19 April 2020

لە نێوان خیانەت و خایندا، ئێمە دژی کامیانین؟


هەڤاڵ نەژاد
زۆرینەی ئەوانەی ئەمڕۆژانە دژی خیانەت قسەیان کرد بە بیانووی ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و زین یان زینوێی وەرتێ، لە ڕاستیدا دژی نەیارەکەی خۆیان قسەیان کرد و ئەویان پێ شکاندەوە، نەک ئەوەی دژی خیانەت بن وەک کردار. بۆ بابای پارتی، بەس بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ، یەکێتی خیانەت دەکا، بەلایەوە ئاسایییە و پێشی خۆشە یەکێتی بەڕەسمی سلێمانی بخاتەسەر ئێران و بەس قسەکەی ئەو بەڕاست بگەڕێت، نەک هاونیشتمانییەکی ڕۆژهەڵات ڕادەست بکاتەوە. بۆ یەکێتییەکیش بە هەمان شێوە، خواخوایەتی سوپای تورکیا ئاڵای کوردستان لە پەرلەمان بێنێتە خوار و ئاڵای تورکیا هەڵبکات لە جێی، تا بیسەلمێنێ پارتی هاوکاری تورکیایە و پێی فرۆشتووە، چ بگا بە زینی وەرتێ.

نەگبەتین شەڕی ناوخۆشمان لە هی وڵاتان نەچوو!


هەڤاڵ نەژاد
شەڕی ناوخۆی باشووری کوردستان زۆر خراپ بوو، لەو خراپتر ئەوەبوو کە لایەکیان (جا هەرکامێکیان بێ) بەتەواوی سەرنەکەوت و لاکەی تری نەسڕییەوە.
زۆر نەتەوە بە قۆناغی شەڕی ناوخۆ تێپەڕیون و لایەک سەرکەوتنی بەدەست هێناوە و کۆتایی بە هێزی لایەکەی تر هێناوە و بەتەنها بۆتە فەرمانڕەوای تەواوی وڵات و نەخشەی سیاسەتی وڵاتی داڕشتووە، بۆ نمونە ئەمریکا و فینلاند کە دوو وڵاتی پێشکەوتوو و خۆشگوزەرانن، ڕەنگە چەند وڵاتێکی تریش هەبن ئەگەر بەدوایا بڕۆین.