13 March 2013

هەر لە فەیسبووکەوە رێکخراوێک دابمەزرێنە


هەڤاڵ نەژاد 

کەمێک بەر لە ئێستا سەیری ماڵپەڕی فەرمانگەی رێکخراوە نا حکوومیەکانم کرد، لە ڕێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانی فۆڕمی دامەزراندنی رێکخراو وەربگریت و زۆر بە ئاسانی رێکخراوێکی مەدەنی دروست بکەیت بێ هیچ کێشەیەک، ئەمەش بەهۆی یاسای ژمارە ١ی ٢٠١١* کە یاسا کۆنەکەی هەڵوەشاندەوە.

بیرمە، کاتێک ئێمە رێکخراوێکمان دروست کرد، دەبوو رەزامەندی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ وەرگرین. هەموو ئەوانەی دەستەی دامەزرێنەر بووین دەبووایە بچینە ئاسایش و یەک یەک چاوپێکەوتن بکەین!
کارمەندێکی ئاسایش پرسیاربارانی دەکردی، پرسیاری وای دەکرد هەندێ جار خۆشت نەتدەزانی!

چەند کەسن لە ماڵەوە؟ ناوی هەموویان، تەمەنیان، لەهەمووی گرنگتر ئەندامی چ حیزبێکە؟
چەند مامت هەیە؟ ناوی هەموویان، تەمەنیان، لەهەمووی گرنگتر ئەندامی چ حیزبێکە؟
بەکورتی؛ چەند پور، چەند خاڵ، چەند... بەهەمان شێوەی سەرەوە!
خۆت ئەندامی چ حیزبێکی؟ ئەمەیان هەر زۆر گرنگ بوو وای ئەگەر لە حیزبی کاکی ئاسایش نەبوویتایە یا نەیارەکەی بوویتایە، ٢ مانگ مۆڵەتی ڕێکخراوەکەتان دوادەکەوت.
هەڵبەتە ئەگەر ئەندامی حیزبی حکوومڕان بوویتایە زوو مۆڵەتی رێکخراوەکەت وەردەگرت.

کاتێک کارمەندەکەی ئاسایش ئەو پرسیارانەی لە خۆم کرد، خێڵ و عەشرەت هەمووی بە کەیفی کاکی ئاسایش بوون، کە هاتە سەر خۆم گوتم بێ لایەنم! وتی شتی وا نابێ، دەبێ لایەنێک بڵێی، گوتم: بنووسە پاسۆک*! سەرێکی لەسەر فۆرمەکە بەرزکردەوە و وەک ئەوە وابوو جنێوی پێ بدەم! مۆڕەیەکی کرد و ناچار نووسی! ئاخر پاسۆک نەماوە و کاکی ئاسایش پێی وایە ئەو حیزبە لە ناو حیزبەکەی ئەودا تواوەتەوە و ئێستا تۆ بۆی زیندووکەیتەوە! حەی حەی!

سەرتان نەیەشێنم، ئەو قسەیەی من و برادەرێکی تر کە لایەنە سیاسییەکەی بەدڵی کاکی ئاسایش نەبوو، ماوەیەکی باش مۆڵەتەکەیان دواخستین.
ئەم چاوپێکەوتنەی ئاسایش، کە زۆر ناخۆش و وەرسکەر بوو، ئێوە تەنها سەر با دەدەن بە خوێندنەوەی، بەڵام ئەو هاوڕێیانەی ساڵانی رابردوو  بەشداربوون لە دامەزراندنی رێکخراو دەزانن و بیریان دەکەوێتەوە چەندە ناخۆش بوو.



لەگەڵ ئەوەشدا رێکخراوەکەمان (ناوەندی ئایندە بۆ پرسەکانی گەنج)* دامەزرا و بووین بە باشترین رێکخراوی لاوان لەسەر ئاستی کوردستان و خەڵاتی حکوومەتمان وەرگرت. هەروەها لەگەڵ هاوکارانمدا رۆڵی بەرچاومان گێڕا لە گۆڕێنی ئەو یاسایە و دوو کۆنفرانسی هەرێمایەتیمان بۆ سازدا، لە شارەکانی کوردستان کۆبوونەوەی فراوانمان بۆ ساز کرد. سەرەنجام  یاساکە گۆڕا و ئێستا دەتوانن لەگەڵ دوو برادەری فەیسبووک، لە رێگەی فەیسبووکی فەرمانگەکەوە رێکخراوێک دروست بکەن و تەنها لە یەک پەنجەرەی فەرمانگەکەوە کاروبارەکان ڕایی بکەن!

دڵنیام بەهۆی ئەم یاسایە تازەیەوە رێکخراوی زۆر و بۆر دروست دەبێت، هیوام وایە رێکخراوە چالاکەکان بەهۆیەوە بزر نەبن و بەڵکو زیاتر و روو لەگەشە بن!


* پێشووتر لە ئیدارەی زەرد بە یاسای ١٥ و یاسای ١٨ و لە ئیدارەی سەوزیش بە بڕیاری ٢٩٧ رێکخراو دادەمەزرا، بەو دەردەسەرییەی سەرەوە!
* پاسۆک: پارتی سۆشیالیستی کورد، پارتێکی نەتەوەیی بوو لە ١٩٧٦ دامەزراو و تا پاش ڕاپەڕین چالاک بوو.
* ئێستا لەو رێکخراوە نەماوم.

0 سەرنج:

Post a Comment