04 November 2017

سەبارەت بە لێدوانی دادگای باڵای ئیتیحادی عێراقی

لە لاپەڕەی فەیسبووکەکەمەوە 
سەبارەت بە لێدوانی دادگای باڵای ئیتیحادی عێراقی کە دەڵێت " ناتوانێت بڕیار لەسەر دەستوری یان نادەستوری ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بدات بۆ سەربەخۆیی، هەتا گوێ لە بەرپرسانی هەرێم نەگرێت"
لایەنە یاسایییەکەی بە کورتی؛ 
لە دادگا هەتا لایەنی داوالێکراو بە فەرمی و یاسایی ئاگادارنەکرێتەوە، نابێ بچنە ناو ناوەڕۆکی داوا. ئەگەر دوای ئاگادارکردنەوە داوالێکراو نەچوو، دادگا بە غیابی بەڕێوە دەڕوات و دەکرێ حوکم بدات. سەبارەت بەوەش کە ڕای خۆیان ناڵێن ئێستا، هی ئەوەیە کە بەگوێرەی یاسا، دادگا نابێ پێش ئەوەی بچیتە ناو دۆسیەکە، بۆچوونی خۆی بڵێت.

ئەوە سەبارەت بەو لێدوانە کە زۆرتر باسی ڕێکارەکانی بەڕێچوونی دادبینی (مرافعە)یە، بەڵام بۆخۆم هەندێ سەرنج و پرسیارم هەیە سەبارەت بەو دادگایە. ژمارەیەکی زۆر دادوەری بەڕێز و پارێزەر و یاساناس کە لە من شارەزاترن لێرەدا هاوڕێمن، پێمخۆشە بەشداری بکەن و وەڵام بدەنەوە.
یەک/ بەسەرنجدان لە پرۆسەی ڕیفراندۆم، ڕاستە سەرەتا سیاسییەکان بڕیاریان لێدا، بەڵام دواتر پەرلەمان بڕیار و ڕاسپاردەی دەرکرد بۆ جێبەجێکردن و دیوێکی یاساییی پێدا، لەو نێوەدا حکومەت ڕۆڵی نەبوو، بەڵام وەک لە لێدوانی وتەبێژەکەوە باس دەکرێ، داوالێکراوەکە حکومەتی هەرێمە، کە دەبوو پەرلەمان بێت.
دوو/ ئەنجامی ڕیفراندۆم لەلایەن دادگای تەمیزی کوردستان پەسەند کراوە، ماوە یاسایییەکەشی کە سێ ڕۆژ بوو بۆ تانەلێدان تەواو بووە، واتە پلەی بنبڕی وەرگرتووە، لە یاسای مەحکەمەی ئیتیحادی نەهاتووە کە بڕیارەکانی دادگای تەمیزی کوردستان هەڵوەشێنێتەوە. تەنها لە خاڵی دووەمی مادەی چوارەم ئاماژەیەکی وا هەیە، ئەویش وەک دیاریکراوە بۆ قۆناغی ئیدارەی ڕاگوزەری عێراقییە کە تێپەڕیوە.
سێ/ بەسەرنجدان لەوانە، ئایا ناتوانین بڵێن بینینی ئەو داوایە و بڕیاردان بە هەڵوەشاندنەوەی یا پەسەندکردنی ئەنجامی ڕیفراندۆم، لەبنەڕەوەتەوە لە دەسەڵاتی ئەو دادگایە نییە؟! کە من خۆم پێموایە بەو شێوەیە. چونکە ئەو دادگایە هێشتا یاسای تەواوی بۆ دەرنەچووە لە پەرلەمانی عێراق و پرۆژەیە، هەر بەو فەرمانەی سەردەمی حکومەتی ڕاگوزەر کار دەکات. واتە دادگایەکی خاوەن سەنگ و قورسایی نییە. بە فەرمان دامەزراوە نەک یاسای پەرلەمان.
چوار/ عەبادی بە ئاشکرا دەستێوەردان لەو دادگایە دەکات، پێشتر حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە کە دادگاکە سیاسییە.
پێنج/ لە حاڵێکدا دۆسیەکەش بینرا و کوردیش چووە ناو دادبینییەوە، ئایا ئەوکاتە کورد دەتوانێ بە زۆرینە و کەمینەی سێ لەسەرچواری ئەندامان هیچ لەبەرژوەندی کورد بکات؟! لە کاتێکا سێ ئەندام لە کۆی نۆ ئەندام کوردن بە گوێرەی یاسا کۆنەکە.


لینکی یاساکە و لێدوانەکەی ئەمڕۆیان
http://www.iraq-lg-law.org/ar/webfm_send/296

https://www.iraqfsc.iq/news.3953/

0 سەرنج:

Post a Comment