04 January 2011

لە خۆپیشاندانێکدا هەولێر داوای هەموارکردنەوەی یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان دەکات

photo: Sirwan A
هەڤاڵ نەژاد
بە سەرپەرشتی (کەمپەینی نا) کە پێکهاتبوو  لە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ژمارەیەک رۆشنبیر و رۆژنامەوان، خەڵکی شاری هەولێر لە خۆپیشاندانێکی هێمنانەدا گوتیان نابۆ یاسای خۆپیشاندان و داوای هەموارکردنەوەی یاسای رێکخستنی خۆپیشاندانیان کرد.
خۆپیشاندانەکە کاتژمێر ٩:٣٠ی بەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە ٤-١-٢٠١٠ لەبەردەم پارکی شانەدەرەوە بۆ بەردەم پەرلەمانی کوردستان بەرێوەچوو، بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان لە سەرجەم چین و توێژەکانی شاری هەولێر، و تێیدا چەندین دروشم گوترایەوە دژی یاساکە و داخوازی هەموارکردنی ئەو یاسایەیان دەکرد.
لە کاتی گەیشتی خۆپیشاندەران بۆ بەردەم پەرلەمانی کوردستان، نوێنەری پەرلەمان و ژمارەیەک پەرلەمانتار لە لیستەکانی کوردستانی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو، پێشوازییان لە خۆپیشاندەران کرد. هەروەها لە لایەن رێکخەرانی خۆپیشاندانەکەوە لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان یاداشتی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی خوێنرایەوەو تێیدا داوای هەموارکردنەوەی یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان کرا. کە بەگشتی ئامانجی سەرەکی داواکردنی هەموارکردنەوە لە دوو  خاڵدا خۆی دەبینییەوە:
یەکەم: خۆپیشاندان لە مۆڵەتەوە بگۆڕێت بۆ تۆمارکردن.
دووەم: لە یاساکەدا جێگای خۆپیشاندانی ناکاو و کتوپڕ بکرێتەوە، کە شتێکی زۆر باوە.
دواتر نوێنەری پەرلەمانی کوردستانیش لە وتەیەکی کورتدا بەڵێنیدا بەدوادچوون بۆ داخوازی خۆپیشاندەران بکرێت. داواشی کرد چەند کەسێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە بۆ گەیاندنی پەیامی خۆپیشاندەران لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کۆببنەوە. نوێنەرانیش یاداشت و ئەو هەزاران ئیمزایەی کۆکراوەتەوە دژی ئەو یاسایە گەیاندیانە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و ئەوانیش لە لای خۆیانەوە بەڵێنیادا کە لە لایەن لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە بەدواداچوونی بۆ بکرێت و کار لەسەر سەرنج و خواستەکانی خەڵک و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکرێت.
شیاوی گوتنە لە ماوەی رابردوودا پەرلەمانی کوردستان، یاسای خۆپیشاندانی پەسەند و کرد و ناردی بۆ سەرۆکی هەرێم تا واژووی بکات، هەر زوو لە لایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی مەترسییەکانی ئەو یاسایە خرایەروو و داوای ئەوە کرا کە سەرۆکی هەرێم واژووی لەسەر نەکات، بەڵام سەرۆکی هەرێم لە ١٢-١٢-٢٠١٠ یاساکەی پەسەندکرد، بەدوای ئەو واژووکردنەدا لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان خۆپیشاندان و نارەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ئەم یاسایە بەرێوەچوو. ئەمڕۆش بۆ جاری دووەم شاری هەولێر دژی ئەو یاسایە خۆپیشاندانی کرد و داوای هەموارکردنەوەی کرد.



0 سەرنج:

Post a Comment