![]() |
کرێکاری به‌نگلادیشی له کوردستان... فۆتۆ: وه‌رگیراوه له ئه‌نته‌رنێت |
هه‌ڤاڵ نه‌ژاد
به‌نگلادیشییه‌کان، پێش ئه‌وه‌ی بێنه کوردستان، باوه‌ڕناکه‌م
ناوی کورد و کوردستانیشیان بیستبێت. دێن و به ماوه‌یه‌کی که‌م به کوردییه‌کی
جوان و ڕه‌وان قسه ده‌که‌ن.
عه‌ره‌ب، که به‌زۆری زۆرداری ده‌ڵێن برامانن و له‌وه‌ته‌ی
هه‌ن برا گه‌وره‌ش بوون، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی سه‌دان و هه‌زاران ساڵه، هه‌رچۆنێک
بێ دراوسێمانن. به خۆشی بووبێ یا به زه‌بری شمشێر، ئێستا خوشک و برای دینیمانن،
هه‌ڵبه‌ته به برا گه‌وره‌یی ئه‌وان و بچووکی و شوێنکه‌وته‌یی ئێمه له رۆژی یه‌که‌مه‌وه
تا ئێستا.
نزیکه‌ی 100 ساڵه، کوردانی باشوور و کوردانی باشووری
رۆژئاوای کوردستان، خراونه‌ته ژێر ده‌ستی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی عێراقی و
سووری. له‌و ده‌مه‌وه عه‌ره‌بی عێراقی بۆ که‌یف و خۆشی خۆیان دێنه (شیمال ئه‌لحه‌بیب)ی
عێراق. له دوای سه‌ره‌ونگوم بوونی رژێمی به‌عسی عه‌ره‌بی، ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار
و دکتۆر و پارێزه‌ر و مامۆستای زانکۆیان ڕوویان کردۆته کوردستان، هه‌یانه 8 ساڵه
له کوردستان ده‌ژیت، به‌ڵام فێری کوردی نه‌بووه! کاتێک باسی زمانی کوردی ده‌کات،
زۆر بێ شه‌رمانه سووکایه‌تی پێ ده‌کات و ئێمه‌ش سه‌ری سهرشۆڕیمانی بۆ ده‌له‌قێنین!
چه‌ندین جار له کاتی قسه‌کردنم به زمانی کوردی له
زانکۆ، ئه‌و قسه‌یه‌م لێ بیستوون که سووکایه‌تییه‌که تا ئه‌وپه‌ڕی، کاتێک ده‌ڵێن کوردی زمانی سه‌رچاوه‌ی زانستی ( زمانی مه‌سده‌ر)
نییه و له تاقیکردنه‌وه به کوردی مه‌نووسن!
خۆ ئه‌گه‌ر راستگۆ بین له‌گه‌ڵ خۆشمان‌دا، ئه‌م سووکایه‌تییه‌ی
ئه‌وان به‌شێکی ڕاستیشی تێدایه، چونکه ئه‌وانه‌ی ماسته‌ر و دکتۆرایان خوێندووه
ئه‌وه‌نده‌یان باوه‌ڕ به خۆ و زمانی کوردی نه‌بووه که چه‌ند کتێبێکی کوردی
بنووسن، تا نه‌بینه گاڵته‌جاری ئه‌و عه‌ره‌به پێ په‌تییانه، لای من ئه‌و
کوردانه زۆر له‌و عه‌ره‌بانه که‌مترن، ئیدی با دکتۆرایان نه‌بێ، فه‌یله‌سووف بن!
ته‌نها بیر له‌وه بکه‌نه‌وه، به‌نگلادیشییه‌ک، له‌وپه‌ڕی
دنیاوه دێ، له ژیانیدا ناوی کورد و کوردستانی نه‌بیستوه. به ماوه‌یه‌کی که‌م
فێری کوردی ده‌بێت و قسه‌ی پێ ده‌کات، جگه له ڕێز، هیچ ڕقێکی به‌رامبه‌ر کورد و
کوردستان نییه.
