09 October 2012

چەند سەرنجێک لەسەر پرۆژە یاسای پاراستنی پیرۆزییە ئایینییەکان


هەڤاڵ نەژاد 
پرۆژە یاسای پاراستنی پیرۆزییە ئایینییەکان، کە دراوەتە پەرلەمانی کوردستان، لەم ماوەیەدا قسەی زۆری لەبارەوە کراوە و بەیاننامە و هەڵوێستی جۆراوجۆری لەبارەوە دەرکراوە. منیش دوای خوێندنەوەی پرۆژە یاساکە، ئەم سەرنجانەم هەیە لەسەری.
لەو پرۆژە یاسایەدا، چەند دەستەواژەیەکی وەک (گاڵتەكردن، سووکایەتی، سووک باسکردن) تێدایە کە دەکرێ بەچەندین شێوە لێکدانەوەی بۆ بکرێ. ئەمەش کەموکوڕییەکە و دەکرێ لە داهاتوودا زۆر بەئاسانی دژی نووسەران و رۆژنامەوانان بەکاربێت.


باشترین نموونە بۆ ئەوەی کە لێکدانەوەی جیاواز بۆ ئەو دەستەواژانە دەکرێ، مادەی یەکەمی پرۆژە یاساکەیە. " سوكایەتی بە خوا (جل جلاله) و پێغەمبەران (سه‌لامی خودایان لەسەر) و قورئانی پیرۆز و كتێبە ئاسمانیەكان تاوانە لەلایەن هەر كەس و لایەن و دەزگایەكەوە بێت و بە ئازادیی ڕادەربڕین دانانرێت."

بۆ نموونە، دەکرێ هەر رەخنەیەک لە ئایینی ئیسلام، وەک سووکایەتی لای مسوڵمانەکان لێک بدرێتەوە بە گوێرەی ئەو مادەیە و، بچن سکاڵا تۆمار بکەن!
ئەگەر مەلایەک یا مسووڵمانێک رەخنەی لە ئینجیل گرت و، گوتی: دینی مەسیح دینێکی ناراستە وو دەستکاری کراوە. ئەمەش لای مەسیحییەکان سووکایەتییە و دەچن سکاڵا تۆمار دەکەن!
رەخنە لە ئیسلام لای کەسی رەخنەگر، وەک سووکایەتی نییە و دەڵێ رەخنەم گرتووە، نەک سووکایەتی. رەخنەگری ئینجیلیش کە بەزۆری  مەلای مسوڵمانن، رەخنەکە وەک سووکایەتی نابینن، مەلا دەڵێ من بەڵگەم لایە! ئەم رەخنەیەی مەلاکان رۆژانە دووبارە کراوەتەوە و کەس نەیتوانیوە هیچیان بەرامبەر بکات، دوای یاساکەش وا دەبێ!
هەر بۆ نموونەو وەزیری ئەوقافی حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان، کامیلی حاجی عەلی، کە سەر بە بزووتنەوەی ئیسلامییە، لە رۆژنامەی باس، چاپی هەولێر، دەڵێ:" ئینجیل دەستکاری کراوە و لە ئەگەری سووکایەتی پێکردنیدا هەڵوێستمان نابێت" (١) ئەمە لە کاتێکدا، وەزیر، وەزیری هەموو ئایینەکانی کوردستانە، نەک تەنها هی ئیسلام!

ئەگەر سەرنج بدەینە ئەم مادەیە و چۆنیەتی لێکدانەوەکان، کە هەرلایەک بە دڵی خۆی لێکی دەداتەوە، لێکدانەوەکانیش لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا لە بەرژەوەندی مسوڵمان و ئیسلام دەبێ. بۆمان دەردەکەوێ ئەم مادەیە و یاساکە بەگشتی، بەو سزا توندانەی لە ناویدا دیاری کراون، وەک مینێکە و دەکرێ لە هەر کاتێکدا بتەقێتەوە!

