08 April 2014

نییەتی!

هەڤاڵ نەژاد 
ئەمڕۆ بۆ کارێک چووم بۆ فەرمانگەیەک، نووسراوێکم پێ بوو، لێیان وەرگرتم و گوتیان بڕۆ دوو سەعاتی تر وەرەوە و لە ژووری دەرچوو (سادیرە) وەری بگرەوە! کۆڵێ دڵم خۆش بوو، گوتم شتی چاکە ژووراو ژوورم پێ ناکەن، دیارە خۆیان هەموو کارەکانی دەکەن (سیستەمی یەک پەنجەرە). سەرتان نەئێشێنم لە خۆشیان سەعاتێکیش خاترم گرتن و، درەنگتر چوومەوە.

- کاکە هاتووم بۆ وەڵامی نووسراوەکەم، بەم ژمارەیە بوو (ژمارەکەم پیشاندا)؟
+ هێشتا نەهاتۆتە خوار، بچۆ لە ژووری بەڕێوەبەری گشتی پرسیار بکە.
- کاکی سکرتێر نووسراوێکم هەبوو بە ژمارەی ... تەواو نەبووە؟
+ نەخێر، ئەو ژمارەیە ئەسڵەن لە خوارەوە هەر نەیانناردووە!
بە هەمەحاڵ، چوومەوە ئەو ژوورەی کە سەر لە بەیانی نووسراوەکەم لێ بەجێ هێشتبوو.
- کاکە گیان بەیانی نووسراوێکم هێنا، گوتت دوو سەعاتی تر لە (دەرچوو) وەری بگرەوە، ئەوە سەعاتێکیش دەرنگتر هاتووم، لەوێ نەبوو، ژووری بەڕێوەبەری گشتیش دەڵێن؛ نەهاتۆتە لامان!
+ بچۆ بۆ لای ئەو خوشکە ( ئاماژە بۆ مێزەکەی بەرامبەری).
- خوشکم نووسراوێکم هێنا بەو ژمارەیە (ژمارەکەم پیشاندا) چی لێ هاتووە!
+ دەقەیەک ڕاوەستە... ئەها ئەوەتا لە بەر دەستما، بڕۆ سەعات دوو وەرەوە!
- دادەگیان، کاری ترم بەجێ هێشتووە، ئەگەر دەکرێ بمدەرێ خۆم دەیبەمە ژووری بەڕێوەبەری گشتی.
+ باشە قەینا، ئێستا خۆم لەگەڵ ئەوەکانی تر دەیهێنم.
بەیەکەوە لەگەڵ ئەو فەرمانبەرەدا چووینەوە ژووری بەڕێوەبەری گشتی!
- کاکە گیان ئەگەر ئەوەی منی ئیمزا کرد، زوو بۆم بێنەرە دەرەوە، سپاست دەکەم.
+ (دوو سێ کارمەند بە پێکەنینەوە) وەڵا نە مدیر عام (بەڕێوەبەری گشتی) لێرەیە و نە جێگرەکەی!
- ئەی حەل؟ چی بکەین؟!
+ جێگرەکەی پێنجشەممە دێتەوە (سەیرێکی نووسراوەکەی منیان کرد)+ ئەوەی تو بە جێگریش ناکرێ، ئیمزای مدیر عامی دەوێ، ئەویش تا یەکشەممە نایەتەوە!
ئەوەش رۆتینات و دەوامی کارمەندانی حکوومەت. ئەمڕۆ سێ شەممە بوو، بۆ ئیمزای نووسراوێکی زۆر سادە، دەبێ تا یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو چاوەڕێ بم! ئەویش ئەگەر جەنابی بەڕێوەبەری گشتیی لوتف بفەرمووێ ئەو دەمە بێ!
...
تێبینی؛ (نییەتی) مەبەستم لەوەیە سەردێڕی نییە، نەک سەردێڕەکە (نییە) بێ! چ شتێک لەم وڵاتە بۆتە کێشە، تا نەبوونی سەردێڕی وتارێک کێشە و جێی بایەخ بێ؟!

0 سەرنج:

Post a Comment