photo: Heval Nejad |
باژێری مێژوویی حه‌سه‌نکێف له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی دروستکردنی به‌نداوی ئیلی سو-دا
ڕاپۆرتی: هانا ڕه‌زا- هه‌ڤاڵ نه‌ژاد
بۆ بینینی وێنه‌کان به‌گه‌وره‌یی، کلیک له‌سه‌ر وێنه‌کان بکه
شاری مێژوویی حه‌سه‌نکێف و ڕووباری دیجله (وێنه‌ی هه‌ڤاڵ نه‌ژاد |
حه‌سه‌نکێف
حه‌سه‌نکێف یا حه‌سکێف یاخود به کرمانجی (Heskîf)، یه‌کێک له باژێڕه که‌وناره‌کانی باکووری کوردستانه، ده‌که‌وێته ۳٥ کیلۆمه‌تری باشووری باژێری باتمان، هه‌روه‌ها ۱۳٥ کیلۆمه‌تر له باژێری ئامه‌د (دیاربه‌کر) پایته‌ختی باکووری کوردستانه‌وه دووره.
حه‌سه‌نکێف ناوه‌ندی باژێری حه‌سه‌نکێفه و باژێرۆکێک و ۱۸ گوندی به‌سه‌ره‌وه‌یه، به‌گوێره‌ی ئاماری ساڵی ۲۰۰۸ حه‌وت هه‌زار و چوارسه‌د و دوازده ۷٤۱۲ که‌س ژماره‌ی دانیشتووانه‌که‌یه‌تی، به‌ڵام به‌و پێیه‌ی ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان نایه‌نه‌وێت رێژه‌ی دروستی کورد له شاره کوردنشینه‌کان ده‌رکه‌وێت، ده‌کرێت ئه‌مه رێژه‌یه‌کی ناراست بێت.
له ده‌روازه‌ی کۆنینه‌که‌وه رووه‌و ئه‌و به‌شه‌ی حه‌سه‌نکێف گیراوه که ماڵ و بازاری تێدایه (وێنه‌ی هه‌ڤاڵ نه‌ژاد |
له ده‌روازه‌ی کۆنینه‌که‌وه ڕووه‌و شاخه‌که گیراوه (وێنه‌ی هه‌ڤاڵ نه‌ژاد |
مێژووی حه‌سه‌نکێف
مێژووی حه‌سه‌نکێف ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ۱۰ هه‌زار ساڵ به‌ر له ئێستا. که ده‌کاته دوو هێندی مێژووی دروستبوونی هه‌ڕه‌مه‌کانی جیزه له میسر‌و ستۆنهێنج له به‌ریتانیا، و ته‌نانه‌ت به‌ر له دروستبوونی شارستانیه‌تی مایا له پیرۆ و ئینکا له گواتیمالا.
نوێترین زانیارییه‌کان ده‌ریده‌خه‌ن که حه‌سه‌نکێف له سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تی ئاشوورییه‌کاندا، له سه‌ده‌ی هه‌شتی پێش زایینی دا هه‌بووه و، گۆڕه به‌ردینه‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رده‌می ئه‌شکانییه‌کان (فه‌رتی) (۲۲۷ی زایینی- ۲۲۷ی پێش زایینی). له سه‌رده‌می ئه‌شکانییه‌کاندا حه‌سه‌نکێف گرنگییه‌کی تایبه‌تی هه‌بووه به‌و پێیه‌ی که ده‌که‌وێته سه‌ر ڕووباری دیجله‌و له‌ڕووی ئاسایشه‌وه ناوچه‌یه‌کی ئارام بووه. گرنگی ئه‌م ناوچه‌یه له وێنه و نووسراوه هه‌ڵکۆڵراوه‌کانی په‌هله‌وی و ئه‌شکانییه‌کاندا ده‌رده‌که‌وێت که له به‌شی باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی حه‌سه‌نکێف، له شوێنێک که به پیری داڵ ناسراوه نه‌خشێنراون. له‌نێو وێنه و نووسراوه هه‌ڵکۆڵراوه‌کاندا وێنه‌ی هه‌ڵۆ سمبولی خوای ئارییه‌کان (میترا-میهر) ده‌بینرێت که به‌شێوه‌یه‌کی به‌رفراوان و له‌سه‌رده‌می ڕۆمانییه‌کاندا له ئه‌وروپا، له‌لایه‌ن زۆرێک له فه‌رمانڕه‌واکانی ئه‌و ده‌مه ده‌په‌رسترا. له‌نێو ئاسه‌واره دێرینه‌کانی حه‌سه‌نکێف دا، شوێنه‌واری کارگه‌یه‌کی له سکه‌دانی دراو ماوه‌ته‌وه که له دوو نهۆم پێکهاتووه و به یه‌کێک له ده‌گمه‌نترین ئاسه‌واره‌کان ده‌ژمێردرێت، که له‌مڕۆدا ژماره‌یه‌کی ده‌گمه‌نی ئه‌م ئاسه‌وارانه له وڵاتانی ئیسلامی‌دا ماونه‌ته‌وه.