پرۆژە یاسای پاراستنی پیرۆزییە ئایینییەکان، زیاتر لە فشاری لایەنە ئیسلامییەکان دەچێت، لە ژێر کاریگەری سەرکەوتنی ئیسلامییەکان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەوانیش لێرە وزەی لێوە وەردەگرن. بۆیە ئەو پرۆژەیە بە تەواوی لە خزمەتی ئیسلامی سیاسی دایە و دەکرێ ئەوان زۆرترین سوودی لێ وەرگرن.

بە بڕوای من، یاسای لەم جۆرە پێویست نییە و لەبەرژەوەندی کۆمەڵگەدا نییە, ئەگەر بەو شێوەیەش پەسەند بکرێ، لە داهاتوودا قەیرانی گەورە دەخوڵقێنێ!


ژێدەر:
١- رۆژنامەی باس، سێ شەممە ٢-١٠-٢٠١٢ لاپەرە ٤


پڕۆژە یاسای '' پاراستنی پیرۆزییە ئاینیەکان''

ماددەی یەكەم:
سوكایەتی بە خوا (جل جلاله) و پێغەمبەران (سه‌لامی خودایان لەسەر) و قورئانی پیرۆز و كتێبە ئاسمانیەكان تاوانە لەلایەن هەر كەس و لایەن و دەزگایەكەوە بێت و بە ئازادیی ڕادەربڕین دانانرێت.

ماددەی دوەم:
ئەم كردەوانە بە سوكایەتی بە پیرۆزیەكان دادەنرێن:
1. جوێندان و گاڵتەكردن بە خودای گەورە.
2. جوێندان و گاڵتەكردن و سوك باسكردن و وێنەی ناشایستە كردنی پێغەمبەران.
3. سوتاندن و دڕاندن و فڕێدانی قورئان و كتێبە ئاسمانیەكان و بەكارهێنانی ناوەڕۆكەكانیان بەناشیاوی.
4. بەكارهێنانی پەڕەكانی قورئان و ناوەڕۆكەكەی بە مەبەستی خراپ بۆ كاڵا بازرگانیەكان.
5. هاوردەكردن و فرۆشتنی كاڵای بازرگانی كە بێڕێزیی بەرامبەر خوا و پێغەمبەران و كتێبە ئاسمانیەكان تێدابێت.
6. هەر كەسێك دەستدرێژی بكاتە سەر شوێنێك تایبەت كرابێت بە خواپەرستیی یەكێك لە ئایینەكان.
7. هەر كەسێك گاڵتە یان جوێن بدات بە یەكێك لە دروشمە ئایینیەكان.

ماددەی سێیەم:
هەر كەسێك یەكێك لەم تاوانانەی ماددەی 3 ئەنجام بدات سزا دەدرێت بە زیندانی كە لە (5) پێنج ساڵ كەمتر نەبێت و لە (10) ساڵ زیاتر نەبێت و بە غەرامەیەك كە لە 10 ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە 50 میلیۆن زیاتر نەبێت.

ماددەی چوارەم:
هەر هۆیەكی ڕاگەیاندن ئەم كردەوانەی ماددەی (3) بڵاو بكاتەوە دادەخرێت بۆ ماوەیەك لە یەك ساڵ زیاتر نەبێت و لە شەش مانگ كەمتر نەبێت لەگەڵ غەرامەیەك كە لە 10 ملیۆن كەمتر نەبێت و لە 50 ملیۆن زیاتر نەبێت.

ماددەی پێنجەم:
لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكانە كە ڕێنمایی پێویست دەربكات بۆ ئاسان جێبەجێكردنی ئەم یاسایە.

ماددەی شەشەم:
كار بە هیچ دەقێك ناكرێت كە پێچەوانەی ئەم یاسایە بێت.

ماددەی حەوتەم:
ئەم یاسایە جێبەجێ‌ دەكرێت لە ڕۆژی دەرچونی لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی كوردستان.

هۆكارەكانی دەرچون:
لەپێناو پاراستنی ڕێز لە بەها ئایینیەكان لە سوكایەتی پێكردن و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و خراپ بەكارنەهێنانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ئازادیی ڕادەربڕین، ئەم یاسایە دەرچوێنرا.


سەرنج: ئەم پرۆژە یاسایە، لە ماڵپەری وارڤین وەرگیراوە.

0 سەرنج:

Post a Comment