30 December 2010

پێشنیارێک بۆ بە وەزیر خانەنشینکراوەکان


هەڤاڵ نەژاد 
پێشینان گوتوویانە تا سەر بمێنێ چاو عاجباتیان دەبینێ، خۆ ئەگەر ئەو کات حکومەتی هەرێم هەبووایە دەیانگوت تا حکومەتی هەرێم بمێنێ چاو بە هەزاران وەزیر دەبینێ! یاخود دەیانگوت بڕیاری بێماناو بێدادی حکومەت دەبینێ.
تازەترین بریاری لەو چەشنەش خانەنشین کردنی ١٩ کەسی حیزبییە بە پلەی وەزیر! کە دەکرێ وەک یەکێکی تر لە دەستکەوتە هەرە مەزنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاوی لێبکرێ و هەموو شانازی پێوەبکەین !
بەگوێرەی  زانیاری بڵاوکراوە لە ژمارەی ٦٨٦ی ٨-١٢-٢٠١٠ ی رۆژنامەی هاوڵاتی پارتی و یەکێتی تا هەنووکە ٩٦٠ کەسیان لە بەرپرسان و کادیرانی خۆیان بەپلەی وەزیر خانەنشین کردووە! داخۆ دەبێت چەند وەزیری خانەنشینی تری حیزبەکانی دیکە هەبن، خۆ باسی بەرێوەبەری گشتیش هەرناکەین، دڵنیام دوو سێ ئەوەندەی وەزیرەکانن.
گەلۆ دەزانن موچەی ئەو هەموو وەزیرە چەندە؟ ملیۆنان دۆلارە لە مانگێکدا ! هەمووشی لە سەر حیسابی من و تۆ و ئەو خەڵکە هەژارە. گەلۆ دەزانن هیچ وڵاتێکی دونیا هێندەی هەرێمی کوردستان وەزیری خانەنشینی نییە؟
بەبڕوای من ئەم کردارەی دەسەڵات هەر ناوێکی لێبنێین و هەر شیکردنەوەیەکی بۆ بکەین، دواجار ئەوەمان پێدەڵێت کە دەسەڵاتداران جگە لەخۆیان و کەس و کار و ژن و منداڵیان، بەهیچ شێوەیەک لەبیری میللەتدانین. ئەوەمان پێدەڵێت دەسەڵاتدارانی کوردستان سامانی گشتی وەک سامانی بنەماڵە و پارتەکانی خۆیان دەبینن و ماماڵەی پێوەدەکەن و میللەتیش چش! دەنا لە کوێی دنیا هەبووە دەسەڵات ئەوەندە بێباک بێت لە میللەت و حیسابیان بۆ نەکات و بە ئارەزووی خۆی یاری بە سەرو سامانیانەوە بکات!
لە کوێی دنیا هەبووە لەماوەی چەند ساڵێکدا نزیکەی هەزار کەس بە وەزیر خانەنشین بکرێن، بەبێ ئەوەی وەزیر بووبن یان فەرمانبەری دەوڵەت بووبن؟ ئاخر وا بڕوا دوای دە ساڵی دیکە پارتی و یەکێتی هەموو بەرپرس و کادیر و ئەندانە پلە بەرزەکانیان دەکەنە وەزیر و ئەوکاتە دەبێت بودجەی کوردستان بخرێتە گیرفانە قوڵەکانی ئەوانەوە.
ئەوەی جێگای سەرنجە لەو ١٩ کەسەی ئەمجارە خانەنشین کراون هی وای تێدایە یەک رۆژ فەرمانبەری حکومەت نەبووە، یان تێیدایە تەمەنی لەخوار ٣٠ ساڵەوەیە! زۆربەیان تەمەنی خانەنشینی نایانگرێتەوە.
بیانووی حکومەت بۆ ئەو بڕیارە رێزگرتنە لە خەبات و ماندووبوونی ئەو کەسانە، من نازانم دەبێت ماندووبوون و خەباتی ئەوانە چیبێت، جگە لەوەی هەندێکیان پاڵەوان یان منداڵ و کەسوکاری پاڵەوانانی شەڕی ناوخۆن! ئەمە جگە لەوەی لە ئەوروپا گەورەبوون یان ئەگەر لە کوردستانیش ژیابن خۆشترین ژیانیان هەبووە و تەنها مەگەر لە خۆشگوزەرانی و پیاسەو رابواردندا ماندوو بووبن.
ئەم بڕیارەی حکومەت ئەگەر بەگوێرەی یاساش درابێ، بریاڕێکی نا یاساییە بە مانا جەوهەریەکەی یاخود فێڵێکی یاساییە، ئاخر یاسا بۆ خزمەتی مرۆڤایەتییە، نەک بۆ ئەوەی پارتە دەسەڵاتدارەکان بەرپرس و ژن و منداڵی بەرپرسەکان بە وەزیر و بەرێوەبەری گشتی پێ خانەنشین بکەن.
سەرۆک و بەرپرسانی حکومەت بۆ ئەوە هەڵبژێردراون و سوێندیان خواردووە بەرگری لە ماف و بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان بکەن، نەک بۆ ئەوەی ماف و بەرژەوەندی گشتی بخەنە ژێرپێیانەوە، وەک ئەوەی سەرۆکی حکومەت بەو بڕیارەی کردوویەتی.
من دڵنیام ئەم بڕیارە نابەجێیانە لە تۆماری ئیداری هیچ وڵاتێکی دیموکراتی و نیمچە دیموکراتی دەست ناکەوێت، مەگەر تەنها لە وڵاتە زۆر دیکتاتۆرەکان.
لە کۆتاییدا پێشنیار دەکەم بۆ ئەو گشتە وەزیرە خانەنشین کراوانە، بۆ خۆیان رێکخراوی یەکێتی وەزیرانی خانەنشینکراوی کوردستان دروست بکەن، چونکە ژمارەیان زۆرەو لە زۆربوونیشدان! بۆ ئەوەی بەرگری لە مافی خوراوی خۆیان بکەن و هەوڵ بدەن بۆ دابین کردنی سەرجەم مافەکانیان، چونکە بەڕاستی هەقی ماندووبوونی خۆیان وەرنەگرتووەو میللەت قەرزاری ئەوانە!
لە ژمارە ٦٨٨ ی چوارشەممە ١٥-١٢-٢٠١٠ ی رۆژنامەی هاوڵاتی،بڵاوکراوەتەوە.

0 سەرنج:

Post a Comment