باژێری حه‌سه‌نکێف ناوچه‌یه‌کی گرنگی سه‌ربازی و بازرگانی بووه له سه‌رده‌می ڕۆمانیه‌کان دا کاتێک ئیمپراتۆر کۆنسته‌نتینی چواره‌م ژماره‌یه‌ک به‌له‌می هه‌ڵهاتنی له شاری ئامه‌د (دیاربه‌کر) دروستکرد وه‌ک خۆ ئاماده‌کردنێک بۆ هێرشکردنه سه‌ر ئیمپراتۆرییه‌تی ساسانییه‌کان له‌ڕێگه‌ی ئاوییه‌وه. پاشان ئۆگۆستی کوڕی، باژێری حه‌سه‌نکێفی نوێ کرده‌وه‌و شاری ئامه‌دی کرده باژێره سنووری نێوان بیزه‌نتی و ساسانییه‌کان. له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌مه‌وه له‌لایه‌ن ساسانییه‌کانه‌وه هێرش کرایه سه‌ر بیزه‌نتییه‌کان به‌ڵام به‌هۆی به‌هێزی بیزه‌نتییه‌کانه‌وه له به‌رگریدا بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ به‌رابه‌رییان کرد هه‌تا ساسانییه‌کان له‌کۆتاییدا و به به‌کارهێنانی پلانێکی سه‌ربازی توانیان ئیمپراتۆریه‌ته‌که داگیربکه‌ن.
له ساڵی ٤٥۱ی زایینی دا باژێری حه‌سه‌نکێف بووبووه جێگه‌ی مشت ومڕی کۆمه‌ڵه‌ی خالکیدۆنه کریستییانه‌کان که ئه‌وکاته وه‌ک ناوه‌ندی سه‌ره‌کی کڵێساو شوێنه پیرۆزه‌کان داده‌نرا. له ئێستادا باژێری حه‌سه‌نکێف چه‌ندین پاشماوه‌ی شارستانییه‌ته کۆنه‌کان و ئایین‌زاکانی وه‌ک کریستیان و موسوڵمانه‌کانی به زیندوویی تێدا ماوه.
له ساڵی ۱۱۰۱ ی زایینی‌دا، سیکمان کوڕی ئارته‌ک میرنشینی ئارته‌کی تورکمانی (سه‌لجوقی) حه‌سه‌نکێف و ئامه‌د (دیاربه‌کر)ی دروستکرد و پاش دوو ساڵ ماردینی گرته‌وه‌و حه‌سه‌نکێف بووه پایته‌ختی. پاشان ماردین جیاکرایه‌وه‌و له‌لایه‌ن هه‌شت شاوه فه‌رمانڕه‌وایی کرا، هه‌تا له‌کۆتاییدا له ساڵی ۱۲۳۱ ی زایینی‌دا له‌لایه‌ن ئه‌یووبییه‌کانه‌وه تێکدرا.
حه‌سه‌نکێف (وێنه‌ی هه‌ڤاڵ نه‌ژاد |
حه‌سه‌نکێفی پایته‌خت له سه‌رده‌می ئه‌رته‌کییه‌کاندا گه‌شه‌یه‌کی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینی، له‌و ده‌مه‌دا سکه‌ی دراولێدان دامه‌زرابوو و شاکانی گرنگی تایبه‌تییان به گه‌شه‌سه‌ندنی که‌لتورو چالاکی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌دا، به‌تایبه‌تی له سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی قه‌ره ئه‌رسه‌لان کوڕی به‌عود کوڕی سیکمان و نوره‌دین محه‌مه‌د کوڕی قه‌ره ئه‌رسه‌لان، و نه‌سره‌دین مه‌حمود کوڕی نوره‌دین محه‌مه‌د که قو‌تابخانه‌و بازاڕ‌و میوانخانه‌و گه‌رماو دروستکران و، پاشان باژێره‌که ته‌شه‌نه‌ی کرد به‌ره‌و که‌رتی باکوری دیجله (ڕابیژ). پردێک له‌نێوان باژێره‌که‌و ڕابیژدا هه‌بوو که مایه‌ی سه‌رسوڕمانی مێژوونووسان و گه‌شتیاران بوو به ڕاده‌یه‌ک که یاقوت حه‌مه‌وی له کتێبی فه‌رهه‌نگی شاراندا ده‌ڵێت: (له هه‌موو وڵاته‌که‌دا له‌مه جوانترم نه‌دیوه).