29 December 2010

دیمانه‌ی ئاکانیوز له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ نه‌ژاد سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌ی سندوقی هاوکاری گه‌نجان



پرۆژەی سیپەی هاوكاریی گەنج پێشكێشی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت
ئامادەکردنی: خەبات نەوزاد
پرۆژەیاسایەك بۆ پشتیوانیكردنی پرۆژە بچووكەكانی ئەو لاوانەی داهاتی دیاریكراویان نییە و لە هیچ دەزگەیەكی حكوومەتی دانەمەزراون لە سەروبەندی گەیاندنیدایە بۆ پەرلەمانی كوردستان
هەڤاڵ نەژاد بەرپرسی راگەیاند و پێوەندییەكانی رێكخراوی ناوەندی ئایندە بۆ پرسەكانی گەنج بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند پرۆژەكە ناوی "سیپەی هاوكاریی گەنجان"ە و مەبەست لێی كۆمەكی ئەو گەنجانەیە كە توانای كاریان هەیە و پێویستیان بەكۆمەككردن هەیە تا لە پرۆژەی جیاجیادا وەگەڕی خەن.

رەشنووسی پرۆژەكە كە وێنەیەكی بە(ئاكانیوز) گەیشتووە، ئاماژە بەئامانجەكەی دەكات "دانانی ئەم سیپەیە بۆ زیاتر گرینگیدانە بەگەنجان و وەگەڕخستنی تواناكانیان و ئاوڕدانەوەیەكی رژدە لێیان بۆ كەمكردنەوەی كێشە ئابوورییەكان لە ئەنجامدا كەمكردنەوەی فشار و قورسایی لەسەر حكوومەت بەوەی گەنج تەنیا چاوی لەوە نەبێت لە دەزگەی حكوومەتدا دابمەزرێن، بگرە گەنجان بتوانن سوود لە تواناكانی خۆیان وەربگرن لە ڕێگەی جێبەجێكردنی پرۆژەی بچووك كە هەیانە".
بەپێی ئەو ڕەشنووسە ناوەڕۆكی پرۆژەكە "برێتییە لە هاوكاریكردنی ئەو گەنجانەی كە بێكارن و كارمەند نین لە داوودەزگەكانی حكوومەت، ئەم پرۆژەیە ئەو گەنجانە دەگرێتەوە كە خاوەن پرۆژەن و توانای ئابوورییان لاوازە تا بتوانن سوودمەند بن لەم سیپەیە بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژە بچووك و مامناوەندییانەی كە هەیانە".
پرۆژەكە خوازیارە پشتیوانیكەرانی زیاد بن و دەنووسێت "ئامانجەكانی بەگەڕخستنی توانا لەبن نەهاتووەكانی گەنج، كەمكردنەوەی بێكاری، هاندانی كەرتی تایبەت، كەمكردنەوەی فشار و قورسایی لەسەر حكوومەت، دووركەوتنەوەی گەنج لە دیاردە نەشیاوەكانی ناو كۆمەڵگە، سەربەخۆییی گەنج لە ڕووی دارایییەوە، كەمكردنەوەی ڕێژەی كۆچی گەنجان بۆ دەرەوە".
"بەپێی رەشنووسی پرۆژەكە، گەنجانی بێكار ئەوانەی تەمەنیان لە 18 ساڵ تا 35 ساڵە، یان ئەوانەی دانەمەزراون لە داوودەزگەكانی حكوومەت، و خێزانی ئەو گەنجانەی خاوەنی پرۆژەكەن"، بەپێی قسەكانی نەژاد ئەوانە سوودمەندی راستەوخۆی پرۆژەكەن.
"خەڵك بەشێوەیەكی گشتی و حكوومەت بەتایبەتی (بوژاندنەوەی كەرتی تایبەت) سوودمەندی ناراستەوخۆی ئەم پرۆژەیەن" نەژاد وای گووت
