06 July 2015

ئێوە کەی ماندوو دەبن؟

هەڤاڵ نەژاد
ئەندامانی پارتەکان بەشێوەیەک پەروەردە کراون، هەمیشە چاویان لەسەر نەیارەکانی حیزب بێ و لەمەڵاسدا بن بۆ گرتنی هەر هەڵە و کەموکوڕییەک، بەڵام بۆ هەڵەکانی حزبی خۆیان وا نین، چاویان داخراوە، تەنانەت ئەگەر بشی بینن، باسی ناکەن.
ئەو نەخۆشییە، لە نێو ڕۆژنامەوان، نووسەر، میدکاری حیزبەکاندا  پتر بڵاوە و ڕوونتر خۆی دەنوێنێ. بۆ عەیبەی خۆیان چاویان کوێر کردووە، بەڵام هەموو لە مەڵاسدان بچووکترین هەڵە و کەموکوڕی نەیارەکانی حیزب ببینن و بیکەنە هەڵڵا و بە ناوی ڕەخنەوە ژەهر ببارێنن، هەفتەیەک و دووانیش و زیاتریش پێخۆریی پێ دەکەن.

دادە گیان، کاکەبرا، کە وەک ڕاوچی خۆت حەشارداوە عەیبەیەکی حیزبە نەیارەکەت ببینی و لێی لە قاو بدەی و بیدەیە بەر ڕەخنە، ئەو ڕەخنانەت بە یەک توری قوڕاوی ناکڕم. درۆ دەکەیت، باوەڕت پێ ناکەم هەرچەندە ڕەخنەکەشت ڕاست بێ، چونکە مەبەستی تۆ ئەو ڕاستییە نییە کە دەیڵێی، بەڵکو تەنها دەتەوێ حیزبە نەیارەکەت بشکێنی، نەک ئەوەی لە ڕەخنەکەتدا ئاماژەی پێ دەکەی. تۆ دەتەوێ بە گەورەکردنی عەیبەکانی ئەو، بێ ئابڕووییەکانی حیزبەکەی خۆت داپۆشی.
تۆ کە بە حیزبی ئەلف دەڵێی گەندەڵە و سەرکردە و بنکردەی خراپن و لەسەریان دەنووسی، ڕاست دەکەیت ئەوان وان، بەڵام باوەڕت پێ ناکەم چونکە خۆت ئەندامی حیزبێکی ئەگەر لەو گەندەڵتر نەبێ، لانی کەم وەک ئەوە، قەتیش ڕەخنەی ئەوەت لێ نەگرتووە. کە دەڵێی حیزبی بێ کوڕی کوردی کوشتووە و تاوانەکەی ڕەخنەی دەکەیت، ڕاست دەکەیت، بەڵام درۆ دەکەی کە ڕەخنە لە  تاوانەکەی حیزبی بێ دەگری، چونکە حیزبەکەی خۆت ئەگەر لەو پتری نەکوشتبێ، لانی کەم شان لە شانی دەدا لە مرۆڤ کوشتندا.
لەوەتی دەخوێنمەوە، وتار و نووسینی ئاوا بێزراوی کادرە حیزبییەکان دەبینم، کاتێک هێشتا منداڵ بووم بەهۆیانەوە هەمیشە خراپییەکانی حیزبەکانم دەبینی، یەکیان نەبێ، پێموابوو ئەو حیزبە بێ کەموکوڕییە کە من خۆشم دەوێ، ئەوەکانی دی هەمووی خراپن. بە خۆشحاڵییەوە زوو تێگەیشتم، هەمووی مناڵی دایکێکن، یەک پەروەردەیان هەیە، تەنها ناو و تەمەنیان جیاوازە.
ئەوەندەم لەو قۆڕیاتانەم بینیوە ماندوو بووم، ئێستا ئیتر قێزم هەڵدەستێ کە دەبینم ئەندامانی (پارتی، پەکەکە، یەکێتی، گۆڕان، ئیسلامییەکان، دیموکراتەکان، کۆمەڵەکان...هتد) هەمیشە لە مەڵاسدان تا عەیبەی یەکتر بگرن و بیکەنە هەڵڵا. من ماندوو بووم لە بیستن و خوێندنەوەی ئەو هەموو قسە سواوانە، کەچی ئەوان هەر ماندوو نابن، نەخێر بەهیچ شێوەیەک ماندوو نابن، بەڵکو گەرموگوڕتریش بوون، جاران تیڤی و رادیۆ و رۆژنامە و گۆڤارەکانیان پێ دەتەنییەوە، من کە زۆرتر حەزم لە خوێندنەوەیە، بە زۆری لە رۆژنامە و گۆڤارەکان دەمدین، ئێستا رۆژانە لە فەیسبووک دەیان و سەتان دەچەقنە چاوم. دەزانم دەڵێی جا بۆ دەیانخوێنیتەوە، بۆ دەیانکەیتە هاوڕێی فەیسبووکت؟ ڕاست دەکەیت، بەڵام ئەگەر بمەوێ وابکەم، یا دەبێ نەخوێنمەوە و فەیسبووکەکەشم داخەم، یا کەس نەکەمە هاوڕێ، ئاخر کێ حیزبی نییە؟ تاک و تەرا! تەنانەت ئەوانەی ژەهری حیزبیش ناڕێژن، تاک و تەرا نەبێ کە نووسینی جوان دەنووسن و چێژ لە خوێندنەوەیان وەردەگرم، ئەوی دی زۆرینەیان خەریکی شیعرۆکە نووسین و بڵاوکردنەوەی قسەی زلی ئەو نووسەر و فەیلەسووفانەن کە نە من و نە خۆشی نەمانخوێندۆتەوە، لەوانیش تێر بووم، بینینیان ماندووم دەکا.
کاکی خۆم، دادەی هێژا، فێربن ڕەخنە لە خۆتان بگرن پێش ئەوەی لە حەشاردا بن بۆ حیزبەکانی تر. یەخەی حیزبی خۆتان بگرن، کە هێندەی دنیا چڵکی تاوان و گەندەڵی پێوەیە، ئەمجار پڕدەنە حیزبەکانی تر. هەرکاتێک ڕەخنەیەکت لە حیزبەکەی خۆت گرت، باوەڕت پێ دەکەم ئەگەر سێ ڕەخنەشت لە حیزبەکانی تر گرت. وا نەکەیت، هەزار ڕەخنەی ڕاستیش بگری باوەڕت پێ ناکەم و درۆ دەکەیت.

لەوە درێژتری ناکەمەوە، من ماندوو بووم لە بینینی ئەو هەموو دوو ڕوویی و چاوقایمییەتان، لەو خووە خراپەتان، ئێوە کەی ماندوو دەبن و تەرکی دەکەن؟

0 سەرنج:

Post a Comment