کاتێک بۆ یه‌که‌مجار له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا چاوی پێکه‌وت؛ مێجه‌ر سۆنی سه‌رکرده‌ی سوپای به‌ریتانیا له کوردستان وه‌ها باسی کردووه: (ئه‌و چه‌ندین ده‌یه‌ی پشت دروستکردنی، چیرۆکی خۆگری و دانایی مرۆڤه پێشینه‌کان ده‌گێڕێته‌وه). ئه‌و پرده ئه‌ندازه‌یه‌کی ناوازه‌ی هه‌بووه که به‌رزی چه‌مانه‌وه‌ی ناوه‌ڕاستی ٤۰ مه‌تر بووه و به دار به‌یه‌که‌وه قاییم کراوه، که زۆر به ئاسانی له‌کاتی هێرشی دوژمن‌دا ببڕدرێت. له‌کاتێکدا به‌شه‌کانی تری پرده‌که له به‌رد و ته‌باشیر دروستکرابوون. له‌نێو مێژوونووسان دا بیروڕای جیاواز هه‌یه سه‌باره‌ت دروستکه‌ری پرده‌که و هه‌ندێک ڕایان وایه که له‌لایه‌ن شا قه‌ره ئه‌رسه‌لان ئه‌رته‌کییه‌وه دروستکراوه و، هه‌ندێک له ڕۆژهه‌ڵات ناسان بڕوایان وایه که له‌لایه‌ن ڕۆمانییه‌کانه‌وه دروستکراوه. هه‌ر چۆنێکبێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندیک وێنه‌ی مرۆڤ و نووسینی په‌هله‌وی له به‌شی دووه‌می پرده‌که‌دا که له‌لایه‌ن میرنشینی ئه‌شکانی (فه‌رتی)یه‌وه (۲۲۷ی پێش زایینی – ۲۲۷ی زایینی) دروستکراوه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که قه‌ره ئه‌رسه‌لان هه‌ندێک تازه‌گه‌ریی تێداکردبێت، که وایکردووه به دامه‌زرێنه‌ری پرده‌که ناوزه‌دبکرێت.
به گوێره‌ی ئیکوڕی شه‌دداد له کتێبێکیدا که کۆپییه‌کی له له زانکۆی بۆدیلیان پارێزراوه و له ساڵی ۱۲۸۰دا ته‌واوی کردووه، گۆڕستانه‌کانی ئه‌رته‌کی و شاکانی بانی مه‌روان ( کوردانی دۆسته‌کی) که‌وتوونه‌ته سه‌ر که‌رتی باکووری دیجله (ڕابیژ) که پاشکۆی باژێره سه‌ره‌تاییه‌که‌یه.
ئه‌رته‌کییه‌کان گرنگییان به جووڵانه‌وه‌ی زانستی و خوێندن و بیناسازی داوه. شا ساڵه‌ح نه‌سره‌دین مه‌حمود زانابوو که خوێندنی فه‌لسه‌فه و ئه‌ندازه‌ی میکانیکی و بیرکاری و بیناسازی ته‌اوکردبوو. گه‌وره‌ترین قوله‌ی له شاری دیاربه‌کرد دروستکرد و ئه‌مه‌ش له نووسینی سه‌ر قوله‌که که پێی ده‌وترێت (یه‌دی قه‌ردیش) ده‌رده‌که‌وێت.
ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که شا ساڵه‌ح نه‌سره‌دین له‌سه‌ر ده‌ستی زانای کوردی ئیکوڕی ڕه‌زاز جه‌زری، نووسه‌ری گه‌وره‌ترین کتێب ده‌رباره‌ی ئه‌ندازه‌ی میکانیکی له سه‌رده‌می ئیسلامدا فێرکرابێت و، عه‌بدولڕه‌قیب یوسف له کاریگه‌رییه هونه‌رییه‌کانی جه‌زریه‌وه له نووسینه‌کانی سه‌ر قوله‌ی (یه‌دی قه‌ردیش) و (ئۆلی بادان) ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ی هه‌ڵگۆزیوه‌و له کتێبی (میرنشینی دۆستکی له ناوه‌ڕاستی کوردستان) دا ئاماژه‌ی پێداوه.
