30 March 2011

شاندێکی سەنتەری رۆشنبیری فەڕەنسی سەردانی ناوەندی ئایندە دەکەن

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠-٣-٢٠١١، شاندێکی سەنتەری رۆشنبیری فەڕەنسی لە هەولێر سەردانی ناوەندی ئایندە بۆ پرسەکانی گەنج یان کرد و لەلایەن ستافی ناوەندی ئایندەوە پێشوازیکران. لەو سەردانەدا ئاماژە بە پرۆژە و کارەکانی ناوەندی ئایندە لە ئێستا و رابردوو کرا و ئاماژە بە مەبەستی سەردانی شاندی فەڕەنسی کرا کە کارکردنی هاوبەش و پێکەوەیی بوو لەگەڵ ناوەندی ئایندە. هەروەها بریاردرا چەند کارێک پێکەوە ئەنجام بدرێت :

29 March 2011

کاتێک هەولێر دەبێتە شەقامێکی تورکیا

ئەمرۆ بەهۆی سەردانی میری رەگەزپەرست و کوردکوژان، زۆرێک لە شەقامەکانی پایتەخت وێڕای ئاڵای رەگەزپەرستانەی تورکیا، پڕبوون لە هێزی چەکدار بۆ پاسەوانی مەلا ئەردۆگان. مەلاش چ مەلا، شێخ رەزا گوتەنی
بەتەحریکی تاڵێکی سەد هەزار نەفس بە کوشتن دەدا 
رەئیسی حیلەکارانە شای قومار بازانە ئەم ریشە.
 ئاخر سەردانی دیپلۆماسیش رەوشتی هەیەو لەسەر بنەمای بەرژوەندی و ریزگرتنی هاوبەشە، نەک وەک ئێمە هێندە خۆمان بچووک ببینین و شار پڕکەین لە ئاڵای تورکان و بەشەرمەوە ئاڵایەکی خۆمان لە تەنیشتییەوە هەڵدەین.

20 March 2011

ئاهەنگی نەورۆزی ٢٠١١ لە هەولێر


هەواڵ و وێنە: هەڤاڵ نەژاد
ئێوارەی ئەمڕۆ ٢٠-٣-٢٠١١ لە پارکی شانەدەری شاری هەولێر، وێرای کردنەوەی ئاگری نەورۆز،ئاهەنگێکی جەماوەری بەرێوەچوو. لە ئاهەنگەکەدا بەخۆشحاڵییەوە جگە لە ئاڵای کوردستان، ئاڵایەکی دیکە نەدەبینرا.
ئاهەنگ و ئاگرکردنەوەی نەورۆزی ئەمساڵ ئامادەکارییەکی باشی بۆ کرابوو لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە.

18 March 2011

نەورۆزتان پیرۆزبێت

نەورۆز هێمای سەرکەوتن و نوێبوونەوە 
نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە هەموو کوردان پیرۆزدەکەم و هیوادارم بەهارێکی خۆش و ساڵێکی پڕ سەرکەوتن بێت بۆ گەلی کورد. هیوادارم نەورۆزەکانی داهاتوو لە کوردستانی سەربەخۆ لەژێر ئاڵای کوردستاندا ئاگری نەورۆز بکرێتەوە و چیتر ئاڵای داگیرکەران نەبینین.

دووبارە نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە هەموو گەلی کورد پیرۆزبێت.

