هەڤاڵ نەژاد
پاش دەرکەوتنی ئەنجامە بەرایییە نافەرمییەکان، لێرە و
لەوێ باس لەوە دەکرێ، کەمکردنی کورسییەکانی یەکێتی و، رێژەی دەنگەکانی، دەبێتە هۆی
ئەوەی یەکێتی لە حکومەتی داهاتوودا بەشدار نەبێ.
سەرکەوتووەکان، بەتایبەت گۆڕان دەڵێن؛ خۆمان دەسەڵات دەگرینە
دەست، بەشێوەیەک دڵنیان لە حکومەتی داهاتوودان، نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی
بزووتنەوەکە، لە ئێستاوە بەڵێنی خزمەتکردن بە خەڵک دەدات لە رێگەی حکومەتەوە!
هەندێک بۆچوونی ناوخۆیی یەکێتی دەڵێن؛ بەشداربوونی
یەکێتی لە حکومەتی داهاتوو، زیاتر توشی شکستی دەکات و خۆکوژی سیاسیییە! یا دەڵێن؛
با ببینە ئۆپزسیۆن، یاخود با لەگەڵ گۆڕان و ئیسلامییەکان یەکبگرین و بێ پارتی
حکومەت پێكبهێنین. دیارە هەموو ئەو بۆچوونانە، بۆچوونێکە سەرچاوەکەی نەخوێندنەوەی
بارودۆخە بەشێوەیەکی دروست، وێڕای سۆزی شکستخواردووەکان و، حەماسەتی براوەکان. لە
کاتێکدا، سیاسەت پێویستی بەواقیع بینییە، نەک سۆز و حەماسەت.
بە بڕوای من، راستە یەکێتی دەنگی زۆری لە دەست داوە،
قورسایی کەم دەبێتەوە، بەڵام تا ئێستاش لە جومگە بنەڕەتییەکانی دەسەڵاتدا شەریکە و
لە دەڤەری سەوزیشدا هەر بەدەستی خۆیەتی. پێشبینیش ناکرێ هەروا بە ئاسانی بیانداتە
دەستی کەس! هەرچەندە لە ڕووی یاسایییەوە دەکرێ یەکێتی لە حکومەتدا بەشداری پێ
نەکرێ و، دەسەڵاتی لێ وەربگیرێتەوە، بەڵام لەبەر بوونی ئەو جومگانە بەدەستییەوە،
بێبەشکردنی لە حکومەت، لە ئێستادا کارێکی ئاسان نییە. ئەو جومگانەش جگە لە ئیدارە پێكدێ
لە: (بودجە، پێشمەرگە، ئاسایش، دەزگای زانیاری، بازرگانیی بە گشتی و نەوت بە
تایبەتی، پەیوەندی نێودەوڵەتی بەگشتی و بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی!) کە هەریەک
لەو جومگانە بۆخۆی بەهێزترین چەکە، چ جای ئەوەی هەمووی بەیەکەوە لە دەستی
لایەنێکدا بن!
لەبەر ئەوەی ئەو جومگانە هێشتا حیزبین و بە نیشتیمانی
نەکراون، پارتی لە دهۆک و هەولێر، یەکێتیش لە سلێمانی و گەرمیان، کۆنترۆڵیان
کردووە. لەگەڵ بوونی عەقڵییەتی حیزبیانە بۆ بەرێوەبردن و قۆرخکردنی ئەو جومگانە، وا
دەکات پەراوێزخستنی یەکێتی کارێکی نەکردە بێ و، نەتوانرێ پەراوێز بخرێ. جگە لەوەی یەکێتی
تا ئێستا هاوپەیمانێکی باش بووە لەگەڵ پارتیدا، پارتیش ئەو راستیانەی سەرەوە باش
دەزانێ. بۆیە لە کاتی دەرکەوتنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان کە یەکێتی تووشی
دۆڕان کرد، بەرپرسێکی پارتی گوتی؛ پشتی یەکێتی بەرنادەین!
لەلایەکی ترەوە، هەندێك بۆچوون بە پێچەوانەوە دەڵێن؛ یەکێتی،
گۆڕان و ئیسلامییەکان، بەیەکەوە کورسییەکانیان بەشی ئەوە دەکات حکومەت دروست بکەن،
با هاوپەیمانی پێک بهێنن و حکومەتێک دروست بکەن بەبێ پارتی! وەکچۆن لە سەرەوە
روونم کردۆتەوە پەراوێزخستنی یەکێتی، کارێکە لە ئێستادا ناکرێت، بۆ پارتیش بە
هەمانشێوە و زیاتریش. پارتی، وێڕای بە دەستەوە گرتنی جومگە بنەڕەتییەکان، بردنەوەی
لە دوو پارێزگا و تەنانەت لەسەر ئاستی کوردستانیشدا لەم هەڵبژاردنەدا، زیاتر بە
هێزی کردووە و، ئەو ئەگەرە بۆ واقیعی بارودۆخی سیاسی کوردستان، کارێكە شیاوی ئەوەش
نییە زۆر باسی بکرێت!
بۆ ئەوەی گۆڕانکاری سەرەکی لە سیستەمی سیاسی کوردستان
بکرێ، دەبێ کارێک بکرێ ئەو جومگە سەرەکییانە بە نیشتمانی بکرێت، بەڵام کێ دەیکا؟
بەشبەحاڵی خۆم، تا ئەم ساتە هیچ هێزێک نابینم نییەتی ئەو کارەی هەبێ! حیزبی کوردی،
جگە لە جیاوازی لە رەنگ و روخسار، لە کارکردندا، هەمووی یەک پەروەردەن و، حیزب لە
پێش نەتەوە و نیشتمانەوە دەبینن. ئەوەی لە راگەیاندنەکان دەیڵێن و ئەوەی لەسەر
مێزی یەکتری دەیڵێن، دوو شتی جیاوازن.
0 سەرنج:
Post a Comment