له ساڵی ۱۲۳۲ ی زایینی‌دا، شا کامیل محه‌مه‌د کوڕی شا عادل ئه‌یوبی ئه‌بی به‌کر کوڕی نه‌جمه‌دین ئه‌یوب کوڕی شازی کوڕی مه‌روانی کوڕی یه‌عقوبی کوردی، شای شام (سوریا) و میسر حه‌سه‌نکێفی له‌ژێر چنگی ئه‌رته‌کییه‌کان ده‌رهێنا و کوڕه‌که‌ی خۆی (شا ساڵه‌ح نه‌جمه‌دین ئه‌یوب) ی کوڕی خۆی کرده فه‌رمانڕه‌وا. فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌یوبییه‌کان درێژه‌ی کێشا هه‌تا ساڵی ۱٥۲٤ کاتێک بووه به‌شێک له میرنشینی عوسمانی. عوسمانییه‌کان چه‌ند که‌سێکیان له شانشینی ئه‌یوبی کرده شای حه‌سه‌نکێف و هه‌ندێکیشیان وه‌ک فه‌رمانڕه‌وا مانه‌وه هه‌تا کۆتایی سه‌ده‌ی شازده‌هه‌م. فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌یوبی به فه‌رمانڕه‌وایی ۲۰ ساڵه‌ی میرنشینی ئه‌کوینلو وه‌ستا به‌ڵام شا خه‌لیلی دووه‌می ئه‌یوبی فه‌رمانڕه‌وایی میرنشینه‌که‌ی گرته‌ده‌ست.
ئه‌یوبییه کورده‌کان، به‌تایبه‌ت شا عادل سلێمان گرنگی به هه‌موو لایه‌نێکی ژیانی حه‌سه‌نکێف ده‌دا وه‌ک بازرگانی، بیناسازی، که‌لتوورو له‌سکه‌دانی دراو. شا عادل ئه‌یوبی برای سه‌ڵاحه‌دین قوتابخانه‌یه‌کی به ناوی ئه‌لعادلیه دامه‌زراند. شا عادل ئه‌بولمه‌فاخر فاخره‌لدونیا وا‌لدین سلێمان کوڕی شه‌هابه‌دین قازی مزگه‌وتێکی به ناوی مزگه‌وتی ئه‌لڕاژی دروستکرد، که ڕه‌نگه ئه‌و مزگه‌وته‌بێت که تاکو ئه‌مڕۆ ماوه‌ته‌وه و ڕێکه‌وتی ۱۳۹٤ی زایینی له‌سه‌ر نووسراوه و به‌گوێره‌ی (مێژووی ماردین) له نووسینی میترانی مه‌سیحی حه‌نا دۆلۆپۆ، له ساڵی ۷٥۷ی هیجریدا و له‌سه‌رده‌می شا عادل سلێمان که ساڵی ۱۳۷۸ ی زایینی فه‌رمانڕه‌وایی گرته ده‌ست و له ساڵی ۱٤۲٤ی زایینی‌دا کۆچی دوایی کردووه، دروستکراوه. ژماره‌یه‌ک له پاشماوه‌ی کاره ئه‌ندازه‌ییه‌کانی تاکو ئێستا له حه‌سه‌نکێف دا ماونه‌ته‌وه، له‌نێویاندا ئه‌و ده‌روازه‌یه‌یه که له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگایه‌ی ده‌چێته‌وه سه‌ر قه‌ڵاکه دروستیکردووه. شا عادل زانا و شاعیر بووه و کتێبێکی هۆنراوه‌ی به زمانی عه‌ره‌بی نووسیوه. بۆ ماوه‌ی ٤۷ ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی کرد که ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌واییه‌که‌ی له هه‌موو شاکانی تری ئه‌یوبی باژێری حه‌سه‌نکێف درێژتربوو. ئه‌وه‌ی زانراوه ئه‌وه‌یه که کوڕانی خێزانه کورده فه‌رمانڕه‌واکان هه‌موویان یان زۆرێکیان خوێنده‌واربوون، هه‌ندێکیان گه‌یشتوونه‌ته به‌رزترین ئاستی پله‌ی خوێندنی زانست و هونه‌ر. شازاده‌کانی میرنشینی ئه‌یوبی حه‌سه‌نکێف به شا و خێزانه‌کانیشیان به مالیکه (شا) ناوده‌بران.
