07 April 2014

کام لێبوردنی گشتی؟!

ڕاستییەکەی دادگای خراپە
هەڤاڵ نەژاد* 
پێمخۆشە یاساناسێکی شارەزاتر لە من بێت و بۆمان ڕوون بکاتەوە چۆن (دانا ئەحمەد مەجید) بەر ئەو یاسای لێبوردنە گشتییەی ساڵی ٢٠١٢ی  سەرۆکایەتی هەرێم کەوتووە؟!

لە کاتێکدا، هەرچی سەرنجی ئەو یاسایە دەدەم و لێی دەڕوانم، ئەو بە هیچ شێوەیەک ئەو یاسایەی لێبوردنی گشتیی (یاسای ژمارە دووی ساڵی ٢٠١٢) نایگرێتەوە، کە پێی ئازاد کراوە و دۆسییەکەی داخراوە. ئەویش بەم هۆکارانە:
یەک: بە گوێرەی مادەی چواری یاسای لێبوردنی گشتی ساڵی ٢٠١٢، ئەوانە ناگرێتەوە کە هەڵاتوون لە یاسا، ئەو بەرپرسەی پێشوو، وەک ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکان بڵاوکرایەوە، هەڵاتبوو، حوکمی غیابیشی لەسەر دەرچووە بە شەش ساڵ زیندانی!
دوو: بە گوێرەی خاڵی پێنجەمی مادەی پێنجی هەمان یاسا، ئەو لێبوردنە (بەرتیل و دزینی سامانی گشتی ناگرێتەوە) ئەو مادەیەشی کە ئەوی پێ سزادرابوو، مادەی ٣٢٠ی یاسای سزادانە، کە (الاختلاس)ـە، واتە شاردنەوەی سامانی گشتی و هەڵگرتنی بۆخۆی لە لایەن کارمەندێکی دەوڵەتەوە.
بەڕاستیمە، لەوە دەچێت من چوار ساڵ لە زانکۆ لە بری یاسا، شتێکی ترم خوێندبێت و ئەم دوو ساڵەش کە پارێزەریم  کردووە، هیچ لە یاسا فێرنەبووبم! یان ئەوەتا من شارەزاییم لە یاسادا نییە و پێویستە وازی لێ بهێنم، یا بە زانیارییە یاسایییەکانما بچمەوە! یان ئەوەتا ئەمە کارێکە لە دەرەوەی یاسا و، مامەڵەی سیاسیی گۆڕان و پارتی و یەکێتییە و لە بری شتی تر سەودایان پێ کردووە!
بزووتنەوەی گۆڕان، ئەم چەند ساڵە، بە هەزارانجار قسەیان لە سەر خراپی ڕەوشی یاسا کردووە و وەک کارتێکی سیاسیی بەرامبەر دەسەڵاتداران (پارتیی و یەکێتی) بەکاریان هێناوە. لە سەر کەیسی حەڤدەی شوبات، چەندین ڕاپۆرتیان لە مێدیاکانیانەوە ئامادە کرد و بڵاویان کردەوە، تەنانەت گوتاری بزووتنەوەکەش بە شێوەیەک بوو، کە وەک حەقستێنی قوربانییەکانی حەڤدەی شوبات دەردەکەوت و بەرگریی لێ دەکردن و دوای بە سزا گەیاندنی تاوانبارانیان دەکرد! ئێستا گۆڕان بەم کارەی کە هیچی لەوانەی پارتیی و یەکێتیی کەمتر نییە، هەموو ئەو ڕابردووەی دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دەبێتە ئاماژەیەکیش بۆ ئەوەی کە ئەگەر لە داهاتوودا بووە دەسەڵاتدار، بە هەمان شێوەی پارتیی و یەکێتیی، هەمان تاس و حەمام دووبارە دەکاتەوە سەبارەت بە یاسا و دادگا. هەمیشە گوتوومە و لێرەش دەیڵێمەوە؛ قازانجی پارتیی و یەکێتیی لەوەدایە، ئۆپۆزسیۆنێکیان هەیە، هاوشێوەی خۆیان!
بەهەمەحاڵ، ڕووی دەمم دەکەمە "ڕۆشنبیر" و "چالاکوانەکان" (هەڵبەت چالاک ڕاسترە، بەڵام ئەوان دەڵێن چالاکوان)ـەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و شاری سلێمانی، چونکە پەیوەندی بەو شارەوە هەیە، ئەوانەی کە هەمیشە پێشڕەوی مافی مرۆڤن و ڕەخنەی ئەوە لە دەسەڵات دەگرن، فەرموون لەوە بێدەنگ مەبن و قسەتان هەبێ. هەر بە گوێرەی ئەو یاسایەی کەس نازانێ چۆن ئەو بەرپرسەی پێشووی پێ ئازادکراوە، دەتوانن تانە لەو بڕیارە نا یاسایییە بدەن و داوای تەمییز بکەنەوە. خاڵی دووەمی مادەی هەشتەمی هەمان یاسا دەڵێت" بڕیارەکانی کە بە پێی ئەم یاسایە لە لیژنەکەوە دەردەچن، قابیلی تانە لێدانن بە شێوەی پێداچوونەوە (تەمیز) لە لای دادگای پێداچوونەوەی (تەمیز)ی هەرێمدا لە لایەن ئەندامی دەستەی داواکاری گشتی یان لە لایەن خەڵکانی پەیوەندیدارەوە (زەرەرمەند)ـوە لە ماوەی سێ ڕۆژدا لە ڕۆژی دەرچوونییەوە، ئەو بڕیارەی لە لایەن دادگای تەمیزیشەوە دەردەچێت یەکلاکەرەوە دەبێت". خۆشبەختانە لە رۆژنامەی هاوڵاتی خوێندمەوە، کە ئەندامی داواکاری گشتیی تەمیزی کردۆتەوە.
ئێوەش قسەتان هەبێ، دەفەرموون دەی ئەگەر ڕاست دەکەن!

*پارێزەر و مافپەروەر
هاوپێچ:
لێدوانی پارێزەری دانا ئەحمەد مەجید
یاسای ژمارە دووی لێبوردنی گشتی هەرێم، ساڵی ٢٠١٢

0 سەرنج:

Post a Comment