه‌مانه.
هه‌ڤاڵ: کار‌و چالاکیتان هه‌یه له‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان؟ ئه‌گه‌ر هه‌تانه له‌ج ڕوویه‌که‌وه‌یه؟
ئه‌میری قازی: به‌ڵێ، له‌رۆژهه‌ڵاتی کوردستان خه‌بات و چالاکیمان هه‌یه، دۆست و هاوکارو هاوبیروباوه‌ری خۆمان هه‌یه، به‌ڵام وه‌ک رێکخراو وێکمان نه‌خستوون، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که وه‌به‌رده‌ست دوژمن نه‌که‌ون. په‌یوه‌ندی ئێمه ده‌گه‌ڵ هاوکارانی خۆمان له رۆژهه‌ڵات به‌شێوه‌ی فه‌ردی وتاک تاک راگرتووه تا که‌متر وه‌به‌ر گیران و کوشت و بر بین. ئیمه ئه‌و خه‌باته هه‌م له رێگای پێوه‌ندی راسته‌وخۆ و دیدار کردن یان له رێگای ئیمکاناتی دیکه‌ی پێشکه‌وتوی مێدیایی جیهانیه‌وه کار‌و باری خۆمان راده‌په‌رێنین.
هه‌ڤاڵ: باوه‌رتان به‌خه‌باتی چه‌کداری هه‌یه؟ پارتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان هێزی پیشمه‌رگه‌ی هه‌یه؟
ئه‌میری قازی: ئێمه باوه‌رمان به هه‌موو چه‌شنه خه‌باتێک هه‌یه له پێناو رزگاری خه‌ڵک و وڵاتی خۆماندا،
هه‌م :چه‌کداری- ئه‌گه‌ر بگونجێ و هه‌ل و مه‌جالی بۆ برخسێ و وانه‌بێ بۆ ده‌سرۆکه‌یه‌ک قه‌یسه‌ریه‌ک بسوتێ و
هه‌م : خه‌باتی سیاسی به ئاشکراو به نه‌هێنی.
به‌ڵام پارتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بۆ خۆی خه‌باتی چه‌کداری بۆ خۆی دانه‌ناوه و ئێستاشی ده‌گه‌ڵ بێ ده‌ره‌تانی ئه‌و چه‌شنه خه‌باته‌ی بۆ خۆی شک نابا. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش وه‌ک کوترا پارتی سه‌ربه‌خۆیی باوه‌ری به هه‌مه چه‌شنه خه‌باتێک هه‌یه، که له پێناو رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی یه‌کجاری له کات و وه‌ختی خۆیدا بێ. که‌واته پارتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان جارێ خه‌باتی چه‌کدارانه‌ی بۆ تێکۆشانی خۆی هه‌ڵنه‌گرتووه هه‌ر بۆیه بنکه‌و پێ‌گه‌ی پێشمه‌رگه‌یی و پێشمه‌رگه‌ی به‌مانای چه‌ک هه‌ڵگری نیه.
هه‌ڤاڵ: پێتان وایه ده‌سه‌ڵاتی باشوری کوردستان ڕێگره له‌به‌رده‌م خه‌باتی چه‌کداری پارته‌کانی پارچه‌کانی تر؟
ئه‌میری قازی: من پێم وانیه. له‌و باوه‌ره دانیم که ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان، رێگربێ له به‌رده‌م خه‌باتی چه‌کداری له به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستاندا. مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر هێزێک له‌به‌ش و هه‌رێمی تێکۆشانی خۆیدا له‌پێناو ئازادی و سه‌ربه‌ستی خه‌ڵکی خۆیدا ده‌ست داته خه‌باتی چه‌کداری، هیچ ده‌لیل و به‌ڵگه‌یه‌ک نیه ده‌سه‌ڵاتی باشوری کوردستان له دژی ئه‌و رێکخراوه راوه‌ستێ و به‌رگری لێ بکات. ره‌نگه له هێندێک کات دا ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم پشتیوانی لێ نه‌کا، به‌ڵام ناکرێ و بۆشی نییه پێشگیره‌وه‌ی لێ بکا به‌و مه‌رجه ئه‌و هێزه چه‌کداره له هه‌رێمی خۆیدا خۆی بحاوێنێته‌وه. وانه‌بێ بنکه‌و پایه‌گه‌ی له باشوور هه‌بێ و له‌وێرا بگه‌رێته‌وه ناوچه‌ی تێکۆشانی و پاش ته‌قه‌و شه‌رێک جارێکی دیکه بگه‌رێته‌وه باشوور. ئه‌و کێشانه زه‌ریفکاری و ورده‌کاری خۆی ده‌وێ هه‌م بۆ ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان و هه‌م بۆ هێز و حیزبه کوردی و کوردستانیه‌کان که هاوکات بیری لێ بکه‌نه‌وه و هاوسوویی و هاولایه‌نیه‌ک له نێوانیاندا هه‌بێ. به‌لای منه‌وه کارێکی ئه‌وتۆ و سازانێکی ئه‌وتۆ زیاتر ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستانه که به‌داخه‌وه تا ئێستا ئه‌وه‌ندی من بزانم ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له‌و روه‌وه وه‌ک گه‌لێک گیروگرفتی دیکه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یی، که‌مته‌رخه‌مه. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش نابێ له‌بیربچێته‌وه که پارێزگاری له ده‌سه‌ڵاتی ئێستای باشووری کوردستان و به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له وێ ئه‌رکی هه‌موو لایه‌ن و حیزب و کۆر و کۆمه‌ڵه‌کانی کورد و کوردستانیه.