خانووه ئه‌شکه‌وته‌کانی حه‌سه‌نکێف (وێنه‌ی هه‌ڤاڵ نه‌ژاد |
خانووه ئه‌شکه‌وته‌کانی حه‌سه‌نکێف (وێنه‌ی هه‌ڤاڵ نه‌ژاد |
پیلانی ژێر ئاوکردنی حه‌سه‌نکێف و به‌شێکی باکووری کوردستان له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکیاوه
ساڵانێکه ده‌وڵه‌تی تورکیا به ناوی پرۆژه‌ی پێشخستن و وه‌به‌رهێنان له ناوچه‌که‌دا مه‌به‌ستییه‌تی حه‌سه‌نکێف و ژماره‌یه‌کی دیکه‌ی شار و گوند و ده‌ڤه‌ری باکووری کوردستان ژێر ئاو بکات، که له ڕاستیدا پرۆژه‌یه‌کی دیکه‌ی به کۆڵۆنالیزمه‌کردنی کوردستانه. تورکیا له‌و رێگه‌دا چه‌ندین ئامانجی هه‌یه؛ وێڕای ژێر ئاوخستنی ژماره‌یه‌کی زۆری شار و ده‌ڤه‌ری باکووری کوردستان، ده‌یه‌وێ ببێته وڵاتێکی به‌هێز له ڕووی سامانی ئاو و زاڵ بێت به‌سه‌ر عێراق و سوریا له رێگه‌ی گرتنی سه‌رچاوه‌ی ئاوی دیجله و فورات و گلدانه‌وه‌ی ئاوه‌که له‌و پرۆژه‌یه‌دا، جگه له به‌رهه‌مهێنانی وزه له رێگه‌ی ئاوه‌وه، به‌مه‌ش ده‌بێته هۆکارێک بۆ به‌هێز بوونی ئابوورییه‌که‌ی.
ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا ناوی (پرۆژه‌ی باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌نادۆڵ) (Gueneydogu Anadolu Projesi) به کورتکراوه‌یی ده‌بێته پرۆژه‌ی گاپ (GAP) و به‌وه ناسراوه. گاپ له ساڵی ۱۹۷۰ نه‌خشه‌ی جێ به جێ کردنی دارێژراوه، تێیدا به‌نداوی گه‌وره‌ی ئه‌تاتورک له‌سه‌ر هه‌ردوو رووباری دیجله و فورات دروست ده‌کرێت، که بیرۆکه‌ی خودی که‌مال ئه‌تاتورک دامه‌زرێنه‌ری ده‌وڵه‌تی تورکیا (۱۸۸۱- ۱۹۳۸)بووه. به‌نداوی گه‌وره‌ی ئه‌تاتورک رووبه‌ره‌که‌ی (۷۳۰۰۰)کم هێنده‌ی رووبه‌ری هه‌رسێ وڵاتی (هۆڵه‌ندا، به‌لجیکا، لۆکسه‌مبۆرگ) ده‌بێت، پێکدێت له ۲۱ به‌نداو و ۳۰ سیسته‌می ئاودێری و ۱۷ وێستگه‌ی کاره‌بایی و ۱۳ پرۆژه‌ی دیکه، که هه‌موویان له خاکی باکووری کوردستانن و ده‌که‌ونه پاریزگاکانی ئامه‌د (دیاربه‌کر)، ئادیامان، ئورفه، ماردین، سێرت، و غازی ئه‌نتاب.
بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه ده‌بێت ۳٥٥۱ گوند و ۱٥۳۸ ئۆردوگا تێکبدرێن و خه‌ڵکه‌که‌ی ڕابگوێزرێن و کاتی ته‌واوبوونه‌که‌شی له نێوان ساڵانی (۲۰۰۰-۲۰۲۰)، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تورکیا خۆی توانا ئابوورییه‌که‌ی به‌شی ته‌واوکردنی ئه‌م پرۆژه زه‌به‌لاحه ناکات داوای قه‌رزی له بانکی نێوده‌وڵه‌تی و بانکه جیهانییه‌کان کردووه، به‌ڵام به‌هۆی هه‌وڵی کوردان و لایه‌نه ژینگه‌پارێز و ڕێکخراوه‌کانی شوێنه‌واری مێژوویی، بانکه‌کان ڕه‌تیان کردۆته‌وه قه‌رز بده‌نه تورکیا بۆ ته‌واوکردنی ئه‌م پرۆژه‌یه.
بۆ جێ به جێ کردنی ئه‌م پرۆژه‌یه تورکیا له نێوان ساڵانی (۱۹۸۰-۱۹۸۳) سه‌د و په‌نجا و سێ (۱٥۳) گوندی باکووری کوردستانی وێران کردووه و خه‌ڵکه‌که‌شی به زۆره‌ملێیی دوورخستۆته‌وه بۆ شوێنێکی دوور و سزای ئه‌وانه‌شی داوه که به‌رهه‌ڵستی ئه‌و کاره‌بوون. ته‌نانه‌ت رێگه‌شی نه‌داوه خه‌ڵکه ره‌سه‌نه‌که‌ی ناوچه‌که وه‌ک کرێکار له پرۆژه‌که کاربکه‌ن و کرێکاری تورکی بۆ هێناوه. ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی ملیۆنان ئاژه‌ڵی ماڵی و کشتوکاڵی و باڵنده له ناوچوون، به‌هۆی نه‌مانی شینایی و له‌وه‌ڕگه.
