17 January 2011

لە بەردەم کونسوڵگەری کۆماری ئیسلامی لە هەولێر، لە سێدارەدانی حوسێن خزری شەرمەزارکرا


هەڤاڵ نەژاد
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ١٧-١-٢٠١١ ژمارەیەکی بەرچاو کەسایەتی نەتەوەیی و سیاسی و چالاکوانانی مەدەنی و رۆژنامەوان و خوێندکارانی زانکۆ و هاوڵاتیانی هەرچوارپارچەی کوردستان، لەخۆپیشاندانێکدا لە سێدارەدانی حوسێن خزریان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە شەرمەزارکرد.
خۆپیشاندانە لەبەردەم چایخانەی عەنتەر بۆ بەردەم کونسوڵگەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر بەرێوەچوو، تێیدا چەندین دروشمی جۆراوجۆری  وەک (شەهید نامرن) و ( کۆماری سێدارە، دەست هەڵگرە لەم کارە) و ( لە کوردستان بچنە دەرەوە) لەلایەن بەشداربووانەوە گوترانەوە.

لەبەردەمی کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی چەندین وتار پێشکەشكران و هەموویان جگە لە ریسواکردنی ئەو کارە نامرۆڤانەیەی کۆماری ئیسلامی، داوای راگرتنی حوکمی لە سێدارەدانی لاوانی کوردیان کرد و داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لەو بوارەوە پەیوەندییەکانی خۆی بەکاربێنێت. هەروەها لەو خۆپیشاندانەدا نوێنەرانی، چوونە ناو کونسوڵخانە و پێیان راگەیاندوون دەبێ کونسوڵخانەکانیان لە کوردستان ببەنە دەرەوەو لە سێدارەدانی لاوانی کورد رابگرن.
شیاوی گوتنە ئەو خۆپیشاندانە بێ مۆڵەت ئەنجامدراو، بەڵام پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و ئاسایش هیچ رێگرییەکیان لە خۆپیشاندەران نەکرد و هێمنی بارودۆخەکەیان پاراست
.





0 سەرنج:

Post a Comment