29 December 2010

خانه‌قین پێشانگایه‌ک بۆ جلوبه‌رگی کوردی!!



سروشتی هه‌میشه‌یی سیاسیه‌کانی ئیمه‌ ئه‌وه‌ بووه‌  هه‌رده‌م دوای رووداو که‌وتوون، نه‌ک پێش رووداو، به‌واتایه‌کی تر سیاسیه‌کانمان هه‌میشه‌ دوای روودانی کێشه‌یه‌ک ده‌ست ده‌که‌ن به‌شرۆڤه‌و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن، هه‌رگیز نه‌مان بینیوه‌ پێش ئه‌وه‌ی ڕووداوه‌که‌ ڕووبدا سیاسیه‌کانمان هه‌ڵوێست وه‌ربگرن و به‌ر له‌ڕوودانی کێشه‌یه‌ک بگرن، یان خۆیان بۆ چاره‌سه‌رکردنی پێشوه‌خته‌ ئاماده‌ بکه‌ن.

جموجۆڵه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی حکومه‌تی مالکی به‌ئاشکرا ئه‌وه‌ی لێده‌بینرا که‌ده‌یه‌وێ هه‌مان کاری پێشووی به‌عس دووباره‌ بکاته‌وه‌ به پیلانیکی نێوده‌وڵه‌تی و به‌‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ تورکیاو ئێران و به‌گڵۆپی سه‌وزی بێده‌نگی ئه‌مریکا. له‌چه‌ند مانگی رابردوو به‌ڕێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ تورکیاو وه‌رگرتنی ئامۆژگاری مامۆستاکانی له‌کۆماری ئیسلامی ئێران به‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کورد له‌به‌غدا سنوردار بکات و نه‌هێڵێ چی دی له‌وه‌ زیاد بکات که‌ئێستا هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کارێکی وانه‌کا که‌کورد له‌به‌غدا بکشێنه‌وه‌، دروست وه‌ک مه‌ڕه‌که‌ی هه‌یاسی دانا،نه‌زیاد بکات و نه‌ک که‌م، ئه‌م گه‌له‌کۆمه‌کیه‌ی ئاشکرا کرد به‌ڵام  سه‌رکردایه‌تی کورد وه‌ک هه‌میشه‌ بێده‌نگی هه‌ڵبژارد. مالکیش ئه‌م ئامۆژگاریانه‌ی نه‌ک هه‌ر به‌ته‌واوی جیبه‌جێ کرد به‌ڵکو به‌زیادیشه‌وه‌ جیبه‌جی کرد، لابردنی هۆشیار زێباری له‌لیژنه‌ی ڕیکه‌وتنی ستراتیژی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکاو هه‌ڵپه‌ساردنی ده‌سه‌ڵاتی بابه‌کر زیباری سوپا سالاری عیراق و گواستنه‌وه‌ی فه‌رمانده‌ کورده‌کان له‌ناوچه‌ کوردیه‌کان بۆناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق و هێنانی عه‌ره‌ب بۆجێگه‌یان سه‌ره‌تاکه‌ی بوو. که‌ئه‌بوایه‌  سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد ئه‌وده‌م ده‌نگی  ناڕه‌زایی لێ هه‌ستایه‌و پێش رووداو بکه‌وێت و نه‌هێڵێ ئاکامه‌که‌ی به‌ده‌رکردنی هێزی پیشمه‌رگه‌ له‌جه‌له‌ولا وسه‌عدیه‌ و داوای چۆڵکردنی خانه‌قین بکه‌ن، به‌ڵام وه‌ک هه‌میشه‌ دوای ڕووداو ده‌نگی ناڕه‌زایی به‌رز بووه‌و  هه‌ریه‌ک له‌به‌رپرسانی کورد له‌ئاوازێک ئه‌یانخوێند، یه‌کێ هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌کردو یه‌کێ ده‌یگوت سوپا مافی خۆیه‌تی بچێته‌ هه‌رشوێنێکی عێراق ، ئه‌نجامیش وه‌ک هه‌میشه‌ سفرو هیچ به‌ده‌ست ماینه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رنجی منی ڕاکێشا ئه‌به‌رپرسانه‌ی له‌ جه‌له‌ولاو سه‌عدیه‌و خانه‌قین بوون به‌جلوبه‌رگی کوردی پێشمه‌رگانه‌وه‌ لێدوانی ئاگرینیان ده‌داو ئه‌وانه‌ی به‌غداش به‌شێوه‌یه‌کی شه‌رمنانه‌ ده‌یانگوت سوپا مافی خۆیه‌تی بچێته‌ هه‌ر شوێنێکی عێراق و له‌به‌ینی ئه‌م دوو هه‌ڵوێسته‌ جیاوازو دژه‌دا حکومه‌تی به‌غدا زیره‌کانه‌ مامه‌ڵه‌ی کردو سه‌ره‌نجام وتاره‌ ئاگرینه‌کان شکستیان خوارد له‌به‌رامبه‌ر هێزی سیاسی و سه‌ربازی به‌غدا.
ئێمه‌  له‌م کێشه‌یه‌دا هێنده‌ لاواز بووین له‌رووی دبلۆماسی و سه‌ربازیه‌وه‌ که‌ سیاسی له‌جیاتی وتاری سیاسی  وتاری پێشمه‌رگانه‌ی ده‌داو پێشمه‌رگه‌ش  یا بێده‌نگ قوڕوقه‌پی لێکردبوو یا هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌رکردنی ئه‌و سوپایه‌ی ده‌کرد له‌چه‌ند سه‌عاتێکدا، به‌ڵام هیچمان نه‌دی جگه‌ له‌کشانه‌وه‌ !
له‌سیاسه‌ت دا بۆهه‌ر کیشه‌یه‌ک کۆمه‌ڵێ کارت هه‌یه‌ که‌هه‌ر یه‌که‌و ئامانجی خۆی له‌لایه‌که‌وه‌ به‌کاردێ و قورسایی و کاریگه‌ری خۆی ئه‌گه‌ر که‌میش بێت داده‌نێت، له‌م کێشه‌یه‌دا کورد جگه‌ له‌کارتی هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌و دواتر سوتانی ئه‌وکارته‌ و سه‌ره‌نجام بێده‌نگی هیچی دیمان نه‌بینی . ته‌نها کارتێکیش که‌هێشتا بڕوای پێیه‌تی ولای ئه‌و نه‌سوتاوه‌ جلوبه‌رگی کوردی پێشمه‌رگانه‌یه‌ که‌به‌کاری ده‌هێنێ به‌رامبه‌ر عێراق و وه‌ک ڕه‌مزی ئاماده‌ بۆشه‌ر پیشانی به‌غدای ئه‌دا، وه‌ک بڵێی ئه‌گه‌ر ئه‌و جلوبه‌رگه‌یان له‌به‌ردابێ ئیدی به‌غدا ناوێرێ ده‌نگ بکات و له‌جه‌له‌ولا و سه‌عدیه‌ش ئه‌کشێته‌وه‌. هه‌ر بۆ زیاتر ترساندنیشی هه‌ر ڕۆژه‌و به‌جۆره‌ دورینێک و ڕه‌نگێکه‌وه‌ ده‌رئه‌که‌ون له‌  کۆبوونه‌وه‌ گرنگ و چاره‌نوسسازه‌کانداو  که‌چی هیچیشمان نه‌بینی جگه‌ له‌ڕیکه‌وتنێک که‌دواتر مالکی پێی ڕازی نه‌بوو، ئه‌و خۆنواندنه‌ی به‌رپرسانی کورد له‌خانه‌قین به‌جلوبه‌رگی کوردیه‌وه‌ دروست وه‌کو ئه‌وه‌یه‌  پێشانگای جلوبه‌رگی کوردی‌ له‌خانه‌قین کرابێته‌وه‌، نه‌ک نیشاندانی هه‌ڵوێستی سیاسی و سه‌ربازی کورد ، له‌تازه‌ترین به‌شدارانیشی وه‌زیری ته‌ندروستی بوو که‌به‌جلی کوردیه‌وه‌ چوو بۆخانه‌قین و خۆی پیشانی میلله‌تدا.

