30 December 2010

مەترسییەکانی یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان


هەڤاڵ نەژاد
ئامانجی دانانی یاسا بۆ رێخکستنی ژیانی مرۆڤە و یەکێکە لە هەنگاوە مەزنەکانی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی. بەشێوەیەک ژیانی مرۆڤی لە بەرەڵایی و بێسەروبەرییەوە گۆڕی بۆ ژیانێکی رێکخراو و دیاریکردنی ئەرک و مافەکانی مرۆڤ و پارێزگاری لەو مافانە.
یاساش وەک هەموو داهێنراوەکانی مرۆڤایەتی لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە و دەتوانرێ لەبری ئەوەی لەخزمەتی مافەکانی مرۆڤدابێت، ببێتە هۆکارێک بۆ بەرتەسکردنەوەی ئەرک و مافەکانی مرۆڤ و لەقاڵبدانی ئازادییەکانی و تاڕادەی لێسەندنەوەی ئەو ئازادییە. مێژووی یاسا و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پڕن لەو جۆرە یاسایانە کە بوونە دەردی سەری و ناخۆشی بۆ کۆمەڵگاکان.

ئەگەر سەرنج بدرێتە یاسای رێکخستنی خۆپیشاندانەکان لە کوردستان. کە هەفتەی رابردوو لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکرا، دەتوانرێ بەیەکێک لە یاسا نەرێنییەکان بێتە هەژمار و هۆکارێک بێت بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکانی هاوڵاتیانی کوردستان.
ئەوەی مەترسی گەورەیە لەو یاسایەدا، لێسەندنەوەی مافێکی سروشتی هاوڵاتیانە و سپاردنیەتی بەقەدەری مۆڵەتی وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان. لەکاتێکدا خۆپیشاندان و گوزارشتکردن لە بیروبۆچوون و نارەزایەتی دەربڕین یەکێکە لەو مافانەی لە جارنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ پەسەندکراوەو وڵاتانی ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکان(بە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە) واژوویان لەسەر کردووەو نابێ بەپێی مۆڵەت بێت، بەڵکو دەبێت بەپێی ئاگادارکردنەوەی دەزگاکانی دەوڵەت بێت. چوونکە ئەگەر دەسەڵات توانای رەتکردنەوەی هەبێت ، واتە مافێکی هاوڵاتیانی رەتکردۆتەوەو ئەمەش پێشێلکردنی مافی مرۆڤە.
بۆنمونە وای دابنێین هاوڵاتیانی شارۆچکەیەک خۆپیشاندان دژی بڕیارێکی قایمقام دەکەن، قایمقام چۆن مۆڵەتی ئەو خۆپیشاندانە دەدات لە دژی خۆی.؟ لەیاساکەدا ئاماژە بەوەکراوە ئەگەر مۆڵەت نەدرا دەتوانرێ کێشەکە ببرێتە دادگا بۆ یەکلایکردنەوەی رێگەدان یا رێگەنەدان بە خۆپیشاندانەکە. ئەمەش جۆرێکە لەفێڵی یاسایی ، ئەگەر خۆپیشاندانەکە هەنووکەیی بوو پێویست بوو بەیانی ئەنجامبدرێت و مۆڵەت نەدرا و کێشەکە بردرایە دادگا، ئایا چەندی کات پێدەچێت .؟ بەدڵنیاییەوە ئەوکات خۆپیشاندانەکە کەڵکی نامێنێت و چ سودی نابێت.!
بۆیە پێویستە یاسایەک دابنرێت کە خۆپیشاندان لە مۆڵەتەوە بگۆڕێ بۆ تۆمارکردنێکی مەرجدارانە ، وەک ئەوەی خۆپیشاندان دژی هیچ یەک لە رەگەز و ئاین و نەتەوەکان نەکرێت، یاخود لە رۆژانی پشووی فەرمی ئەنجام نەدرێت.
