04 September 2014

کورتە سەرنجێک لەسەر کچە ڕفێنراوەکانمان

هەڤاڵ نەژاد 
ئەم ڕۆژانە زۆر شتم سەبارەت بە کچە ڕفێنراوەکانمان خوێندۆتەوە، زۆر پێشنیاری بەجێ و گونجاوم بینی. شتێک کە نەنووسراوە یا من بەرچاوم نەکەوتووە، ئەوەیە کاتێک بەهەر شێوەیەک ئەو کچانە ئازاد دەکرێن و دەگەڕێنەوە ناو خێزان و کۆمەڵگە، لانی کەم دوور بن لە دەستدرێژی و دووبارە کردنەوەیان بە قوربانی لە لایەن خۆمانەوە!

سەرەتای باردۆخی شەنگال، وا بڵاوکرایەوە کە چەند کچێکمان دوای دەستدرێژی داعش گەڕاونەتەوە و خۆیان لە چیا فڕێداوەتە خوارەوە. ئەوە هەر وەک هەواڵێکی سادە تێپەڕی و هیچ دەنگدانەوەیەکی نەبوو! ئەو کچانە دووجار بوونە قوربانی، جارێک بە دەستی داعش و جارێک بە دەستی کولتوری خۆمانەوە! بۆ دەبێ کچەکانمان دووجار ببنە قوربانی؟
وێڕای ئەوەی پێویستە هەڵمەتێکی باشی هۆشیاری دەست پێ بکات و ئەوە بە خێزانەکان بڵێین کە ئەو کچانەتان بە هیچ شێوەیەک نابنە هۆکاری سەرشۆڕیتان، یا بێ ئابڕوییتان، بەڵکو پێویستە زیاتر گرنگیان پێ بدەن و بە چاوی ڕێزەوە لێیان بڕوانن و، هەوڵی ئەوە بدەن ڕووەو ژیانێکی ئاسایی هانیان بدەن. هەروەها پێویستە بەڕەچاوکردنی بارودۆخی کۆمەڵایەتی کوردستان، حکومەت بە بڕیارێک پاکیزەیی ئەو کچانە بچەسپێنێت، وەک گێڕانەوەی متمانە (رد اعتبار) بۆیان، جگە لەوەی لە حاڵێکدا کە ئەو کچانە رووبەڕووی مامەڵەی خراپی خێزان و خەڵک بوونەوە، حکومەت بیانپارێزێ و ژیانی ئاسایییان بۆ دابین بکات.

0 سەرنج:

Post a Comment