30 December 2010

پەرلەمان و حکومەت و دادگا گلەییان هەیە! ئەی ئێمە گلەیی لە کێ بکەین؟


هەڤاڵ نەژاد

لە یادی رۆژی مافەکانی مرۆڤ، رۆژی ٩-١٢-٢٠١٠ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و کوردستان (UNAMI)، نووسینگەی مافی مرۆڤ، دانیشتنێکی بۆ نوێنەرانی پەرلەمان و حکومەت و ئەنجومەنی دادوەری و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی رێکخست. سەبارەت بە جیاکاری مافی مرۆڤ و رەوشی مافی مرۆڤ بەگشتی لە کوردستاندا.
منیش وەک نوێنەری رێکخراوێکی مەدەنی (ناوەندی ئایندە بۆ پرسەکانی گەنج) بەشداربووم، ئەوەی جێگەی سەرنج و هەڵوەستە لەسەرکردنم بوو لەو دانیشتنەدا، نوێنەرانی پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری و حکومەت، گلەییان هەبوو لە رەوشی مافی مرۆڤ لە کورستان و هەریەکەو لەلایەی خۆیەوە دەردەڵی لە بوارەکەی خۆی دەکرد.

نوێنەرانی پەرلەمان، ئاماژەیان بەوەدەکرد هێشتا لە کوردستان جیاکاری دەکرێت لە مافی مرۆڤ و مافی مرۆڤ وەک پێویست پیادە ناکرێت، بیانووشیان بۆ ئەوە ئەوەبوو کورستانیش بەشێکە لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەک چۆن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاکاری هەیە، لە کوردستانیشدا هەیە، لە کاتێکدا دەسەڵاتی کوردی سەری زمان و بنی زمانی بانگەشەی نموونەی دیموکراتییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست! دیارە بەلای دەسەڵاتی کوردییەوە مافی مرۆڤ بەشێک نییە لە دیموکراتی و دەبێ ئەو پرسە لە ئەزموونە پرشنگدارەکەی دیموکراتی کوردستان، بێنینەدەر!
نوێنەری حکومەت، کە سەرۆکی ئەنجومەنی خانمان بوو، بەهەمان شێوە باسی لە رەوشی خراپی مافی مرۆڤ و بەتایبەت توێژی ئافرەتان دەکرد، کە تا هەنووکە مافی ژنان بنپێ دەکرێت و رۆژانە ژنان دەکوژرێن و سوکایەتییان پێدەکرێت.
نونێەری ئەنجومەنی دادوەریش، بەهەمان شێوە باسی رەوشی مافی مرۆڤی دەکرد و ئاماژەی بەوە دەدا لە کوردستان خەڵک هەیە چوار ساڵە راگیراوە ( تەوقیف) بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێت! لەکاتێکدا زۆرترین ماوە بەپێی یاسا نابێت لە شەش مانگ تێپەڕێ. جگە لەوەی باسی رەوشی خراپی شوێنی دادگاکانی دەکرد کە بەهیچ شێوەیەک شیاوی دادگا نییە و مرۆڤ کاتێک دەچێتە ناویان هەست بە بێزاری دەکات!
ئیدی هیچ قسەکیان بۆ ئێمە نەهێشتەوەو هەرچی کەم و کوڕی و دەردەڵ بوو کردیان، کاتێک نۆرەی من هات بۆ قسەکردن،گوتم: ئێوە کە هەرسێ کۆڵەکەکەی دەسەڵاتن ( پەرلەمان- یاسادانان، حکومەت- لایەنی جێبەجێکار، دادگا- چاودێر) گلەیی دەکەن و باسی رەوشی خراپی مافی مرۆڤ دەکەن، ئیدی ئێمە گلەیی لە کێ بکەین؟ لە کاتێکدا دەرچوواندنی یاسا بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و جێبەجێکردن و چاودێریکردنی ئەرکی ئێوەیە!
ئێستا لە کوردستان بۆتە شتێکی باو کاتێک بەرپرسێک رووبەڕووی هاوڵاتیان دەبێتەوە، یەکسەر باسی گەندەڵی و کەموکوڕییەکانی دەسەڵات دەکات و دەکەوێتە دەردەدڵ، ئیدی بەوە پێش هاوڵاتیان دەکەون و بەشێوەک قسەیان دەبڕن. بەبێ ئەوەی بەرپرسیارێتی خۆیان لەمەڕ ئەو پرسە وەئەستۆبگرن، یان ئیرادەی چاکسازی و نەهێشتنی ئەو گەندەڵی و کەموکوڕییانەیان هەبێت، لە کاتێکدا رەنگە خۆیان بەشێک بن لەو گەندەڵی و کەموکوڕییە.
وەک بڵێی ئەوان تەنێ بۆ ئەوە دانرابن و سوێندیان خواردبێ تا موچەی باش و خانووی باش و هەموو شتێکی باش بۆ خۆیان ماڵ و منداڵ و تەنانەت کەس و کاریشیان دابین بکەن و میلـلەتیش چش! مرۆ کاتێک هەڵوێستی لەو چەشنە دەبینێ لە دەسەڵاتدارانی کوردستان، توشی شۆک دەبێت، ئاخر شتی وانەبووە ئەوەی پێویستە پارێزەری لە مافی مرۆڤ بکات و جێبەجێکردنی یاسا ئەرکی ئەو بێت، یاسا پێشێل بکات و مافی مرۆڤ بنپێ بکات ، خودی خۆشی بێت گلەیی بکات!
بەکورتییەکەی تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز خاوەن ماڵی گرت!
لە ژمارە ٤٥ی رۆژنامەی رووبەر لە ٢٨-١٢-٢٠١٠ بڵاوکراوەتەوە

0 سەرنج:

Post a Comment