هه‌رچی په‌یوه‌ندی به باژێری حه‌سه‌نکێفه‌وه هه‌یه له پرۆژه‌ی گاپ (GAP)، دروستکردنی به‌نداوێکی ئاوه به‌ناوی ئیلی سو له‌سه‌ر رووباری دیجله، به تێچووی ٥،۱ ملیار دۆلار و بریاره له ماوه‌ی حه‌وت ساڵدا ته‌واو بکرێت. ئه‌م به‌نداوه ئه‌گه‌ر دروست بکرێت چواره‌مین به‌نداوی گه‌وره‌ی تورکیا ده‌بێت به گوێره‌ی ئه‌ندازه و دووهه‌مین به‌نداو ده‌بێت له‌ڕووی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی کاره‌با.
هه‌رچه‌نده ئه‌م به‌نداوه له‌ڕووی سامانی ئاو و به‌رهه‌مێنانی وزه‌وه سوودی بۆ تورکیا ده‌بێت، به‌ڵام ئامانجی سه‌ره‌کی سامانی ئاو نییه، چونکه ئاوی ژێر زه‌وی له‌و ناوچه‌یه وه‌ک پێویست هه‌یه و پێویست به دروستکردنی به‌نداو ناکات. رێکخراوه کوردییه‌کانی ناوچه‌که ده‌ڵێن تورکیا له ڕووی ئه‌منییه‌وه ده‌ڕوانێته ئه‌م به‌نداوه و ده‌یه‌وێ کێشه‌ی سیاسی کوردان به‌م جۆره پرۆژانه کۆتایی پێ بێنێت! ئه‌م پرۆژه‌یه بۆ میلله‌تی کورد و خاکی باکووری کوردستان به‌زیانێکی زۆر ته‌واو ده‌بێت به‌تایبه‌ت له ڕووی نه‌هێشتنی ئاسه‌واری مێژوویی و ژێرئاوکردنی شاره‌کانی. ئه‌گه‌ر ئه‌م به‌نداوه دروست بکرێت، نزیک به ۲۰۰ گوند و شاری مێژوویی حه‌سه‌نکێف ده‌که‌وێته ژێر ئاو، که ئاسه‌وارێکی هه‌زاران ساڵه‌یه. به‌گوێره‌ی رێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کانی باکووری کوردستان و خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌که، که دژایه‌تی ئه‌و پرۆژه‌یه ده‌که‌ن، ده‌وڵه‌تی تورک مه‌به‌ستییه‌تی له رێگه‌ی ئه‌م به‌نداوه‌وه ئاسه‌واره مێژووییه‌کانیان ژێر ئاو بکات و خۆشیان که مه‌زه‌نده ده‌کرێت به زیاتر له ٦۰ هه‌زار که‌س به زۆره‌ملێ ناچار به گواستنه‌وه بۆ شوێنی دیکه‌یان بکه‌ن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین چالاکییان ئه‌نجامداوه و رێکخراو و ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌کانیان لێ ئاگادارکردۆته‌وه. له ئه‌نجامی دژایه‌تی خه‌ڵک و رێکخراوه‌کانی ده‌ڤه‌ره‌که‌شدا کۆمپانیاکانی به‌ریتانیا و ئیتاڵیا خۆیان له جێ به جێ کردنی پرۆژه‌که کشاندۆته‌وه و ئه‌و بانکه نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی که بڕیاربوو قه‌رز بده‌نه تورکیا بۆ ته‌واوکردنی پرۆژه‌که، قه‌رزدانیان راگرتووه. ئه‌مه‌ش تا ئێستا دڵخۆشکه‌ر بووه بۆ خه‌ڵکی ناوچه‌که.
هه‌روه‌ها به‌نداوی ئیلی سو ته‌نها زیان به خاکی باکووری کوردستان ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵکو زیانێکی زۆر به باشووری کوردستان و ته‌نانه‌ت عێراقیش ده‌گه‌یه‌نێت، چونکه یه‌کێک له سه‌رچاوه سه‌ره‌کییه‌کانی ئاوی باشووری کوردستان و عێراق رووباری دیجله‌یه، که به‌هۆی ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه زۆر که‌م ده‌بێته‌وه و مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه بۆسه‌ر کشتوکاڵ و ئاودێری و ژینگه‌ی باشووری کوردستان و عێراق.
