30 December 2010

سەردێڕی نیە، وەڵامی دێڕی کۆتاییم بۆ بنووسە !


 لەگەڵ کەس و کار و هاوڕێ و فەرمانبەر و هەرکەسێ قسە دەکەیت، نیوەی وشەکانی عەرەبی و بیانین، لەماڵەوە هەر تیڤییەک دەکەیتەوە ئەڵقەی عەرەبی و تورکییە، خوا هەڵناگرێ کەناڵە ئیسلامییەکان بە بەردەوام کولتوری شیعەگەری ئێرانیمان بۆ دەکەنە کوردی. جارجاریش ڕیکلامی ماستی تورکی و ئێرانی بەکوردی دەبینم لە کەناڵە ناوخۆییەکانی هەولێر! وەرە شارەکەت بە ماست بەناوبانگ بێت و تیڤییەکانی ڕیکلام بۆ ماستی تورک و فارسان بکات !
* لە ناو تەکسی عەرەبی و تورکی، وەک بڵێی مەرجێکی یاسایی تەکسی بێت هەموو تەکسییەک زیاتر لە کاسێت یا سی دیەکی برایم تاتڵیساسی تێدایە ! ئەمە جگە لەوەی دڵنیام یەک لە سەتیان تێیناگەن.
خۆزگە ئەخوازم رۆژێک بە شوفێری تەکسیەک بڵێم دەچمە ئەو کۆڵانە و کاکی شوفێر نەپرسێت ئەو فەرعە ئەڵێیت ؟!
*لە بازار عەرەبی و تورکی! کام عەرەبی ؟ حوسام رەسام، تۆ واز لەوە بێنە دەنگە ناشازەکەی گوێت کەڕ دەکات، دایمەی خوا باوکەڕۆیەتی بۆ خاکی عێراق و بە بەژن و باڵای یەکپارچەیی عێراقی عەرەبیدا هەڵدەدات!
*لە زانکۆ عەرەبی و تورکی ، عەرەبی چ عەرەبی؟ هەرچی شێوەزاری عێراقی، لوبنانی، ئوردنی و کوێ و کوێ هەیە دەیبیستی، تا لەوشەیەکیان دەگەیت قیرسپی دەبێت. ئەمە جگە لەوەی هێندە رەگەزپەرستن هەیانە چەندین ساڵە لە کوردستانە و فێری کوردی نەبووە!
لە کافیتریای زانکۆ ، تورکی و عەرەبی ، بەدەگمەنیش کوردی. ئەو رۆژە گوێم لە گۆرانییەکی کوردی بوو، بزەیەک گرتمی و لەدڵی خۆما گوتم ئەروەڵا کوردییە !
لە کافیتریای دەرەوەش خراپتر، چونکە هەرگیز کوردی نابیستی، بەدەگمەن شاگردێکی کورد دەبینی، هەمووی عەرەبی رەسەنن یان بەنگلادیشین !
* ئەچیتە هەر شوێنێک ناوی عەرەبی و تورکی و بیانییە، راین مۆڵ، نیو سیتی، ئەسواق سیروان، شەقامی ئەلحەکیم و تاران، مگعم ساج ئەلریف، مەحاری ئەربیل، ئەبو شەهاب، کافیتریای لالیگا، هوتێلی بەرشەلۆنە ..هتد
* ئەچیتە فەیسبووکیش پڕە لەوێنەی تورک و فارسان، بەتایبەت کچان، چونکە هێشا هێندە ئازانین وێنەی خۆیان دابنێن و وێنەی گۆرانبێژ و ئەکتەری بیانی و تورک و فارس دادەنێن، عەلمانیەکان وێنەی بیانی و تورکان و کچە ئیسلامیەکانیش وێنەی فارسەکان! رەنگە لەبەر ئەوەبێت لەچكێکی نیوەڕووتیان داوە بەسەریاندا !
فارسی نووسینی هەندێ لە هاوڕێ رۆژهەڵاتیەکانیش (هەرچەندە خۆیان بە ئێرانی دەزانن) لەولاوە بووەستێ! هەندێکیان سوێندیان بەقەبری ئیمام مارکس خواردووە تاماون کوردی نەنووسن و بەلایدا نەچن و بەکارێکی کۆنەپەرستانەی بزانن !
* وام لێهاتووە زۆر هەست بە بێزاری دەکەم. خۆم وەک بێگانە دەبینم لە شار و وڵاتی خۆم! تەنانەت لە فەیسبووکیش، ئەرێ ئێوەش وان؟

0 سەرنج:

Post a Comment