هه‌ڤاڵ: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ پارته کوردستانیه‌کان به‌گشتی و پارته‌کانی رۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌تی چۆنه؟
ئه‌میری قازی: ئێمه ده‌گه‌ڵ هێزو کۆره‌کوردستانیه سه‌ربه‌خۆخوازه‌کان پێوه‌ندیمان زۆر باشه و هاوکاریمان پێکه‌وه هه‌یه. ده‌گه‌ڵ به‌ره‌ی ئۆتونومی خۆازیش له‌سه‌ریک و له روانگه‌ی خۆمانه‌وه پێوه‌ندی دۆستانه‌مان هه‌یه، مه‌گه‌ر تاک وتروک که ویشک و عه‌بووسن، به‌ره‌و دۆستایه‌تی نایه‌ن. مه‌به‌ست ئه‌و چه‌شنه رێکخراوه‌ن که " خۆ سێنترومن " و لایان وایه جیهان له شه‌رافه‌تی ئه‌وان و له شانازی به‌وان را، داندراوه.
هه‌ڤاڵ: وه‌ک پارتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ڕوانینتان بۆ دووله‌ت بوونی حیزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه چۆنه؟
ئه‌میری قازی: ئه‌گه‌ر راستیت بوێ، له‌ت بوونی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانم پێ "فاجعه" و کاره‌سات نییه، چونکه به‌رله‌وه که حیزبی دێمۆکرات ببێ به دوو پارچه زۆر له‌خۆبایی و له چوارچیوه به‌ده‌ر بوو، به‌ڵام له‌و رۆژه‌وه که له‌ت بوون له‌وێدا رووی دا، لایه‌نێک که باوه‌ری به خۆداهاتنه‌وه هه‌یه و تا راده‌یه‌کی زۆر باس له دێمۆکراسی ناوخۆیی‌و ئاشتبوونه‌وه ده‌کا ده‌گه‌ڵ کۆر و کۆمه‌ڵ و که‌س و کۆمه‌ڵگای خۆی وه‌ک جاران له "بورجی به‌ڵه‌که‌وه" ناروانێته ده‌وروو به‌ر، خۆی له خۆیدا وه‌ک ده‌ڵێن، به قازانجی خۆی و له به‌رژه‌وه‌ندی کۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له تێکۆشان دایه. حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، ئه‌گه‌ر بێ و به‌ته‌واوی هه‌نگاو بنێ و به‌و به‌خۆداچونه‌وانه‌ی که رای گه‌یاندوه، بێگومان پشتیوانی هه‌راوی خه‌ڵکی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی له پشت ده‌بێ، له‌و حاڵه‌ته دا خۆی له ویشکه‌رۆیی ده‌دزێته‌وه، ئه‌وه‌ش وه‌ک کوترا به قازانج بۆ خه‌ڵک ده‌گه‌رێته‌وه.
به‌ڵام به‌رای خۆم له‌ت بوونی کۆمه‌ڵه‌ی شۆرشگێر، هه‌نگاوێکی به‌زه‌ره‌ر بوو، هه‌م بۆ خودی رێکخراوی کۆمه‌ڵه به‌گشتی و هه‌م بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، چونکه هه‌رچی دێنم و ده‌به‌م، ده‌لیل و به‌ڵگه‌یه‌کی سیاسی و عه‌قیده‌تی بۆ ئه‌و به‌ش بوونه‌ی کۆمه‌ڵه نابینم.
