29 December 2010

مانگرتنی خوێندکاره‌کانی کۆلیژی دەرمانسازی زانکۆی جیهان پێی نایه‌‌ رۆژی 34 هه‌م



نزیکه‌ی حه‌فتا خوێندکاری به‌شی ده‌رمانسازی زانکۆی‌ جیهان ماوه‌ی زیاتر له‌ مانگێکه‌ له‌به‌رده‌م وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان مانیان گرتووه‌و بریاریان داوه‌ تا جێ به‌جێکردنی خواسته‌کانیان به‌رده‌وام بن له‌ مانگرتن. خوێندکاره‌کان ژماره‌یان 70 خوێندکار ده‌بێت و له‌ 38 کچ و 32 کور پێک دێن

سه‌ره‌تای کێشه‌که‌
ئه‌ژین دڵشاد به ‌نوێنه‌رایه‌تی خوێندکاره‌ مانگرتووه‌کان له‌ لێدوانێکی تایبه‌ت به‌ ماڵپه‌ری ئاینده‌ باسی کێشه‌کانی خۆیانی کردوو گوتی ئێمه‌ ساڵی پار له‌ زانکۆ جیهان وه‌رگیراین ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێداویستی ته‌واوی نه‌بوو ئه‌و ساڵه‌ به‌ (تمهیدی) هه‌ژمار کرا و ساڵێکمان فه‌وتا ، ئه‌مساڵیش به‌هه‌مان شێوه‌ پێداویستیه‌کانمان دابین نه‌کراو له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاوه‌ فه‌رمانی داخستنی درا
دواتر مۆڵه‌تی یه‌ک مانگ بۆ دابین کردنی پێداویستی درا به‌زانکۆی جیهان که‌ ماوه‌که‌ی تا 15-1 2010 بوو ، به‌ڵام دابین نه‌کرا .
زانکۆی جیهان هیچ پێداویستیه‌کی نیه‌ 
ئه‌ژین له‌ باره‌ی کێشه‌که‌یان و نه‌بوونی پیداویستیه‌کانیان ده‌ڵێت " کاتێک ئێمه‌ له‌ زانکۆ وه‌رگیراین هیچ پێداویستیه‌کی بواری ده‌رمانسازی له‌ زانکۆی جیهان نه‌بوو ، مامۆستای پسپۆر نه‌بوو ، تاقیگه‌ و پێداویستیه‌کانی تر هیچی نه‌بوو ، هه‌ربۆیه‌ ساڵێکمان لێ فه‌وتا و  ئه‌مساڵیش به‌هه‌مان شێوه‌ پێداویستیه‌کانمان دابین نه‌کرا ، له‌کاتێکدا ئێمه‌ هه‌ر یه‌که‌مان (6،850،000) دینارمان داوه‌و پاره‌که‌شمان تازه‌ بۆ ناگه‌ڕێته‌وه‌.
بریاریان داوه‌ نه‌گه‌رێنه‌وه‌ بۆ زانکۆی جیهان و دوای کۆلیژه‌ هاوشێوه‌ حکومیه‌کان ده‌که‌ن
خویندکاره‌ مانگرتووه‌کان بریاریان داوه‌ جارێکی تر نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زانکۆی جیهان و له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌ژین دڵشاد ده‌ڵێت " ئێمه‌ تازه‌ ناگه‌ڕێینه‌وه‌ زانکۆی جیهان ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ساڵێکمان له‌ خوێندن به‌خۆرایی لێ رۆیی و ئه‌مساڵیش هیچ پێداویستیه‌کان دابین نه‌کرد ، بۆیه‌ ئه‌و بریاره‌مان داوه‌و لێی پاشگه‌ز نابینه‌وه‌" ئه‌ژین هه‌روه‌ها ده‌ڵێت ئێمه‌ داوامان ئه‌وه‌یه‌ هه‌موومان له‌ کۆلیژه‌ ده‌رمانسازیه‌ حکومیه‌کان وه‌ربگیرێین ، چونکه‌ هه‌موومان نمره‌کانمان به‌رزه‌ و له‌ 85 زێده‌تره‌.
چاوه‌ڕێی بریاری وه‌زاره‌ت ده‌که‌ن
ئه‌ژین دڵشاد له‌ کۆتایی لیدوانه‌که‌ی دا بۆ ماڵپه‌ری ئاینده‌ گوتی ، وه‌زاره‌ت یه‌ک مانگ مۆڵه‌تی دا به‌زانکۆی جیهان تا پێداویستیه‌کان دابین بکات و دوا رۆژی مۆڵه‌ته‌که‌ 15-1-2010 بوو ، به‌ڵام هه‌ر دابین نه‌کرا ، بۆیه‌ بریاره‌ به‌یانی به‌یانی 20-1-2010 ئه‌نجومه‌نی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا دوا بریاری خۆی له‌و بواره‌وه‌ بدات ، ئه‌ژین ده‌رباره‌ی ئه‌نجامی بریاره‌که‌ ده‌ڵێت ئێمه‌ گه‌شبینین که‌ وه‌زاره‌ت له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌ بریار بدات ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بریاره‌که‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌ نه‌بوو ئه‌وکاته‌ جگه‌ له‌مانگرتن خۆپیشاندان ده‌که‌ین و شه‌قامه‌کان ده‌گرین و کۆڵ ناده‌ین تا خواسته‌کانمان جێ به‌جێ ده‌کرێت.
تێبینی ئه‌م راپۆرته‌م بۆ ماڵپه‌ری ئاینده‌ (www.aynda.org) ئاماده‌ کردووه‌
فۆتۆ : عامر عه‌بدوڵا

0 سەرنج:

Post a Comment