30 December 2010

بەشداری ناوەندی ئایندە لە مێزگەردی رۆژی مافەکانی مرۆڤ لە ئۆفیسی( UN) لە هەولێر

 سەر لەبەیانی ئەمڕۆ، پێنج شەممە ٩-١٢-٢٠١٠ دانیشتنێک لەژێر ناونیشانی (مێزگەردی رۆژی مافەکانی مرۆڤ- دەنگ هەڵبڕە ... جیاکاری راگرن) لەلایەن نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق (UNAMI) نووسینگەی مافی مرۆڤ لە هەولێر بەرێوەچوو.
سەرەتا لە لایەن بەرپرسی یونامی لە کوردستان وتەیەک پێشکەش کرا و تێیدا ئاماژەی بە رابردووی رەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستان کرد و گوتی: کوردستان ئازارێکی زۆری جیاکاری مافی مرۆڤی بینیوە لە ڕابردوودا و گەشبینیشم بەوەی بەرەو ئایندەیەکی باشتر لەو بوارەوە هەنگاودەنێت. هەروەها داوایکرد پەرلەمانتاران و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێکەوە کاربکەن بۆ بەرزکردنەوەی یەکسانی و نەهێشتنی جیاکاری.

دواتر وتاری هەریەک لە لیژنەکانی (مافی مرۆڤ، داکۆکیردن لە ژنان و ئافرەتان، رۆشنبیری، کۆمەڵگەی مەدەنی) لە پەرلەمانی کوردستان، خوێندرایەوە بەشێوەیەکی گشتی ئاماژەیان بەوەدەکرد کە جگە لەوەی لە رابردوودا بەهۆی سیاسەتی رژێمەکانی عێراقەوە جیاکاری ماف هەبووە، هێشتا لە کوردستان جیاکاری مافی مرۆڤ هەیە و دەبینرێ.
سالار مەحمود سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان لە وتەکەی خۆیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئێستاش لە عێراقدا جیاکاری هەیە و هێشتا زمانی کوردی وەک پێویست کاری پێناکرێت لە عێرقدا، لە کاتێکدا بەگوێرەی دەستور زمانی فەرمییە. هەروەها ئاماژەی بەرەوشی مەسیحییەکانی عێراق کرد کە رووبەرووی توندوتیژی دەبنەوەو لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوەکرد لە کوردستانیشدا جیاکاری هەیە وەک ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست هەیە.
لەو دانیشتنەدا هەڤاڵ نەژاد، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوندییەکانی ناوەندی ئایندە بۆ پرسەکانی گەنج، بەشداربوو، تێیدا کورتەیەکی دەربارەی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ پێشکەش کرد و لەچەند خاڵێکدا کۆی کردنەوە :
١- بەشێوەیەکی گشتی لە کوردستاندا جیاکاری مافی مرۆڤ هەیە.
٢- ژمارەیەکی زۆر بێ سەروشوێنی شەڕی ناوخۆ هەیە لە کوردستاندا کە چارەنووسیان نادیارە.
٣- ئاستەنگ دەخرێتە بەردەم کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ نموونە هەفتەی رابردوو لەکاتی هەڵبژاردنی مامۆستایان، رێگە بە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نەدرا چاودێری بکەن لە شاری سلێمانی.
٤- سوکایەتیکردن بە رۆژنامەوانان و نووسەران، تازەترینیان سەپاندنی سزای دوو ملیۆن دینار، لەلایەن دادگای کەتنی دهۆک، بەهۆی باسکردنی ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ لە هۆنراوەیەکدا.
٥- بەشێوەیەکی گشتی یاسا وەک پێویست جێبەجێناکرێت و جیاکاری دەکرێت لە نێوان هاوڵاتیان لەبەردەم یاسا، بەتایبەت جیاوازی دەکرێت لەنێوان کەسێک کە سەر بە پارتەکانی دەسەڵاتە یان بێ لایەنە.
٦- خەریکە لە کوردستان یاسا رۆڵێکی نەرێنی دەبینێ لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، دیارترین نمونەش پەسەندکردنی یاسای خۆپیشاندان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە.
لەو دانیشتنەدا نوێنەرانی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێم و ئەنجومەنی دادوەری و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ، لەگەڵ لایەنی رێکخەری کۆبوونەوەکە کە بەرپرسانی یونامی بوون، بەشداربوون.
فۆتۆ: کارزان کەریم

0 سەرنج:

Post a Comment