30 November 2012

فەلەستین و کوردستان


بەبیانووی بە دەوڵەت بوونی فەلەستینەوە 
هەڤاڵ نەژاد
پاش دەیان ساڵ چاوەڕوانی و هەوڵ و ماندووبوون و شەڕی ناوخۆیی و شەڕ بەرامبەر ئیسرائیل، سەرەنجام فەلەستین وەک دەوڵەت لە نەتەوەیەکگرتووەکان ناسێنرا.
پاش داواکردنی مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆ ئەوەی سیفەتی فەلەستین لە نوێنەرایەتیی دیفاکتۆیەکەوە بگۆڕێ بۆ دەوڵەتێکی چاودێر و نائەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ئەنجامدا بە ١٣٨ دەنگی بەڵێ و ٩ دەنگی نەخێر و ٤١ دەنگی بێ لایەن سەرکەوتنی بەدەست هێنا.


دیارە لەوەو پێش و بەتایبەت سەردەمی سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ١٩٤٧، دەرفەت بۆ فەلەستین رەخسا ببێتە دەوڵەت، بەڵام رازی نەبوون و ئاوایان بەسەرهات کە بینیمانن! ئەودەم نەتەوەیەکگرتووەکان پێشنیاری ئەوەی کرد کە ئەوخاکەی پێی دەگوترێ فەلەستینی کۆن ببێتە دوو دەوڵەتی سەربەخۆ و ٥٥% بۆ ئیسرائیل و ٤٥% بۆ فەلەستین، بەڵام ئەو دەم عەرەب رەتیان کردەوە و دەوڵەتی فەلەستینیان دانەمەزراند! پاشان ئیسرائیل درێژەی بە فراوانخوازی خۆیدا تا ئەوەی ٧٨% خاکەکەی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە و ئەوەی بۆ فەلەستینییەکانیش ماوەیە تەنها ٢٢%.
 ڕەنگی سەوز نەخشەی ئێستای فەلەستین دیاری دەکات  
ئەم ماوەیە دیسان دەرفەتێکی دیکە بۆ فەلەستین بۆ رەخساو لە دەستیان نەدا و بەو ٢٢%ی خاکەکەیان ئەمرۆ بە فەرمی لە نەتەوەیەکگرتووەکان وەک دەوڵەتی چاودێر ناسێنران. هەرچەندە مافی دەنگدانیان نابێ لە نەتەوەیەگرتووەکان، بەڵام دەتوانن بەشداری دانیشتنەکانی کۆمەڵەی گشتی بکەن و ببنە ئەندامی ئەو ڕێکخراوانەی سەربەنەتەوەیەکگرتووەکانن، هەروەها واژووی پەسەندکردن و پابەندبوون بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە بکات و کێشەکانی بەرێتە بەردەم ئەو دادگایە.
ئەو نەخشەیەی نەتەوەیەکگرتووەکان ساڵی ١٩٤٧ بۆی دیاریکردن و پێی رازی نەبوون


دیارە لە نێوان ئێمە و فەلەستین، هەندێک خاڵی هاوبەش و لێکچوونمان هەیە. کورد هەمیشە هاوسۆزبوون بۆ فەلەستین، دڵنیام زۆرینەی کورد بەم سەرکەوتنەی فەلەستین دڵخۆش دەبن. بەڵام ئەوان بە پێچەوانەوەن بەرامبەر کورد، لە سەردەمی رژێمی سەدام، بەشێکی بەرچاو لە ئەفسەرەکانی سوپای عێراق فەلەستینی بوون و ئەوەی پێی بڵێی ویژادان بەرامبەر کورد نەیانبوو، مولازم موحسین-ی فەلەستینی یەکێک بوو لە جەلادە هەرە بەناوبانگەکانی سەردەمانێکی سلێمانی. ئەمە جگە لەوەی پێشمەرگەیان وەک چەتە و میلیشیا ناساند.

پێش چەند رۆژێک وتارێکم بەناوی (دەرفەتە) بڵاوکردەوە، ئێستاش هەمان شت دووبارە دەکەمەوە، پێموایە ئێستاش دەرفەتێکی باش لەبەردەم کوردا هەیە ئەگەر بەکاری بهێنێت. فەلەستینییەکان لە رابردوو دەرفەتیان لەدەستدا و زەرەریان کرد و بۆیان قەرەبوو نەکرایەوە، ئێستاش ئاقڵیان کردووە کە ئەم دەرفەتەیان لەدەست نەداوە. ئێمەش  لە ڕابردوودا دەرفەتی زۆرمان لەدەستداوە، با ئەم دەرفەتەش لە دەست نەدەین.
کورد وتەنی؛ "بەنۆرەش بێ نۆرەی خۆمانە" هەرچەندە پێموایە نۆڕەبڕی زۆرمان لێ کراوە و دەبوو زۆر لەمێژبا نۆرەی خۆمان وەرگرتبا، دیارە بۆ ئەوەش خۆمان خەتاباری سەرەکین و ئیرادەی بە دەوڵەتبوونمان نەبووە. پێویستە ئەم نیمچە سەرکەوتنەی فەلەستین، ببێتە هۆی ئەوەی بەهۆش خۆمان بێینەوە و وەخۆکەوین، با ئیدی ئەوەندە لە کاروانی جیهان و مرۆڤایەتی  دوانەکەوین.

0 سەرنج:

Post a Comment