30 December 2010

نەتەوە چییە؟


هەڤاڵ نەژاد
پرسیارێکە گرنگتر لە زۆربەی پرسیارەکانی دیکە، کە دەبێت چینی رۆشنبیری کورد بیوروژێنن و  بەدوای وەڵامێکدا بگەرێن کە شیاوبێت بۆ دۆخی کورد ، چونکە کەمترین کاری ئەکادیمیانەو زانستییانەی لەسەر کراوەو خوێنەری کورد وەک پێویست پێی ئاشنا نییە. پرسیارێکە پێویستە هەموو تاکەکەنی کورد، بەدوای وەڵامەکەیدا بگەڕێن.

لەو بارەیەوە هەوڵ دەدەم لەم نووسینە کورتەدا لە روانگەی (ئیرنست رێنان)ی فەرەنسییەوە وەڵامی ئەو پرسە بدەمەوە. رێنان ناوێکی دیارە لە توێژینەوە لەسەر نەتەوەو پێناسەکردنی نەتەوە، بیروبۆچوونەکانی ئیرنست رێنان هەتا ئەم سەردەمەش بە سەرچاوەیەکی گرنگ هەژمار دەکرێت لە بواری توێژینەوە لەنەتەوەو پێویست دەکات ئەوانەی وێلی زانیارین یاخود توێژینەوە لەو بارەیەوە دەکەن، بیخوێننەوە.
لەسەرەتای سیمیناری (نەتەوە چییە) کە رێنان، ساڵی ١٨٨٢ لە سۆربۆن پێشکەشی کردووە، دەڵێت" ئەوەی باسی لێدەکەین بابەتێکی هەستیارە، تا رادەیەک وەک ئەناتۆمی و نەشتەرکاری وایە، باس لە زیندووان دەکەین وەک چۆن باس لە مردووان دەکرێ"
پێش هەموو شت رێنان پێیوایە نەتەوەو لەسەر دوو بنچینە یاخود کۆڵەکە وەستاوە، یەکەم: یاداشتێکی هاوبەش لە رابردووی ژیانی ئەو کۆمەڵە خەڵکە. دووەم: ئیرادەی بەیەکەوە ژیانی هەمیشەیی.
رێنان پێیوایە جەوهەری هەر نەتەوەیەک لەوەدا کۆدەبێتەوە، هەموو تاکەکانی هەست بکەن زۆر شتیان هەیە پێکەوەیان دەبەستێتەوە، زۆر شتی تریشیان هەیە پێکەوە لە بیری بکەن.
دەربارەی ئەمەش رێنان نمونە بە فەرەنسا دێنێتەوە کە قەتل و عامی باشوری فەرەنسایان لەبیرکردووەو دەڵێت: لە هەموو فەرەنسا دە خێزانت دەستناکەوێ بتوانێ بەڵگەی روونی نەژادی خۆی پیشانبدا. رێنان دەربارەی کارەسات و شکست و رۆڵیان لە دروست بوونی یەکێتی نەتەوەیی نموونە بە ئیتاڵیا و دەوڵەتی عوسمانی دەهێنێتەوەو دەڵێت: هەموو شکستەکان ئیتاڵیای بەرەو سەرکەوتن بردووەو سەرکەوتنەکانیش دەوڵەتی عوسمانیان بەرەو لەناوچوون بردووە، هۆکارەکەشی ئەوەبووە ئیتاڵیا نەتەوەیەو دەوڵەتی عوسمانی نەتەوە نییە، بەڵکو چەندین نەتەوەی تەواو جیاواز لە رووی یاداشتەوە تێیدا بوون.
بۆیە بەبڕوای رێنان نەتەوەی مۆدێرن ئەنجامێکی مێژووییە بەهۆی زنجیرەیەک کردار دروست دەبێت، کە هەمووی بەیەک ئاڕاستە دەڕۆن. هەروەها پێچەوانەی زۆرێک لە بیرکردنەوەکان لە بواری نەتەوەو ناسیۆنالیزمدا، پێی وایە فاکتەری نەژاد رۆڵێکی ئەوتۆی نییە لە دروستبوونی نەتەوەی مۆدێرندا.
ئەو دەڵێت نەژادی پاک بوونی نییە، دامەزراندنی سیاسەتیش لە سەر بنەمای نەژادی و ئیتنۆگرافی، وەک ئەوە وایە لەسەر زەمینەیەکی وەهمی و خەیاڵی پەیڕەو بکرێت. بۆ ئەمەش نموونە بە ئەڵمانیا و بەریتانیا دەهێنێتەوە کە دانیشتووانەکەی سەربە زیاتر لە نەژادێکن.
رێنان بۆ زمانیش بەهەمان شێوەی نەژاد دەڕوانێت و نموونە بە ئەمریکا و ئەمریکای لاتین دەهێنێتەوە، کە یەک زمان بەکار دە‌هێنن و یەک نەتەوەش نین، نموونەی سویسراش دێنێتەوە کە یەک زمانیش نین بەڵام ئیرادەی یەکگرتنیان تێداهەبووەو یەکیان گرتووە، ئەمەش بە خاڵێکی گرنگتر دادەنێت.
لەکۆتاییدا رێنان دەگاتە ئەو ئەنجامەی بڵێت" نەتەوە گیانە، پرەنسیپێکی رووحییە، دووشتن کە لەراستیدا یەک شتن، ئەم گیانە، ئەم پرەنسیپە رووحییە پێکدەهێنن. یەکیان لە رابردووە، ئەوی تریان لە ئێستادایە.
یەکێکیان بریتییە لە بوونی میراتێکی دەوڵەمەندی بیرەوەری یاداشت، ئەویتریان رەزامەندی هەنووکەیی و ئارەزووی بەیەکەوەژیان"
هیوادارم هەمووان دەرفەتی خوێدنەوەی وتاری (نەتەوە چییە)ی ئیرنست رێنان، بۆخۆیان بڕەخسێنن !
سەرچاوە: سیمیناری (نەتەوە چییە)ی ئیرنست رێنان، وەرگێڕانی د.موحسین ئەحمەد عومەر

0 سەرنج:

Post a Comment