هه‌ڤاڵ: زۆربه‌ی پارته‌کانی رۆژهه‌ڵات ئاماده‌نین په‌ژاک وه‌ک پارتێکی سه‌ربه‌خۆ بناسن و وه‌ک باڵێکی په‌که‌که ده‌یناسێنن، رای ئێوه له‌و باره‌وه چۆنه؟
ئه‌میری قازی: به‌باوه‌ری من ئه‌وه‌ی وه‌ک ئێوه ده‌ڵێن که "پارته‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پژاک وه‌ک باڵێکی پێ‌کاکا چاولێده‌که‌ن و به‌سه‌ربه‌خۆی ناناسن" وانیه که ببێته هۆیه‌ک بۆ ئه‌وه که لایه‌ن و حیزبێک پژاک به ره‌سمی بناسێ یا نه. چونکه دیارده‌ی ئه‌وتۆ هه‌ر ئێستا له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا هه‌یه و تێکۆشانی سیاسی خۆی ده‌کات و هه‌موو لایه‌نه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش پێوه‌ندیان ده‌گه‌ڵی هه‌یه و باس له‌سه‌ربه‌خۆیی و ناسه‌ربه‌خۆیی رێکخراوه‌که‌ش ناکه‌ن، ئه‌و نموونه‌یه نموونه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی سه‌ربه حیزبی کومۆنیستی ئێرانه، که وه‌ک شاخه‌ی حیزبی کومۆنیستی ئێران له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، تێکۆشانی هه‌یه و هیچ لایه‌نێکی رۆژهه‌ڵاتیش قرخه‌مه‌ره‌سی بۆ پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه نییه. به‌رای من پژاک تا ئێستا ده‌گه‌ڵ ته‌رح کردن و هێنانه‌گۆری خۆی وه‌ک رێکخراوێکی خاوه‌ن به‌رنامه‌ی سیاسی و خاوه‌ن ویست و داوای خۆی بۆ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان که‌م کار بووه و خۆی نه‌هێناوه‌ته گۆرێ و وه‌ره‌قه‌ی به‌رده‌ستی خۆی له ئه‌رز نه‌داوه که بڵێ من ئه‌وه‌م و ئاوا له‌ئاست سه‌ربه‌رزی و سه‌ربه‌ستی نه‌ته‌وه‌که‌م له‌و به‌شه‌ی کوردستان، تێده‌کۆشم. ئه‌وه‌نده‌ی ده‌شڵێ هه‌ر بۆ شه‌ڕوکێشه‌ی ئه‌و لاو و ئه‌م لا ده‌یڵێ. ده‌نا هاوکاری و هاوپه‌یوه‌ندی ده‌گه‌ڵ پێ کا کا به‌رای من ئاسته‌نگێکی ئه‌وتۆ نییه و ناشبێ. پژاک پێویستی به هاوکاری و دۆستایه‌تی هێزه‌کانی سیاسی کورده‌واری به‌تایبه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان داهه‌یه، چونکه هه‌موومان ده‌زانین که تێکۆشان دژ به رژیمی دواکه‌وتوو و کورد کوژی کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌روه‌ها ته‌نانه‌ت دابین کردنی لانی که‌می ده‌سکه‌وت بۆ خه‌ڵکه‌که‌مان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له گره‌وی هاوکاری و پێکه‌وه‌بوونی گشت هێز و رێکخراوه سیاسیه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دایه، ده‌نا کێشه‌یه‌ک نییه که هه‌ر ته‌نیا حیزبێک یان رێکخراوێک بتوانێ عیلاجی بکا. پژاکیش چ باڵێک بێ له پێ کا کا ، چ سه‌ربه‌خۆ بێ پێویسته ئه‌و راستیه بزانێ و قه‌بووڵی بکا.