هەڤاڵ نەژاد

12 March 2011

١٢ی ئازار ساڵیادی سەرهەڵدان و کۆمەڵکوژی کوردانی رۆژئاوای کوردستان


ئەمرۆ ساڵیادی سەرهەڵدانی کوردانی رۆژئاوای کوردستانە لە شاری قامیشلۆ، کە لە لایەن رژێمی بەعسی سووریاوە بەشێوەیەکی هۆڤانە بەرپەرچی کوردانیان دایەوەو دەیان و سەدانیان لێ شەهید و بریندار و قۆڵبەست کردن.
ئەم سەرهەڵدانەی کوردان لە ١٢-٣-٢٠٠٤ لە ئەنجامی یارییەکدا لە نێوان دوو تیمی وەرزشی، کە یەکیان عەرەبی و ئەوی دیکە هی کوردانی قامیشلۆ بوو، روویدا. ئەویش بەهۆی ئەوەی دوای یاریەکە عەرەبەکان بە هاوکاری دەسەڵاتی سوریا هێرشیانکردە سەر کوردان و ژمارەیەکیان شەهید کرد و ئەمەش وایکرد کوردان لە شارەکانی رۆژئاوای کوردستان راپەڕن، بەڵام دەسەڵاتی سووری دڕاندانە کەوتنە گیانی لاوانی کورد و کۆمەڵکوژیان کردن و لە ئەنجامدا ٣٥ کەسیان شەهید کرد، وێڕای بریندارکردنی دەیان و سەدانی دیکە.
جێگەی وەبیرهێنانەوەیە لە ئێستادا رژێمی سووریا بەشێوەیەکی زۆر سیستەماتیک جینۆسایدی کوردان بەرێوەدەبات و هەموو قۆناغەکانی تێپەڕاندووە و دەیەوێ وێڕای داگیرکردنی خاکی کوردان، رەگەزی کوردانیش نەهێڵێ.

11 March 2011

یادی راپەڕین یان خۆنمایشکردنی حیزبەکان

١١ی ئازاری ٢٠١١- هەولێر- فۆتۆ: هەڤاڵ
هەڤاڵ نەژاد
ئەمڕۆ ساڵیادی رێککەوتنامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ و هاوکات یادی راپەڕینی شاری هەولێری پایتەخت بوو. لە بەردەم بازاری نیشتمان گوایە یادی ئەو رۆژە دەکەنەوە و هەزاران هاوڵاتی کۆببوونەوە، لێ لە راستیدا هێندەی نمایشکردنی حیزبیانەی پارتی و یەکێتی بوو، نیو هێندە مەبەست لەو یادە نەبوو.
ئەتگوت نەوەتەکانە پارتی و یەکێتی شەڕە پەرۆیان دەکرد، لەم لاوە دەیانگوت کاکە نەبێت نامانەوێ، لەولاش دەیانگوت شێری ئیمامی عەلی - کۆسرەت رەسوڵ عەلی, دەیان دروشمی حیزبی دیکە.
ئەم ساڵیادە نەتەوەیی بوو نەک حیزبی، بەڵام یەک لە سەتی رەمزی نەتەوەیی ئێمە کە ئاڵای کوردستانە، لە بەرامبەری ئاڵای پارتی و یەکێتی نەدەبینرا لەو گردبوونەوەیەدا.

03 March 2011

هەڤاڵ نەژاد: حزبەكان هەریەكەو چەندین رێكخراویان بەناوی رێكخراوی مەدەنی دروستكرد كە هەریەكەیان بەرپرسێك پاڵپشتی لێدەكات و پارەیەکی زۆری خەڵكی كوردستانیان لەو بوارەدا بەهەدەردا


کۆنفرانسی هەرێمایەتی تایبەت بە یاسای رێکخراوەکان - فۆتۆ: هەڤاڵ

لەمەودوا رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی پێویستیان بە مۆڵەت نامێنێت   
بەدواداچوون: هێمن مەلازادە - رووبەر
ئێستا هەرێمی كوردستان خاوەنی دوو یاسای رێكخراوەكان و سەنتەرەكانە و لە سلێمانیش رێنماییەكی سەردەمی دوو ئیدارەیی كاری پێدەكرێت، كەچی هیچكام لەم یاسایانە گرفتی یاسایی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی چارەسەر نەكردووە، چالاكوانێكی مەدەنی پێیوایە رێكخراوەكانی سەر بە حزبەكان لەمپەری سەرەكی بەردەم پەسەندنەكردنی یاسایەكی مۆدێرن و یاریدەدەرێكی سەرۆكی حكومەتیش موژدەی بوونی یاسایەكی نوێ لە مانگی سێی ئەمساڵ بە رێكخراوەكان دەدات.