03 March 2011

هەڤاڵ نەژاد: حزبەكان هەریەكەو چەندین رێكخراویان بەناوی رێكخراوی مەدەنی دروستكرد كە هەریەكەیان بەرپرسێك پاڵپشتی لێدەكات و پارەیەکی زۆری خەڵكی كوردستانیان لەو بوارەدا بەهەدەردا


کۆنفرانسی هەرێمایەتی تایبەت بە یاسای رێکخراوەکان - فۆتۆ: هەڤاڵ

لەمەودوا رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی پێویستیان بە مۆڵەت نامێنێت   
بەدواداچوون: هێمن مەلازادە - رووبەر
ئێستا هەرێمی كوردستان خاوەنی دوو یاسای رێكخراوەكان و سەنتەرەكانە و لە سلێمانیش رێنماییەكی سەردەمی دوو ئیدارەیی كاری پێدەكرێت، كەچی هیچكام لەم یاسایانە گرفتی یاسایی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی چارەسەر نەكردووە، چالاكوانێكی مەدەنی پێیوایە رێكخراوەكانی سەر بە حزبەكان لەمپەری سەرەكی بەردەم پەسەندنەكردنی یاسایەكی مۆدێرن و یاریدەدەرێكی سەرۆكی حكومەتیش موژدەی بوونی یاسایەكی نوێ لە مانگی سێی ئەمساڵ بە رێكخراوەكان دەدات.

