29 January 2011

هەولێر کۆماری ئیسلامی ئێرانی شەرمەزارکرد


لەخۆپیشاندانێکدا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی باشووری کوردستان، کۆماری ئیسلامی ئێران، شەرمەزارکرا.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٢٩-١-٢٠١٠ کۆمەڵێک چالاکوانی مەدەنی و مافی مرۆڤ، خۆپیشاندانێکیان بۆ بەردەم کونسوڵگەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، ئەنجامدا. بەمەبەستی شەرمەزارکردنی سیاسەتی لە سێدارەدانی لاوانی کورد و ئەشکەنجەدانیان و داوای ئازادکردنیان.
خۆپیشاندانەکە لە بەردەم گازینۆ عەنتەر لە تەیراوەوە  دەستیپێکرد بۆ بەردەم کونسوڵگەری کۆماری ئیسلامی، تێیدا ژمارەیەکی زۆر چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی و رۆژنامەوان و رێکخراو و پارتە سیاسییەکانی باشوور و باکوور و رۆژئاواو رۆژهەڵاتی کوردستان  و هاوڵاتیانی باشووری کوردستان، بەشداربوون.

خۆپیشاندەران دروشمی جۆراو جۆری وەک (ئەی کۆماری سێدارە جێگەت نییە لەم شارە- نا بۆ سێدارە- تیرۆریست ئێران-سێدارە نامانترسێنێ- ئەی کۆماری سێدارە دەست هەڵگرە لەو کارە) دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگووتەوە و لەبەردەم کونسوڵگەری کۆبوونەوە و سەرجەم  جامی تابلۆکانی بەردەم کونسوڵخانە لە لایەن چەند خۆپیشاندەرێکەوە شکێنران و دەستبەجێ پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان گەیشتنە بەردەم کونسوڵخانە.
سەرەتا وتاری رێخەرانی خۆپیشانداکە خوێندرایەوە، تێیدا جگە لە شەرمەزارکردنی سیاسەتی لە سێدارەدانی لاوانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، داوای دەرکردنی کونسوڵگەری کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی کوردی رۆژهەڵات کرا. پاشان چەندین پارتی سیاسی و رێکخراوی باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان خوێندرایەوەو هەموویان لە سێدارەدانی لاوانیان شەرمەزار کرد و خوازیاری دەرکردنی کونسوڵگەری کۆماری ئیسلامی بوون.
هەروەها لە لایەن رێخەرانی خۆپیشاندانەکەوە راگەیاندرا کە بە چالاکی مەدەنی رێگری دەکەن لە یادکردنەوەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە کونسوڵخانەی ئێران بە نیازە لە هەولێر ئەنجامی بدات.
لە کۆتایی خۆپیشاندانەکەشدا لە لایەن چەند گەنجێکەوە کونسوڵگەری درایە بەر بەرد و شوشەی پەنجەرەکانیان شکاند.

رێکخەرانی خۆپیشاندان بریتی بوون: لە عەلی مەحمود، هەڤاڵ نەژاد، شێرزاد عومەر، هێمن مەلازادە، سەڵاح مەزن


فۆتۆ: هەڤاڵ نەژاد و عوسمان کەرەمی













0 سەرنج:

Post a Comment