19 November 2012

دەرفەتە


هەڤاڵ نەژاد 
عیزەت شابەندەر، سەرکردە و پەرلەمەنتاری عێراقی لە لیستی دەوڵەتی یاسا، بەکورتی و کرمانجی دەڵێ*؛ برایەتی کورد و عەرەب و کورد و شیعە قسەی قۆڕە، باوی نەماوە و بەسە ئەوەندە مەیڵێنەوە! (رەنگە ئەمە راسترین قسەی ژیانی بێت) هەروەها دەڵێ؛ ئەگەر کورد دەوڵەتی دەوێ خوایان لەگەڵ! (١)

پێشووتریش سەدام قسەی لەو شێوەیەی کردووە، بە قسەی سیاسییەکان گوایە گوتوویەتی؛ ئەگەر کورد دەوڵەتی دەوێ بێ کەرکووک ئەوا هاوکاریشیان دەکەین! (هەڵبەت ئەوان موسڵیان یەکلاکردۆتەوە بۆ خۆیان) بە ئەگەری زۆرەوە قسەکەی شابەندەریش کەرکووکی لەگەڵ نییە!
دەمێنێتێتەوە ئەوەی کورد تێ بگا (موسڵ هیچ) کەرکووکیشمان نادەنەوە، بەڵام ئێمە دەمێکە خۆمان لێی نەبان کردووە. کرداری سیاسییەکان و بێ دەنگی ئێمەی میللەت، ئەوە دەسەلمێنێ (موسڵ باسی ناکەین) کەرکووکیشمان خستۆتە مزایەدەی مادەی 58 و پاشان مادەی140ی دەستووری عێراقی. ئەو مزایەدەش تا ئێستا بۆ عەرەب دەرچووە و براوەیە. ئەگەر ئێمە بەردەوام بین لەسەر مزایەدە لەسەر خاکی خۆمان، بەیەکجاری بۆ ئەوان دەبێ و لەسەریشیان تاپۆ دەکرێ. ئەو کاتە تەنها لە شیعر و گۆرانیدا کەرکووک کوردستانی دەبێ (وەک باسیشم کرد دەستمان لە موسڵ شۆڕیوە)!

ئەم هەراوهۆریایەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلە، وایکردووە هێزی پێشمەرگە ببەنە پێشەوە و بە قسەی هەندێ ماڵپەڕی حیزبی گوایە لە بەرەی موسڵ و کەرکووکە پێشمەرگە هێرش دەکات و بەیەکجاری دەیانگێڕێتەوە سەر کوردستان و...هتد و، هەواڵی خەڵک بزوێن بڵادەکەنەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە جۆ بایدنی جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتوویەتی ئەگەر شەڕی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ڕووبدات، هێزی ئەمریکی دەچنە نێوانیانەوە!
قسەکانی شابەندەر و پێشتریش سەدام، دەری دەخات عەرەب کێشەیان لەسەر ئەم سێ پارێزگایە نییە، ئێمەش بە قسە کێشەمان لەسەر کەرکووک و موسڵ هەیە. ئێستاش هێزی پێشمەرگە لەوێن و وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ؛ لە سوپای عێراق بەهێزترین، هەڤاڵانی پەکەکەش دەڵێن ئەگەر شەڕبێ شان بەشانی پێشمەرگە ڕووبەڕووی دوژمن دەبینەوە(٢) . جۆ بایدنیش دەڵێ؛ شەڕبێ دەچینە نێوانیانەوە.
بەکورتی، ئەگەر راست دەکەن ئەمە باشترین دەرفەتە (هەڵبەتە ئەگەر بەرژوەندی ئابووری دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆیەکجار بخرێتە دوای بەرژەوەندی نەتەوە و ئەم دەرفەتە بەکاربهێنن) کورد لە ئێستادا هێرش بکات و دوا بستی خاکی کوردستان بخاتەوە ژێر دەستی خۆی، ئەوکات خۆی بەفەرمی داوا لە سوپای ئەمریکا بکا بێتە نێوان پێشمەرگە و عێراقەوە. بەمەش کورد دەیباتەوە، هەم ماڵی جیا دەکاتەوە، هەم خاکەکەی وەردگرێتەوە و بە ئەگەری زۆریشەوە لە شەڕی درێژخایەن دووردەکەوێتەوە!
بارودۆخی ناوچەکەش لەبارە بۆ کورد، سووریا شڕ، ئێران لاواز، تورکیا لەقسان "دۆستی" هەرێمە و لە ناوخۆش دەبینین کوردانی باکوور چی پێ دەکەن!

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هیودارم ئەمجارە ئەگەر بۆ یەکەمجاریش بێ دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان، بەرژەوەندی نەتەوە بخە پێش بەرژەوەندی ئابووری خۆیان و، ئەم بەزمەی دیجلە، بۆ بەرژەوەندی حیزبی و نزیکی کاتی هەڵبژاردنی پارێزگاکان بەکار نەهێنن، مالیکی لەولاو ئەمانیش لەملا!

* ئەوە پوختەی قسەکانی شابەندەرە، ئەو بە سیاسیانەتر گوتوویەتی
١- قسەکانی شابەندەر http://www.nrttv.com/dreje.aspx?jimare=23251
٢- لێدوانی وتەبێژی پەکەکە http://www.awene.com/article/2012/11/19/16511

0 سەرنج:

Post a Comment