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی ئەو یاسایە ئەوەیە کە نابێت خۆپیشاندانەکە دژی (نیزام و  ئادابی گشتی) بێت. لەکاتێکدا ئاماژە بەوە نەکراوە (نیزام و  ئادابی گشتی) چییە و چیدەگرێتەوە. ئەمەش دەبێتە شتێکی لاستیکی بەدەست دەسەڵاتەوەو بەئاسانی دەتوانێ رێگە لە خۆپیشاندان بگرێت بەو بیانووەوە کەدژی(نیزام و  ئادابی گشتی)یە.
یەکێکی دیکە لەکەم و کوڕییەکانی ئەو یاسایە لە مادەی ٩ خاڵی دووەم دەڵێت پۆلیس دەتوانێت گازی فرمێسکرێژ و هۆکارە تایبەتییەکانی دیکەی مەدەنی بەکاربێنێت بۆ بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندەران. بێ ئەوەی روونی بکاتەوە هۆکارەکانی دیکە چین، ئایا فیشەکە، باتۆمە ، لێزەری چاوە ، ..هتد .؟ ئەمەش ناڕوونی ئەو یاسایە پیشاندەدات ، لەکاتێکدا دەبێت یاسا زۆر روون و ئاشکرابێت.
هەر لەو یاسایەدا هەموو رووداوەکانی ناوخۆپیشاندانی بەستۆتەوە بە یاسای سزادان ، ئەمەش بۆخۆی فێڵێکی یاساییە و کێشە بۆ خۆپیشاندەران دروستدەکات. بۆ نموونە ئەگەر لە خۆپیشاندانێکدا هوتافێک دژی بەرپرسێک یان وەزارەتێک گوترایەوە ، ئەو بەرپرسە دەتوانێت بچێت بەگوێرەی یاسای سزادان داوا لەسەر خۆپیشاندەران تۆماربکات بە تۆمەتی ناوزڕاندن و ..هتد. وەک ئەوەی ئێستا بەریەککەوتنێک لەنێوان یاسای رۆژنامەگەری و یاسای سزادان روویداوەو پارتی بەیاسایەکی جگە لە یاسای رۆژنامەگەری داوای لەسەر گۆڤار و رۆژنامەکان تۆمارکردووە.
بۆیە پێویستە لەو یاسایە ئاماژە بەوەبکرێت هەرچی لەچوارچێوەی خۆپیشاندان روویدا بەیاسای خۆپیشاندان کاری لەسەر بکرێت ، جگە لە توندوتیژی و شەڕی تایبەتی (بۆنموونە یەکلایی کردنەوەی کێشەی تاکەکەسی لەنێوان دوو کەس لە خۆپیشاندەران) کە یاسای سزادان دەیگرێتەوە.
ئەم خاڵانەی ئاماژەم پێداوە بەشێک بوون لەو مەترسی و کەموکوڕیانەی لە یاسای پەسەندکراوی رێخکستنی خۆپیشاندان لە کوردستان دەبینرێن و لەوانەیە پسپۆرانی یاسایی کەموکوڕی زیاتری تێدا ببیننەوە.
بەگشتی تێپەڕاندنی ئەو یاسایە مەترسییە بۆسەر ماف و ئازادییەکانی هاوڵاتیانی کوردستان و گەڕاندنەوەی کۆمەڵگای کوردستانە بۆ قۆناغێکی دواکەتووتر. جگە لەوەی ئەم یاسایە پێچەوانەی مافی مرۆڤەو دەسەڵاتی ئەوەی داوەتە وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان بۆ رەتکردنەوەی مافی خۆپیشاندان کە مافێکی سروشتیەو نابێت رەتبکرێتەوە.
بۆیە پێویستە لەسەر هەموو هاوڵاتیانی کوردستان و رۆژنامەوانان و رێخکراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و لایەنە سیاسیەکان، داوا لەسەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەن ئەو یاسایە واژوو نەکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان. پێویستیشە سەرۆکی هەرێم وەک چۆن لەسەر داوای رۆژانامەوانان یاسای رۆژنامەگەری واژوو نەکرد و گەڕاندیەوە پەرلەمان ، بەهەمانشێوە لەسەر داوای رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و رۆژنامەوانان و لایەنە سیاسیەکان، یاسای رێخکستنی خۆپیشاندانیش بگەرێنێتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان.
سەرچاوە: رۆژنامەی هاوڵاتی- ژمارە ٦٧٨ یەکشەممە ٧-١١-٢٠١٠ لاپەرەی ٢٠ - گۆشەی هەناسە

0 سەرنج:

Post a Comment