13 April 2011

چەند پرسیارێکی سادە لە یادی ئەنفالدا

هەڤاڵ نەژاد 
بەیانی ١٤-٤ ساڵیادی ئەنفالە! ئەنفال، ئەو زامەیە بۆ هەمیشە بەجەستەی کوردەوە دەمێنێتەوە. ئەنفال، جینۆسایدێکی بەرنامە بۆداڕێژراوی نەتەوەی عەرەبە، دژی نەتەوەی کورد و، هەموو قۆناغەکانی جینۆسایدی تێدا پێرەوکراوە. مەرجە نێودەوڵەتییەکانی کۆمەڵکوژی و قڕکردن و لەناوبردن و سڕینەوە و پاکتاوی رەگەزی و، نەهێشتنی کولتوور و زمان و خاک و ئاوی تێدا ئەنجامدراوە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی تاوانێک لە رووی نێودەوڵتییەوە بە جینۆساید بناسرێت.

بۆیە ئەنفال بە هەموو پێوەرێک جینۆسایدە و یەکێکە لە هەرە کارەساتە  گەورەکانی مرۆڤایەتی و، لە دڕندایەتی و نامرۆڤایەتیدا ئەو پرۆسەیە هیچ هاوتایەکی نییەو، چەندین قات لە هۆلۆکۆستی جوولەکەکان، گەورەترە. دەبینین جوولەکە چیان بۆ کارەساتەکەیان کردووەو بەردەوامیشن لە کارکردن لە سەری، تا ئێستاش دەرگای دادگایان لە تاوانبارەکانی ئەو کارەساتە گرتووەو (تەعویز) وەردەگرن لە تاوانباران و بەهۆیەوە دەوڵەتیان دامەزراندووە و لە بەرامبەر مرۆڤایەتی خۆیان وەک قوربانی ناساندووە.
ئەدی ئێمە چیمان بۆ ئەنفال کردووە؟ بیست ساڵە دەسەڵاتێکی کوردیمان هەیە, جێی خۆیەتی چەند پرسیارێکی سادە بپرسین و بزانین چی بۆ ئەنفال کردووە؟
- تا ئیستا چیمان کردووە، تا بەهۆی ئەنفالەوە دەوڵەتی کوردستان دروست بکەین و هەموو جیهان ناچار بە دانپێدانانی و پاراستنی بکەین؟
- تا ئێستا چەند کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەنفال ئەنجامدراوە ؟
- تا ئێستا چەند کۆنفڕانسی ناوخۆییان ئەنجامداوە ؟
- چەند لێکۆڵینەوەی ئەکادیمییان دەربارەی ئەنفال کردووە؟
- چەند لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسی و دەروونناسی دەربارەی ئەنفال و پاشماوەکانی ئەنفال کراوە؟
- چەند نەخۆشخانەی دەروونی بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوەکان دروستکراوە؟
- چەند گوند لە گوندە ئەنفالکراوەکان، نۆژەنکراوەتەوە؟
- ئێسک و پروسکی چەند ئەنفالکراو گەڕێندراوەتەوە کوردستان؟ تەنانەت دەزانن لە کوێن؟
- تا ئێستا کام لە سەرۆک جاشە ئەنفالچییە کوردەکان، دادگایی کراون؟
- چەند لە داواکراوەکانی دادگای فیدڕاڵی ئەلعێراقی دراونەتە ئەو دادگایە؟
- تا ئێستا چی کراوە بۆ ئەوەی ئەنفال بکرێتە وانەیەکی خوێندنگە و منداڵانی کورد نەوە دوای نەوە بیخوێنن؟
- لە کامە زانکۆی کوردستان، بەشێکی تایبەت بۆ ئەنفال کراوەتەوە؟
- تا ئێستا چەند پەرتووک لە بارەی ئەنفالەوە نووسراون؟ چەندیان وەرگێڕادراونەتە سەر زمانە زیندووەکانی جیهان؟
- چەند مۆزەخانە و مۆنۆمێت دروستکراون، تا میوانانی بیانی و گەشتیاران سەردانی بکەن؟
- چەند فیلمی سینەمایی لە بارەی ئەنفالەوە دروستکراون، تا نەتەوەکانی جیهان لەو رێگەیەوە بە جینۆسایدی کوردان، ئاشناببن؟
- دەیان و سەدان و چی و چەند و کەی و کوێ و چی و چی دیکە هەن لە ئاست ئەو جینۆسایدە گەورەیە، کە دەبێ رووبەڕووی دەسەڵاتی کوردی بکرێتەوە؟
جگە لە دەسەڵات، خۆمان وەک تاک، چیمان بۆ ئەو پرسە کردووە؟ چەند لێکۆڵینەوەمان لەبارەی ئەنفالەوە کردووە؟ ئەوانەی لە دەرەوەی کوردستان دەژین، چییان کردووە تا ئەنفال بەو وڵاتانە بناسێنن کە تێیدا دەژین؟ لەو وڵاتانە، هێندەی ئاهەنگ و بۆنە حیزبی و خێڵەکی و لاوەکییەکان، کۆڕ و سیمینار لەسەر ئەنفال کراوە؟
ئێمە هەموومان وەک تاک، قەرزاری ئەنفالین، لە بچووکی خۆمان لەو کارەساتە گەورەیە نەگەیشتووین و نەمانتوانیوە هێندەی گەورەیی خۆی بیبینین و کاری لەسەر بکەین. دەسەڵاتێکمان بووە و هەیە زۆر بچووکتر لە ئاست ئەو جینۆسایدە و تەنانەت بچووکتریش لە تاوانبارەکانی. دەسەڵاتێک شانازییەکەی ئەوەبوو دوای ئەنفال و دوای ١٢ ساڵ لە راپەڕین و دەرنانی رژێمی ئەنفال و هەڵەبجە و کوردکوژی، ئێمەیان کردەوە بە هاوڵاتی ئەو وڵاتەی وێرای دەیان تاوانی مەزنی دیکە، ئەنفال و جینۆسایدی کردین. ئەگەر پاشماوەیەکی ئەنفالیش بڵێ مافی منە بەهۆی ئەو کارەساتەوە هیچکاتێک لەگەڵ عەرەب نەژیم و دەوڵەتی خۆم هەبێت، دەڵێن ئەوە خەون و خەیاڵی شاعیرانەیە و مرۆڤی عاقڵ بیری لێ ناکاتەوە.

0 سەرنج:

Post a Comment