ڕەشنووسی پرۆژەكە وەك مەرجەكانی ئەوانەی ئەم پرۆژەیەیان گرێتەوە چەند خاڵێكی داناوە لەوانە "دەبێت هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی بێت و دانیشتووی هەرێمی كوردستان بێت هەروەها خاوەنی پرۆژە دەبێ‌ گەنج بێت و لە تەمەنی 18 تا 35 ساڵی بێت وكارمەند نەبێت لە هیچ داوودەزگەیەكی حكوومەتی، پرۆژەكە لە خزمەتی گشتی و كۆمەڵگەدا بێت، شوێنی ئەنجامدانی پرۆژەكە هەرێمی كوردستان بێت، داهاتی پرۆژەكە تاكە سەرچاوەی خاوەن پرۆژەكە بێت كە هاوكاری وەردەگرێت لەم سیپەیە". 
وەك میكانزمی جێبەجێكردنی پرۆژەكە بەرپرسەكەی ناوەندی ئایندە چەند خاڵێكی ئاماژە پێ دا لەوانە: تەرخانكردنی بودجەیەكی دیاریكراو لەلایەن حكوومەتی كوردستان لە ناو سیپەیەكدا، كردنەوەی سێكتەرێكی تایبەت بەم سیپەیە چەند پسپۆرێكی تایبەتی كە پرۆژەكان هەڵبسەنگێنێ‌
"بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە ئێمە پێشنیاز دەكەین كە لایەنی پێوەندار وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بێت" هەڤاڵ وای گووت.
هەروەها گوتی "لەناو پرۆژەكەدا داوا كراوە ناوەندەكەمان وەك لایەنێكی هاوكار بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە لەڕووی یارمەتیدانی خاوەن پرۆژەكان لە چۆنیەتیی داڕشتن و جێبەجێكردنی پرۆژەكانیان یان لایەنی چاودێریكردنی پرۆژەكانیان هاوكار بێت".
پرۆژەكە وا داڕێژراوە كە پاش پەسندكردنی پرۆژەی پێشنیازكراو لە لایەن گەنجانەوە50% پارەی پێشینە بدرێت بەخاوەنی پرۆژەكە و لە نیوەی پرۆژەكەدا 50% ی دووەمی (كۆتا) بدرێت، هەروەها ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو بڕە پارەیەی دەدرێتە گەنجانی خاوەن پرۆژە بەقست بدرێتەوە بە سیپەكە و لە ماوەی 5 بۆ 10 ساڵ و ساڵی یەكەمی پرۆژەكە قیست لە پرۆژە وەرنەگیرێت.
هەروەها باس لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەكات و تیایدا هاتووە "خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و رەگەزی مێینە هەلی وەرگرتنی پرۆژەیان زیاتر دەبێت".
وەك نەژاد باسی كرد لە 25/ ئەیلوولی 2009 لە پاركی شانەدەر فێستیڤاڵێكیان بۆ ڕێك خست و 2 هەزار ئیمزایان بۆ كۆ كردەوە كە لەگەڵ پرۆژەكە پێشكێشی پەرلەمانی دەكەن، ئەم رەشنووسە بڕیارە لە چەند رۆژی ئایندە پێشكێشی پەرلەمانی كوردستان بكرێت و خوازیار بوو پشتیوانانی پرۆژەكە زیاد بن.
ناوەندی ئایندە بۆ پرسەكانی گەنج ناوەندێكی ناحكوومەتیی سەربەخۆیە و مانگی ئادار/مارسی ساڵی 2007 دامەزراوە و زیاتر گرینگی بەپرسەكانی گەنج دەدات و وەك بەرپرسانی باس دەكەن كۆمەك لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەتایبەت پەیمانگەی كۆماری ئەمەریكایی وەردەگرێت.
(ئاكانیوز)
http://www.aknews.com/ku/aknews/9/101954/

0 سەرنج:

Post a Comment