هه‌ڤاڵ: خویندنه‌وه‌تان بۆ ڕه‌وشی ئێستای ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران چۆنه؟
خوێندنه‌وه‌ی من له حاڵی حازر و له ئێستادا له سه‌ر ئێران، باسێکه دوور و درێژ و ره‌نگه له حه‌وسه‌له‌ی ئه‌و کورته پرسیار‌و وڵامانه دا نه‌بێ، ئه‌وه‌نده‌یه خه‌ڵک و وڵاتی ئێمه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌گه‌ڵ رژیم و ده‌سه‌ڵاتێکی دواکه‌وتوو، یه‌کجار زۆر وه‌حشی و خوێنخۆر و دژ به کورد رووبه‌روو بۆته‌وه. ئه‌و رژیمه هیچ چه‌شنه مافێکی مرووایه‌تی و هیچ چه‌شنه ریوو شوێنێکی سه‌پاو له کۆمه‌ڵگه‌ی مرووایه‌تی جیهانی ئه‌ورۆ دا به هێند ناگرێ و ئیعتنای پێ ناکا. رژیمێکه به‌داخه‌وه پڕ چه‌ک و به‌توانا و ململانه کردنی ته‌نیا به ته‌قه‌و به تفه‌نگ زه‌حمه‌ته و کاریگه‌ر نابێ. هه‌مومان ده‌زانین ره‌وشی ئه‌ورۆکه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌و په‌ری ناله‌باری و بێ ده‌ره‌تانی دایه که له هه‌موو لاوه گه‌مارۆ دراوه و له ژێرباری کۆیله‌تی، زوڵم و زۆری داگیرکه‌ر، هه‌ل و مه‌رجی ناله‌باری ئابووری وبێکاری، قه‌یرانی ئالوده‌گی به تریاک و هێروین و ..... ده‌تلێته‌وه. پیاو له کوێ‌را ده‌ست پێبکا و له کام لا را بیخوێنێته‌وه?
هه‌ڤاڵ: زۆرجار باس له‌به‌ره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رچوار پارچه ده‌کرێ، وه‌ک پارتی سه‌ربه‌خۆیی بیر‌و راتان له‌وباره‌یه‌وه چۆنه؟ هیچ هه‌وڵیکتان بۆئه‌و مه‌به‌سته داوه ؟
ئه‌میری قازی: به‌ره‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بۆ هه‌موو پارچه‌و به‌شه‌کانی کوردستان، جارێ هه‌ر وه‌ک ئاره‌زویه‌کی نه‌ته‌وایه‌تی ماوه‌ته‌وه. له‌و باره‌وه کۆمه‌ڵگای کورده‌واری وه‌جاغ کوێره، هه‌ر هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌ک له‌و باره‌وه جارێ هه‌ر بێ به‌رهه‌م ماوه‌ته‌وه، نه‌زۆکه. به‌داخه‌وه کورده‌واری جارێ رۆڵه‌ی وای لێ هه‌ڵنه‌که‌وتووه که تاقه‌تی هه‌ڵگرتنی ئه‌و ئه‌رکه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی هه‌بێ هه‌وڵی ئێمه مانانیش له‌و رووه‌وه جارێ به‌رهه‌مێکی نه‌بووه، به‌ڵام هیواو هومێدی ئه‌و رۆژه‌مان هه‌ر ماوه و وه‌ک ده‌ڵێن "چاوم له پسانی به‌ند و داوه".
هه‌ڤاڵ- پارتی ئێوه له‌ڕووی ڕاگه‌یاندنه‌وه لاواز ده‌بینرێ ، هۆی چیه؟ به‌ته‌مانین ئێوه‌ش که‌ناڵێکی ئاسمانی دابنێن ؟
ئه‌میری قازی: وه‌ک ئێوه‌ش ده‌ڵێن، پارتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، له رووی راگه‌یاندنه‌وه لاوازه راسته و وایه. ئێمه‌ش هه‌ست به لاوازی خۆ له‌و باره‌وه ده‌که‌ین و هه‌ر له هه‌وڵی چاره‌سه‌ری داین. هۆی هه‌ره سه‌ره‌کی له رووی لاوازی راگه‌یاندنی ئێمه‌وه، سه‌ر له هه‌رێمی بێ پاره‌یی و که‌م و کۆرێک ده‌دا که داوێنگیرمان بوه. ماڵی بێ ده‌ره‌تانی خرابێ که جارێ بۆمان چار نه‌کراوه به‌ڵام هه‌ر له هه‌وڵ داین ئه‌و که‌م و کۆریه وه‌لاخه‌ین یا که‌متری بکه‌ینه‌وه، جا که وا بوو جارێ و له‌و هه‌ل و مه‌رجه‌ی ئێستادا باس و بیر کردنه‌وه له کاناڵی ئاسمانی سرنجی ئێمه‌ی راکێش نه‌کردوه.