له راپۆرتێکی ئیپه‌ک تاشلی، له کۆمه‌ڵه‌ی پاراستنی حه‌سه‌نکێف، که ساڵی ۲۰۰۹ سه‌ردانی باشووری کوردستانی کردووه. ته‌حسین قادر، وه‌زیری ئه‌و ده‌می سه‌رچاوه ئاوییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، سه‌باره‌ت به به‌نداوی ئیلی سو گوتوویه‌تی: به‌گوێره‌ی په‌یماننامه‌ی ڤییه‌نای ساڵی ۱۸۱٥، كۆنفرانسی په‌یمانگای نێوده‌وڵه‌تی یاسا له ساڵی ۱۹۱۱، یاساكانی هێلسێنكی له ساڵی ۱۹٦٦، كۆنفراسی نێوده‌وڵه‌تی یاسا له مانگی مه‌ی ساڵی ۱۹۹۷، یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی ئاو، جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه پێویسته گفتگۆ و ڕه‌زامه‌ندی دوو لایه‌نه پێش دروستكردنی به‌نداو له سه‌ر رووباره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام توركیا سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته نه گفتوگۆی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق كردووه نه له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا.
له راپۆرتێکی دا، رێکخراوی لێبوردنی نێوده‌ڵه‌تی (Amnesty International) تایبه‌ت به پرۆژه‌ی به‌نداوی ئیلی سو و شاری مێژوویی حه‌سه‌نکێف، ره‌خنه له ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌گرێت و ده‌نووسێت: بۆ ئه‌م به‌نداوه رای دانیشتووانی ناوچه‌که وه‌رنه‌گیراوه و نزیکه‌ی ٥٥ هه‌زار هاوڵاتی ئاواره‌ده‌کوڕی.
ئه‌و راپۆرته‌ی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی مانگی ۷ی ساڵی ۲۰۰۹ بڵاوکراوه‌ته‌وه به سه‌ردێڕی "ده‌وڵه‌ته‌کان یارمه‌تی مادی بۆ به‌نداوی ئیلی سو له تورکیا راده‌گرن" له راپۆرته‌که‌دا وێڕای ئاماژه‌کردن به ئاواره‌کردنی ٥٥ هه‌زار که‌س هاتووه: له ساڵی ۲۰۰۹ دا هه‌ریه‌ک له وڵاتانی ئه‌ڵمانیا، سویسرا، نه‌مسا، بڕیاریاندا به ڕاگرتنی یارمه‌تیه‌کانیان بۆ پرۆژه‌ی دروستکردنی به‌نداوی ئیلی سو، که به ئاشکرا مه‌ترسی پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤی دروست ده‌کرد. بڕیاره‌که‌ی ئه‌و سێ وڵاته له ئه‌نجامی بڵاوکردنه‌وه‌ی چه‌ندین لێکۆڵینه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن له‌لایه‌ن که‌سانی شاره‌زا وسه‌ربه‌خۆوه هات، کاتێک لێکۆڵینه‌وه‌کانیان ده‌ریخست که دروستکردنی به‌نداوی ئیلی سو هیچ پێوه‌رێکی یاسایی، له‌وانه پێوه‌ره‌کانی تایبه‌ت به ئاسه‌واره کۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه‌ییه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی جێ به‌جێ نه‌کردووه.
هه‌روه‌ها له ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی ئه‌وڕوپا له‌مه‌ر بارودۆخی تورکیا له ساڵی ۲۰۱۱ دا ئاماژه به‌وه‌کراوه که حکوومه‌تی تورکیا درێژه ده‌دا به جێ به جێ کردنی پڕۆژه‌ی (گاپ)، که مه‌به‌ست له‌و پڕۆژه‌یه به‌ره‌وپێشبردنی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری هه‌رێمه‌که‌یه و، ئامانج ئه‌وه‌یه تا ساڵی ۲۰۱۲ کۆتایی بێت.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه ده‌کات پڕۆژه‌ی به‌نداوی گه‌وره که‌وتوونه‌ته به‌ر توانج و ڕه‌خنه له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ن له سه‌ر پێشوه‌چوونی به‌رده‌وامی هه‌رێم به ڕێگای تێکدانی هه‌لومه‌رجی ژیانی خه‌ڵکی ناوچه‌که، له‌وانه که‌له‌پووری مێژوویی، ژینگه‌ی خۆڕسک، زینده‌ور و زه‌وی به پیتی کشتوکاڵ به ته‌نیشت چۆمه‌کانه‌وه.
له ڕاپۆرتی بیرخه‌ره‌وه‌ی ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و مامۆستایانی زانکۆ‌و پارێزه‌رانی کوردستان دا به ناونیشانی " ئایا جیهان له ئاست له‌ناوبردن و ژێرئاوکردنی شارستانیه‌تی کۆنی باژێری حه‌سه‌نکێف بێده‌نگ ده‌بێت؟" هاتووه: ئێمه بڕوامان وایه که ئه‌رکی سه‌رشانی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و یونیسکۆیه که به‌ر به‌م پرۆژه‌یه بگرن و حه‌سه‌نکێف وه‌ک ناوچه‌یه‌کی مێژوویی جیهانی تۆمار بکه‌ن.