به‌خوێندنه‌وه‌یه‌کی زۆر ساده‌ ،سه‌ره‌تاکانی ئه‌م کێشه‌یه‌و بێده‌نگی کوردو ئه‌مریکا له‌مه‌ڕ ئه‌م باسه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێ که‌دوای خانه‌قین سه‌ره‌ی موسڵ و که‌رکوکه‌ که‌پێشمه‌رگه‌ به‌شێوه‌ی خانه‌قین بکشێنه‌وه‌و هیچ ده‌نگ نه‌که‌ن، ‌ئه‌وه‌ش ‌له‌تازه‌ترین هه‌وڵی مالیکیدا سه‌ره‌تاکه‌ی ده‌ستی پێکردووه‌ به‌هێنانی فرقه‌یه‌کی سه‌ربازی له‌ باشوری عێراقه‌وه‌ بۆ که‌رکوک که‌له‌نزیک قه‌یوان نیشته‌جێ کراون و لابردن و گوستنه‌وه‌ی فه‌رمانده‌ کورده‌کان بۆ ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و لێدوانانه‌ی به‌رپرسانی حکومی و په‌رله‌مانتارانی به‌غدا که‌هه‌مووی بۆنی پیلانیکی تۆکمه‌و نه‌خشه‌ بۆداڕێژراوی لێدێ و به‌هه‌موو واتاکانیه‌وه‌ له‌ق کردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و سه‌ربازی کوردی ده‌گه‌یه‌نێ.
ته‌نها ڕێگه‌ش بۆ به‌رگرتن له‌م کارانه‌و نه‌‌هێشتنی کاریگه‌ری زیاتری ئه‌م پیلانه‌ی مالکی وه‌گرتنی هه‌ڵوێستێکی گشتی یه‌کگرتووه‌و نیشاندانی توندترین هه‌ڵوێسته‌ به‌رامبه‌ر به‌غدا، نه‌ک لێدوانی دژیه‌کی به‌رپرسانی کوردستان و نوێنه‌رانی کورد له‌به‌غداو ‌نمایشی جلوبه‌رگی کوردی پێشمه‌رگانه‌ی به‌رپرسه‌کان له‌خانه‌قین و ده‌وروبه‌ری، که‌هه‌رگیز ئاماده‌نین خۆیان به‌کوشت بده‌ن بۆ کوردستان.
haval_zagros@yahoo.com
تێبینی : ئه‌م وتاره‌ ساڵی 2008 نووسراوه‌

 

0 سەرنج:

Post a Comment