عه‌ره‌بیش، که له دایک ده‌بن، ده‌زانن کورد و کوردستان
کێ و چین! هه‌ر گه‌رمایان بوو دێنه شیمالی ئه‌لحه‌بیب تا فێنک ببنه‌وه. ده‌سه‌ڵاتیان
بێ دێن ئه‌نفالمان ده‌که‌ن، لێیان ده‌قه‌ومێ دێنه کوردستان و ماڵ و خانوو و بازار
له‌سه‌ر کوردی هه‌ژار گران ده‌که‌ن، ده‌بنه کارمه‌ند و مامۆستای زانکۆ و سه‌رۆکی
به‌ش و ڕاگری کۆلێژ.
به کورتی، تاڵیمان بێ و ترشیمان بێ، لێمانه‌وه نزیکن.
که‌چی هه‌ر فێری زمانی کوردی نابن و ته‌نانه‌ت ڕێزیشی ناگرن!
ئێستا ئێوه بڵێن، وێڕای که‌موکوڕی خۆمان له‌و ڕووه‌وه،
ئایا عه‌ره‌ب میلله‌تێکی گه‌مژه‌ن وا فێری کوردی نابن؟ یا میلله‌تێکن، شۆڤێنی و تا
سه‌ر ئێسقان دژ به کورد و کوردستان و نایانه‌وێ فێربن؟ یا ئه‌گه‌ر فێریش بن قسه‌ی
پێ ناکه‌ن؟
2 سەرنج:
لاموایه گرنگ نه‌بێت به لایانه‌وه فێربن، ئه‌وان به عه‌ره‌بی کاری خۆیان ڕایی ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شیان که مامۆستای زانکۆ یان دکتۆرن، ئه‌وه خه‌ڵکه‌که‌ی خۆمانه که پێویسته زمانی ئه‌وان بزانێت بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌یان له‌گه‌ڵ بکات. ئێمه ناکرێت له‌سه‌ریان فه‌رز بکه‌ین کوردی فێربن، ئه‌وه‌ی ده‌بێت بیکه‌ین ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی فه‌رهه‌نگی خۆمانه، ئه‌وکات ئه‌و بیانیانه‌ی دێن بۆ ئێره به‌پێویستی ده‌زانن کوردی فێربن.
سپاس بۆ به‌شداریت کاک دیلان.
ڕاسته، به‌لایانه‌وه گرنگ نییه فێری کوردی ببن، به‌ڵام ئه‌مه هۆکاری خۆی هه‌یه. به بڕوای من، ئه‌وان رقێکی نا سروشتیان به‌رامبه‌ر وشه‌ی کورد و کوردستان و زمانی کوردی هه‌یه، عه‌ره‌ب هه‌یه کوردییه‌کی باش ده‌زانێ، به‌ڵام ئاماده نییه قسه‌ی پێ بکات. هه‌روه‌ها زمانه‌که‌یان به زمانی دین و خودا ده‌زانن، چاوه‌ڕێ ده‌که‌ن هه‌موو جیهان فێری زمانی ئه‌وان ببن، به‌تایبه‌ت مسوڵمانان.
منیش پێم باش نییه به‌زۆر فێربوونی کوردیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن، به‌ڵام پێویسته بکرێته مه‌رج که ئه‌وه‌ی دێته زانکۆکانی کوردستانه‌وه فێری کوردی ببێت ( ئه‌مه له ڕووی یاساییشه‌وه ڕێگه‌ی ده‌درێ) ئه‌و کاته خۆی سه‌رپشک بێ له‌وه‌ی فێرببێ یان نا!
هه‌روه‌ها، سه‌ت له سه‌ت له‌گه‌ڵتم که ده‌بێ فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانی کوردی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌هێز بکه‌ین، خۆشمان وه‌ک تاک ڕێز له زمانه‌که‌مان بگرین و به‌رامبه‌ر بێگانه خۆمان به‌که‌م نه‌زانین و پێی بدوێین.
Post a Comment