باژێری حه‌سه‌نکێف مۆزه‌خانه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی پاشماوه‌ی عه‌قیده‌ی میترایزم و زۆرێک له شارستانیه‌تی تره که زۆر که‌م له باره‌یانه‌وه ده‌زانرێت. ئه‌وه‌ی له حه‌سه‌نکێف دا جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که چه‌ندین شارستانی هاتوون و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی شارستانییه‌ته‌کانی به‌ر له خۆیان داوه، به‌ڵام که‌سیان له‌م هه‌وڵه‌یاندا سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون! ئه‌وه‌ی له به‌نداوی ئیلی سو چاوه‌ڕێ ده‌کرێت هه‌مان مه‌به‌سته؛ ئه‌وه‌ی که شارستانیه‌ته‌کانی تر به درێژایی ۱۰ هه‌زار ساڵ سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون له ئه‌نجامدانی، حکوومه‌تی تورکیا ده‌یه‌وێت ئه‌نجامی بدات.
سه‌رچاوه‌کان:
1- کتێبی "پرۆژه‌ی گاپ، ئه‌ڵقه‌یه‌کی تری کۆڵۆنیالیزمه‌کردنی کوردستان". نووسینی هه‌ڵۆ به‌رزنجه‌یی. (له بڵاوکراوه‌کانی رێکخراوی خوێندکارانی سۆسیالیستی کورد له ئه‌روپا- سۆکسه) چاپی دووه‌م. (۲۰۰٤).
2- ڕاپۆرتی "کولینگی پڕۆژه‌ی چاککردنی به‌نداوی "ئیلی سو" که به‌شێک له مێژووی کوردان ده‌باته ژێر ئاو له زه‌وی درا". نووسینی مەسعوود حەقیقەت فەر. له ۱٥ ئۆکتۆبه‌ری ۲۰۱۱ له‌م ماڵپه‌ڕه وه‌رگیراوه
http://handeran.wordpress.com/2010/10/16/illisu-baraj-destroyi-kurdish-history/.
3- ماڵپه‌ڕی رێکخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی. له ۱٥ی ئۆکتۆبه‌ری ۲۰۱۱ دا له‌م ماڵپه‌ڕه وه‌رگیراوه http://www.amnesty.org/en/news-and-updates/news/governments-withdraw-financial-support-ilisu-dam-turkey-20090707.
4- راپۆرتێک له ژێر سه‌رنووسی "ڕاپۆرتی گه‌شتێک بۆ ئێراق- سه‌باره‌ت به کاریگه‌ریه‌کانی به‌نداوی ئیلی سو له‌سه‌ر ئێراق". نووسینی ئیپه‌ک تاشلی. کۆمه‌ڵه‌ی پاراستنی حه‌سه‌نکێف (۲۰۰۹).
5- لاپه‌ره‌ی فه‌یسبووکی حه‌سه‌نی قازی که به‌شێکی راپۆرتی کۆمیسیۆنی ئه‌وروپا له‌مه‌ڕ بارودۆخی تورکیای له ژێر سه‌رنووسی " بار و دۆخ له ڕۆژهه‌ڵات و باشووری ڕۆژهه‌ڵات " دا وه‌رگێڕابووه سه‌ر زمانی کوردی. (۲۰۱۱).
6- ویکیپیدیا: زانستگه‌ی ئازاد. له ۱۲‌ی ئۆکتۆبه‌ری ۲۰۱۱ له‌م ماڵپه‌ره وه‌رگیراوه
http://ku.wikipedia.org/wiki/Hesk%C3%AEf.
7- ڕاپۆرتێک له ژێر سه‌رنووسی "حه‌سه‌نکێف-شارێکی مێژوویی تر ده‌ڕووخێنرێت". نووسینی وه‌ید (۲۰۱۰). له ۱۹ی ئۆکتۆبه‌ری ۲۰۱۱دا له‌م ماڵپه‌ره وه‌رگیراوه http://www.vagabondjourney.com/journalism/hasankeyf-another-ancient-city-to-be-destroyed/ .
8- ڕاپۆرتێک له ژێر سه‌رنووسی " ئایا جیهان له ئاست له‌ناوبردن و ژێرئاوکردنی شارستانیه‌تی کۆنی باژێری حه‌سه‌نکێف بێده‌نگ ده‌بێت؟". مێمۆراندۆمی گروپێک له ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و مامۆستایانی زانکۆ و پارێزه‌رانی کوردستان، به زمانه‌کانی ئینگلیزی، عه‌ره‌بی، تورکی، و کوردی که ئاڕاسته‌ی ڕێکخراوی جیهانی یونیسکۆ کراوه. (۲۰۰۷).
2 سەرنج:
دەست خۆش. زۆر تایبەت بوو
زۆر سپاس
Post a Comment