هه‌ڤاڵ- خوێندنه‌وه‌تان بۆ ره‌وشی ئێستای باشووری کوردستان چۆنه؟
ئه‌میری قازی: به باوه‌ری من ره‌وشی ئێستای باشووری کوردستان، به‌ره‌و هه‌ل و مه‌رجی دژوار ده‌روا. ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له به‌غدا خۆی گرتووه و سه‌قامگیر بووه، هێزی نیزامی خۆی رێک و وێک خستووه، پاره‌و پووڵێکی زۆریشی هه‌یه، سه‌ر به ریژیمی ئێرانه، ده‌گه‌ڵ تورکیه و سوریه‌ش رێککه‌وتوه، ده‌گه‌ڵ ئه‌مریکاش گه‌مه‌ی "دز و ساحیب ماڵ" یان دوپات کردوته‌وه و رێککه‌وتوون، له لای ئێمه‌شه‌وه به‌داخه‌وه که‌س حوکمی که‌س ناخوێنیته‌وه، کورد کوته‌نی چ ڕێ روونیه‌ک به‌دی ناکرێ. ده‌سه‌ڵاتی کورد له باشور ئه‌وه‌ی لێی ده‌رده‌که‌وێ به‌ته‌واوی ده‌ستی به‌رداوه‌ته‌وه و چاوه‌روانی حه‌وادیس و به‌سه‌رهاته. جا له وه‌زعێکی ئه‌وتۆ دا، مه‌علووم و دیاره که هه‌لومه‌رجی ئێمه‌ی کورد له باشوور ده‌بێ رووی له کوێ بێ؟
هه‌ڤاڵ: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌کێتی چۆنه؟
ئه‌میری قازی: پارتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان پیوه‌ندی راسته‌و خۆی سیاسی ده‌گه‌ڵ پارتی و یه‌کێتی نییه. هه‌رچه‌ند له روانگه‌ی خۆمانه‌وه پیوه‌ندی و هاوکاری و هاوراوێژی ده‌گه‌ڵ هه‌موو هێز و رێکخراوه سیاسیه‌کانی کوردستان به زه‌روری ده‌زانین.
هه‌ڤاڵ: هه‌ندێ جار ره‌خنه له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی باشور ده‌گرن له‌باره‌ی فیدراڵیه‌وه، پێتان وایه ده‌سه‌ڵاتی باشور هه‌لی سه‌ربه‌خۆیی له‌ده‌ست داوه؟
ئه‌میری قازی: به باوه‌ری من وا نییه، هه‌ل و مه‌رجی سه‌ربه‌خۆیی، بۆ خه‌ڵکێکی خاوه‌ن بیر‌و هه‌ستی رزگاریخۆاز و بۆ هه‌مو ئه‌و حیزب و رێکخراوانه‌ی که له‌و روه‌وه نوینه‌رایه‌تی ده‌که‌ن، هه‌رگیز هه‌ل له ده‌ست بچێ. ره‌نگه وا هه‌ڵکه‌وێ که هه‌لی سه‌ربه‌خۆیی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌ست له‌کات و زه‌مانیکدا موناسیبتر و له‌بارتر بێ، ده‌نا وا نییه که له کیس بچێ. له مێژه بیستراوه‌و کوتراوه که ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک بیه‌وێ ئازاد‌و سه‌ربه‌خۆ بژی، هه‌موو هه‌ڵ و مه‌جالێک به‌رده‌ست ده‌کات.
هه‌ڤاڵ: هه‌رشتێ که‌ئێمه ئاماژه‌مان پێ نه‌دابێ و به‌ڕیزتان بتانه‌وێ ئاماژه‌ی پێ بده‌ن؟
ئه‌میری قازی: نه‌خێر، سپاستان ده‌که‌م و داواکارم سه‌رکه‌وتووبن له پێناو خزمه‌تی رزگاری و کوردایه‌تی دا.
پرۆفایل
ئه‌میری قازی
_ساڵی 1938 له‌گوندی حاجیاوای ناوچه‌ی مهاباد له‌بنه‌ماڵه‌ی قازیه‌کان له‌دایک بووه.
_کۆلیژی یاسای له‌زانکۆی تاران به‌شی زمانه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی له‌زانکۆی ستۆکهۆڵم خوێندووه
_ساڵی 1964 چۆته ناو شۆرشی ئه‌یلول له‌باشوری کوردستان
_ ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و مه‌کته‌بی سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووه
_ ساڵی 1990 پارتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی دامه‌زراندووه‌و ئێستا سکرتێری ئه‌و پارته‌یه
تێبینی؛ ئه‌م دیداره له‌ژماره 29-30 گۆڤاری ستانده‌ر بڵاوبۆته‌وه
0 سەرنج:
Post a Comment