مەدەنی بوون واتە بە یاسایی بوون
شوان محەمەد چالاكوانی بواری مەدەنی لە شاری سلێمانی لە لێدوانێكی تایبەت بۆ رووبەر رایگەیاند كە مەدەنیبوون و دامودەزگاییبوون دەبێت بە یاسا بكرێت، بەدەر لە یاساش هیچ شتێك ناچێتە قاڵبی مەدەنیبوونەوە، بەڵام ئێستا دەبینین فەڕاغێك یاخود جۆرێك لە شڵەژان هەیە لە هەرێمی كوردستان بەهۆی بوونی دوو یاسا و رێنماییەكی سەردەمی دوو ئیدارەییەوە، وتیشی "ئەگەر وەك ئەوەی جاران بێت ئەوا مانای یەك ئیدارەییبوون لە هەرێمدا رەتدەكاتەوە، چونكە ئێمە ئێستاش لەسەر ئەو یاسایە دەڕۆین كە لە ساڵانی پێش رێككەوتن داندراوە، بەجۆرێكی دیكە كۆمەڵێك یاسای نوێ دەرچوونە بۆچی تائێستا یاسایەك بۆ رێكخراوەكان دەرنەچووە؟ بۆیە ئەو پرسیارە رووبەڕووی حكومەت و پەرلەمان دەكرێتەوە".
حزبیبوون بنەمای وەرگرتنی مۆڵەت بووە
ئەو چالاكوانەی بواری مەدەنی ئەوەشی وت "ئەو رێكخراوانەی دیكە كە مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەهۆی تەزكییەی حزبییەوە یان لەسەر بنەمای ناسیاوییەوە بووە، دیارە ئەمەش بۆ خۆی مانای دیموكراسییەت بەتاڵ دەكاتەوە، چونكە لە دیموكراسییەت شتێك نییە بەناوی سەپۆرتكردن لەلایەن حزبەكانەوە، ئەگەر ئەوەش روویدا، كەواتە دیموكراسییەت نییە، ئەوكاتە دەبێت بە تاكڕەوی و حوكمێكی جۆرێك لە جۆرەكان دیكتاتۆریانە".
حزبییەكان یاسای نوێیان ناوێت
هێمای بۆ ئەوەشكرد "زۆربەی ئەو رێكخراوانەی ئێستا مۆڵەتیان هەیە و لەڕێگەی حزبەوە وەریانگرتووە، پێیان باش نییە یاسایەكی مۆدێرن یاخود یاسایەكی لیبڕال دابنرێت، بۆ ئەوەی مۆڵەتی پێوەربگرن، چونكە یاسایەك كە پێویست بێت بۆ رێكخراوەكانی مەدەنی، لەسەر بنەمای چالاكی دەبێت رێی پێبدرێت، ئەگەر رێكخراوێك چالاكی نەبێت و تەنیا بودجەیەكی گەورە وەربگرێت و ئۆفیسێك و چوار كەس كۆبكاتەوە، ئەوە پێی ناگوترێت رێكخراوی مەدەنی".
یاسا كۆنەكە بەكەڵكی كاركردن نایەت
هاوكات هەڤاڵ نەژاد بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ناوەندی ئایندە بۆ پرسەكانی گەنج لە لێدوانێكی تایبەت بۆ رووبەر رایگەیاند یاسا كۆنەكە پاش راپەڕین داندرا، رەنگە بۆ ئەو سەردەمی كوردستان باش بووبێت كە ژمارەیەكی كەم رێكخراو بوونیان هەبوو، بەڵام دواتر بەهۆی زۆربوونی رێكخراوەكانەوە، ئەو یاسایە كەڵكی كاركردنی نەما، دواتریش كە حكومەتی هەرێم بووە دوو كابینە، ئیدارەی سلێمانی بڕیاری 207ـی دەركرد كە بەرانبەر ئەو یاسایە بوو كە لە هەولێر هەبوو، لە ئیدارەی هەولێریش بەهەمانشێوە دوو یاسا هەبوو كاری پێدەكرا، هەربۆیە وتی "جۆرێك لە پەشێوەی پەیدابوو لە كاری رێكخراوەییەوە و دیارنەبووە كێ رێكخراوی مەدەنی و كێ رێكخراوی مەدەنی نییە".
لەپاڵ یاسا كۆنەكەدا حزبەكان سوودمەندبوونە
هەڤاڵ نەژاد وتیشی "حزبەكان هەریەكەو چەندین رێكخراویان بەناوی رێكخراوی مەدەنی دروستكرد كە هەریەكەیان بەرپرسێك پاڵپشتی لێدەكات، ئەوان لەپاڵ ئەو یاسایانەدا ژمارەیەكی زۆر كەسی بێكار و كەسی خۆیان خستە سەر ئەو رێكخراوانە و پارەی زۆری خەڵكی كوردستانیان لەو بوارەدا بەهەدەردا، هاوكات رۆڵی رێكخراوە راستەقینە مەدەنییەكانیشیان لەبەرچاوی خەڵك ناشرین كرد".
حكومەت و رێكخراوەكان و پەرلەمان رێككەوتوون
لەلایەكی دیكەوە فازڵ عومەر یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە لێدوانێكی تایبەت بۆ رووبەر رایگەیاند حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیاسای خۆی هەبوو بۆ سەرلەنوێ رێكخستنەوەی كاری رێكخراوەكان، بەڵام رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیش خۆیان یاسایەكیان پێشكەش بە پەرلەمان كردبوو، لەئەنجامدا رێككەوتن لەسەر ئەوەی بەبەشداری حكومەت و رێكخراوەكان و پەرلەمانی كوردستانیش ئەو پڕۆژەیاسایە وەربگیرێت كە لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی پێشكەشكراوە، بەڵام فازڵ عومەر وتی "دوای گفتوگۆكردن و گونجاندنی ئەو یاسایە لەگەڵ ئەرزی واقیع و ئەو قۆناغەی هەرێمی كوردستان، لە دەرەنجامدا دوای چەندین گفتوگۆ بە بەشداری لیژنەكانی پەیوەندیدار لە پەرلەمانی كوردستان، پڕۆژە یاساكە دەستكاری كرا كە لەگەڵ ئەو قۆناغەدا بگونجێت و ئێستاش یاساكە لە پەرلەمانی كوردستانە و لە رێزبەندی ئەو یاسایانەدایە كە پەرلەمانی كوردستان لە ئەمساڵدا بڕیاری لەسەردەدات".
مانگی سێ رێكخراوەكان دەبنە خاوەن یاسا
فازڵ عومەر پێشبینیشی كرد لە مانگی سێدا ئەو یاسایە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێت، وتیشی "ئەوەی لە یاساكەدا جێگەی كراوەتەوە ئەوەیە كە پڕۆسەی مۆڵەتدان بگۆڕێت بۆ تۆماركردن و ئەو پرسەش لە وەزارەتی ناوخۆوە بگوازرێتەوە بۆ دروستكردنی فەرمانگەیەكی تایبەت بە كاروباری رێكخراوەكان لە ئەنجوومەنی وەزیران".
بەخشینی پارە نامێنێت
لەڕووی چۆنیەتی هاوكاریكردن و مامەڵەكردنی حكومەت لەگەڵ رێكخراوەكانیش، فازڵ عومەر وتی "بەپێی یاسایە نوێیەكە سیستمی بەخشینی دارایی (مینحە) دەگۆڕێت بۆ سیستمی پڕۆژە واتە حكومەت لەسەر بنەمای پڕۆژە و پێشكەشكردنی پڕۆپۆزەڵ لەلایەن رێكخراوەكانەوە هاوكارییان دەكات لە سندوقێكی تایبەت بەم پرسە".
لێژنەی یاسایی پەرلەمان كاری خۆی تەواوكردووە
لەلایەكی دیكەوە شێروان حەیدەری سەرۆكی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ رووبەر وتی "پڕۆژەیاسای رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دوای ئەوەی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، هاتە لیژنەی یاسایی، ئێمەش گفتوگۆیەكی تێروتەسەلمان لەسەر ئەنجامدا، هاوكات شاندێكیشمان چوون بۆ بەیرووت بۆ ئەو مەسەلەیە و چەند سیمینارێكیش ئەنجامدرا، ئینجا ئێمە راپۆرتی خۆمان ئامادە كرد و رەوانەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانمان كردەوە".
بەپێی یاسای نوێ مۆڵەت لە وەزارەتی ناوخۆ نابێت
سەرۆكی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوەشدا بەپێی یاسایە نوێیەكە مۆڵەتپێدان بە رێكخراوەكان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە نابێت، بەڵكو دەزگایەكی تایبەت سەرپەرشتی دەكات، لەبارەی سەربەخۆبوونی ئەو دەزگایەشەوە، شێروان حەیدەری وتی "ناتوانم وردەكاریت پێبڵێم، چونكە یاساكەم لەبەردەستدا نییە".

0 سەرنج:

Post a Comment