07 October 2017

دوو سەرنج سەبارەت بە دوو کێشەی دەستووریی نیوان هەولێر و بەغدا


هەڤاڵ نەژاد

یەک/ دەروازە سنوورییەکان 

فشاری بەغدا بۆ ورگرتنەوەی فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان لە کوردستان، شتێکی تازە نەبوو و هۆکارەکەشی ڕیفراندۆم نەبوو، وەک ئێستا وا دەبینرێ کە ئەوە هۆکار بێت. لە ڕابردوودا چەندین جار بەرپرسانی بەغدا ئاماژەیان بە وەرگرتنەوەی دەروازە سنوورییەکان کردووە و گوتویانە کە ئەو داهاتەی لەو سنوورانە هەیە، ناگەڕێنەوە نێو بودجەی عێراق. واتە ئەگەر ڕیفراندۆمیش نەکرایە، بەغدا هەرکاتێک بەهێز ببوایەتەوە ئەو کارەی دەکرد، چونکە ئەوان بە مافی خۆیانی دەزانن بەگوێرەی دەستوور!

دوو/ سیاسەتی دەرەوە
بەگوێرەی دەستووری عێراق، سیاسەتی دەرەکی عێراق لە لایەن حکومەتی ناوەندییەوە دادەڕێژرێ و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەو چوارچێوەیە مامەڵە بکات. بەڵام ئەوەی ئەم چەند ساڵە لەو ڕووەوە بینراوە، حکومەتی کوردستان، بەبێ گەڕانەوە بۆ سیاسەتی دەرەکی بەغدا، وەک دەوڵەتێکی دیفاکتۆ پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان بەستووە و زۆرجاریش سیاسەتی دەرەکی کوردستان پێچەوانەی سیاسەتی دەرەکی عێراق بووە، بۆ نموونە عێراق لەگەڵ سووریا دۆست بووە لەم ساڵانەی جەنگی سووریا، بەڵام کوردستان دژی بووە! هەر بۆیە عێراق ئەوە بە پێچەوانەی دەستوور و دەسەڵاتی خۆی دەزانێ، بۆیە ئێستا کە داوای داخستنی کونسوڵگەرییەکان دەکات لە کوردستان و ئاسمانی کوردستان دادەخات، شتێکی تازەی تایبەت بە ڕیفراندۆم نییە، بەڵکو دەمێکە چاوەڕێی ئەوە دەکات کە نەختێک بەهێز ببێتەوە و بەهێز ئەو دەسەڵاتەی کوردستان لە پەیوەندی دەرەکیدا هەیەتی، نەیهێڵێ.

کورتەی باس؛ ڕیفراندۆم هەنگاوەکانی ئەوانی پێش خست و ئاشکرای کردن. ئەو کاردانەوانەی بەغدا دەیانکات، لەم کاتەدا وەک پەرچەکرداری ڕیفراندۆم دەبینرێ، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە چەندین ساڵە بەغدا دەیەوێ ئەنجامیان بدات و چاوەڕێی هەلێکی دەکرد ببێتەوە ناوەندێکی بەهێز و بەهێز دەسەڵاتی خۆی بەسەر کوردستاندا بسەپێنیت. 

0 سەرنج:

Post a Comment