30 December 2010

هەڤاڵ نەژاد لە بەرنامەیەکی رادیۆیی تایبەت بە پرۆژە یاسای کاری رێکخراوەیی


 رادیۆی هەولێر ، دەنگی مەڵبەندی ٣ ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرنامەیەکی راستەوخۆی دەربارەی پرۆژە یاسای کاری رێکخراوەیی پێشکەش کرد و تێیدا هەڤاڵ نەژاد بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی ناوەندی ئایندە میوان بوو.
سەرەتا پێشکەشکاری بەرنامەکە پرسیاری دەربارەی ئەو پرۆژە یاسا و پێشنیارانە کرد کە لە لایەن ناوەندی ئایندەوە لە کۆنفرانسێکدا خرانە روو ، لە وەڵامدا هەڤاڵ نەژاد تیشکی خستە سەر کارو چالاکیەکانی ناوەندی ئایندە لەو بوارەوە کە بریتیبوون لە ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ رێکخراوەکانی هەرسێ پارێزگا بۆ ئەو مەبەستە و دواتر کۆکردنەوەی نزیکەی ٨٠ رێکخراو لە کۆنفرانسێکی هەرێمایەتیدا و کۆکردنەوەی سەرنج و پیشنیاری رێکخراوەکان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایەی لەلایەن حکومەتەوە ئامادە کراوە.

هەروەها هەڤاڵ لە درێژەی پرس و وەڵامەکانی بەرنامەکە تیشکی خستە سەر ئەو لیژنەیەی کە لە کۆنفرانسەکە هەڵبژێردراون بۆ بەدواداچوونی کارەکانی کۆنفرانس کە تا ئێستا چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامداوە ، هەروەها ئەوەش خرایەروو کە پێشنیار و راسپاردەی رێکخراوەکان پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان کراوە.
هەر لەو بەرنامەیەدا هەڤاڵ نەژاد ناوەرۆکی پێشنیارەکانی رێکخراوەکانی خستە روو لە خۆی لە سێ تەوەری سەرەکی دەبینێتەوە ، کە بریتین لە :
یەکەم : لەرووی دامەزراندنەوە ، رێکخراوەکان هەمووی پێیان باشە ئەم سیستەمەی ئێستا بگۆرێت و چیتر رۆتینات و رێوشوێنی نا دیموکراتی نەمێنێ و دروستکردنی رێکخراو بکرێتە تۆمارکردن لە بری دامەزراندن
دووەم : لە رووی بودجەوە ، لەو کۆنفرانسەدا رێکخراوەکان داوایان کردووە لە یاسای تازە ٢% بودجەی حکومەت بۆ کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دابین بکرێت، هەروەها بودجە بە پێی پرۆژەی رێکخراوەکان بێت نەوەک وەک ئێستا بە شێوەیەکی هەرەمەکی و بەپێی ئارەزووی تاکەکەسی بەرپرسان پارە ببەخشنەوە بەسەر رێکخراوەکان ، کە بۆتە هۆی ناشرین کردنی ناوی رێکخراوی مەدەنی.
سێهەم : کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆی هەڵبژێردراو لە لایەن رێکخراوەکانەوە سەرپەرشتی کاروباری رێکخراوەکان بکات و راستەوخۆ لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە سەرپەرشتی و چاودێری بکرێت.

0 سەرنج:

Post a Comment